با نەڕوخێین

با نەڕوخێین
لەم ماوەیەدا سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبێک بووم بە ناونیشانی: بۆ نیشتیمانان دەڕوخێن - بنەماکانی هێز و گەشەسەندن و هەژاری کە لەلایەن دوو پرۆفیسۆری قوتابخانەی ئابووری لەندەنەوە (London School of Economics) نوسراوە بە ناوی دارون حەکیم ئۆغڵو و جەیمس ڕۆبنسون-٢٠١٢.
بێگومان هەرکەسێک بە ووردی ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، بە یەکێک لە سەرچاوە هەرە ناوازەکانی دادەنێت کە بە بەڵگەوە بیانوەکانی لاوازیی ئابووری و بەخت و ڕەگەز و ڕەنگ و سەردەم و دیانەت و جوگرافیا و گەلێکی تر یشیان نە توانست و نە دواکەوتن و نە هەژاری ڕوون دەکەنەوە. ئەم نووسەرانە، نموونە بەدوای نموونەدا و دەیان ساڵ و سەدان ساڵ بە دوای سەدان ساڵدا، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و سەروخواری زەوی ئەو هەنگاوە ڕاستو چەوتانە مەبەست لە پەیڕەو کردنیان و ئەنجامەکانیان بە سەرکەوتن و بە ڕوخان، بە ڕوونی دەخەنە بەر دەستی خوێنەرەوە بە هیوای سوود لێ وەرگرتن لەلایەن ئەو ووڵات و لایەنانەی کە ئێستا بوونیان هەیە یان لە داهاتوودا دەبن، ڕەوتێک بگرنە بەر کە داهاتوویان هەبێت و نەڕووخێن.
ئێمەی کورد لەم ساتە هەستیارەی مێژوودا، هەر تاکێکمان بەرپرسیاریەتیەکی گەورە لەسەر شانیەتی کە بە بۆچوونی خۆم هەر یەک ساڵ دواخستن یان دواکەوتن لە هەوڵی ڕووناککردنەوەیو دابین کردنی دواڕۆژمان، دە ساڵ لەسەرخۆمان و نەوەکانی داهاتوومان دەکەوێت و هیچ پەشیمان بوونەوەیەکیش دادمان نادات. هەر بۆ ئەو مەبەستەش هیواخوازم کە گشت سیاسەتمەدارو بڕیاردەرانمان لە ناوەرۆکی ئەم کتێبە ئاشنابن و هەر بەو هۆیەشەوە وەک پێشینامنان وتوویانە، ئەوەی گوڵ نەبێت با دڕک نەبێت و ئەوەی دەیەوێت دڕک بێت، با هەر دڕکی خۆی بێت و لە کۆمەڵگاکەی هەڵ نەچەقێت.
لەگەڵ ڕەوتی لاپەڕەکانی ئەو کانزای زانستیە، سروشتیە کە بەراورد بە دۆخی هەرێمە نازدارەکەمان بکرێت بە هیوای نەک تەنها دەستنیشان کردنی ئەو هەنگاوانەی کە دەبنە هۆی بنیادنانی نیشتیمانێکی بنکە پتەو بۆ خۆشگوزەرانیەکی بەردەوام و کوردستانێکی ئاوەدان و یەکەم نموونەی سەرکەوتوو لە ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو ئەو هەنگاوە نامۆیانەش کە خوا نەخواستە دەبنە ئاستەنگ لەو دیدەدا.
هەر لەو ڕوانگەیەوە، بەخۆشحاڵیەوە دەکرێت شانازی بەو ڕەوتەوە بکرێت کە تائێستا هەرێمی کوردستان گرتویەتیە بەر و ئەودەستکەوتانەی کە تائێستا بەدی هاتوون لە هەبوونی سیستمێکی حکومڕانی بە هەڵبژاردن و باڵەکانی تەشریعی و تەنفیزیەوە و ڕێگا پێدانی دروستبوونی ۆپۆزیسیۆن و گەشەسەندنی کەرتی تایبەت و ئابووری لە ئاستێکی بەرچاودا و کارکردن لە سەر بنیادنانی ژێرخانێکی شایستە لە پەیداویستە سەرەکیەکانی کۆمەڵگای کوردستانی. لەگەڵ ڕووبەڕوو بوونەوەی گشت تەنگوچەڵەمەکاندا کە تا ئێستا هێنراونەتە ڕێگا، ئەو هەنگاوە زێڕینانەی کە بڕیاردەرانی هەرێم ناویانە بەرەو سەربەخۆیی ئابووری و گەیاندنی نەوتو گازی بەڕاستەو خۆ بۆ بازاڕەکانی جیهان و بەهێزکردنی پێگەو پێناساندنی هەرێم لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، ئەمانە گشتیان نیشاندەری دامەزراوەی ئابووری بەرفراوانن (Inclusive Economic Institution) کە نوسەران لە توێژینەوەکانیاندا ناوی دەبەن کە سەرکەوتو و بەردەوام لە بەرابەر بە دامەزراوەکان کە هەرگیز لە ژێر گشت بارودۆخەکاندا بە درێژایی مێژوو ڕووخاون و ناوی ئەوشێوازەشیان بە دامەزراوە ئابووریە دەرکێشەرەکان (Extractive Economic Institution) ناوبردوە. هەر چەندە لە بەینی ئەم دوو شێوازە بەڕێوەبەرایەتیەدا بەهێزی و پێشکەوتن و نەهامەتی و هەژاریشیان شیکردۆتەوە، لەهەمان کاتدا ئاماژەی زۆر ووردو بەنرخیان داوە بە و ووردەکاریانەی کە لەوانەیە بە سەرزارەکی بە گرنگ نەناسرێن بەڵام جار لەدوای جار ڕەوتی مێژوو و چارەنووسی کۆمەڵگاکانی بەلاکانی ڕاستو چەپدا بردوە.
مەبەستە سەرەکیەکان لەم ڕاپۆرتەمدا ئەوەن کە جگە لەوەی کە ئەو سەرچاوە بەنرخە بە کۆمەڵگاکەمان بناسێنم بۆ سوود وەرگرتن و ئاماژە بە چەند خونچە گوڵ و چەند دڕکە ژەهراویەک بکەم وەک هەڵبژاردەکانی کە دەکرێت یاریدەدەرمان بن لەم قۆناغە هەستیارەدا و بە هیوای دابینکردنی داهاتوویەکی پشنگدار بۆ نەوەکانی داهاتوومان و پاراستنمان لە ڕووخان، با نەڕووخێین
لە مێژوودا، ململانی لەسەر دەسەڵات و شێوازی دابەشکردنی، ووڵاتانی بەلادا داوە هەر وەک لە ڕۆمای کۆن و ڤینیسیادا کە دەسەڵاتدارەکان سەرکەوتن و دەسەڵاتی زیاتریان بەدەست هێنا بەڵام بە قۆرخ کرن و دوور کەوتنەوە لە کۆمەڵگا لە ئەنجامدا هەردوو ڕوخان، با نەڕوخێین.
لە ساڵی ١٢١٥دا دەستەی پیاوەماقوڵان (لۆردەکان) کە کاریان بۆ پاشا جۆنی بەریتانی دەکرد، لە وینزەر پاڵاسی کۆن (نزیک بە شاری لەندەن) پاشایان ڕازی کرد ئەو داڕشتەیە واژووبکات کە لە مێژوودا بە ماگناکارتا (Magnacarta) ناسراوە کە چەند بنەمایەکی تێدابوو بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە پاشاوە بۆ ئەنجومەنێکی بیستوپێنج بڕیاردەر کە لۆردەکان لەناو خۆیاندا دەستنیشانیان دەکەن. ئەو دەسەڵاتەش درا بەم ئەنجومەنە کە بتوانن تەنانەت دەست بەسەر کۆشکی شاهانە و سامانەکەیدا بگرن لەهەر ملپێچیەکی یاسایی پاشادا هەتا گشت هەنگاوەکان ڕاست دەکرێنەوە. پاشا ئەم یاسایەی بەدڵ نەبوو بەڵام هەوڵەکانی بۆ بەتاڵ کردنەوەی بێ سوود بوون و یەکەم پەرلەمانی بەریتانی لە ساڵی ١٢٦٥دا پێک هێنرا. ئەم پەرلەمانەش تەنها نوێنەرایەتی دەوڵەمەندان و باڵادەستانی ووڵاتەکەی نەکرد بەڵکو باوەشی بۆ هاووڵاتیان کردەوە کە لەناویاندا جوتیاران و بازرگان و وەبەرهێنەران و بەهرەدارانی هەردوو ڕەگەزەکەی کۆمەڵگا و بەبەردەوامی ڕێگری زیاد کردنی دەسەڵاتداری پاشایان کرد ولە شۆڕشە مەزنەکەی بەریتانیادا ماگناکارتا مایەوەو بوو بە یەکەم بەردی بناغەی کۆمەڵگایەک و ئابووریەکی گشتگیر لە جیهاندا.
هەر بە پاشابوونی هێنری تیۆدۆر لە ساڵی ١٤٨٥ دا ئەرستۆکراتەکان چەکەکانیان لێ سەندرایەوە و بەشێوەیەکی بەرچاو هێز لە لایەنە سەرمایەدارەکان سەندرایەوە و خرایە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەوە.
لە ساڵی ١٥٣٠دا کە شازادە هینری هەشتەم تەختی شاهانەی وەرگرت، بەرنامەیەکی مەزنی بەرپاکرد لەڕێگای سەرۆک وەزیرانەکەیەوە بەناوی کرۆموێڵ کە لە مێژوودا هەر بەناوی ئەوەو ناو دەبرێت و تێیدا ڕٶڵی دیانەتی لە دەزگاکانی حکومەتدا پچڕاند کە لە کەنیسەی کاسۆلیکی ڕٶمانەکانەوە کاری پێ دەکرا. ئەمەش بەردێکی کەی بناغەی دامەزراندنی ئابووریەکی گشتگیر بوو.
ئەو بناغە حکومڕانیەی کە پاشایان هینری حەوت و هینری ‌هەشت بەدوای یەکدا دایان مەزراند، بوون بە یەکەم بناغەی حکومڕانیەکی فرەلایەنەی گشتگیر لە جیهاندا.
هەرچەندە ئەم ئەزموونە بەبێ تەنگەژە بەردەوام نەبوو لەوەوە کە شاژن ئێلیزابێسی یەکەم- کچی هینری هەشتەم هیچ منداڵی لە پاش بەجێ نەما کە تەختی پاشایەتی بگرێتەوە، جەیمس ی یەکەم کە تەختی پاشایەتی گرتە دەست لە ساڵی ١٦٠٣دا، گشت گێزەکانی لای خۆی و نزیکەکانی خۆی کۆکردەوەو مۆنۆپۆڵی گەیشتە ئاستێک کە لە پەرلەماندا نوسروەیەک خوێنرایەوە کە پێناسەی دۆخەکەی بەم شیوازەی خوارەوە دەکرد:
لە ماڵێکدا کە بە خشتی مۆنۆپۆڵی بنیاد نراوە
پەنجەرەی مۆنۆپۆڵی تێدایە
شووشەی مۆنۆپۆڵی لە پەنجەرەکاندایە
بە خەڵوزی مۆنۆپۆڵی کە بە داری مۆنۆپۆڵی ئیرلەندە بەرهەم هێنراوە
لە کوورەخانێکی ئاسنی مۆنۆپۆڵیدا دەسوتێنرێت
خۆی بە سابوونی مۆنۆپۆڵی دەشۆرێت
پۆشاکەکەی بە دەزووی مۆنۆپۆڵی دروست کراوە
قەیتانەکان و پەردەکانی ماڵەکەی مۆنۆپۆڵین
بۆیاخ و قۆپچەی جلەکانی مۆنۆپۆڵین
کەرەو پەنیری مۆنۆپۆڵی دەخوات
ماسی و سالمۆنی مۆنۆپۆڵی دەخوات
ئەو خوێیەی لە خواردنەکەیدا بەکاری دەهێنێت مۆنۆپۆڵیە
بیبەر و سرکەی مۆنۆپۆڵی بە خواردنەکەیەوە دەکات
بە قەڵەمی مۆنۆپۆڵی لەسەر کاغەزی مۆنۆپۆڵی دەنوسێت
لە چاویلکە مۆنۆپۆڵیەکانیەوە لەبەر مۆمی مۆنۆپۆڵی پەرتووک دەخوێنێتەوە کە بەمۆنۆپۆڵی چاپ کراوە...

هەر لەو قەبارەیەدا کە لەم ڕستانەی سەرەوەدا پێناسە کراون، هەر دوو پاشا جەیمس و کۆڕەکەی کە بەدوایدا تەختی پاشایەتیان وەرگرت، دەستیان بەسەر گشت جومگەکانی ئابووریدا گرت و ڕٶڵی پەرلەمانیان کەم کردەوەو هیچیان نەهێشتەوە بۆ بەهرەداران و بەگەڕ خستنی توا نستەکانی کۆمەڵگا کە زۆر گرنگن بۆ بەگەڕ خستنی ئابووریەکی گەشەسەندوو و بەردەوام.
ئەم بارودۆخە بەردەوام بوو هەتا ساڵی ١٦٢٣کە پەرلەمان سەرکەوتووبوو لە چەسپاندنی یاسایەک بۆ بەربەست کردنی مۆنۆپۆڵی لە ناو ووڵاتەکەدا هەرچەندە سەرکەوتوو نەبوون لە ڕاگرتنی مۆنۆپۆڵی لەسەر بازرگانی لەگەڵ ووڵاتانی دەرەوەدا و تەنانەت دامەزراوە مۆنۆپۆڵیەکانیش هەر وەک خۆیان مانەوە و ململانێیەی بەینی پاشا و پەرلەمان بەردەوام بوو هەتا لە ساڵی ١٦٤٢ دا شەڕی ناوخۆیی هەڵگیرسا لەبەنی ئەوانەی کە پاشا دەوڵەمەندی کردبوون بۆ پاراستن و زیاد کردنی دەستکەوت و سامانەکانیان و پەرلەمانتاریەکان کە هەوڵی دامەزراندنی بناغەی ئابووریەکی گشتگیریان دەدا. لەم شەڕەدا، پەرلەمانتاریەکان بە سەرۆکایەتی ئۆلیڤەر کرۆموێڵ بەسەر لایەنی پاشا چارلز دا سەرکەوتن و لە ساڵی ١٦٤٩ دا دوای دادگاکردن، پاشا چارڵزلە سێدارە درا بەڵام ئۆلیڤەر کرۆموێڵ لە جیاتی ئەوەی دیموکراتیەت بەرپابکات، دیکتاتۆریەتێکی کەی بەرپاکرد و بەردەوام بوو هەتا مردنی لە ساڵی ١٦٦٠ کە جارێکی تر پاشایەتی جێگیر کرایەوە لە بەریتانیا. ئەم پاشایەتیەش هەر وەک ئەوانی پێشووی، لە ململانێ و هەوڵی ئەودا بوو کە دەسەڵاتەکان لە پەرلەمانەوە وەربگرێتەوەو لای پاشا کەڵەکەیان بکات و ئەم دۆخەش هەتا شٶڕشە مەزنەکەی بەریتانیا بەردەوام بوو. بە کۆتایی هاتنی شٶڕشە مەزنەکەی بەریتانیا و گەڕانەوەی پاشا ولیەم و سوپاکەی لە هۆلەنداوە و لەگەڵ بە پاشا کردنی لە پەرلەمان، لە سەر دەستورێکی تازە ڕێکەوتن کە بە ڕێسای هە‌ق (Bill of Rights) ناسرا. هەر بە یاسابوونی ئەم نوسراوەیەش، شێوازی پاشاگەری پێناسە کرا و ڕێگا لە پاشا بەسترا کە بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمان بتوانێت باج بگۆڕێت یان کۆی بکاتەوە. گٶڕانکاری لە یاساکاندا و هەڵپەساردنی پەرلەمانیش لە دەستی پاشا سەنرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم یاسایە هێندە تۆکمە دانەڕێژرابوو کە پەیڕەوکردنو چەسپاندنی بە ئاسانی بڕوات بەڕێوە. لە دوای ساڵەکانی ١٦٨٨ ەوە، پاشا زۆربەی دەسەڵاتەشاهانەکانی ڕادەستی پەرلامان کرد و بەدوای ئەوەشدا ووڵات بەرەو گشتگیری هەنگاوی نا و لە ساڵی ١٧٠٧ دا بەریتانیای مەزن دروست بوو بە یەکگرتنی ئینگلستان و سکۆتلاند.
هەر لە ڕێگای پەرلەمانەوە ڕێگا بە کۆمەڵگا درا کە بۆچوون و ناڕەزاییەکانیان بەرز بکەنەوە و وا بکرێت کە هەست بکەن پەرلەمان گوێبیستی داواکاریەکانیان دەبێت. هەرچەندە لەو ساتەدا دیموکراسیەکی تەواو دانەمەزرابوو و تەنها ڕەگەزی نێر دەیتوانی دەنگ بدات و ئەو بەشە کە دەکرا دەنگ بدات رێژەکەیان لە ٢%ی کۆمەڵگا تێپەڕی نەدەکرد و ئەو شارانەی کە شٶڕشی پیشەسازی تێیاندا گەشەی سەندبوو وەک برمنگهام و لیدز و مانچستەر و شێفیڵد نوێنەریان لە پەرلەماندا نەبوو بەڵام لەڕێگای خۆپیشاندانی جەماوەریەوە توانیان داخوازیەکانیان بە پەرلەمان بگەیەنن و پەرلەمانیش گوێبیستیان دەبوو. بەم شێوازە، کۆمەڵگا خۆی دەست باڵا کرد و دوا بەدوای ١٦٨٨ سیستمێکی بنکەفراوان بەرپا بوو. پەرلەمان کەوتەخۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆرم لە دامەزراوە ئابووریەکاندا بۆ گەشەی کارگەسازی. دوابەدوای ئەوە، گرنگی درا بە سیستمی بانکی و لە ساڵی ١٦٩٤ دا بانکە سەرەکیەکە کە تا ئێستاش بە بانکی ئینگلاند ناسراوە، دامەزرا وەک سەرچاوەیەک بۆ پشتگیری و دابینکردنی دراو بۆ دامەزراندنی کارگە و بازرگانی و پیشەسازی. ئەمەش وای کرد کە لە دەستپێکی سەدەی هەژدەوە گشت لایەن و کەسایەتیەک بتوانن پشتگیری بۆ پڕۆژەکانیان بەدەست بهێنن. بە جیاواز لە زەمانی پاشا هینریەکانی حەوت و هەشت کە هەرچەندە هەنگاوی باشیان نا بەرەو ئابووریەکی گشتگیری بەڵام زۆربەی دامەزراندن و پشتگیریەکانیان تەنها سیاسەتمەداران و دۆستەکانیان دەگرتەوەو هیچ پشت بە توانست و لێهاتوویی نەدەباسترا، لە دوای ١٦٨٨ ەوە گشت ئەوانە گۆڕان و پەرلەمان توانی بە ئاستێکی شایستە باج لە خاوەن کۆمپانیا کان کۆبکاتەوە کە بە کراوەیی و بە شێوازێکی زانستیانە چاودێری بکات و مامەڵەی توند لەگەڵ سەرپێچیکاراندا بکات و داهاتەکەی بە شێوەیەکی کاریگەر بەکار بهێنێت. هەر لەو سەردەمەدا بەریتانیا توانی گەشەسەندنێکی بەرچاو بە خۆیەوە ببینێت و گرنگی بە کاری کانزایی و ئاسن درا و مەکینەی هەڵمی دۆزرایەوە و چنینی ئۆتۆماتیکی هاتنە کایەوە. ئەمانەش تەنها داڕشتنی یاسای باج و کۆکردنەوە و بەتاڵ کردنەوەی ڕەوتی مۆنۆپۆڵی نەبوو بەڵکو گرنگیەکی تەواو درا بە بەهرەداران و تازەکاری و خا وەنداریەتی کە ڕێگا خۆشکەر بوون بۆسەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی. یاساکانی خاوەنداریەتی بەباشی بەکارهێنرا و گرنگی بە گواستنەوە بەسەر زەویدا و بەڕوبارەکاندا و لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا پەرەی سەند کە لەڕیگایانەوە بەرهەمە خۆماڵیەکانی پۆشاک پەرەیان سەند و لە ساڵی ١٧٦٠ دا یاسای خاوەنداریەتی فراوان تر کرا و خاوەنداریەتی بیرۆکە و تازەکاریەکانیشی بە توندی گرتە خۆی. ئەمەش ڕێگا خۆشکەر بوو بۆ گەلێک دۆزینەوەی تازە کە لەناویاندا بیرۆکە ناسراو و مەزنەکەی جەیمس وات بوو بۆ مەکینەی هەڵمی هەر لەو ساڵەدا و دوا بەدوای ئەمەش مەکینەی پیستۆن و بەلەمی هەڵمی هاتنەکایەوە. ئەمەش تەنها لە بەریتانیا کرا بێتە دی چونکە یاسا ڕێگای نەدا هیچ لایەنێک ڕێگر بێت لە بیردوز و تازەکاران کە کارەکانیان ئەنجام بدەن و سوودمەند بن لە بیرۆکەو بەرهەمەکانیان.
هەنگاوەکانی ڕێگا دان بە بەهرەداران کە کار لەسەر بیرۆکەکانیان بکەن و دەرکردنی یاسای پاراستنی هەقی بیردۆزەکان و دامەزراندنی بانک بۆ پشتگیریان بەخێرایی لە بەریتانیا و دەرەوەی بەریتانیا دەنگی دایە وەو لە کاتێکا کە لە ساڵی ١٤٤٥دا لە ئەڵمانیا یەکەم چاپخانە دامەزرا و گرنگی لە چەند ووڵاتێکدا درا بە دامەزراندن و سوود وەرگرتن لە چاپەمانی بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان و هوشیار کردنەوەی کۆمەڵگا. لە هەمان کاتدا دەوڵەتی عوسمانی بەتوندی بەرهەڵستی ئەم پێشکەوتنەی کردو چاپ کردنی قەدەغەکرد بە پاساوی ئەوەی کە دەکرێت زانیاریەکان دژیان بەکار بهێنرێت، ٣٠٠ ساڵی پێ چوو هەتا لە ژێر چاودێریەکی تونددا ڕێگای چاپسازی لای عوسمانیەکان بەگەڕ بێت. ئەم قەدەغەکاریە وای کرد کە تەنها ٢%ی عوسمانیەکان بە بەرابەر بە ٤٠%ی بەریتانیەکان خوێندەوار بن لە وکاتەدا. ئەوەی سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە کە نووسەرانی کتێبەکە، ئەم دواکەوتووییەی کە گشتمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی دەکەین، دەخەنە ئەستۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی.
نووسەران بەبەڵگەوە بنەماکانی تۆکمەیی و تەمەن درێژی و بەردەوامی نیشتیمانی و خۆشگوزەرانی نیشان دەدەن و بە هەبوون و نەبوون و پابەند بوون و پابەند نەبوون بە حکومەتی دامەزراویی و نموونەکانی ئەڵمانیاکانی ڕٶژهەڵات و ڕۆژئاوا پێش ڕوخانی دیوارەکەی بەینیان و دووپارچەکەی شاری نۆگالیس لەبەینی ئەریزۆنای ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەماریکا و مەکسیک و کۆریاکانی باکوور و باشوور و ئەماریکاکانی باکوور و باشوور و حەبەشەی کۆن بە بەراورد لە گەڵ ئەسیوپیای تازە و تەنانەت ووڵاتەکانی ئەورووپا بە بەراورد لەگەڵ ئەفەریکادا. هۆیەکانی داهاتی سروشتی و جوگرافیا و ڕەگەز و ڕەنگ ئەو جیاوازیانەی کە بەئاشکرا بەدی دەکرێن، ڕوون ناکەنەوە و ئەو پێشکەوتنە مەزنەی کە بەریتانیای کرد بە و بەریتانیایەی کە هەیە، دەوڵەمەندی نبووە بەڵکو دامەزراوە ڕامیاری و کۆمەڵیەتی و ئابووریە بووە کە دایان ڕشتوەو پەیڕەویان کردوە.
ئێمەی کوردیش باوانە لە و هەموو نەهامەتیانە وەر بگرین ڕێگانەدەین بەرژەوەندیە تەسکەکان زاڵ بن بەسەرماندا و کوردستانە نازدارەکەمان بکەینە پێشەنگی گشت پێشەنگەکان.
با حکومەتەکەی داهاتوومان:
• لە ژێر هیچ پاساوێکدا سازش لەسەر بەسەربەخۆ کردنی کوردستان نەکات؛
• بنەماکانی دیموکراسی زیاتر بچەسپێنێت؛
• سەروەری یاسا بچەسپێنێت؛
• دیانەت و حکومڕانی تێکەڵ نەکات؛
• بنیادنانی کەسایەتی کورستانیی بە تواناو سەربەخۆ بکات بە بنەمای سەرەکی؛
• بە داڕشتەیەکی پتەوبەرەو بەدامەزراوەکردنی خۆی هەنگاوی هەورە بنێت؛
• خزمەتگوزاری گشت کوردستانیان بێت بەبێ جیاوازی؛
• گرنگی تەواو بە بەهرەداران بدات؛
• کەسانی شایستە دەستەبەربکات لە کارە کانیدا؛
• مۆنۆپۆڵی بنبڕ بکات.
با کۆمەڵگای کوردستانی :
• کار لەسەر ئەوە بکات کە چیی هەیە پێشکەشی کوردستانی بکات پێش ئەوەی دەستی لێ پان بکاتەوە؛
• بە هیچ دروشمێکی لاوەکی خۆی تەفرە نەدات و تەفرە نەدرێت؛
• پشتگیرو پارێزەری هەنگاوو دەستکەوتە کانی حکومەتەکەی بێت بەرەو سەربەخۆیی و ئاسوودەییو ئاشتەواری کۆمەڵایەتی؛
• بنیادنەر بێت و ڕوخێنەر نەبێت؛

وەک ئەرکێکی نیشتیمانی سەرەکی، با گشت کوردستانیەکان پشتگیری تەواوی بەدەستهێنانی ئابووریەکی سەربەخۆبین دوور لە هیچ پێشبڕكێیەک. بەر لە گرنگیدان بە بژێوی و تەندروستی، بە زانستیانە گرنگی بدەین بە بنیادنانی کەسایەتی کوردستانی کە توانای هۆکاری بنیادنانی دواڕۆژێکی ڕوناکی هەبێت و هەست بە هاوبشی بکات لە بڕیارداندا بەبێ ڕەچاو کردنی جیاوازی با دوا ڕۆژێکی ڕووناک و بەردەوام بەرپا بکەین. با نەڕوخێین.
Top