بەجینۆساید ناساندنی كوشتوبڕی كوردان قەمتەرەیەكی گەورەیە!
February 20, 2014
وتار و بیروڕا
هەڵبەت پێش پەرلەمانی ئەوروپا، (پرسی جینۆسایدكردنی كورد لە كوردستانی عێراق لە سایەی دیكتاتۆریی سەدام) لە پەرلەمانی چەندین وڵاتدا هاتۆتە بەر باس و پێشنیازو بڕیاریان تێدا دراوە وەك پەرلەمانەكانی بەریتانیاو سوێد و نەرویج و ئەلمانیا و هی تریش. ئەوە لەكاتێكدا، هەندێ لە حكوومەتەكانی ئەو وڵاتانە یان كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتانە لە هەشتاكاندا كەرەستەی كیمیاییان بە رژێمی عێراق داوە كە بەم یان بەو شێوەیە بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتییان دەكەوێتە ئەستۆ كە هەقە حكوومەتی عێراق لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە، بە فەرمی داوا لە UN بكات، ئەو زانیارییە نهێنییانەی لەلای تیمەكانی پشكنینی چەكی كۆكوژ لە عێراق دا هەن، كە بێشك بەشێكیان پێوەندییان بەو كۆمپانیا و وڵاتانە هەیە كە كەرەستەی كیمیاییان بە عێراق فرۆشتووە، بە حكوومەتی عێراق بدەن.
دەبێ ئەوەش بهێنینەوە یاد كە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام و دامەزرانی دادگەی باڵای تاوان لە عێراق و ساغكردنەوەی كێسەكانی (هەلەبجە، ئەنفالەكان، بارزانییەكان، فەیلییەكان، راگواستن و پاكتاوی نەژادی لە كەركووك...) و دەرچوونی بڕیارەكانی دادگە، بەشێكی ئەو كاروكردانە بە جینۆساید ناسێنراون و بەشێكی تریشیان بە تاوانەكانی دەرهەق بە مرۆڤایەتی و تاوانەكانی شەڕ.. ئەوەش بۆ خۆی بووە پێشینەیەك و دەكرێ لە زۆر ئاستدا: سیاسی و قانوونی، ناوخۆ و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، كورد و دامەزراوە رەسمی و نارەسمییەكانی كاری زێتری لەسەر بكەن.
لەم قزگەیەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار مسعود بارزانی لە دوا سەردانی خۆی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا (21/1/2014) داوای لە پەرلەمانی ئەوروپا (EP) و یەكێتیی ئەوروپا (EU) كرد كە هەم جینۆسایدی كورد بە رەسمی بناسن و هەم نوێنەرایەتی خۆیان لە هەولێر بكەنەوە. بەهەرحاڵ، ئێستە بەدەسپێشخەریی چەند ئەندامێكی پەرلەمانی ئەوروپا نامەیەك ئامادە كراوە كە داوا لە یەكێتیی ئەوروپا دەكەن دان بە جینۆسایدی كورد دا بنرێ و قەولە ئەو نامەیە بۆ سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا (EP) و سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپی (EC) و نوێنەری باڵای (Union for Foreign Affairs & Security Policy) و سەرۆكی ئەنجوومەنی (EU) بنێردرێ. ئەو میتینگە بەڕێوەچوو، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەشداری تێدا كرد.
ئەو باس و وەبیرهێنانەوەیە، وێڕای گرنگیی سیاسی و ئەخلاقی و جارێ زوو بڵێم قانوونی، لەكاتێكی گونجاودایە كە 1- كورد لە عێراقدا گرفتێكی زۆری لەگەڵ بەغدا هەیە2- جاروبار هەڵوێستی ئەمریكا لەسەر پرسە هەنووكییەكان ناخویاو تەمومژاوییە 3- ژمارەیەكی بەرچاوی كورد لە دەست ستەم و زۆر و كوشتوبڕو شەڕی نێوان رژێمی سوریا و لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن روویان لە كوردستانی عێراق كردووە. 4- ئەگەر بوار بە كورد بدرێ خۆی بەڕێوەبەرێ وەك هەرێمی كوردستان دەتوانێ نموونەیەكی باش و ئاشتیخواز و گەشاوە پێشكەش بكات كە چارەی گرفت و ئاریشەكانی كورد وەك نەتەوەیەك بكا.
لە باری ئەخلاقی و سیاسییەوە، دەبێ هەوڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی دنیای شارستان و پێشكەوتوو بۆ ئەوە بێ كورد دوچاری جینۆسایدێكی دی نەبێتەوە و پشتەوانی لە مافەكانی كورد و لە هەر قەوارەیەك بكەن كە بوونی ئیتنیكیی كوردان بپارێزێ و پێوەندیی لەتەكدا دابمەزرێنن و بەردەوام بن لەسەر رۆڵی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەركردنی پرسگرێكی كورد لە توركیا.
هەرچەند، بەلای منەوە، ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی كە دەرهەق كورد كراون چ (جینۆساید بێ یان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی یان تاوانەكانی شەڕ) ئیلتیزاماتێكیان خستۆتە ئەستۆی گشت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە لە قانوونی نێودەوڵەتیدا Erga Omnesی پێ دەگوترێ و دەبێ بەهەموو شێوەیەكی بەردەست و شیاو بواری دوبارە بوونەوەی ئەو تاوانانە نەدەن و هاوكاری كورد بن كە ببێتە خودان ستاتۆیەكی قانوونی و سیاسیی گونجاو كە بوون و ژیان و رێگەی پەرەسەندنیان بپارێزێ.
بەهەرحاڵ بەرەوپێشبردنی ئەو پرسە نەتەوەییە-نیشتمانییە (بەجینۆسایدناساندنی كوشتوبڕی كوردان لە سایەی دیكتاتۆریی سەدامدا) لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كە ماوەیەكە دەستی پێكراوە لەتەك زۆر هۆكاری دیكەدا لەوانە یەكرێزیی نێوماڵی كوردو سەربەخۆیی ئابووریی هەرێمی كوردستان و گەیشتنی نەوتی كوردستان بە بازاڕەكانی ئەوروپا، ئەنجامێكی پۆزەتیڤی دەبێ لەسەر ئاستی سیاسی و بەدیهێنانی خەونە لەمێژینەكەی. بێ لەوە هەق بە كورد وەكو نەتەوە، كە پرسی جینۆساید لە بیروزەینی دەستەجەمعی زیندو رابگرێ نەك بۆ چاندنی تۆوی تۆڵەو تۆڵەكاری و رق و بوغزو كەرب و كینە، بەڵكە بۆ مانەوەو پاراستنی قەوارەو مافە بەدەستهاتووەكان و بەرەوپێشبردنیان و رێكخستنەوەی پێوەندییەكان لەسەر بنەمای وەكیەك و داننان بە یەكتری و بە مافی بڕیاردانی چارەنووسیشەوە.