كابینەی هەشتەم و هەڵبژاردنی 30/ 4
December 26, 2013
وتار و بیروڕا
راستە، سەرجەم لایەنە براوەكانی پەرلەمان نیاز و مەرامی بەشداریكردنیان لە كابینەی نوێ دا دەربڕیوەو جەخت لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكە فراوان یان یەكڕیزیی نیشتمانی دەكەنەوە. راستە وەفدی دانوساندنكاری پارتی وەكو حزبی براوەی یەكەم دوو جاران لەگەڵ لایەنەكاندا كۆبوونەتەوەو بەشێوەیەكی سەرەتایی لەسەر ئەوە رێك كەوتوون كە كارنامەی حكوومەت بۆ چوار ساڵی ئایندە پشكی هەمووانی تێدا بێ و هەر لایەنە بەگوێرەی قورسایی پەرلەمانی خۆی، بەشداریی لەكابینەدا بكا. ساغبوونەوەی ئەو دوو خاڵە، هەم ئاسان نییە و هەم كاتی پێ دەوێ. بەڵام ئەو ئەركە تا چەند دەكێشێ؟ ئەگەر رێك كەوتن لەسەر لانی كەمی كارنامەیەكی هاوبەش تا رادەیەك ئاسانتر بێ، ئەوا دابەشكردنی پۆستەكان بەتایبەتی پۆستە سیادییەكان، كارێكی وا ئاسان نییە!
با لە كاودانەكان ورد بینەوە. راستە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەیانەوێ 4 ساڵی داهاتوو، 4 ساڵی هێمن و ئارام بێ و بەری رەنجی 4 ساڵی رابردوو بچننەوە. واتە بەشداری لە حكوومەتدا بكەن و بەشێك لە بەرنامەكانیان بێتە جێبەجێ كردن، تا بە «ناخب»ی خۆیان بڵێن ها ئەوەتا لەسەر بەڵێن و پەیمانی خۆمانین و «گۆڕیمان»، بەڵام بە قسان هێشتا لەنێوان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكوومەتدا ساغ نەبوونەتەوە. لەملاو ئەولاشدا، لەناو بزووتنەوەكەدا رای وا هەیە كە 4 ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی گۆڕان قسەو رەخنەی لە «ستەمەكانی سیستەمی سیاسی» و كارهەڵسوڕاندن هەبووە. ئەگەر گۆڕانكارییان پێ لە سیستەمەكە نەكرا، هەر بەشدار دەبن؟ رەنگە كۆنگرەی ئەو حزبە لە 26ی ئەم مانگەدا، ئەو ئاراستانە ساغ بكاتەوەو بەلایەكیاندا بخات.
هەرچی یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامین، تا رادەیەك بێ دەنگ و زێتر بە بڕوای خۆم لە چاوەڕوانی سێ لایەنەكەدان: واتە پارتی و گۆڕان و یەكێتی كە چۆن رێك دەكەون و لەسەر چ رێك دەكەون. هەرچەندە جاروباریش لە میدیاكاندا، قسە لەوە دەكرێ كە بە گوێرەی ئیستحقاقی خۆیان ئەوەندەیان بەردەكەوێ، یان ئەو وەزارەت و ئەم وەزارەتیان دەوێ.
یەكێتی، وەكو حزب لەسەروبەندی كۆنگرە دایە. جیاوازییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەمەڕ كۆمەڵێ پرس دەركەوتوون و ناشاردرێنەوەو لە میدیا رەنگیان داوەتەوە. ئەوەتا لەنێوان ئەم پەرلەمەنتاری یەكێتی و ئەو پەرلەمەنتاری پارتی و ئەندامێكی سەركردایەتی ئەملاو یەكێكی ئەولا وەڵام و وەڵامدانەوەی توند هەیە. رێككەوتننامەی ستراتیجی چی لێ ماوەتەوە، نازانم! لە كەركووك بە دوو لیستی جودا دەچنە هەڵبژاردنەوە. لە موسڵیش هەروا. لەسەر رۆژئاوای كوردستان یەكهەڵوێستیان نییە. لە دۆسێی نەوتیش، پەرلەمەنتارەكانی یەكێتی دەڵێن، ئەو فایلە دەبەینە ناو پەرلەمانەوە!
هەڵبژاردنی 30/4/2014ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، چوار مانگێكی ماوە، بەڵام هەر لەئێستاوە خۆئامادەكردن و بانگەشەی پێشوەختیش دەست پێ دەكات. ئاخر بمانەوێ و نەمانەوێ هەر لایەنە حیساب بۆ قورسایی و دەنگەكانی خۆی لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ئاستی پارێزگاكاندا دەكا وەك چۆن هەڵبژاردنی 7/3/2010دا كاریگەریی خۆی نواند لە پرۆسەی سیاسی و بڕیارو پۆستەكاندا. بەو مانایە، ئەنجامەكانی سەر ئاستی عێراقیش، بەوانەی كوردستان گرێ دەدرێنەوە. بەكورتی رەنگە هاوپەیمانێتی سیاسی و ریزبوونەوەی تازە چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بێتەدی.
هەڵبەت لەم نێوەدا، هاوكێشەی هەرێمایەتی و نفووزی ئەملاو ئەولا و پەرەسەندنەكان بێ ئەسەرو كاریگەر نیین. كەواتە بە رەچاوكردنی ئەو هۆكارانە و هیتریش، پێموایە پێكهاتنی حكوومەت دەكەوێتە ساڵی داهاتووەوە چ بنكە فرەوان بێ یان حكوومەتی زۆرینەی پەرلەمانی، چونكە بەپێی ماددە «10/ بڕگەی 12»ی قانوونی ژمارە 1ی هەمواركراوی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كاندیدی سەرۆكی وەزیران و جێگرەكەی رادەسپێری، پاش ئەوەی لە پەرلەماندا ناویان لێ دەنرێ، بە پێكهێنانی كابینە لە ماوەی 30 رۆژ دا لە رۆژی راسپاردنیانەوە. بەم حیسابە پێش ئەم هەنگاوە، دەبێ ناوی كاندید بۆ سەرۆكی وەزیران و جێگرەكەی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بنێردرێتە پەرلەمان و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ناویان لێ بنرێ. كەواتە دەبێ لەسەر هەموو پۆستەكان پێشوەختە رێك كەوتن بكرێ، ئەوجا پەرلەمان كۆتایی بە دانیشتنە كراوەكەی خۆی بهێنێ و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێ كە بە شیمانەی زۆرەوە ئەم هەنگاوەی دوایی دەكەوێتە ساڵی ئایندەو ئەوجار ئەگەر پێش 1/3/2014 بۆ ناولێنانی (سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەكەی) دەبێ داوای كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بكات و لەپاش ئەوە ئەوجار كارڕاییەكانی دیكە دەس پێ دەكەن...بەهەرحاڵ، ئەو هەویرە ئاو زۆر دەكێشێ. ئەوجار حیسابی قانوونی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2014 بكە كەی دێتە پەسندكردن و كەی جێبەجێ دەكرێ؟