ستراتیژەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
October 24, 2013
وتار و بیروڕا
دیارترین ئەو مەسەلە گەورەو ستراتیژییانەی كاریگەرییان بۆ سەر پێكهێنانی حكومەت هەیە ، پێش هەموو شتێك بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گیانی لێبووردەیی كە هیچ جیاوازیی تایفی و ئایینی تێدا نییە،چونكە كۆمەڵگەی كوردستانی لە نێو خۆیدا تەباو هاوسۆزو لێبووردەیە و ئەو كەلتوورە مەدەنییە كراوەیەی لە نێو پێكهاتەی ئەم كۆمەڵگەیە چەسپاوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەنگی داوەتەوە كاتێ گەلی كوردستان بە ئاراستەی رێزگرتنی هاوبەش و بەشداری كردنی داب و نەریتی رەسەن و گیانی تەبایی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و بڕوابوون بە پرەنسیپی هاووڵاتیبوون و ئینتمای نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان و دوور لە ململانێی بۆ هەر پرەنسیبێكی لاوەكی دیكە هاتە مەیدانی ئەم پرۆسە دیموكراتییەدا.
ئەمە بە پێچەوانەی بەغداو ناوچەكانی دیكەی عیراق كاتێ دەبینین هێزو لایەنە حزبییەكان بەردەوامن لە نانەوەی ناكۆكی و دووبەرەكیی تایفی و سەپاندنی فەلسەفەی سیاسی بەسەر سیستەمی حوكمڕانی و پێكهێنانی حكومەتدا،هەر ئەمەش هۆكارێكە بۆ سەقامگیرنەبوونی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی لە وڵاتدا،بۆیە هێزو بزووتنەوە ئایینیەكان لە هەرێمی كوردستان دەزانن مانای هەڵبژاردنی هێزە مەدەنییەكان لە لایەن گەلی كوردستانەوە و پێگەی سەركردایەتیی مێژوویی ئەم گەلە كە خۆی لە پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەبینێتەوە، چی دەگەیەنێت.
هەر لەبەرئەوە دەبینین ئەو بزووتنەوە ئایینیانە هەندێ داخوازی و بیانوو دەخەنەڕوو كە لە ئاستی داخوازییە سیاسییە رەواكاندا نین و ناگاتە ئەو رادەیەی كە مایەی ئەوە بێت كە مانای سووربوون و پێداگریی تەواو و رەوا هەیە بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا،هاوكات سروشتی كۆمەڵگەی كوردستانیش ئەم ئاراستەیە بە چاك نابینێت،واتا نابێت وەكو ئەوەی بەغدا لەسەر بنەمای هاوپشكیی سیاسی بێت،لە هەمان كاتدا پێویستە ئەو بزووتنەوانە چاك بزانن كە ئەو بەڵێن و پەیمانانەی بە جەماوەریان دابوو لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا زۆر زەحمەتە بۆیان بێتەدی چونكە ئەوان بنكەی جەماوەرییان سنووردارەو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە هەنگاوی تۆكمە بەرەو بەدیهێنانی دەستكەوتی زیاتر و داخوازی رەوای گەل بەرەو پێشەوە دەچێت.
گەلی كوردستان لەوپەڕی پیادەكردنی دابو نەریت و سروتە ئایینییەكانیدایە و بە ئازادییەكی رەهاوە خەریكی پەرستن و گرتنەبەری ئەو سروتانەیە جا چ موسڵمان بن یاخود كریستیان و ئێزیدی و ئایین و ئایینزاكانی دیكە كە ئەمەش كارێكی سروشتی و ئاساییە لە كۆمەڵگایەكی مەدەنی كە بڕوای بە مافی هاووڵاتیبوون و ئازادیی ئایینی هەیە.
دیارە مەسەلەی پاشخانی تایفی ئایینی لە هەرێمی كوردستاندا بەهیچ شێوەیەك بوونی نییە كە ناكرێ ببێتە مایەی گفتوگۆ لەسەر كردن لەپێناو پێكهێنانی حكومەتدا،پاشان ستراتیجییەتی چەسپاو لە هەرێمی كوردستان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە میللەت جارێكی دیكە متمانەی بە سەركردایەتییەكەی خۆی دایەوە تاكو ببێتە پێشڕەوی رێبازی بنیادنانی دامودەزگاكانی دەوڵەتێكی مەدەنی كە دووربێت لە كاریگەریی و ئاراستەكانی ئایینزایی و دەمارگیریی ئایینی كە دەوری كوردستانی داوە جا چ لە بەغدا یان تاران یان ئەنكەرە و تەنانەت لە سوریاش كە هەندێ هێز دەیانەوێت شۆڕش بۆخۆیان قۆرخ بكەن و بە ئاراستەی ئایینی بەرتەسك و سەردەمی تاریكیی دەوڵەتانی سەدەكانی ناوەڕاستیدا بەرن.بۆیە پێكهێنانی حكومەت زیاتر جەخت دەكاتەوە لەسەر بنیادێكی مەدەنی كە نەكەوێتە ژێر باری هیچ فشارێكی بزووتنەوەكانی ئیسلامی سیاسی هەتا ئەگەر ئەو هێزانە ئەوەش بگرنەبەر ناتوانن ئامانجەكانیان بپێكن بەتایبەتیش لە چوارچێوەی ئەو ئازادییەی بۆ پەیڕەوكردنی گشت سروت و دابو نەریتە ئاینییەكان لە هەرێمی كوردستان فەراهەم كراوە.
كێشەیەكی دیكەی ستراتیژی كە رووەو پێكهێنانی حكومەت دەبێتەوە،پەیوەستە بە مەسەلە ئابوورییەكانەوە، هەروەها ئەو پلانانەی پەیوەستن بە بابەتی بەرەو پێش چوونی كاروانی بنیادنانەوە،بۆیە لێرەدا پێویستە ئاماژە بكەین بەو سەركەوتنانەی لە سایەی دوا كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتەدی بە تایبەتیش لە بوارەكانی وەبەرهێنان و خانووبەرەو بنیادناندا،بە تایبەتیش ئەوەی بەندە بە مەسەلەی بەرهەمهێنانی وزەوە كە ئەمەش رێگە بۆ حكومەت خۆش دەكات زیاتر سووربێت لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی و بووژانەوەی ئابووری.
هەر بە هەمان ئاراستەدا بەردەوامبوونی كابینەكەی ئێستا كارێكی رەوا و چاوەڕوانكراوە، چونكە رۆڵێكی بنیادنەری لە زۆربەی بوارەكاندا بینیوە هەر لە بەمۆدێرینكردنی پەروەردە لەبەرئەوەی ئەو بوارە لە هەموو بوارەكانی دیكە بۆ بنیادنان و گەشەكردنی كۆمەڵگەی تازە پێویستە،پرسی بایەخدانی چەسپاوی ستراتیژیی بە پەروەردە بە تایبەتیش خوێندنی باڵا تاكە خاڵی گرنگی بەرنامەی حكومەتی تازەیە،كە بە گەڕانەوە بۆ هەردوو كابینەكەی ئەم دواییە بۆمان دەردەكەوێت تا چەند ئەم لایەنە گەشەی كردووە لە سایەی بزووتنەوە مەدەنییەكان و لەسەرووشیانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان،كە ئەمش هاندەرێكە بە ئاراستەی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەگەر بچینە لای مەسەلەیەكی دیكەی ستراتیژی كە كاریگەریی هەیە لە پێكهێنانی كابینەی حكومەت دەبینین كە مەسەلەی سیاسی بە ئاراستەی دروستبوون و بەهێزكردنی پەیوەندیی حزبایەتی دەبێتە خاڵێكی گرنگی گۆڕانكارییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە پێی ئەو ئەنجامانەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان هاتنەئاراوە،ئەو دەرئەنجامان پێمان دەڵێن:ئەو پەیوەندییانە نهێنی نین لە پشت سەركەوتن یان پاشەكشەكردنەوە،بەڵكو پەیوەستن بە ئەداو لێهاتوویی و تواناو بنكەی جەماوەریی ئەو حزبانەوە نەك بە پەیوەندییەكانی نێوان خودی حزبەكان،بۆیە نابێ بە هیچ شێوەیەك بیر لەوە بكرێتەوە كە شەقام بۆخۆمان رابكێشین بە هۆی فشاری حزبییەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت،هەر لەبەر ئەو هۆیەیە دەبینین كە پێكهێنانی حكومەتی تازە زیاتر پشت بەو بەرنامانە دەبەستێت كە رێبازی پێشكەوتن و پەرەپێدان پەیڕەو دەكات نەك بە رێژەی بەشداریكردنی حزبی.بۆیە لە بەرژەوەندیی هیچ حزبێكدا نییە كە بۆ بەدەستهێنانی بەشەكەی خۆی لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی سەركێشی بكات.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێكی گرنك بدرێت ئەویش پێشبینی كردن و خوێندنەوەی سیاسییە بۆ شێوازی پێكهێنانی حكومەت كە رەنگە ئەركەكە سەختترو قورستر دەكات،هەرلەبەرئەوەیە كە وا لە حزب و لایەنەكان دەكات زیاتر رۆڵی پۆزەتیڤیان هەبێت لەبەلاوەنانی گرژیی و بیانووهێنانەوە كە دەبنە بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی تازەدا.تەبایی و بەیەكەو گونجان و هەماهەنگی ئەمانە فاكتەری پۆزەتیڤن بۆ حزب و لایەنە سیاسییەكان كە دەنگی گەل بۆ خۆیان مسۆگەربكەن و بەرژەوەندیی تەسكیی حزبایەتی بخەنە لاوەو واز لە تێڕوانیتی رێژەی كورسی و پۆستەكان بهێنن و بە پێی قۆناغی ئەم سەردەمە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەكەدا بكەن.
پێویستە ئەوە بخەینەوە یاد كە هەرێمی كوردستان پەیوەندیی فیدرالی لەگەڵ بەغدادا هەیەو كەوتۆتە نێودوورگەیەكی بارگاوی بە شەڕو پێكدادان و توندوتیژی و ململانێی سەخت، بێ گومان بە هیچ شێوەیەك لەم چوارچێوەیە بەدوور نابێت،بۆیە كاریگەریی ئیقلیمی و دەرەكی خاڵێكی دیكەی ستراتیژییە لە هاوكێشەكەدا،كە پڕیەتی لە بەرژەوەندیی هاوبەش و پەیوەندیی ئاڵوگۆڕ كە رەنگە هەموویان بە پۆزەتیڤ بەلای هەرێمدا نەشكێنەوە،هەر لەبەر ئەمەیە لە پێكهێنانی حكومەتی تازەی كوردستان دەبێت ئەم بەرژەوەندییە هاوبەشانە نادیدە نەگیرێن و بە بایەخەوە لەبەرچاو بگیرێن،ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كێ دەتوانێت كابینەی تازە پێك بهێنێت و بە چ شێوەیەك سەركەوتن بەدەست دێنێت و چ بەرنامەیەك بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە بە تایبەتیش لەسەر ئاستی پەیوەندییە دەرەكیی و ئیقلیمییەكان.
بە كورتی دەتوانین فاكتەرەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی تازەی هەرێمی كوردستان لە لۆكاڵی و دەرەكیدا ببینینەوە، لۆكاڵەكان بریتین لە ئەنجامی تەواوو دروستی هەڵبژاردنەكان و ویستی گەلی كوردستان بەو ئاراستە گشتییە مەدەنییەی كە زۆرینەی بەدەستەوەیە تاكو پێشەوایەتیی ئەو كابینەیە بكات كە بەم زوانە دادەمەزرێت،فاكتەری دەرەكیش بریتییە لە پەیوەندیی لەگەڵ بەغداو دەوڵەتانی دراوسێ.لە هەمووشی گرنگتر لە پێكهێنانی كابینەی تازەدا ئەوەیە كە پشت ببەسترێت بە تەكنۆكرات و عەقڵی زانستیی و خاوەن پسپۆڕی و كارامەیی،هاوكات سەركردایەتییەكی سیاسی كە گەل بە براوەی یەكەم هەڵیبژاردو بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەن و هێزەكانی دیكەی گۆڕەپانی كوردستان لەگەڵ دووركەوتنەوە لە مەرجی پێشوەخت لە رێژەو ژمارەی كورسییەكان و پێویستە هەموو تواناكانیش بخرێتە خزمەت بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان و دامەزراندنی دامودەزگاكان و بەرەوپێش بردنی هەموو كایەكانی ژیان و پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان.
* توێژەری ئەكادیمی زانستە سیاسیەكان