ئابووریی حكومەت لە رێگای نەوت و غازەوە رووی لەسەربەخۆیی ناوە دەبێت بەرەو سەربەخۆیی تاكیش هەنگاو بنێین

ئابووریی حكومەت لە رێگای نەوت و غازەوە رووی لەسەربەخۆیی ناوە دەبێت بەرەو سەربەخۆیی تاكیش هەنگاو بنێین
دوا بەدوای نەهامەتیەكی زۆر و ئابڵووقە ئابوورییەكانی كە لەسەر عێراق دانرابوون، پاش بەلەسەبوونی سەددام لە وڵاتەكانی رۆژئاوا، هەر بە راونانی لە كوێت و داڕمانی حوكمەكەی لە هەرێمی كوردستان كە ئەوسا بەو بەشە پێناسە كرابوو كە لە سەروو هێڵی ٣٦ـەوە بۆیان دەستنیشان كردبوو، لە دەستپێكی ١٩٩٠ دا بڕیاردرا كە لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكاندا نەوتی عێراق بفرۆشرێت لە بازاڕەكانی جیهاندا و بەشێك لە داهاتەكەی بۆ دابینكردنی خۆراكە سەرەكیەكان بۆ گشت عێراقیەكان بەكار بهێنرێت. ئەمە هەر چەندە بە پاساوی بەربەستی نەهێشتنی برسیەتی كۆمەڵگاكەبوو، بەڵام هەر لە دەستپێكیەوە كاریگەرییەكی خراپ و بێپایانی هەبوو كە ئێستاش بەردەوامە لەسەر كۆمەڵگای عێراقی بە گشتی و زۆر زیاتر بە تایبەتی لە سەر كۆمەڵگای كوردستانی.
ئەمەش بەهۆی ئەوەوە كە لە دانوستاندنەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان لەگەڵ سەددامدا، ئەو رەزامەندی دا بە مەرجێك گشت ئەو خۆراكانەی كە بەو پارەیە دابین دەكرێن، لەژێر چاودێری حكومەتی عێراقدا بن و لەو وڵاتانەشەوە هاوردە بكرێن كە خۆیان دەستنیشانی دەكەن. هەر بە دەستپێكی پرۆسەكە، بازاڕەكانی سەرانسەری عێراق پڕ كران لە بەروبوومی دەرەكی كە زۆربەیان بە كوالێتیەكی خراپ و بە نرخێكی وا نزم بوون، كە چیتر بەروبوومی جووتیارەكانی كوردستان نە سوودی بەرهەمهێنانیان بوو نە جووتیاران لە وەبەرهەمهێنان بەردەوام بوون، بە شێوازێك وایلێهات كە كێڵگەكانی كوردستان لە بەكار نەهێنانیاندا بۆ ماوەیەكی زۆر هەر خۆیان لە بەروبووم كەوتن. ئەم هەڵوێستەش بە تایبەتی لە حكومەتی عێراقی ئەوساوەبوو بۆ سزادانی كوردستان كە بەڕێوەبەرانی حكومەتی عێراقیان لە كوردستان راونا و هاوكاری بە زمانی ئەوان «داگیركەران» بوون. ئەوەی سەرسووڕهێنەرە ئەم سیاسەتە هێشتا پاش لە گۆڕنانی سەددام و هاتنە كایەی عێراقی نوێ، هەر بەردەوامە لەژێر ئەو بڕگەیەی دەستووری عێراقدا كە پسولەی خۆراكی لەژێر دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵدا رەشنووس كردووە.

چەند وردەكاریەك لەسەر پسولەی خۆراك
هەرچەندە ئەم پرۆسەیە بۆ بەرهەڵستی كردن و كەمكردنەوەی برسێتی بووە و بە دابینكردنی بڕێك لە خۆراكە بنەڕەتیەكان دەستی پێكردووە كە بە گشتی دەكرێت كۆی ٢٣١٠ كالۆری بۆ هەر تاكێك دابین بكات لە رێگای دابینكردنی خۆراكەكانی ئارد و برنج و شەكر و چایی و رۆنی نەباتی و وشكە و خوێ و سابوون و شلە سابوونی پاككردنەوە بۆ گشت عێراقیەك، لەم ٢٢ ساڵەی رابردوودا بە ئاشكرا 10 ساڵ زیاترە كە كۆمەڵگای عێراقی لە برسیەتی دەرچووە. لەگەڵ ئەوەشدا كە تێچووی پسولەی خۆراك ٨%ی بودجە زەبەلاحەكەی عێراقە، تێچووی بڕی هەر دۆلارێك كە دەبێت بگاتە هەر هاووڵاتیەك ٦ دۆلاری ئەمریكییە جگە لەوەی كە پرۆسەكە بەگشتی جێپەنجەی خۆی دیاریكردووە لە سنوورداركردنی بوژانەوەی بەروبوومی خۆماڵی و كۆمەڵگایەكی بێ بەرهەمی دروست كردووەو رۆڵی لە زیادكردنی هەژاریدا هەیە. دوابەدوای بەگەڕخستنی پرۆژە پێنج ساڵیەكەی كەمكردنەوەی هەژاریی و لەسەر ئامۆژگاری پسپۆڕانی نێودەوڵەتی، ئەم لیستە كەم كرایەوە بۆ پێنج ماددە بە مەبەستی وەرگێڕانی بۆ تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە چەند هەنگاوێكدا كە دەستپێكەكەی ئەو فەرمانە بوو كە گشت ئەوانەی مانگانەیان لە ١٥٠٠٠٠٠دینار زیاتر بێت لەم پشتگیریی خۆراكە بێ بەرانبەرە بێ بەش بكرێن.
هەر چەندە توانرا ئەم كەمكردنەوەیە بەسەر فەرمانبەرانی حكومەتدا بچەسپێنرێت، دەستنیشانكردنی ئەوانەی لە كەرتە جیاجیاكانی تایبەتدا كار دەكەن و داهاتیان لە 1.5 ملیۆن دینار زیاترە بە ئاسانی دەرباز دەبن دەستنیشان ناكرێن ئەگەر هاوكاری تەواو لە تاكەكانی كۆمەڵگاوە نەبێت و لاوازی ئەم بوارەش كێشەی بۆ جێبەجێكردنی فەرمانە كە دروستكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لاوازی و كەموكوڕی لە بەڕێوەبردنیدا دەنگی داوەتەوە لە قۆرخكردنی بەدەستهێنانی كڕینی خۆراكەكان و لە نەشیاوی زۆربەیان و لە كێشەكانی گەیاندنیان بۆ بەشەكانی كۆمەڵگا لە كاتی خۆیدا، لە ٧/١٠/٢٠١٢ دا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بڕیاری راگرتنی پسولەی خۆراكی دا و هەر بە بڵاوكردنەوەی بڕیارەكە لە میدیاكاندا، كۆمەڵگای عێراقی كەوتنە شەقامەكان و دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەكە لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و هیچیان بۆ بڕیاردەرانی حكومەتی فیدراڵ نەهێشتەوەو زۆریان لێكردن كە بەپەلە لە بەرواری ١١/١٠/٢٠١٢ دا لە بڕیارەكە پاشگەز ببنەوە. دوا بەدوای ئەم پاشگەزبوونەوەیە بڕیارێك دیكە دراوە بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەك پشكی هەر خێزانێك لە پسولەی خۆراك لە ناو سەندوقێكی كارتۆنیدا بە هاووڵاتیان بگەیەنرێت! ئەم بڕیارەش دەركراوە بەبێ ئەوەی تەنانەت بیر لە شایستەیی ئەوە بكرێتەوە كە ئەو خۆراكانە پێكەوە گونجاو نابێت بخرێنە ناو یەك سندوقەوە جگە لەوەی كە تێچووی گەیاندنیان بە هاووڵاتیان دووبەرانبەر زیاد دەكات!

هەوڵەكان بۆ چارەسەر
یەكێك لەو بڕیارە بووێر و مێژووییانەی كە بڕیاردەران و سیاسەتمەدارانی هەرێم داویانە ئەبێت ئەوەبێت كە زمانی هێزیان گۆڕی بە زمانی دانوستاندن و بنیادنانی یەك ریزی لە كێشە نیشتیمانییەكاندا و بەهیوای گرنگیدان بە زانست لە پرۆسەی بنیادنانی كۆمەڵگایەكی وەبەرهێنەر و تێگەیشتوو و تەندروست و هەڵوێستەكانی هەر تاكێك كارامە بن بەرانبەر بە خۆی و خێزانەكەی و كۆمەڵگاكەی و نیشتمانی. ئەم پرۆسەیەش هەرچەندە هەر لە خۆیدا ئاڵۆزەو ساڵەها ساڵە چەوسانەوە و دەمكوتكردن و گەلێك كرداری نا مرۆڤانە كە لە گشت لایەنەكانەوە بەرانبەرمان كراوە بارودۆخی كوردستانەكەمانی هێندەی دیكە ئاڵۆز كردووە و ئێمەی كوردستانی پێویستە بە هەناسەیەكی قووڵترەوە كاری لەسەر بكەین. ئەمەش «یان كوردستان یان نەمان»ـە بەڵام بە شێوازە تازەكەی و سەربەخۆیی ئابووری لەسەر هەردوو ئاستی حكومەت و تاك، یەكێك لە كلیلە سەرەكییەكانی ئەم پرۆسەیەیە. دەكرێت بووترێت كە بۆ یەكەمیان هەنگاوی پیرۆز نراوە و رۆڵی نەوت وغاز و بۆرییە تازەكانی ئەوە دەسەلمێنن، بەڵام بواری دووهەمیان كە سەربەخۆیی ئابووری تاكە، كەمتر گرنگی پێ دراوە هەرچەندە هەردووكیان تەواوكەرێكی لەیەك دانەبڕاون و دابڕاندنیشیان مەترسیدار دەبێت. هەر چەندە سەربەخۆیی ئابووری تاك، كارێكی هەمەلایەنەو ئاڵۆزە، دەبینین كە چۆن لە دەیان ساڵانی رابردوودا، پسولەی خۆراك سەروەری تاك و خێزانی داگیر كردووە و وەك خەونەكەی سەددام، سەروەری لە كۆمەڵگا سەندۆتەوە، ئەمەش زیاتر دروستە لەسەر كۆمەڵگای كوردستانی لەبەر ئەوەی كە هەر لە دێرینەوە، كۆمەڵگایەك بووە كە پشتی بە جووتیاریی و كشتوكاڵ و مەڕوماڵات و بەروبوومەكانی بەستووە و هەر لەسەر ئەوانەش بنیاد نراوە. مێژووش سەلماندی هەركە سەددام گشت ئەوانەی لێ سەندینەوە، تەنها كۆیلەییمان بۆ مایەوە.
لە كاتێكدا كە حكومەتی فیدراڵ بە هاوكاری هەرێم و بانكی جیهانی سەرقاڵی پێداچوونەوەی بەرنامەی پسولەی خۆراك بوو بۆ دامەزراندن و باشتركردنی جۆری خۆراكەكان و گەیاندنیان بە خێزانە عێراقیەكان لە كاتی خۆیدا، لە وۆركشۆپی بانكی جیهانی ٧-٨/٤/٢٠١١ لە بەیرووت پرۆژەیەكم پێشكەشی لیژنەی باڵای پسولەی خۆراك (كە خۆم ئەندامم لەو لیژنەیەدا) كرد بۆ پێداچوونەوەیەكی بنەڕەتی پسولەی خۆراك بە ناونیشانی «لە فیرعەونەوە بۆ عەون» و گۆڕینی بۆ سیستمی كۆبوون و تاقیكردنەوەی لە هەرێم و ئەگەر سەركەوتوو بێت، بۆ سەرانسەری عێراق پەیڕەو بكرێت. لە ناوەڕۆكدا، پێشنیارەكە داوای ئەوەی دەكرد كە مەركەزییەت كۆتایی پێ بهێنرێت و پارێزگاكان كارەكە بگرنە دەست، هاوردەی ئەو كاڵایانەی كە دەكرێت خۆمان بەرهەمی بهێنین رابگیرێت، لیستی كاڵاكان زیاد بكرێت كە گشت بەروبوومە خۆماڵیەكان بگرێتە خۆی، سیستمێكی «كۆبوون» دابمەزرێت كە هەر خێزانێك بتوانێت لە چەند بازاڕێكی نزیكی خۆی بە كۆبوون پشكەكەی خۆی وەربگرێت و بازاڕەكان لە بانكی هەرێم كۆبوونەكان بە پارە بگۆڕنەوە و سیما و مەبەستی پسولەی خۆراك لە رزگاركەری برسیەتیەوە بگۆڕێت بۆ رەوڕەوەی بووژانەوەی ئابووری و خۆتێری.
ئەمەش دەزگاكانی حكومەت دەرباز دەكات لە گواستنەوە و شوێنی هەڵگرتن و كۆكردنەوە و خێزانەكان زیاتر سوود لە پشكەكانیان دەبینن سەرپشك دەبن لەو كاڵایانەی كە لەو كاتەدا پێویستیانە و بەروبوومی خۆماڵی دەكەوێتە گەڕ و دوای ماوەیەكی كەم، بوژانەوەیەكی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت و یاریدەدەر دەبێت لە بوژانەوەی گوندەكانمان و ژیان لە ناویاندا سوودمەند بێت و هەژاری كەم دەبێتەوە. واتە ئەو كۆمەڵگایەی كە ماوەیەكی زۆرە فێری ماسی خواردنمان كردوون، دەست بە ماسی گرتن دەكەنەوە هەر وەك ئەو قسە نەستەقەی كە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە لە بەریتانیا، بەڵام چینیەكان كراون بە خاوەنی كە دەڵێت «ئەگەر ماسیەك بدەی بە تاكێك، بۆ رۆژێك لە برسیەتی رزگاری دەكەیت، بەڵام ئەگەر فێری ماسی گرتنی بكەیت، بۆ درێژایی ژیانی تێری دەكەیت». پێداچوونەوەی پسولەی خۆراك و گۆڕینی بۆ سیستمی كۆبوون لە ئەنجامدا تاكەكانمان فێری ماسی گرتن دەكات ئەگەر بەو شێوازەش بێت، لە ئامڕازێكی نەهێشتنی برسیەتیەوە دەبێتە رەوڕەوەیەكی بووژانەوەی ئابووری و هێندەش پێویست ناكات بە تەنگ سڕینەوە و نەهێشتنی بین. لێرەدا شایەنی باسە ئاماژە بەوە بكرێت كە گیرفان پڕكردنی تاكەكانی كۆمەڵگا خێراتر لە هۆشیار كردنەوەیان و مێشك پڕكردنیان بۆ هەر مەبەستێك بێت، لە داهاتوویەكی نزیكدا هەر ئەو تاكانە دەبنە بەربەستی پێشكەوتن و دامەزراندنی سیستمێكی تۆكمە كە زۆرینەی بەشەكانی كۆمەڵگا لەسێبەریدا بە بەردەوامی گەشەبكات و بەرگری لە هەر نەهامەتیەك بكات كە خوا نەخواستە بەرەنگاری هەرێمەكەمان ببێتەوە.
هەر لەو روانگانەوە و پاش داكۆكیكردن لەسەر پێویستی ئەو پێداچوونەوە بنەڕەتییە كە پێشنیارمان كردبوو، لە كۆبوونەوەكەی بەیرووتدا، بانكی جیهانی رەزامەندی نیشاندا بۆ هاوكاری تاقیكردنەوەی بیرۆكەكە لە هەرێم و ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە ئامادەییان دەربڕی كە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دەرەوە وەرگربگیرێت و بە سەركەوتنی، گشتگیر بكرێت بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق. هەر دوابەدوای ئەوە، بە هاوكاری دەستەی ئاماری هەرێم روپێوێك ئەنجامدرا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە سەر هەر دوولایەنی بریكاران و خێزانە سوودمەندەكان و لە ئەنجامدا ئاستی رەزامەندیان بۆ گۆڕینی و فراوانكردنی پشك و ژمارەی كاڵاكان دەربڕی لەگەڵ ناڕەزاییان لە پسولەی خۆراك بەم شێوازەی ئێستا هەیە و ئەنجامەكانی لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا لەسەر پسولەی خۆراك لە ٥-٧/٣/٢٠١٢ لە واشنتۆن پێشكەشی لیژنەی باڵاو بانكی جیهانی كرا و بە پشتگیری بانكی جیهانی دووبارە بەغداد رەزامەند نەبوون بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكە لە هەرێم دیسان بە پاساوی ئەوەی كە پسولەی خۆراك لە سڕینەوەدایە و هەرچەندە نە سڕینەوەی و نە گۆڕینی بۆ توڕی كۆمەڵایەتی لە هیچ لایەكەوە دیارنییە و هەر خۆشیان دان بەوەدا دەنێن كە كۆمەڵگا رێگای لابردنی نادات و ئەوانیش وەك بەرپرسی سەرەكی لە پرۆسەكە بەپێی دەستوور نەیان توانیوە ئەم كارە ئەنجام بدەن.
دوابەدوای ئەو هەوڵە و پاش رەزامەندی ئەنجومەنی ئابووری هەرێم و پێشكەشكردنی راپۆرتێكی تێروتەسەل لەسەر پێشنیاری گۆڕانكارییەكە بۆ بانكی جیهانی بە زمانی ئینگلیزی، لە ١٣/٣/٢٠١٢ دا بە فەرمی داواكارییەكی كە پێشكەش بە سەرۆكی لیژنەی پسولەی خۆراك لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ كرا بۆ رەزامەندیی تاقیكردنەوە پێشنیاركراوەكە لە هەرێم. هەرچەندە ئەم هەوڵەش دەكرێ بە بێسوود دابنرێت دەربارەی خواستی گۆڕانكارییەكان كە ئێمە كارمان بۆی دەكرد، بەڵام بە گشتی هەست بەوە دەكرا كە پشتگیرانی بیرۆكەكە زیاد بوون و ئەوەش زیاتر لە كۆبوونەوەی ئەستەنبووڵ دەبینرا كە بانكی جیهانی بۆ هەمان مەبەست رێكی خستبوو لە دەستپێكی شوباتی ئەمساڵدا. لەم وۆركشۆپەدا ئەزموونی چەند وڵاتێكی وەك میسر و هیندستان و مەكسیك و چەند وڵاتێك نیشان درا كە تێیاندا كارتی زیرەك بە چەند شێوازێك بەگەڕ خراون بۆ باشتر بەڕێوەبردن و بەئەنجامدانی پسولەی خۆراك. هەر لەو كۆبوونەوەیەشدا بەڵێن درا كە كار لەسەر بە كۆبوونكردنی پرۆسەكە بكرێت. بۆ ئەم كارەش رێكخراوی خۆراكی جیهانی ئامادەكاریی دەربڕی كە ئەزموونی خۆی بخاتە گەڕ هەروەك لە دابینكردنی پێداویستیە خۆراكییەكانی پەناهەندەكانی سوریا دا بە شێوازی كۆبوون ئەنجام دەدرێت.
دوابەدوای ئەم وۆركشۆپە، لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا (٢٠١٣)، بە سەرۆكایەتی رێزدار بریكاری سەرۆكی حكومەتی فیدراڵ، د رۆژ نووری شاوەیس لە بەغداد كۆنفرانسێك ئەنجام درا كە تێیدا رێكخراوی خۆراكی جیهانی بە هاوكاری ماستەركارد بەرنامەیەكیان پێشكەش كرد بۆ دامەزراندنی كارتی زیرەك كە بەهۆیەوە بتوانن پشكی هەووڵاتیان لە كاڵا دەستنیشانكراوەكان زیاد بكەن و گرنگی بە كاڵا خۆماڵیەكان بدەن و بە پەیڕەوكردنی ئەم شێوازە نوێیە، گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكان دێنە ئەنجامدان، بەڵام ئەو ئامادەكارییە لەسەر خەمڵاندنی خۆیان، دوو ساڵی دەوێت و ئەوەش جێگای داخە، چونكە نە عێراق و نە كوردستان ئەو كاتەیان نییە كە چاوەڕوانی بن.
* راوێژكار لە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەریمی كوردستان
Top