لە سوریا..كورد شەڕی گروپەكانی سەر بە ئەلقاعیدە دەكات

لە سوریا..كورد شەڕی گروپەكانی سەر بە ئەلقاعیدە دەكات
لەم ساڵانەی دواییدا چەندین تەحەددی زۆر قورس و كاریگەر بەرۆكی هەرێمی كوردستان (KRG) ی گرتۆتەوە كە وایان كرد ناچار ببێت بەوردی و هەستیارییەكی گرنگەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات،. یەكێك لەو تەحەددیاتانەش هەڵوێستی حكومەتی مەركەزی بوو لە بەغدا كە لە هەوڵی ئەوەدا بوو، مەیلی خۆسەپێنیی بخاتەڕوو دەربارەی هەموو كێشەكان، هەرچەندە لە ئاست ئەو شەپۆلە توندوتیژییە تائیفییەی ئێستای عیراقدا نییە كە كاریگەرییان لە سەر بەشێكی زۆری وڵاتەكە - ئەوەی دەكەوێتەوە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە- جێهێشتووە. هەرێمی كوردستان...ناچاربوو هەوڵەكانی بخاتەگەڕ لە ئاست ئەو شەپۆلە مرۆییەی كوردی رۆژئاوای كوردستان كە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریای دراوسێیەوە ڕوی تێدەكات. زۆرێك، ئەگەر نەڵێین زۆرینەی ئەو ئاوارانە بە ڕاددەیەكی گەورە لە ناوچە كوردییەكانی وڵاتەكەدا نیشتەجێن.
ئێستا مەترسییەكی دیكەی پڕ لە نیگەرانی و مەترسیدار سەری هەڵداوە. گروپەكانی سەر بە ئەلقاعیدە توانای سەربازیی خۆیان لە سنووری باكووری عیراق نمایش دەكەن هەروەها وەك بەشێك لە یاخیبوونی سوریا لە پێناو رووخاندنی رژێمی دیكتاتۆریی بەشار ئەلئەسەد. ئەوەی جێی سەرسوڕمانی زۆربەی چاودێرە ڕۆژئاواییەكانە ئەوەیە كە هێزەكانی كورد لە سوریا بوونە كاریگەرترین لایەنی سەربازی ڕكابەر بەرامبەر گروپە تیرۆریستییەكان و چەند سەركەوتنێكی گەورە و گرنگیشیان لەبەرامبەردا بەدەستهێنا.
بە داخەوە، نە ئەمەریكا و نە حكومەتی توركیا حەماسێكیان پیشان نەدا بۆ ئەو كارانەی لەلایەن هەرێمی كوردستان (KRG)و چەكدارانی كوردی سوریای دراوسێوە ئەنجامدران. ئەنقەرە و واشنتۆن گومانیان هەیە لەوەی سەركردەكانی كورد لە هەوڵی بەهێزكردنی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانن(KRG) لەسەر حسابی حكومەتی بەغدا و دامەزراندنی حكومەتێكی ئۆتۆنۆمی (خۆبەڕێوبەر)ی كوردی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەو تێڕوانینە، وەڵامێكی كورتبینانە و ناژیرانەیە.
لە ماوەی ئەو چەند مانگە كەمەی ڕابردوودا، گروپەكانی سەر بە ئەلقاعیدە ژمارەیەك هێرشی تیرۆریستیان لە باكووری عێراق ئەنجامداوە، بە تایبەتی لە دەوروبەری شاری كەركوك. ئەمەش مایەی نیگەرانییە و هەرێمی كوردستان(KRG) یش هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی توندوتیژییەكە، بۆ ئەوەی نەبێتە هەڕەشە لەسەر ئەو سەقامگیری و گەشە ئابورییە گەشەدارەی پێشتر هەرێمەكە بەخۆیەوە بینیوە- كە ئەمەش تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ سەرجەم بەشەكانی دیكەی عێراقدا.
لە سوریادا،خاڵێكی یەكلاكردنەوە هەیە لە نێوان چەكدارانی كورد كە بە شێوەیەكی سەرەكی سەر بە پارتی یەكێتیی دیموكراتی( پەیەدە)ن و لە نێوان ئەو لایەنە یاخیبووەكانی سوریا كە پەیوەندییان بە ئەلقاعیدەوە هەیە، وەك بەرەی ئەلنوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام. هێزە كوردییەكان چەند سەركەوتنێكی گەورەیان بەدەستهێنا و ئێستا كۆنتڕۆڵی زۆرێك لەو ناوچانەی سوریایان كردووە كە زۆرینەی دانیشتوانەكانیان كوردن.
پەرەسەندنەكانی ئەم رەوشە ناهەموارە بووە هۆی بە وەڵام هاتن و ناڕەحەتییەكی توندی ئەنقەرە و واشنتۆن. بۆیە دوای سەركەوتنە دراماتیكییەكەی چەكدارانی پەیەدە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شارۆچكەی رەئس ئەلعەین لەسەر سنوری سوریا و توركیا، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بوڵەنت ئارینج هۆشداری دا كە هەرگیز وڵاتەكەی دامەزراندنی هەرێمێكی كوردی ئۆتۆنۆمی لە سوریا قبوڵ ناكات. بەرپرسەكانی دیكە ئیدانەی پەیەدەیان كرد بە « تیرۆریستە جوداخوازەكان.» لە قەڵەمیان دا.
ئەگەرچی ئیدارەی ئۆباما كاردانەوەیەكی كەمتری ڕقئامێزی هەبوو لەبەرامبەر سەركەوتنە سەربازییەكانی كورد لە سوریا، بەڵام بە چەشنی حكومەتی توركیا هەمان پابەندبوونی توندی هەیە بە یەكپارچەیی خاكی سوریاوە و سەركردەكانی ئەمەریكاش نیگەران بوون لە سەرەتای مانگی ئابدا كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان(KRG) مسعود بارزانی ڕایگەیاند ئەگەر ڕاپۆرتەكان پشتڕاست بكرێنەوە لەبارەی ئەوەی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە كوردە مەدەنییەكانیان لە سوریادا كوشتووە، ئەوا هەرێمی كوردستان «هەموو توانای خۆی بەكاردەهێنێت بۆ بەرگریكردن لە ئافرەت و مناڵ و مەدەنیانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان.» ئەوە وەك پاساوێك لێكدرایەوە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردی دیفاكتۆ-ئەمری واقیع- لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و لكاندنی بە هەرێمی كوردستانەوە(KRG).
ئێستا واشنتۆن و ئەنقەرە لە پێگەیەكی نالەباردان كە پشتیوانی یاخیبوونی سوری دژ بە ئەسەد دەكەن كە هەندێ هاوپەیمانی ئەلقاعیدە- كە مایەی نیگەرانین- و لایەنی بێزراوی دیكە لە خۆدەگرێت. هێشتا بەرپرسانی ئەمەریكا و توركیا لەوە دەترسن كە هێرشە سەربازییەكەی كورد هێزە یاخیبووەكان لاواز بكات و دەرفەتەكانی ڕزگاربوونی ڕژێمەكەی ئەسەد زیاتر بكات. تەنانەت ئەگەر ئەوەش ڕوونەدات، ئەوا ترسیان هەیە لەوەی سوریا دابەش بێت.
بەڵام هێزەكانی كوردی دوژمنێكی تیرۆریستی مەترسیداری ئەمەریكا و وڵاتە ئەوروپیەكان لاواز دەكەن. پێویستە بەرپرسانی توركیا و ئەمەریكا پێشوازی لەو پەرەسەندنە بكەن، نەك هەوڵی لەباربردنی بدەن. ئەو سیاسەتەی ئێستا ئەنقەرە و واشنتۆن پیادەی دەكەن، سیاسەتێكی بە هەڵەدابراوە. ئەگەر گرتەنبەری سیاسەتێكی ڕۆشنگەرتر پێویست بەوە بكات دووبارە پێداچوونەوە بە تەواوی ئامانجە جیۆپۆلەتیكییەكانیاندا بكەنەوە، ئەوا ئەمە هەنگاوێكە و پێویستە بگیرێتەبەر.

* تۆژەری باڵا و جێگری سەرۆكی پرۆگرامەكانی ئامۆژگای كاتۆ و نووسەری گۆڤاری (زە ناشناڵ ئینتریست) و (وەرزنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و (گۆڤاری گوڵان).
Top