ئیسلامی سیاسی لە نێوان بەهـاكانی توندڕۆیی و میانڕەویدا

ئیسلامی سیاسی لە نێوان بەهـاكانی توندڕۆیی و میانڕەویدا
هەموو بزووتنەوە سیاسییەكان پاشخانی ئایدیۆلۆژیی بڕواییان بە گوێرەی بیروبۆچوون و رێكەوتنی دامەزرێنەرانیان پەیڕەودەكەن،ئەو بزووتنەوە سیاسییانە بە گشتی چەندین رەوتی سەرەكی دەگرنەخۆ،لەوانە (رەوتی ئیسلامی سیاسی) كە لە چەندین وڵاتی ناوچەكە لەئارادایە،زۆر جار ئەو رەوتانە ئاراستەكانیان رووەو توندڕەوییە یان هەندێكیان هەوڵدەدەن میانڕەوی بقۆزنەوە تاكو لە خەڵكی موسڵمان و بڕوادار نزیك ببنەوە،كێشەكە لە سنووری فرەیی پێكهاتەكانی ئیسلامی سیاسی و شتە شاردراوەكانیاندا نییە بەقەد ئەوەی كە مەسەلەكە بریتییە لە قۆستنەوەی ئایین وەك چاكترین رێگەی راكێشانی مەیلی سیاسی و بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕ لە نێوان جەماوەردا،هەر چەندە جیاوازییەكە دیارە لە نێوان كاری بزووتنەوەو حزبە سیاسییەكان لە دەوڵەتی مەدەنیی هاوچەرخ و لەنێوان بزووتنەوەكانی بانگخوازیی ئایینیدا.
ئەگەر واز لە پێناسەی ئایین و چۆنێتیی و میكانیزمەكانی كاركردنی بڕواداران و پیادەكردنی سروشەكانیان بهێنین و زیاتر بپەڕژێینە سەر مۆركی بزووتنەوەی سیاسی ئەوا دەبینین كە زۆربەی ئەو بزووتنەوە سیاسییانەی خۆیان بە ئایینەوە بەستۆتەوە ئەوانە لە ژێر پەردەی ئاییندا كاری خۆیان ئەنجام دەدەن و زیاتر لەچوارچێوەی تەڵەكەبازی و چەواشەكاریدان،ئامانجی سەرەكیشیان لەمەدا زاڵبوونە بەسەر ویست و هەست و سۆزی خەڵكەكەو خزمەتكردنی بەرژەوەندی و مەرامە نەخۆشەكانی خۆیان.
ئەو رەفتارانەی لای رێكخراوو بزووتنەوەكان وەكو بزووتنەوەی مۆرۆی فلیپینی و تالیبانی پاكستانی و ئەفغانی و سەلەفی جیهادی و قاعیدەو بەرەی نوسرە، ئەمانە هەموویان خزمەت بە توندوتیژیی چەكداری و تۆقاندندنی خەڵك دەكەن بەمەبەستی سەپاندنی گوتاری فاشیی رەها بەسەریاندا كە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەشیان مافیای ماددە هۆشبەرەكان و سێكس و بازرگانیی قاچاغی چەك بەكاردێنن.
ئەو هێزە تیرۆریستانە تەنیا لە سامانی قێزەوەنی سیاسی و چەكداریی تیرۆر سەرچاوەیان نەگرتووە بەڵكو زەمینەی ئەو كۆمەڵگایانەیان قۆستۆتەوە كە ئایینی ئیسلامی تێدا بڵاوبۆتەوە.ئەوانە پەیوەندیی نێوان پێشنوێژی مزگەوتەكان و نوێژكەران بە دەرفەت دەزانن تاكو بە ناوی میانڕەوییەوە بانگخوازیی خۆیان بەكاربێنن و لەمەشدا دێن هەر شتێك كە پەیوەندیی بە هزرو ئارەزوو و هەستی هاووڵاتیانەوە هەبێت دەیقۆزنەوە تاكو لەم رێیەوە كاغەزەكان تێكەڵ یەك بكەن و گوایە ئەوەی لە خواوەوە هاتووە بە خەڵكەكەی رادەگەیەنن.
ئەم بزووتنەوانە كە بە میانڕەوی خۆیان دەناسێنن لە دوو لاوە كاری خۆیان دەكەن لە لایەك بوار بۆ زیادبوونی تیرۆر و توندوتیژی فەراهەم دەكەن تاكو ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان بێنە ناویانەوە و لە لایەكی دیكەوە دەیانەوێت هەمان ئامانج بپێكن بەوەی كە گوایە دەبنە پردێك لە نێوان ئەو ئایینەی ئیسلام و زیادكردنی كاریگەریی تیرۆرو توندوتیژی.
ئەو ناوەندەی كە هێزەكانی تیرۆر تێیدا چالاك دەبن رووبەڕووی پرسیارێكی راستەخۆ دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە: تۆ ئەی برای موسڵمان كاتێك بڕوات بە ئیسلامی سیاسی هێناوە چاكتر وایە ئەو تاقمە هەڵبژێریت كە ئامانجەكانی زیاتر روون و ئاشكران و لە ئایینەوە نزیكە،نەوەك ئەوانەی كاتێ دێیتە ناویان هەمووشتێك تەكفیر دەكەن و بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەوانەن ناوبژیوانی نێوان مرۆڤ و خواكەی،تەنانەت كارگەیشتە ئەوەی كە هەندێ لەو تاقمانە پسوولەی چوونە بەهەشت دابەش بكەن! یاخود دابینكردنی حۆری بۆ پیاوی بڕوادارو چاكخوازان.
كاتێ سەیری ئەم حاڵەتانە دەكەین ئەوەمان دێتەوە یاد چۆن دەكرێت كار بۆ ئەوە تەرخان بكەین كە ئایین لە دەوڵەت جیا بكەینەوە، چونكە دەزگاكانی دەوڵەت ناوبژیوانی نێوان خواو مرۆڤ نییە و نابنە پەیژە بۆ سەركەوتن بۆ ئاسمان،لێرەدا پێویستە ئاماژە بە لایەنێكی مەترسیدار بدەین ئەویش ئەوەیە كاتێ گەلان راپەڕین دژ بە رژێمە دكتاتۆرییەكان كە بۆ چەندین ساڵ بە دەست جەورو ستەمەكانیان دەیانناڵاند نەیاندەزانی هەندێ بزووتنەوە لەژێر پەردەی ئیسلامی سیاسییەوە بەری شۆڕش و راپەڕینەكەیان لێ دزین بە ناوی گۆڕانكاری هاتنە ناو گۆڕەپانەكانەوە، بەڵام نەك ئەو گۆڕانكاریانەی كە گەلان مەبەست و ئاواتیان بوو، دیارە دوای ساڵێك لە ئەزموونی تونس و میسر گەنجانی ئەو وڵاتانە بۆیان روون بووەوە كە ئەو هێزە بەناو میانڕەوانە مەبەستیان شۆڕبوونەوە بوو بۆ ناخی ئەو شۆڕشانە تاكو ئەوەی دەیانەوێ بیهێننە دی،نموونەشمان ئیخوان موسلمینە كە لەسایەی ئەوانەوە بزووتنەوەی تیرۆریستی لە سینا سەریان هەڵدا، هاوكات ئەوەی لە ئەزموونی سوریا هاتەدی ئەوە بوو كە هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان بە ئاشــكرا شــۆڕشــیان بەرەو چەك و توندوتیژی پەلكێشكرد و نەیانهێشت ئامانجەكانی دیكەی شۆڕشەكە رووەو دامەزراندنی دەوڵــەتێكی مـەدەنی و دیموكراسیەت و فرەیی هەنگاوبنێت. توندوتیژی كە روویەكی ناشیرینی تیرۆركردن و تۆقاندنی كۆمەڵگەیە لە رووی دەروونی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە تاكە ئامانجی بریتییە لە هەڵگیرساندنی شەڕو خوێن ڕشتن و ئاژاوەگێڕی،بۆیە دەبینین بەرەی نوسرەی تیرۆریست دژی رژێمی سەركوتكاریی سوریا شەڕناكات بەڵكو تەنیا بۆ دەسەڵات گرتنەدەست ئەو چالاكییانە ئەنجام دەدات كە خۆی لە دروستكردنی دەوڵەتێكی تیۆكراتی دەبینێتەوە،ئەو بەرە تیرۆریستە ناچێت هێزەكانی رووبەڕووی هێز و سوپای رژێم بكاتەوە بەڵكو لە ناوچە ئازادكراوەكاندا دژی ئازادیخوازو رۆشنخوازان توندوتیژی بەكاردیێنێت و خۆی كردووە بە شێر بەسەر خەڵكی سڤیل و بێ دەسەڵات، هەروەها دەتوانین بڵێین كە تۆقاندن و ترساندنەكانی میلیشیاكانی بەرەی نوسرە لە رووی خوێنڕشتن و قێزەوەنییەوە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ كردەوە ترسناك و خوێناوییەكانی هیتلەر لە میانی دووەمین شەڕی جیهانیدا. بۆیە دەبێت پەند لەوە وەربگرین كە ئەو مێلیشییانە چۆن دژی كوردی سڤیل لە گوندو شارۆچكە كوردییەكاندا لە خۆرئاوای كوردستان رەفتاردەكەن و بێ دوودڵی دەستیان بە خوێنی سەدان ئافرەت و پیاو و منداڵ سوور بووە،لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە دیاردەی هاوكاریی نێوان بزووتنەوە و حزبەكانی ئیسلامی سیاسی لە باشووری كوردستان لەئارادایە لەگەڵ ئەو مێلیشیا تیرۆریستانە كە بۆ كوردی باشووری كوردستان روون بووەوە چۆن ئەوانە بۆ سەرخستنی بەرەی تیرۆریستی نوسرە هەماهەنگی دەكەن.
ئەو وانانەی لەو بابەتەوە فێری دەبین بریتییە لەوەی كە مامەڵەكردن لەگەڵ بزووتنەوەكانی ئیسلامی سیاسی پێویستی بە هەندێ خاڵی دیاركراوو دیسپلین هەیە تاكو نەكەوینە بەر كارگەرییە نەرێنیەكانەوە، چونكە ساتێكی هەستیارە لە نێوان بژاردەی نیشتمان و بیروباوەری سیاسی تیرۆری بە سەلەفیكراو لەژێر پەردەی دینداریی چەواشەكاری.
لەسایەی ئەو خوێندنەوەیە پێویستیمان بەوە هەیە كە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت لە جووڵەو رەفتارەكانی هێزە ئیسلامیەكان تەنیا ئاژاوەنانەوەی ئۆپۆزسیۆنە كە بە هیچ شێوەیەك بەرژەوەندیی گەلی كوردستانیان لا مەبەست نییە،بە قەد ئەوەی تێكدانی رەوشەكەیە تاكو ئـەوەی ئـەوان بـۆی هـەوڵـدەدەن زەمــینەی بۆ سازبكەن و پرۆسەی هەڵـبژاردن لەم رێــگەیەوە بقـۆزنەوە و خەڵكەكەی پێ چەواشە بكەن،كە دیارە ئامانجی سەرەكیشیان لەم هەوڵانەدا ئەوەیە بە خەونە نەخۆش و لاوازەكانیان دەوڵەتی مەدەنی بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی دواكەوتن و فەلسەفەی ئەشكەوتە تاریكەكان.
لۆژیكی ئەو هەڵسوكەوتانە بە ئاشكرا پێمان دەڵێت: وریابن، دەبێ زۆر هۆشیارانە سەرنج لەو هێزانە بدەین و ئەوەش بزانین كە دیموكراسییەت و چۆنێتیی پیادەكردنی مانای ئەوە نییە كە ئازادیی رەها بدرێتە هێزە فاشییەكان هەرچەندە لەسەرەوە جۆرێك خۆیان پیشان دەدەن و لە ژێرەوەش مەبەست و مەرامی تایبەتی خۆیان هەیە،بۆیە دەبینین لە ئەوروپای خاوەن كلتووری دەوڵەمەندی دیموكراسییەت رێگەیان نەدا بە فاشی و رەگەزپەرستان بە ئارەزووی خۆیان بێنە نێو پرۆسەی دیموكراسییەتەوە تەنیا ئەوە نەبێت كە لەلایەن دامودەزگا بەرپرسەكانەوە چاودێریی ورد بكرێن و بە وریاییەوە بڕواننە رەفتارو مامەڵەكردنیان لەگەڵ رەوتی ژیان و ئامانجە سەرەكییەكانی گەلەكانیان.
هەر لەم روانگەوە سەلامەتیی رەوتی پێشكەوتن لە كوردستان ئەوە دەخوازێت كە بە وریاییەوە بڕوانینە گوتاری هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان و ئاشكراكردنی ئەو مەرام و مەبەستانەی كە لەژێر هەر پەردەیەكدا دەیشارنەوە، لێرەشدا زیاتر جەخت دەكەینەوە لەسەر ئاوڕدانەوە لەو كەسانەی كە كاری گشتی دەقۆزنەوە بۆ لێدوان لە شتێك كە خزمەت بە بزووتنەوەكانی ئیسلامی سیاسی دەكات،بۆ ئەمەش نموونە زۆرن كە چۆن ئەو هێزانەی مامەڵە لەگەڵ رەوتە توندڕۆكان دەكەن هەمیشە لە تۆقاندن و بڵاوكردنەوەی پشێوی و ئاژاوە بەردەوامن و لەم رێگەیەوە دەیانەوێ بگەنە دەسەڵات ، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بە هۆی ئاستی بەرزی هۆشیاریی كۆمەڵگە و ئاراستەی دیموكراسییانەی دەسەڵاتی مەدەنی هەرگیز ئەم مەرامەیان بۆ نایەتەدی،بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا زیاتر پێویستیمان بە ئەكتیڤكردنی گوتاری رۆشنكەرەوە هەیە هەروەها ئەو مەرامە چەپەڵانە بۆ خەڵك روون بكەینەوە كە ئیسلامی سیاسی دەیەوێت بیانهێنێتەدی و بەردەوامیش ئایدیۆلۆژییەتی فاشی و پێوەندییەكانی ئەو هێزە توندڕەوانە ریسواو سەركۆنە بكەین.
* توێژەری ئەكادیمی زانستە سیاسیەكان
Top