بیست و پێنج ساڵ پاش ئەنفال و کیمیابارانکردن.. کورد لە ئەوساو ئێستادا

بیست و پێنج ساڵ پاش ئەنفال و کیمیابارانکردن.. کورد لە ئەوساو ئێستادا
کوردستانی عێراق بە چەشنێک گەشەی کردووەو بەرەوپێش چووە کە خاوەنی ئۆتۆنۆمی (خۆبەڕێوەبەری) و مافی بڕیاردانی چارەنووسە کە بە فەرمی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیعتیرافی پێکراوە، ھەروەھا لەسەر شانۆی جیھان قبوڵ کراوە. مسعود بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پایتەختی سەرجەم وڵاتانی جیھاندا پێشوازی لێدەکرێت، لە نێویاندا وڵاتانێک کە ماوەیەک لەمەوپێش نکۆڵییان لە بوونی کورد دەکرد. سەرکردە سیاسیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٨٨دا کەسیان دەست نەدەکەوت گوێ لە تکاو سکاڵای نائومێدانەیان بگرێت، ئێستا بانگھێشتنامەیان پێدەگات و جیھان گوێیان لێدەگرێت لە مونتەداکاندا ھەر لە داڤۆسەوە بۆ دوربان. ئەگەرچی ھێشتا ڕووبەڕووی تەحەددی و ھەڕەشەی گەورە بوونەتەوە، بە چەشنی کوردەکانی دەوڵەتە دراوسێکانیان، بەڵام بەڕاستی ڕێگایەکی دوورودرێژیان بڕیوە.



بیست و پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ھێڕشکردنە سەر ھەڵەبجە بە چەکی کیمیایی. کەواتە ڕەنگە ئێستا کارێکی گونجاو بێت، ھەڵوێستەیەک بکەین و بەراوردی دۆخی کوردی ئەو کاتە بە ئێستا بکەین.
ھەندێ جار بیست و پێنج ساڵ بۆ خەڵک گۆڕانێکی زۆر ناھێنێتەئاراوە. بۆنموونە، ئەگەر لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کورد ھەڵوێستەیان بکردایەو بیریان لە بارودۆخی چارەکە سەدەیەکی رابردووی خۆیان بکردایەتەوە، ئەوەی جێی سەرنج بوو لە ماوەی ئەو ساڵانەدا تەنیا چەند شتێکی کەم گۆڕانگارییان بەسەردا ھاتبوو. بەڵام پێدەچێت ٢٥ ساڵی ڕابردوو بە دیاریکراوی لە پاش ھێڕشەکانی کرانە سەر ھەڵەبجە، بۆ کورد ھەڵگری قۆناغێکی نوێ بێت.
بۆ ئەوەی بزانین کە چەند گۆڕانگاری ڕوویانداوە، باشترە بگەڕێینەوە بۆ ھەلومەرجی ڕۆژگاری ھەڵەبجە. لەو کاتەدا کە شەڕی عێراق و ئێران لە ئارادا بوو، جیھان ھەر وەک نەریتی خۆی ئامادە بوو ئەو تەنگژەیە لەبیربکات کە دووچاری کورد ببۆوە بەھۆی ناکۆکی نێوان دوو بلۆکەوە. لە ھەوڵێکدا بۆ لاوازکردنی سەرکوتکارەکانیان لە بەغدا، بەشێک لە کورد یارمەتی سوپای ئێرانیاندا لە ماوەی شەڕەکەدا. لە بەرابەردا سەدام حوسێن جامی تۆڵەی خۆی بەسەر ھەموو کوردستاندا ڕشت، نەک تەنیا بە چەکی کیمیایی ھێڕشی کردە سەر ھەڵەبجە، بەڵکو ھێڕشی بەرفراوانی کردە سەر ژمارەیەکی بێشومار لە گوند و شارۆچکەکانیش.
ھەڵمەتی ئەنفال، کە لە ساڵی ١٩٨٧دا دەستی پێکرد، ناوچەکانی کوردستانی خاڵی کرد لە دانیشتووانەکەی، پیاوان و ئافرەتان و مناڵەکانیانی ڕەوانەی کێڵگەکانی مردن کرد لە باشووری عێراق و گۆڕە بە کۆمەڵە نادیارەکانی پێ پڕ کردنەوە. کاتێک نوێنەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەوڵیاندا سەرنجی جیھان بۆ ئەو ڕووداوانە ڕابکێشن، پشتگوێ دەخران، یان باوەڕیان پێنەدەکردن، تەنانەت ھەندێ لە دیبلۆماتکارە عەرەبیەکانی دەوڵەتە دراوسێکان تا ئەو سنوورە ڕۆیشتن و وتیان کە ئامانج لەم تاوانبارکردنەکانەی عیراق لەلایەن کوردەوە لادانی سەرنجی جیھانە لەسەر ئینتیفازەی فەلەستینیەکان کە لەو کاتەدا بەرپا کرابوو.
ھەروەھا لەو ڕۆژگارەدا نەھامەتی و تاریکی باڵی بەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا کێشابوو. لە کوردستانی باکووردا، سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی تورکیا نکۆڵیکردن بوو لە کورد و زمان و کەلتوور و تەنانەت بوونیشیان. بەرپرسەکانی ئەنقەرە ناوھێنانی پارتی کرێکارانی کوردستان، وەک بزوتنەوەیەکی کوردی کە لە ساڵی ١٩٨٤ەوە شەڕی یاخیبوونی دەکرد، ڕەتدەکردەوە. لەبری ئەوە، بانگەشەی ئەوەیان کرد ئەوان تەنیا تیرۆریست و تاوانکارن و ھیچی تر. لە ڕۆژئاڤا ( کوردستانی سوریا)، دەوڵەتی بەعسی حافز ئەل ئەسەد بە چنگی ئاسنین ءەفتاری لەدژی کورد دەنواند، بە سەدان ھەزاریان ھەر بێبەش کرابوون لە ڕەگەزنامەو بەڵگەنامەی ھاووڵاتیبوون، چ جای ئەوەی ھەر ئیعتیرافی بە کورد نەدەکرد.
چالاکوانانی کورد لە ژوورە نوتەکەکانی ئەشکەنجەدانی ڕژێمەکاندا بێ سەرو شوێن دەبوون، ئەگەر کەمترین بێزارییان لە ڕەوش و بارودۆخی خۆیان دەربڕیبایە.
لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا، کەوتنی شا لە ساڵی ١٩٧٩دا، بۆ ماوەیەکی کەم ئومێدێکی لای کورد بووژاندەوە بەوەی زیاتر لە ئازادی بەھرەمەندبن. بەڵام ھەر زوو بۆیان دەرکەوت ڕژێمی تازەش ھاوسۆز نییە بە خەونی دێرینەیان و لەگەڵ ئەوەشدا بە ھەمان دەستووری شای لادراو، ئەوانیش ھەر زوو کەوتنە سەرکوتکردنی ھەر ناڕەزایی دەربڕینێکی کورد.
لە ھەموو بەشە داپچڕاوەکانی کوردستاندا، ڕۆژنامەنووسەکان لە بۆنەی زۆر دەگمەندا دەردەکەوتن، زیاتریش بە ھاوڕێیەتی ئەو کەسانە دەردەکەوتن کە حکومەت وەک "چاوساغ" دەستنیشانی کردبوون، ئەویش بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن ڕووداوە ڕاستەقینەکان بە چاوی خۆیان ببینن و ڕاپۆرتیان لەبارەوە بنووسن. لە ڕۆژگاری پێش سێڵ فۆن، دیسکتۆپ و کامێرای گیرفانی و ئەنتەرنێتدا، تاریکی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو. خەڵکی دەپرسن، ئایا ئەگەر درەختێک لە دارستانێک بکەوێت و کەس گوێی لە بڕینەوەی نەبێت، ئایا ئەمە ھیچ دەنگێک دروست دەکات؟ لە حاڵەتی کێشەی کوردا، ھەموو سەرکوتکاریەکانی دەوڵەتی و کەوتنی ھەموو درەختە کوردییەکان لەسەر شانۆی جیھان ھیچ دەنگێکیان دروست نەکرد، کوردیش "جگە لە چیاکان دۆستی دیکەیان نەبوو."
کەواتە گۆڕانکارییەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو چەند جێی سەرنج بوون- بەلای کەمەوە لە زۆربەی بەشەکانی کوردستاندا. ئێستا لە تورکیا، حکومەت بە ڕەسمی گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکەو پارتە کوردستانیە فەرمیەکەی وڵاتەکەدا دەکات، باریس ڤە دیموکراسی پارتیسی ( بەدەپە). نەک تەنیا ئیعتیراف بە کورد کراوە، بەڵکو تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەو مۆسیقاو ڕادیۆو کتێبی کوردی بە ئاشکراو بە شێوەیەکی یاسایی لەسەرتاسەری وڵاتەکەدا ھەبوونیان ھەیە. زانکۆکان بەشی دیراساتی کوردییان کردۆتەوە. کوردی سووریاش لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمیەکی لاوازدا دەستیان کردەوە بە حکومڕانیکردنی خۆیان دوور لەو شەڕە ناوخۆییەی ناو سووریا کە ھێشتاش ھەر بەردەوامە. شارەوانیە کوردییەکان ئاڵای کوردستان کە بە خۆر و ڕەنگەکانی دیکە ڕازێنراوەتەوە ھەڵدەدەن، زمانی کوردی دەخوێنرێت، پارتە سیاسیە کوردییەکان بە ئاشکرا ململانێی یەکتر دەکەن لەسەر بەدەستھێنانی دڵسۆزی خەڵک. لەگەڵ ئەوەشدا، ھێشتا ئەم دەستکەوتانە لە تورکیاو سوریادا لەرزۆکن، بەڵام نابێت ئەو دەستکەوتانە کەم بکرێنەوە. بارودۆخی ھەردوو وڵاتەکە ھیچی کەمتر نییە لە بارودۆخێکی شۆڕشگێرانە ئەگەر بەراورد بکرێت بە ھەلومەرجی باڵادەستی بیست و پێنج ساڵ پێش ئێستا.
بە دڵنیاییەوە، حاڵەتی کوردی عێراق، لە ھەموویان بەرچاوترو دیارترە. جیھانێک کە ئامادە نەبوون ئاوڕیان لێبدەنەوە، بەر لە بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر، کوردستانی عێراق بە چەشنێک گەشەی کردووەو بەرەوپێش چووە کە خاوەنی ئۆتۆنۆمی (خۆبەڕێوەبەری) و مافی بڕیاردانی چارەنووسە کە بە فەرمی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیعتیرافی پێکراوە، ھەروەھا لەسەر شانۆی جیھان قبوڵ کراوە. مسعود بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پایتەختی سەرجەم وڵاتانی جیھاندا پێشوازی لێدەکرێت، لە نێویاندا وڵاتانێک کە ماوەیەک لەمەوپێش نکۆڵییان لە بوونی کورد دەکرد. سەرکردە سیاسیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٨٨دا کەسیان دەست نەدەکەوت گوێ لە تکاو سکاڵای نائومێدانەیان بگرێت، ئێستا بانگھێشتنامەیان پێدەگات و جیھان گوێیان لێدەگرێت لە مونتەداکاندا ھەر لە داڤۆسەوە بۆ دوربان. ئەگەرچی ھێشتا ڕووبەڕووی تەحەددی و ھەڕەشەی گەورە بوونەتەوە، بە چەشنی کوردەکانی دەوڵەتە دراوسێکانیان، بەڵام بەڕاستی ڕێگایەکی دوورودرێژیان بڕیوە.
پێدەچێت تەنیا شوێنێک مابێت کە تیشکی خۆری (کوردی) پێنەگەیشتبێت: کوردستانی ڕۆژھەڵات، یان کوردستانی ئێرانە. لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردودا بارودۆخی کوردەکانی ئێران گۆڕانێکی کەمی بەسەردا ھاتووە. دەستگیرکردنی ناڕەوا، دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان ڕۆژانە ئەنجام دەدرێن لە دژی ھەر کەسێک کە دەنگی بەرز بکاتەوە یان تاوانبار بکرێت بەوەی بۆچوونێکی پێچەوانەی دەربڕی بێت. ئەگەرچی کوردەکانی ئێران لە ڕووی زمان و ئیتنیەوە لە فارسەکان نزیکترن وەک لە تورک یان عەرەب، بەڵام زۆربەیان سوننەمەزھەبن، بەو پێیە دووجار کەمینەن لەو دەوڵەتە شیعەیەدا. بە ڕاددەیەکی گەورە، جیھان لە بێ گائاییدایە لەوەی لە دارستانی تاریک و بێدەنگی کوردستانی ئێراندا دەگوزەرێت. کوردەکانی ئێران بانگھێشتنامەیان پێناگات بۆ مونتەداکانی جیھان. لەگەڵ ئەوەشدا، بە ڕەچاوکردنی ڕەوتی ئەو گۆڕانکارییەی لە جیھاندا دەگوزەرێت، ڕەنگە ناچار نەبن بیست و پێنج ساڵی دیکە چاوەڕێی گۆڕانکاری بکەن.
Top