سەرژمێری دانیشتوان و بەربەستە بێ بنەماکانی

سەرژمێری دانیشتوان و بەربەستە بێ بنەماکانی
تازەترین سەرژمێری کە لە عێراقدا ئەنجام درابێت ئەو سەرژمێرییە کرچوکاڵەیە کە لە ساڵی ١٩٩٧ دا ئەنجام درا؛ بەبێ بەشداری پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان. جگە لەوەش ئەو بارودۆخەی کە ئەوسا عێراقی بەسەردا تێدەپەڕی، زۆر بە راشکاوانە دەکرێت بووترێت کە ئەو زانیارانەی لەو پرۆسەیەدا کۆکرانەوە ھیچ بایەخێکیان نەبوو کە پاش رزگاربوون لە گەشەپێدانی عێراقدا سوودیان ھەبێت. ھەروەھا ئەو سەرژمێریانەش کە پێش ئەو ساتە ئەنجام دراون، سوودێکی ئەوتویان نییە بۆ ئێستای ھیچ ناوچەیەکی عێراق لە گەشەپێدان و داڕشتنی پلانەکاندا ، تەنھا زانیاری بەسوود لەو گەمارۆسازییەوە دەکرێت بەدەست بێت کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دا ئەنجامدرا بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ سەرژمێرییە چاوەڕوان کراوەکە کە لەبەر چەند ھۆیەکی بێ بنەما و نازانستیانە پشتگوێخرا، ئەم پشتگوێ خستنەش دەکرێت بووترێت کە تەنھا لە پێناو پشتگوێ خستنی چەسپاندنی ئەو بنەمایانەی کە کۆمەڵگای عێراقی بە زۆرینەیان دەنگیان لەسەر دا بۆ مانەوەی عێراق وەک کیانێکی سیاسی یەکگرتوو کە پێکھاتەکانی بە ئاسوودەیی تێیدا بژین بەبێ گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆریەتە شوومەکەی کە تا ئێستاش خەریکە سەری عێراق دەخوات.
سوودەکانی سەرژمێری
لەم زەمانەدا کە ھەندێک پێی دەڵێن زەمانی عەولەمە، بنەمای ھەر پلانێکی تۆکمەو بەرجەستەکردنی بە سەرکەوتووانە، بەستراوە بە ئاستی دروستی و باوەڕپێکراوی ئەو زانیاریانە کە دەکرێت بخرێنە بەردەست بۆ بەرژەوەندی گشتی و بنیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و بەرەوپێشبردنی بە کەمترین تێچوو بە خێراترین کات و ھێنانە دەرەوەی کە وڵاتی قەزاو قەدەر. ئاشکرایە ئێستا بەدەگمەن زانیارییەک ھەبێت کە بکرێت لە کۆمەڵگا بشارێتەوە بۆ بنیادنان و بەرەو پێشبردن بێت یان نا. ھەر چۆن لە گووگڵ ئێرزەوە دەکرێت زووم بخەیتە سەر ھەر بەربەستێکی ئاو بێت یان پێنتاگون بێت یان ھەرشوێنی دیکە بێت، دەکرێت وردەکارەکەی ببینیت بەبێ ئەوەی لە ماڵ بچیتە دەرەوە، بەڵام ئەگەر لە زۆربەی وڵاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەلای ئەو شوێنەدە بڕۆیت، ھێمای "وێنە گرتن قەدەغەیە" دەبینیت و ئەگەر ھەوڵ بدەیت سەرپێچی بکەیت، بە باشی بەسەرتا ناشکێتەوە. بەھەمان شێواز کەسێک کە لە ئاستێکی زۆر کەمیشدا گرنگی بە عێراق دابێت، دەزانێت پێکھاتەکانی عێراق سوننە و شیعە و مەسیحی و کەمە دیانەتەکانی دیکەو کورد و عەرەب و تورکمان و کەمە نەتەوایەتیەکانی دیکەی تێدایە و تێکەڵیەکی کەم وێنەیە لە ناوچەکەدا.
بە گشتی، ھەر چەندە لێرەدا مەبەست لەوە نییە کە سوودەکانی سەرژمێری وەبیر کۆمەڵگا بھێنینەوە، بەڵام بە کورتی، گشت پلانەکان کە لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری دادەڕێژرێن، بەبێ ھەبوونی داتاو زانیاری باوەڕپێکراو و تێرو تەسەل، سەرکەوتنیان وەک دەڵێن خوا وەکیلی دەبێت و بڕیاردەرانیش نەک ھەر بڕیارەکانیان بنەمایان نابێت، بەڵکو لاوازیش دەبن بەرانبەر ڕەخنەگیران ھەردانوستاندنێک کە ڕووبەڕوویان ببێتەوە لە ڕێگای بە ئەنجامدانی پڕۆسەکەدا و کارکردن بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی ئەو کۆمەڵگایەی کە نوێنەرایەتی دەکەن.

سەرژمێری وەک بارۆمەترێک
ئەگەر سیاسەتە کۆنەکان و ئەم سیاسەتانەی ئێستاش وا دەبینرێت بەرپا دەکرێن بەرەو سەرکوتکاری وڵاتەکەیان نەبردایە، چەند پیرۆز و بەسوود دەبوو ئەگەر بۆ نموونە، جیاوازییەکان لە پەروەردەکردنی منداڵدا لە بەینی ئەم نەتەوەو دیانەتە جیاوازانەدا ئاشکرا بوونایە و بەزانستیانە باشترین ڕێگایان دەستنیشان بکردایەو تەشەنەیان پێ بدایە بۆ بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگا و ووردە ووردە لە یەک نزیکبوونەوەیان، بە پێچەوانەی ئەوەوە کە سات بە سات لە تەمەنی عێراقدا لە یەک دوور خراونەتەوە کە ئێستاش گەیشتوتە ئاستێک گەڕانەوەی بۆ خاڵی دەستپێک ئاستەم بێت؟
ئەوەی جێگای داخە، لە ژمارە ٦١٣٨ی کوردستانی نوێی دا، وەزیری پلاندانانی عێراقی فیدراڵ ڕایگەیاندوە کە ئەوان ئامادەن سەرژمێری ئەنجام بدەن ئەگەر بڕیار و تەوافوقی سیاسی بەدەست بێت بە تایبەتی لەسەر شێوازی داڕشتنی پرسیارێک دەربارەی خانەی نەتەوەیی، لێرەدا ئەگەر سوننەکان باوەڕی تەواویان بەوە نەبێت کە شیعەکان کار لەسەر گۆشەگیریان دەکەن و بە پێچەوانەوە ئەگەر شیعەکان لەو باوەڕەدا نەبن کە بە ھەبوونی دەسەڵات سوننەکان شیعەکان گۆشەگیر دەکەن، کوردەکانیش نەزانن کە یەکەم کاری سووننەو شیعەکانی پێکەوە ئەوە دەبێت کە کوردەکان بگێڕنەوە بۆ ئەو دۆزەخەی کە سەددام چەسپاندبووی بۆیان لە تەمەنی حکومڕانیاندا، ھیچ ھۆیەک نابێت کە سەرژمێری بەو پەڕی تێروتەسەلی یەوە و بە ھاوکاری گشت لایەنەکان ئەنجام نەدرێت.
یەکێک لەو دیاردانەی کە پێش بڕیاردان بە ئەنجام نەدانی سەرژمێرییەکەی کە لە ٢٠٠٩دا ئامادەکاری بۆ کرا، تەنھا بە مەبەستی پەرشو بڵاوکردنەوەی نەتەوەی کورد، وەزیری پلاندانانی ئەوسای حکومەتی فیدراڵ داوای کرد کە شەبەک و فەیلیەکان ناویان زیاد بکرێت لەسەر ناوی نەتەوەکانی کە عێراقیان پێک ھێناوە وەک ئەوان کورد نەبن و ناوی نەتەوەی کورد لە دەستوردا نەھاتبێت وەک نەتەوەیەکی سەرەکی. لە ھەمان کاتدا، وەک یەکێک لەوانەی ئامادە بووم لەو دانیشتنەدا، کە لەھەمان ڕوانگەوە پێویستی ئەوەم پێشنیار کرد کە باش دەبێت ئەگەر ڕێگای سووننەو شیعەکانیش بدرێت کە بەمەزھەبەکانی خۆیان تۆمار بکەن، بەبێ وەستان لەسەر پێشنیارەکە جوابی دامەوەو فەرمووی: "انت تخلقلی مشاکل" واتە من کێشەی بۆ دروست دەکەم..!
لەناو گشت ئەو سەرژمێریانەی کە تا ئێستا لە تەمەنی عێراقدا ئەنجام دراون، لە وەی ساڵی ١٩٥٧ دا ئەنجام درا، پرسی نەتەوە دانرابوو بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەنجامەکانی بەدڵی حکومەتی ئەوسای عێراق نەبوو، پەردەی پێدا درا و ھەر لەناو ئەرشێڤەکانی حکومەتدا مایەوە و نەیان ھێشت ھیچی لێ بڵاو ببێتەوە. وەک لە میدیاکاندا تۆمار کراوە، ڕێژەی کورد لە لیوای کەرکووک ئەوسا ٨٠% بووە Aprim ٢٠٠٤): http://www.fredaprim.com/pdfs/٢٠٠٤/Assyrians%٢٠and%٢٠Kurds%٢٠in%٢٠Iraq.pdf).
لەو پرسیارانەی کە شایستەی ھەڵوێستن، دەکرێت وا لێک بدرێتەوە کە ئەگەر ئەم چەواشەکاریانە ڕوویان نەدایە ئێستا عێراق ئاسوودەتر و پێشکەوتووتر نەدەبوو پێکھاتەکانی چاویان نەدەبڕییە یەکتری و لە یەک نزیکتر نەدەبوون؟ دەکرێت ھەمان چەواشەکاری لەم زەمانی تەکنۆلۆجیایەی ئەمڕۆدا ڕێگای بدرێت بەردەوام بێت؟ ئەگەر جوابی ئەم پرسیارە خوانەخواستە بەڵی بێت، عێراق بەرەو کام ھەڵدێر مل دەنێت؟
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیری خۆمانی بھێنینەوە ئەوەیە کە بەئەنجامدانی سەرژمێرییەک بەبێ سانسۆر و بەبێ شاردنەوەی ھیچ واتە ھیچ زانیارییەک لەسەر نەتەوەو دیانەت و مەزھەب و قەبیلە و ھەر زانیاریەکی کە، بارۆمەترێکی جۆریە لە دڵپاکی و ڕاستگۆیی و بەرنامە ڕوونی نیشان دەدات کە لایەنەکان بەرانبەر یەکتری و مەبەستی پێکەوەژیانێک کە چیتر چەوسانەوەی تێدا ڕوونەدات.دەکرێت دواڕۆژی خۆمان بەدی بکەین لە ڕادەی کارکردنی لایەنەکانی کەی کە عێراقی ئەمڕۆیان پێکھێناوە، حکومڕان بن یان نا، بۆ شاردنەوە و چەواشەکاری لە بەدەستھێنانی زانیارییەکان دا بە تایبەتی ئەوخاڵانەی کە پەیوەندییان بە چارەنووسسازییەوە ھەبێت.
مانشێت فەرعی:
ئەو سەرژمێرییەی کەحکومەتی عێراق لەساڵی ١٩٩٧ بەبێ بەشداری پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دا ھیچ ناوچەیەکی عێراق بۆ گەشەپێدان نەبوو.
بەبێ ھەبوونی داتاو زانیاری باوەڕپێکراو گشت پلانەکان بێ بنەماو لاواز دەبن.
بەمەبەستی بەرشوبڵاوکردنەوەی کورد وەزیری پلاندانانی ئەوسای عێراق داوای کرد ناوی شەبەک و فەیلییەکان لەسەر ناوی نەتەوەکانی عێراق زیاد بکرێت.
لە سەرژمێری ١٩٥٧کە پرسی نەتەوە دانرابوو ئەنجامەکەی بەدڵی حکومەتی ئەوسای عێراق نەبوو ، ھەربۆیە لەئەرشێڤەکانی حکومەت مایەوە.
ئەنجامدانی سەرژمێرییەک بەبێ سانسۆری نەتەوەو مەزھەب و زانیارییەکانی تر بارومەترێکە لە راستگۆیی و بەرنامەروونی نیشان دەدات .
Top