زەبروزەنگی کەمینە و زۆرینەی بێدەنگ

زەبروزەنگی کەمینە و زۆرینەی بێدەنگ
لە دنیای سیاسەتدا هەرکات باس لە زەبروزەنگ بکرێت، ئەو وێنایەی دەسبەجێ دێتە نێو هزرمان، هەژموونی دەنگ و رەنگی زۆرینەیەکی خۆسەپێنە بەسەر کەمینەدا تا راددەی چەپاندنی دەنگ و کوژاندنەوەی رەنگیشی، بەڵام داخۆ شتێک نییە بەناوی زەبروزەنگی کەمینە؟ بۆئەوەی لە سەرەتاوە مەبەستەکەم روون بێت، ئەو زەبروزەنگەی کە مەبەستی ئەم نووسینەیە، ئەو جۆرەیانە کە بە سیمبولی (ڕەمزی) دەناسرێت، بۆیە پێویست بە هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەزموونی دەسەڵاتی هیچ سیستمێکی دیکتاتۆریی خۆسەپێن بەسەر گەلێک یان چەند گەلێکدا و تەنانەت کاری توندوتیژی و تیرۆریستی هیچ گرووپ و بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنیش ناکات هەتا بەنموونەی ئەزموونی زەبروزەنگی فڵان و فیسار کەمینە لەسەر کۆمەڵگایەک ئەژماریان بکەین. ئەوەی مەبەستی ئەم بابەتەیە، ئەو جۆرە هەژموونە (نەرمە)یە کە کەمینەیەکی دیاریکراو لەڕێگەی (زەبروزەنگی رەمزی)یەوە بەسەر زۆرینەیەکدا پیادەی دەکات، کە دەکرێ بە (زۆرینەی بێدەنگ) ناوی ببەین.
لە میدیادا تیۆرەیەک هەیە بەناوی (کەمینەی بێدەنگ) کە بەهۆی هەژموون و فشاری بەردەوامی گوتار و میدیای زۆرینەوە دەنگی کپ دەکرێ و لەنێو زەحمەتی گوتارە میدیاییەکاندا دەنگی ئەو هەمیشە دوایین دەنگە کە ببیسترێ، ئەمە ئەگەر دەنگێکی بیستراوی هەبێت. لە دنیای میدیادا شتێک نییە بەناوی بێدەنگبوون، واتە بێدەنگییەکی خۆڕسکانە کە هیچ مەبەستێکی سیاسی یان هەر مەبەستێکی دیكەی لەپشتەوە نەبێت. بەڵکو ئەوەی هەیە بێدەنگکردنە، ئیدی لەمیانەی میکانیزمی جیاجیای دەسەڵاتەوە بێت (دەسەڵاتی سیاسی بێت یان ئایینی و تەنانەت کۆمەڵایەتیش) یان هەر شێوازێکی تری چەپاندنی دەنگ و رەنگ.
لەهەموو بارێکدا ئەو میکانیزمەی بۆ بێدەنگکردن بەکاردەبرێت دەبێ بە رێگاکانی (زەبروزەنگ)دا تێبپەڕێ، ئەمەش بەو مانایە نایەت کە زەبروزەنگی جەستەیی (یان ماددی) تاکە هەڵبژاردە بێت، بەڵکو لەم کایەیەدا هەمیشە گونجاوترین هەڵبژاردە بریتییە لە میکانیزمەکانی (زەبروزەنگی رەمزی).
ئەگەرچی لەگەڵ ناوهێنانی چەمکی (زەبروزەنگی رەمزی)دا دەستوبرد سێبەری (بۆردیۆ) و تیۆرەکەی لەمەڕ زەبروزەنگی تایبەت بە کایەی (پەروەردە و خوێندن) بەسەر بابەتەکەدا باڵ دەکێشێ، بەڵام ناوبردنی ئەم چەمکە لەم نووسینەدا دەقاودەق بەهەمان مانای مەبەست و دەلالەتەکانی نییە لای (بۆردیۆ)، مەگەر لە تەنها لە هێڵێکی باریکدا لەگەڵیدا یەکبگرێتەوە کە دواتر ئاماژەی پێدەدەین.
ئەمجۆرە لە زەبروزەنگ لە سادەترین دەربڕیندا دەکرێ لە (هەژموونی وێنە و مانا و وێناکردن)دا کورتی بکەینەوە، کە هەمیشە خۆرێک لە دەستپێشخەریی دەخوازێت، هاوکات ئەم کردەیە پێویستی بە ژینگەیەکی ناجێگیر (یان نائارام) و شڵەژاوی ئەوتۆ هەیە کە کەمترین بوار بۆ بیرکردنەوە و رامانی لۆجیکییانەش نەهێڵێتەوە. هەربۆیە دۆخی نائارام و قەیراناویی هەمیشە گونجاوترین ژینگەی سەرهەڵدان و گەشەی ئەمجۆرە زەبروزەنگەن، خۆئەگەر دۆخەکە بۆخۆی قەیراناویی نەبێت و جۆرێک لە ئارامیی رێژەییشی هەبێت، ئەوا زۆرجار پەنا دەبرێتە بەر چەند بارەکردنەوەی هەمان ئەو گوتار و خوێندنەوە میدیاییانەی کە بەتۆنی قسەکردن لەمەڕ تەقینەوە و قەیرانی گەورە ئاڕاستەدەکرێن ئەگەرچی ئەو بابەتەی کە قسەی لەسەر دەکرێت هەر رووداوێکی ئاسایی یان هەر بابەتێکی سواویش بێت کە پێشتر قسەی لەسەر کرابێت.
راستە کەمینە ئەگەر لە فۆرمی حیزبدا بێت، بەتایبەت گەر ئەو حیزبە تازە دامەزرێنرابێت، هیچ شتێک بۆ ئەو لە پرۆسەی (خۆنمایشکردن) گرنگتر نییە، بۆیە دەشێ زۆرجار دەنگ هەڵبڕینی لەڕاددەبەدەری ئەمجۆرە کەمینەیە بە کردەی خۆنمایشکردن حیساببکرێت، بەڵام کاتێک ئەم کردەیە لەوە دەردەچێت کە تەنها میکانیزمێکی بەکاربراوبێت و هیچی دی، کاتێک دەبێتە تایبەتمەندییەکی دیاری خۆئاڕاستەکردن، ئیدی دەبێ ئەم پرۆسەیە وەک بەشێک لە جیهانبینی ئەو لایەنە بناسین. تا ئێرە هیچ کێشەیەک لەمەڕ ئەم جیهانبینییە لە ئارادا نییە، بەڵکو کێشەکە لەو ساتەوە دەستپیدەکات کە پرۆسەی خۆنمایشکردنەکە لەبنەڕەتدا بەمەبەستی نمایشکردنی هیچ خودێک نەبێت، بەڵکو بەمەبەستی سڕینەوە یان هیچ نەبێ شێواندنی (ئەوی دی) یان (ئەوانی دی) بێت، لێرەوەیە کە ئەم پرۆسەی خۆنمایشکردنە بۆخۆی دەبێتە جۆرێک لە (زەبروزەنگی رەمزی). پێشتر سەبارەت بەم چەمکە ئاماژەیەکی سەرپێییانەم بە (پییر بۆردیۆ)دا، ئەگەرچی تیۆرییەکەی تایبەتکردووە بەو میکانیزمی (سەپاندن)ـەی کە لە سیستمی پەروەردە و خوێندندا پێڕەودەکرێت، میکانیزمێک کە بەسێ قۆناغی یەکترتەواوکەردا تێدەپەڕێت، هەر لە قۆناغی پێدانی مەعریفەوە تا سڕینەوەی قەناعەتە پێشینەکانی وەرگر و تا دەگات بەو قۆناغەی کە تێیدا وەرگر ناچارکراوە مەعریفە و باوەڕە وەرگیراوەکان بکاتە قەناعەت و بڕوای خۆی و ئەوانەی پێشووی بسڕێتەوە. سەبارەت بەو میکانیزمەش کە لەو جۆرە خۆنمایشکردنەدا پێڕەودەکرێت کە ئاماژەم پێدا، تا راددەیەکی زۆر هەمان میکانیزمە بۆریۆییەکەی تێدا بەڕێوەدەبرێت. چونکە لە ئاکامدا مەبەستی سەرەکی لە کۆی پرۆسەکە بریتییە لە جێپێلێژکردن بە کۆمەڵێک قەناعەت و جێگرتنەوەیان بەو قەناعەتەی کە وەرگری پێ تەڵقینکراوە. دیارە ئەم پرۆسەیە لەحاڵەتێکدا پێناسەی زەبروزەنگی رەمزی وەردەگرێت کە میکانیزمی بەڕێوەبردنی لەنێو سیستمێکی دەسەڵاتی دیاریکراودا خۆی رێکخستبێ. وەک ئەوەی لای بۆردیۆ بریتییە لەو دەسەڵاتەی کە لەنێو سیستمی پەروەردە و خوێندندا دەدرێتە پرۆگرامی خوێندن و پەروەردە و لەوێشەوە دەدرێتە مامۆستا. هەر لەم دیدگایەوە دەکرێ بپرسین: ئەگەر ئەوەی هەمیشە خاوەنی جۆرێک لە دەسەڵات بێت، ئەو بەرەیە بێت کە بە (زۆرینە) ناو دەبرێت و بەم پێیەش دەبێ سەرچاوەی زەبروزەنگی رەمزی ئەمیان بێت نەک (کەمینە)، ئیدی چ لۆجیکێک لەوەدا هەیە کە باس لە شتێک بکرێت بەناوی (زەبروزەنگی کەمینە)؟ ئەگەرچی ئەم پرسیارە لە رووکەشدا شتێک لە لۆجیکی تێدا بەدیدەکرێت، بەڵام لەڕاستیدا بۆخۆی هەڵگری ئیشکالییەکی گەورەیە، ئیشکالییەکەش پەیوەستە بەو جیهانبینییەوە کە لەلایەک هەمیشە هەموو نیوەندێکی مرۆیی و هەر کۆمەڵگایەک تەنها بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا دابەش دەکا و لەلایەکی تریشەوە کورتبینییەکی زۆری تێدایە بەوەی هەموو چەمکی دەسەڵات بەتەنها لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی حکومەت یان سیستمی سیاسیدا کورت دەکاتەوە، هاوکات ئەو جیاوازییە گەورەیەش نابینێت کە لەنێوان کردەی بێدەنگبوون و پرۆسەی بێدەنگکردندا هەیە. ئیشکالییەک کە نەک تەنها لای سیاسەتوانان و بەس بگرە زیاتر لای رۆشنبیران و نووسەران و ئەوانەی کە وەک تیۆریست لەنێو بەرەی ئۆپۆزسیۆنی لەمەڕ خۆماندا خۆیان ناساندووە، هاوکات ئەو رۆشنبیرانەش کە خۆیان وەک بێلایەن دەناسێنن و ئاشکرا نووسین و هەڵوێستەکانیان پێچەوانەی ئەو خۆناساندنەیان نیشانداوین. لێرەوە گەرەکمە باسەکەم راستەوخۆ ببەستمەوە بە واقیعی سیاسیی خۆمانەوە کە بەبێ هیچ دوودڵییەک دەڵێم ئەگەر چەمکی (زۆرینەی بێدەنگ) بۆ هەر کۆمەڵگایەک شتێکی نالۆجیکی و نەشیاوبێت، ئەوا بۆ واقیعی سیاسیی ئێمە تەواو دیاردەیەکی بەدیهییە، وەنەبێ هۆکاری ئەمە بەتەنها هەژموونی گوتاری ئەو کەمینەیە بێت کە بەردەوام دەبێ بڵێ و بڵێ و هەمیشە شتێکی هەبێ بۆ گوتن و هەموو گوتنەکانیشی ئاماژەیەک بن بۆ راست و چەپهێنان بە دەنگ و رەنگی زۆرینەدا، زۆرینەیەک کە بەبێ مەرەخەسبوونی مەحاڵە شوێنێک هەبێ بۆ دەنگ و رەنگی ئەو کەمینەیە! بەڵکو هۆکاری سەرەکی بەبڕوای من ئەو فاکتەرە سۆسیۆسایکۆلۆجییەیە کە لەکۆهەستی دەستەجەمعیی ئێمەدا هەمیشە شەرعییەتێکی سەیر دەدات بە گوتاری دژ بە دەسەڵات، شەرعییەتێک کە مێژوویەکی دێرینی لەنێو دنیای کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە، بەجۆرێک کە مەسەلەی دژایەتیکردنی دەسەڵات جۆرێک لە بەهای ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیشی هەبووە. لێرەوە بۆ کەمینەیەکی وەک ئۆپۆزسیۆنی لەمەڕ خۆمان کەبۆخۆی گوتارەکەی سەرلەبن بە شوحنەیەکی پۆپۆلیستییانە بارگاویکراوە، مسۆگەرترین رێگە ئیشکردنە لەسەر ئەم نەستە دەستەجەمعییە کە بریتییە لە (هەستی مەزڵوومی و غوبن). هەستێک کە لەڕێوە هەموو مافێک دەداتە خاوەنەکەی کە هەمیشە لە دۆخی هێرشبردندا بێت، ئەم دۆخە تەنها لەبەر ئەوە نییە کە بەرەی بەرامبەری بخاتە حاڵەتی دیفاع لەخۆکردنەوە و بەس، بەڵکو زیاتر لەبەرخاتری ئەو گوتارەیەتی کە دەبێ هەڵگری بێت، روونتر بڵێم، ئەو دەبێ هەمیشە سروشتێکی هەژموونکەرانەی هەبێت، ئەمەش دەخوازێ کە هەمیشە هێرشبکات، هێرشەکەشی دەبێ بۆخاتری ئەو خەونانە بێت کە لەهزرە پۆپۆلیستییەکەیدا راکشاون و یەکسانیان بکات بە ماف و داواکانی خەڵکی، هەربۆیە ئاساییترین شتی (نائاسایی) لای ئەم ئۆپۆزسیۆنە ئەوەیە کە هەمیشە لەبیری دەچێت کە ئەو لەواقیعدا نوێنەری کەمینەیە و هەمیشە نەک هەر بەناوی زۆرینە، بەڵکو بەناوی سەرجەمی کۆمەڵگاوە قسەدەکات! وەنەبێ ئەمەشی لە بێئاگایی یان نەزانییەوە بێت، وەنەبێ بەبەرنامەش کاری بۆکردبێت، بەڵکو لەبنەڕەتدا کردەی هەژموونبردن و پرۆسەی زەبروزەنگی رەمزیی بۆ بێدەنگکردنی بەرامبەر ئەوە دەخوازێ کە تۆ بەر لەهەر شتێک ژینگە و نێوەندە مرۆییەکەی لێ بسێنیت، راستتر بڵێم ئەو زەمینەیەی لێ بستێنیت کە بیەوێ لەسەری رابوەستێ. هەموو ئەمانە ئەگەرچی مەرج نییە بە پلانێکی ورد و میتۆدێکی دیراسەکراو کاریان بۆ کرابێت، بەڵام تا ئێستا لایەنی کەم لە رووی میدیاییەوە ئۆپۆزسیۆنی کەمینەی لەمەڕ ئێمە توانیوێتی لەمیانەی میکانیزمەکانی زەبروزەنگی رەمزییەوە دەنگی بەرزتربێت لە دەنگی زۆرینە.
Top