ئایا بەحرەین قەیرانی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؟
June 13, 2013
وتار و بیروڕا
خۆپیشاندانە تووڕەكان لە سەرەتای 2011دا بەرپابوون، ئەگەری زۆر لە ئارادابوو ببنەهۆی ڕووخاندنی پاشایەتی، ئەگەر سعودیە و هاوپەیمانەكانی كەنداو دەستێوەردانیان نەكردایە بە 2000 سەرباز لە مانگی ئازاردا. دوای ئەو دەستێوەردانە ئاستی توندوتیژی دابەزی، بەڵام هەرگیز كۆتایی نەهات. لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكانەوە بەلای كەمەوە 60 كەس ( لە وڵاتێكدا كە ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 1.2 ملیۆن كەس دەبێت)، گیانیان لەدەستداوە، و حكومەتیش زیاتر لە دوانزە سەركردەی دیاری موعاڕەزەی زیندانیكردووە. بانگەشەیەكی بەربڵاو هەیە لەبارەی بوونی ئەشكەنجە و پێشێلكارییەكانی دیكەی مافەكانی مرۆڤەوە.
دوایین قۆناغی تەنگوچەڵەمەكە لە ئەیلولی 2012دا دەستی پێكرد، كاتێك دادگای بەحرەین حوكمی ئیدانەكردنی 13 سەركردەی موعارەزەی پەسەندكرد. لەو كاتەوە، ئاستی توندوتیژی زیادی كردووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی حكومەت مەرسومێكی دەركرد بۆ قەدەغەكردنی خۆپیشاندانی ئاشتییانە. لە 5ی تشرینی دووەمدا، پێنج بۆمب لە مەنامەی پایتەختدا تەقینەوە، كە دوو مەدەنی بێتاوانی كوشت. بەرپابوونی خۆپیشاندانی پڕ لە پشێوی لە سەرەتای بەهاری 2013دا سەریكێشا بۆ ئەوەی مەزەندەی ئەوە بكرێت كە ئەو پێشبڕكێی ئۆتۆمۆبێلەی – بڕیار بوو لەو وڵاتەدا بكرێت- هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەگەرچی ئەوە مایەی ئیحراجییەكی گەورە دەبوو بۆ ڕژێمەكە، بەڵام ڕووینەدا.
گرژییەكان لەم چەند هەفتەی دواییدا خراپتر بوون. لە 25ی ئایاردا و وەك كاردانەوەیەك بۆ هێرشكردنی پۆلیس بۆ سەر ماڵی پیاوێكی ئایینی شیعەی دیار لە هەفتەی ڕابردوودا، بە هەزاران خۆپیشاندەر ڕژانە شەقامەكانی گوندی دیرازەوە، كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای مەنامەوە. خۆپیشاندەران بەردیان گرتە پۆلیس نەهێشتنی ئاژاوە، كە بە گازی فرمێسكڕێژ و ڕژاندنی ئاو وەڵامیان دانەوە. هەروەها هێرشكردنەسەر ماڵی ئەم ئایەتوڵایەی هانی گروپی موعاڕەزەی سەرەكی، ئەلویفاقی دا، بۆ ئەوەی بەلای كەمەوە بە شێوەیەكی كاتی لە گفتوگۆكانی پەیوەست بە ئاشتەوایی لەگەڵ حكومەتدا بكشێتەوە. ئەم كشانەوەیە كاریگەرییەكی عەمەلی كەمی هەبوو، لەبەر ئەوەی گفتوگۆكان بەرەوپێشچوونێكی زۆر كەمیان بەخۆوە بینیبوو. موعارەزە پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی دەكاتەوە، لە نێویاندا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دروستكردنی پەرلەمانێك كە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی هەبێت، كە وڵاتەكە دەگۆڕێت بۆ پاشایەتییەكی دەستوری. پاشا و پشتیوانەكانی باش لەوە تێدەگەن كە ئەم گۆڕانكارییە بە مانای كۆتایی هێنانە بە باڵادەستیی سیاسیی سوننەكان، هیچ ئامادەییەكیان پیشان نەداوە بۆ دەستەبەرداربوون لە دەسەڵاتەكەیان.
لە نێو جەرگەی هەڵكشانی بارگرژییە ناوخۆییەكاندا، حكومەتی بەحرەین فەرمانێكی دەركرد و ئەوەی لە گرووپە سیاسییەكان قەدەغەكرد كە نابێت هیچ پەیوەندیەكیان لەگەڵ حزبوڵادا- كە ڕێكخراوێكی میلیشیایی شیعەیە لە لوبنان- هەبێت،. چەند ڕۆژێك پێشتر، بەحرەین بانگەشەی ئەوەی كرد فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئێرانی ئاسمانی وڵاتەكەی پێشێلكردووە- ئەو تۆمەتەی تەهرانی بنبڕانە ڕەت كردەوە. سعودیە لێدوانی ئێرانی ڕەتكردەوە و هۆشدارییەكی توندی بە ئێران دا لە «خۆشكردنی ئاگرەكە» لە بەحرەیندا. ئەم ڕووداوە ئاماژەیە بەوەی چۆن بەحرەین بۆتە شانۆیەكی دیكە لە ململانێی شیعە و سوننە لە پێناوی دەستڕۆیشتووییان لە سەرتاسەری ناوچەكەدا.
بەحرەین بەرمیلێكی باروتە و بۆی هەیە لە هەر ساتێكیدا بتەقێتەوە. واشنتۆن نیگەرانە لە زیادبوونی ناسەقامگیری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام سەركردەكانی ئەمەریكا، بە تایبەتی نیگەرانن لەوەی بەحرەینیش بگرێتەوە. ئەم وڵاتە بنكەی كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریكایە كە كۆڵەكەی ئامادەیی دەریایی ئەو وڵاتەیە لەو بەشەی جیهاندا. دەرئەنجامەكەش ئەوەیە، لە كاتێكدا بەرپرسانی ئیدارەی ئۆباما هانی پاشایەتی و موعارەزەیان داوە بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆبكەن بۆ گەیشتن بە سازشێكی عەمەلی، سیاسەتی واشنتۆن ئەوەیە بە ئاشكرا بەلای حكومەتدا دەشكێنێتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی حكومەت تۆمارێكی خراپی لە بواری مافەكانی مرۆڤدا هەیە. ئەوەی پەردەی لەسەر ئەم مەسەلەیە لادا، ڕەخنەی ئیدارەی ئۆباما بوو لەبارەی دەستێوەردانی سەربازی بە سەركردایەتی سعودیە، ئەم ڕەخنەیە ئەوەندە لاواز بوو كە بە دەگمەن هەستی پێدەكرا.
ئەمەریكا نیگەرانە لەوەی توانای گەیشتنی دەریایی بۆ بەحرەین لەدەست بدات و ئەو وڵاتە بكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی بزووتنەوەیەكی سیاسییەوە كە گرێدرابێت بە ئێرانەوە. بەڵام هەردوو تێڕوانینەكە زۆر ڕاستن، لە كاتێكدا قەیرانی كەفوكوڵكردووی بەحرەین مەترسیی ئەوەی لێدەكرێت بگاتە ترۆپكی خۆی.
* تۆژەری باڵا و جێگری سەرۆكی پرۆگرامەكانی ئامۆژگای كاتۆ و نووسەری گۆڤاری (زە ناشناڵ ئینتریست) و (وەرزنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و (گۆڤاری گوڵان).