سیاسەت و فریادڕەسە درۆزنەکانی

سیاسەت و فریادڕەسە درۆزنەکانی
ئەگەر لەمێژووی سیاسیدا یەک (گاندی) هەبووبێت، ئەوا بەدەیان ناوی دیكە لەنێو ئەم مێژووەدا هەن کە رەنگە ئەزموونێکی زۆر دەوڵەمەندیان لە زەبر و زەنگدا هەبێت و خۆشیان بە جێنشین و میراتگری کاریزماکەی گاندی بناسێنن. ئەگەرچی هێشتا (ماندێلا) لەژیاندا ماوە، بەڵام کەم نین ئەو سیاسەتوانانەی بە لۆجیکی وەردیانی زیندانێکەوە سیاسەتیانکردووە و رەنگە کەس هێندەی ئەوان خۆی بە فریادڕەسی ئازادی نەزانێت.
لەنێو هەموو ئەو دەموچاوە (یان راستتر بڵێم) ئەو دەمامکە سیاسییانەدا، ترسناکترینیان ئەوەیانە کە پێی کەمە وەک کۆپی یان جێنشینی تەنیا یەکێک لە ناوە جوانەکان بناسرێت، بەڵکو دەخوازێت لە یەک کاتدا تێکەڵەیەک بێت لە هەموویان، بۆئەمەش ئەو وێنەیەی کە گونجاوبێت بۆی وێنەی فریادڕەس یان پەیامبەری هەموو ئەو خەون و موژدە جوانانەیە کە سەرجەم ناو و هزر و کەسایەتییە کاریزماییەکانی نێو دنیای سیاسەت ژیانیان بۆ تەرخانکردبوو، هەندێکجاریش ژیانی خۆیان لەسەر داناوە.
کە وشەی (ترسناک) دەخەمە پاڵ ئەو جۆرە سیاسەتوانە، لەبەر ئەوە نییە بەدەموچاوێکەوە دەیبینین کە سیمایەکی پەیامبەرانەی هەبێت، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەم مەخلووقە بۆخۆی خاوەنی دەموچاوی سیاسییانەی خۆی نییە، ئەوەی هەیەتی دەمامکێکە لەسەر فۆرمی جوانی و هەیبەتی پەیامبەرێکی نوورانی دروستکراوە.
ئەگەر لە مێژووی ئیسلامدا چەند (موسەیلەمە)یەکی درۆزن هەبێت، (مێژووی ئیسلام خۆی نەک ئیسلامی سیاسی کە ئەمیش لەخانەی دنیای سیاسەتدا دادەنرێت) ئەوا مێژووی سیاسەت تەژییە لەو ناوە گەورانەی کە لە رووکەشدا وێنای پەیامبەری حەقیقەت و دادپەروەری و ئازادی و فریادڕەسی کۆمەڵگاکەی و بگرە سەرجەم کۆمەڵگای بەشەریشیان بە بەری خۆیاندا هەڵدرووە و لە ناخیشدا جگە لە درۆزنێکی گەورە هیچی دی نەبوون. من هەمیشە لەو باوەڕەدام کە لەنێوان میکانیزمی ئایینەکان و میکانیزمەکانی سیاسەتدا لەئیشکردنیان لەنێو گرووپی بڕوادار یان کۆمەڵگای ئایدیۆلۆجی یاخود لەنێو کۆی کۆمەڵگادا وێکچوونێکی هێند سەیر هەیە کە زۆرجار بە کردەی کۆپیبوونەوە دەچێت، بەو ئایدیایانەشەوە کە نەک هەر عەلمانی بەڵکو تەواو دژ بە ئایینیش بن. ئەمەیش بەشتێکی سەیر نابینم کاتێک (ئایدیا) چەقی ستراتیژی کارکردنی هەرکامیان بێت.
رەنگە بگوترێ ئەم بۆچوونە ئەگەر راست بێت، تەنیا دەشێ لەدنیای ئایدیا و حزبە ئەنتەرناسیونالیست و تۆتالیتارییەکاندا شتێکی هەبێت بۆ گوتن، بەڵام ئەم بۆچوونەیش کاتێک راستە کە حزبێک یان ئایدیایەک هەبێت خۆی بە نوێنەری خەونەکان و چەمکە جوانەکانی دنیای ئینسانەکان نەناسێنێت، ئەگەرچی ئایدیایەکی ناسیونالیستی پەتی و حیزبێکی زۆر لۆکاڵیش بێت. ئەگەر قسە لەسەر هەندێک حزبی خۆرئاوای پۆست مۆدێرنەیە وەک ژینگە پارێزەکان، ئەگەرچی بەشێوەیەکی گشتی ئەو پارتانە زیاتر لەپاش کەوتنی بلۆکی سۆشیالیزم و لەتوپەتبوونی پارتە کۆمۆنیستییەکان، ئەمانیش وەک چەندین رێکخراوی مرۆیی و مافی مرۆڤ و منداڵ و ئاژەڵ و...تاد لەبنەڕەتدا پارچەی بچووکی هەڵوەریوی پارتە کۆمۆنیستە هەڵوەشاوەکانی خۆرئاوان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پەیامەی کە لە ئەدەبیاتی ئەمانیشدا هەیە لەبنەڕەتدا پەیامێکە بۆ ژینگەی سەرجەم مرۆڤایەتی، نەک تەنیا کۆمەڵگاکەی خۆیان و بەس.
لەهەموو بارێکدا ئەگەر سیاسەت بەبێ حزب مەحاڵێکی گەورە بێت و ئەگەر حزب بەبێ ئایدیا چۆڵەوانییەکی کاکی بە کاکی بێت، ئەوا ئایدیاکانیش بەبێ پەیام و موژدە و تەڵەسمە فریادڕەسییەکەیان دەبنە حیکایەتی مێش و خاڵی لەهەرشتێک کە بیانبەستێتەوە بە دنیای مرۆڤەکانەوە. لێرەدا پێویستە بگەڕێمەوە بۆ بۆچوونەکەی پێشووم سەبارەت بە وێکچوونی میکانیزمی کارکردنی ئایین و سیاسەت لەنێو کۆمەڵگادا، تا بڵێم ئەوەی مەحکوم بووە بە خۆ کۆپیکردن لەبەر وێنەی ئەوی دیدا سیاسەت بووە نەک ئایین، چونکە کام لە پەیام و موژدە و چەمکە جوانەکانی سیاسەت بگرین، ئەگەرچی بەهەمان زاراوە نەبێت، بەڵام دەلالەتەکانیان لەنێو پەیامەکانی ئایینەکاندا دەبینینەوە. هەر لەخۆڕا نییە دەست بۆ هەر چەمکێکی عەقڵانی و مۆدێرنی نێو دنیای سیاسەت ببەین کە بۆنی جوانییەک یان خەونێکی ئینسانییانەی لێبێت، ئیسلامیستەکان دەمودەست ئاماژە بۆ وێنە (ئەسڵییەکەی) یان بۆ دەلالەتەکانی دەکەن لەنێو تێکستی پیرۆز یان هەر سووچێکی ئیسلامدا، ئەگەرچی ئەزموونێک یان رووداوێکی مێژووییش بێت، ئاماژەیەک کە لایەنی کەم و هیچ نەبێت بڕواداران و زۆرینەی زۆری موسوڵمانان سەری قەناعەتی بۆ نەوی دەکەن.
لەم دەروازەیەوە گەرەکمە بچمە نێو باسێکی فراوانترەوە کە پەیوەستە بە موژدەهێن و پەیامبەر و نوێنەرانی سیاسەتەوە کە بەهەمان شێوەی ئایدیاکانی ئایین و سیاسەت، ئەمانیش تا راددەی کۆپیبوون بە پیاوە موژدەهێن و رێبەرە رۆحییەکانی ئایین و بەو نوێنەرانە دەچن کە خۆیان بە جێنشینی پەیامبەری ئیسلام و ئایینەکانی ديكە دەزانن، دیارە لەهەندێک جێگەشدا بە جێنشینی خودی پەیامبەرەکان. ئەمە ئەگەر نەڵیین جێنشینی خواوەند لەسەر زەوی و لەنێو ئەو بەندانەی خواوەنددا کە بە (ڕەعییەت) ناوبراون. مێژووی سیاسەت ئەگەر بە دیوێکدا مێژووی رووداو و ململانێ و مێژووی چەندین بیر و چەمک و ئەزموونی جۆراوجۆری مرۆڤایەتی بێت، ئەوا بەدیوێکی دیكەدا هەمیشە مێژووی کاراکتەرە سەرەکییەکانی نێو ئەو رووداو و ململانێ و بیر و چەمک و ئەزموونانە بووە، واتە ئەو کەسایەتییانەی کە رۆڵی کاریگەریان لەهەر قۆناغێکی سیاسیدا بینیبێت، هەمیشە بۆخۆیان بوونەتە تەوەرەیەکی سەرەکی و تەنانەت چەقی ئەو دنیایەی کە کۆی ئەو قۆناغە سیاسییەی پێکهێناوە، بۆیە بەبڕوای من مێژووی سیاسەت، بەر لە کۆمەڵگاکان و گەل و وڵاتەکان، مێژووی تاکە کەسە کاریگەرەکانی نێو سیاسەتە، ئەگەر کەسێک پێی وابێ باسکردن لە کاراکتەری سیاسی بەم شێوەیە، باسکردنە لە وێنە و فۆرمە جیاوازەکانی دیکتاتۆر، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە ئەو دەمە دەبێ بۆ پێگە و وێنەی ئێستای ئۆباما لەم قۆناغە سیاسییەی ئەمریکادا و بۆ گاندی نێو مێژووی سیاسیی هیندیش هەمان شت بڵێت. بۆیە لەم لایەنەوە ئەوەی بڕیار لەسەر جوانی یاخود ناشیرینی ئەو وێنەیە دەدات بابەتێکی دیكەیە و پەیوەستە بە بیر و خەون و ئەزموونی ئەو کەسانەوە لەو قۆناغەدا. بەئێستایشەوە زەحمەتە سیاسەتوانێک هەبێت کە بیەوێ رۆڵێکی کاریگەر و دیار لەنێو کۆمەڵگاکەیدا ببینێت، گوتار و پەیامەکانی تەژی نەبن بەو خەون و چەمکە جوانانەی کە دڵنیایە خەونی کۆمەڵگاکەین، ئیدی ئەو سیاسەتوانە راستگۆ بێت یان درۆزن، دڵسۆز بێت یان هەڵپەرست، لە ئاستێکی بەرزدا بێت یان نزم و سەرکەوتوو بێت یاخود شکستخواردوو، ئەمەیان مەسەلەیەکی دییە و ئەوەی نەگۆڕە شوێنە سێنتراڵییەکەی موژدە و بەڵێن و خەونەکانە لە گوتاری هەر سیاسەتوانێکدا، رەنگە سەروەختی هەڵبژاردنەکانی هەر وڵاتێک و لافیتە و دروشم و وتاری کاندیدەکان زیندووترین بەڵگەی ئەم بۆچوونە بن. وەنەبێ ئەمە هیچ کەماسییەکی بۆ سیاسەتوانەکان تێدابێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەر سیاسەتوانێک خاڵیبێت لەو پەیامە بارگاوییانە بە بەڵێن و موژدە، ئەوە سیاسەتوانێکی بێ خەون و بێ بەرنامەیە و بەدەستی خاڵییەوە دێتە پێش و زەحمەتیشە چاوەڕوانی هیچ کار و پرۆژەیەکی ئەوتۆی بەسوودی لێبکرێت. بەڵام قسەی ئێمە لێرەدا لەسەر توخمێکی دیاریکراوە لە سیاسەتوان کە من بە (پێغەمبەرە درۆزنەکەی نێو سیاسەت) ناوی دەبەم و وێنەیشی لەدنیای ئێمەدا هەیە و لە چەند فۆرمێکی جیاوازدایە، بە راددەیەک کە نەک هەر رەنگ گۆڕینی خۆی بەڵکو توانای گۆڕینی پێستی خۆیشی هەیە ئەگەرچی لەهەمان میتاڵیشدا بێت. کە دەڵێم پێغەمبەری درۆزن مەبەستمە راسەڕی بچمە نێو ئەو دنیا رووکەش و فریودەرەوە کە ئەم کاراکتەرە سیاسییە خۆی تێئاخنیوە، دنیایەک کە ئاشکرا بۆنی زوهد و خەڵوەت و گۆشەگیریی لێدێت، دونیایەک کە زۆر مەبەستێتی ئەم پیاوەمان لە وێنەی زاتێکی پڕ لە نهێنی و تەڵەسم و پەنهانیدا نیشانبدات، تا بەرامبەر هەر (موفاجەئە)یەکی سیاسییانەی ئەو هەمیشە تووشی سەرسامی بین، دنیایەک گەرەکێتی زاتێکمان نیشانبدات لەنێو دنیای سیاسەتیشدابێت و جیاوازبێت لەهەموو ئەو بنیادەمانەی پێیان دەگوترێ سیاسەتوان، زاتێکی کەمدووی کەمخۆری کەمخەوی کەم(دەرامەت!)، تەنانەت لە پێکەنینی ئاساییشدا دەستکورت و هەژار، پیاوێک لەنێو بێدەنگییەکی گەورەدا کە هەمیشە وامان لێبکات بەعەزرەتەوە بین شتێک بڵێت. مەخلووقێکی سیاسی کە دەیەوێ ئەو قەناعەتەمان لەلا دروستبکات لەسەر دەستی ئەو راستوچەپێکی گەورە بەهەموو ئەو وێنە ناجۆر و قێزەونانەدا دەهێنرێت کە لە یادەوەریی خەڵکیدا بۆ کردەی سیاسەت و کاراکتەری سیاسی کراون، ئیدی ئەو وێنانە راستی بن یان درۆ.
ئێستای دنیای سیاسیی ئێمەش بێبەش نییە لەمجۆرە (پەیامبەرە درۆزنە)ی سیاسەت، کە نە بێدەنگییەکەی حیکمەتێکی شاردۆتەوە و نە خەڵوەتەکەیشی فریشتەیەکی تێدایە و نە گیرفانی خاڵی و نە دەستەکانیشی سپین. بەڵام هەمیشەش کەسانێک هەن کە ئامادەن لەو وێنە کاریزماییەدا بیبینن کە دەیخوازێت، لەبەر هیچ تەنیا لەبەرئەوەی ئەمان دەخوازن سیاسەتوان لەو وێنە و فۆرمە نوورانییە پاکەدا ببینن. ئەگەرچی لەتەوقی سەری هەتا بەریپێی نوقمی درۆ بێت. وەک چۆن دەگوترێ دیکتاتۆر هەمیشە دروستکراوی دەستی گەل و کۆمەڵگاکەی خۆیەتی، بەهەمان شێوەش پەیامبەرە درۆزنەکانی ئازادیش دروستکراوی دەستی خەون یان وەهمی کۆمەڵگا خۆیەتی، پێغەمبەری درۆزنی نێو سیاسەتیش هەمیشە ئەوەیانە کە لەهەمووکەس زیاتر جورئەتی ئەوەی هەیە بڵێ من راستگۆم، تەنانەت بڵێت تەنیا من راستگۆم و هەموو ئەوانی تر درۆزنن.
Top