كوردستان لەنێوان بنیادنانی دەزگاكانی دەوڵەت و ئامانجەكانی ئاییندە

كوردستان لەنێوان بنیادنانی دەزگاكانی دەوڵەت و ئامانجەكانی ئاییندە
هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی
وەك نموونە


هەرێمی كوردستان قۆناغێكی گرنگی لە كاروانی بیناكردنی دامەزراوەكانیدا بڕیوە، ئەویش لە بوارەكانی هەرسێ دەسەڵات و سیستەمەكانی ئەدای گشتیی سیاسی، گرنگترین ئەو هەنگاوانەش بریتییە لە كاروانی سەقامگیری گشتی، بەڵام لە رووی بەراوردكردن لە نێوان هەولێر و بەغدادا ئەوا جیاوازییەكی زۆری هەیە، چونكە ئەوەی هەستی پێدەكرێ و بە چاوی خۆمان دەیبینین تێكچوونی باری ئەمنی بەغداو پارێزگاكانی دیكەی عێراقە، دیارە هۆكاری ئەمەش نەبوونی سیستەمێكی رێكوپێكی ئەمنی و سەربازییە لەو ناوچانەدا، چونكە ئەو دەزگایانە لەلایەن بریكارەكانیانەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ نموونە پۆستەكانی ئەمنی و بەرگری، ئەمە وێڕای نەبوون و لاوازیی یاسا.
بە درێژایی بیست ساڵی رابردوودا بارودۆخی دەزگاكانی دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێكردن لە كوردستان ئەوپەڕی سەقامگیرییان بەخۆوەدی، هەنگاوی چاكتریشی هەڵێنا بەرەو چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراتییەت و یاسا و رێساكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و پەرەپێدان لە هەموو كایەكاندا، بەڵام هاووڵاتی كوردستانی و چاودێریی سیاسی ناتوانن سەرنج لەوە نەدەن كە جاربەجار كەلێنێك یاخود كەموكورتییەك لێرەو لەوێ سەرهەڵدەدەن، بەڵام لە كۆتاییدا ئەمانە كاتین و تادێت پرۆسەی ئاوەدانی و پێشكەوتن لە هەرێمی كوردستان بەرەو پێش دەچێت، ئەو كەموكورتییانە هەموویان دەرئەنجامی هەندێ فاكتەری دەرەكی و هەرێمین، دیارە ئێستا هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دەركردن و جێبەجێكردنی یاسای تازەیە بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری هاووڵاتیانی هەرێم، لە بەڕێكردنی ئەم كاروانەی پێشكەوتن و چەسپاندنی بنەماكانی یاساشدا دەزگاكانی دەوڵەت دەكەونە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەوە كە پێویستە رەچاوی بەرژەوەندییەكان و بنەما سەرەكیییەكانی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون بكرێت.
لە رۆژئاوای كوردستاندا گەلی كورد لەوپەڕی كەف و كوڵی هەڵچوون و شۆڕشدایە، بەڵام ئەو بارودۆخ و هەلومەرجەی لە سوریا هاتۆتەئاراوە، بۆتەبەربەست لە پێش پەرەسەندنی ئەم شۆڕشە تەنانەت ئێستا ئەگەر سەرنج بدەین دەیان هەزار پەنابەری كوردی سوریا هاتوونەتە هەرێمی كوردستانی عێراق و جارێ ئەو هەلە نەڕەخساوە تاكو راپەڕین فراوان ببێت و بگاتە مەبەست و ئامانجە نەتەوەییەكانی.
بارودۆخی گشتی و ئاستی رۆشنبیری و زانستی و ئەدای رای گشتی تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، بەرگەی ئەو گۆڕانكارییە جەوهەری و رادیكالییانە ناگرێت چونكە دووچاری زەمین لەرزەو شەپۆلێكی دژە ئامانج دەبێت كە بە ئاڕاستەیەكی دیكەیدا دەبات واتا بە پێچەوانەی ئەو پرەنسیب و مەرامانەی كە شۆڕش و سەركردایەتییە مێژووییەكەی بەدیهێناون بە نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەیی كورد، بۆیە لێرەدا وا پێویست بەو سەركردایەتییە دەكات كە پشت بە جەماوەر ببەستێت و بە هێمنی و لەسەرەخۆ هەنگاو بەرەو بنیادنانی خود و هەموو كایەكانی ژیان هەڵێنێت، نەبادا ئەوەی كە بنیادنراوەو چەسپاوە لەبەین بچێت.
بارودۆخی كوردستان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت پێویستی بە كۆكردنەوەی نێوان سەنترالیەتی سیستەمی سەرۆكایەتی و ناسەنترالییەتی سیستەمی پەرلەمانی هەیە، چونكە زۆربەی دەسەڵاتەكان دەدرێنە حكومەت و سەرۆكایەتییەكەی، بەڵام پلەبەپلە و هەنگاو بە هەنگاو، واتا بە رێگەی رێوشوێن و رێكاری گواستنەوە، لەبەر ئەوەی لەبەرچاوگرتنی رای گشتی رۆڵی گرنگی دەبێت لە پیادەكردنی یاساكان و گەیشتن بە ئامانجەكان، ئەزموونی پراكتیكیی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە هەروەكو دانایان بۆی دەچن زۆر جار پرەنسیبە دیموكراتییەكان بە هەڵە پیادە دەكرێن كە لەگەڵ خودی دیموكراتییەت یەكانگیر نابێت، بۆیە لەو روانگەوە دەكرێ بگوترێت كە بارودۆخەكە هێشتا پێویستی بە ئەزموونی زیاترو پەندو عیبرەت وەرگرتنە بە مەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری و گواستنەوە بە شێوەیەك كە نەبێتە دیاردەیەكی كتوپڕ هەروەك لە زۆر وڵاتانی ناوچەكە روویداو هێزگەلێكی تایفیی رادیكالی دەستیان بەسەر كورسی دەسەڵاتدا گرت و ئامانجەكانی شۆڕش و قوربانیدانی شۆڕشگێڕانیان دزی و هیواو خواستەكانی بەهاری گەلانیان بەبا دا.
هەروەكو لای هەموو لایەكمان روون و ئاشكرایە كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە چاوەڕوانیی پرۆسەگەلێكی هەڵبژاردندایە، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان یان سەرۆكایەتیی هەرێم یاخود پەرلەمانی كوردستان، بە هەرحاڵ هەنگاوی دروست و راست لە ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنانە ئەوەیە كە وا پێویست دەكات پارێزگاریی لە ئەولەویەتی تایبەتمەندیی كوردستانیی بكرێت، هەروەها بە وردیی بڕوانینە ئاییندە و دەرئەنجامەكانیان كە لە كۆتاییدا لە بەرژەوەندیی گشتیی هەموو لایەكدا بكەوێتەوە، بە شێوەیەك بوار لەبەردەم رۆڵەكانی ئەم هەرێمەدا بڕەخسێنرێت كە ئامانج و خواست و مافەكانیان بێنەدی و زیاتر هەنگاو بەرەو پێشكەوتن و گەشەسەندن هەڵێنن.
ئەگەر بێین وردتر و بە شێوەیەكی زانستیتر باس لە گۆڕینی ئەو سیستەمە حوكمەی ئێستای كوردستان بكەین، بە بەراوردكردن و پێوانی ئەم سیستەمە بە دەستووری فیدرال رەنگە ئەگەر زۆر بە وردی رەفتار نەكەین بكەوینە هەڵەو خێراییەك كە لە كۆتاییدا زیان بە هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، بۆیە رێگەی دروست و رەوا ئەوەیە كە لە سەرەتاو لە كۆتاییشدا بە پێی پێویستییەكانی هەرێم قسە لەم گۆڕینە بكەین، دیارە ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی گەلان و دەوڵەتانی دیكە مەیسەر دەبێت، چونكە ئەگەر سەرنج لە سیستەمی وڵاتانی دیكە بدەین بۆمان روون دەبێتەوە كە فرەیی بە زۆربەی ئەو دەوڵەتانە هەیە و ئەوانیش لەم بوارەدا ئەزموونێكی سەركەوتوویان بۆ خۆیان تۆماركردووە، دواتر پێویستە ئاگاداری خاڵێكی زۆر گرنگ بین كە پەیوەستە بە چارەنووسی گەلەوە، ئەویش ئەوەیە كە پەلەكردن لە گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردن و سیاسیی وڵات لە شێوەیەك بۆ شێوەیەكی دیكە و بەبێ پێكهێنانی دەزگاكان و چەسپاندن و لەبەرچاوگرتنی رای گشتیی بە شێوەیەك كە لەم سیستەمە نوێیەدا رەنگ بداتەوە رەنگە مەترسییەكی گەورە بێنێتەئاراوە كە دواتر نەتوانرێت زۆر بە ئاسانی چارەسەر بكرێت.
بۆیە ئەو سیستەمە سەرۆكایەتییەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت بەم شێوەیە گرفتێكی زۆر ئاڵۆز نییە، ئەو سیستەمەی ئێستا هەموو تواناو دەسەڵاتەكانی لە خزمەتی بەرژەوەندییە گشتیی و باڵاكانی خەڵكی ئەم هەرێمە خستۆتەگەڕ، بۆیە ناكرێ بە دیدو تێڕوانینێكی تەسكی حزبایەتییەوە و یان لە ئامانجەكانی كورتبینییەوە سەیری ئەم ئەزموونە بكرێت، رەنگە كەسانێك وا تێبگەن كە ستانداردی گۆڕین و ئامانجەكەی خواست و داواكارییەكانیان بەدی دێنێت، بەڵام بۆ دووپاتكردنەوەی ئەم قسەیە پێویستە بگوترێت كە مەرج نییە گۆڕینی سیستەم ئەم ئامانجە بپێكێت و ئەوەی كە زۆر گرنگە ئەوەیە كە دەبێ پرۆسەی دیموكراتییەت هەمیشە لەبەرژەوەندیی سەرتاپای گەلدا بێت بە هەموو توێژو پێكهاتەكانییەوە نەك بۆ بەرژەوەندیی كۆمەڵێك یان تاكە لایەنێك كەواتە گۆڕین هەموو واتاو ئامانج و رێبازەكانی لەدەست دەدات، نابێ ئەوەش لەبیربكەین كە سیستەمی سەرۆكایەتی یەكێكە لە سیستەمە دیموكراتییەكان هەروەك لە زۆربەی گەورە وڵاتاندا ناسراوە، بۆیە بیركردنەوە لە شێوازی ئەو سیستەمە بەر لە هەموو شتێك و دوور لە هەست و سۆزو مەرامی تایبەتی پێویستی بەرەچاوكردنی هەلومەرجی بابەتیانەو بەرژەوەندیی خودی هەرێم هەیە، نەك خستنەڕوو و بانگەشەكردن بۆ پڕوپاگەندەی راكێشانی هەستی خەڵك و شێواندنی رەوشەكە بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە تاكەكەسییانەی كە لەپشت ئەم گۆڕینەدان.
لە رەهەندێكی دیكەی ئەم بابەتەوە دەكرێ ئاماژە بۆ ئەوە بكرێت كە مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو ئەگەرێك بۆ درێژكردنەوە لەلایەك بۆ سەرۆكایەتی یان بۆ پەرلەمان و بابەتەكانی دیكە لەئارادایە و ئەم پرسەش بە شێوەیەك واڵا دەكرێت كە گشت واقیع و داخوازییەكان بخاتەبەرچاو، ناشكرێ بە دیوێكی دیكەدا بەراورد بكرێت لە نێوان ئەوەی لە بەغدا داوادەكرێت و لە نێوان ئەوەی كە پەیوەستە بە تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان و هەلومەرجی خودی و بابەتیانە، بۆیە پێویستە زۆر بە دانایی و وریاییەوە هەڵسوكەوت بكەین تاكو ئەو قەیران و گۆڕانكارییە خێرایانەی ئێستا لە ناوچەكە دەگوزەرێت كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر پرۆسەی دیموكراتی و ئازادیی هەرێمی كوردستان نەبێت، ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆ لە دەوروبەر لەئارادایە رێگە بەوەنادات كە هەروا بە سادەیی قسە لەسەر گۆڕانكاریی سەرتاسەری دامەزراوەیی یان گۆڕانكاریی گشتی بكەین لە ئیدارەو سەركردایەتی بۆیە جارێ وەك هەنگاوی یەكەم بارودۆخەكە وا دەخوازێت كە بگەینە ئاستێك سەرجەم یاساكانمان تەواو و چڕوپڕ كردبێت و ژێرخانی ئابووری و ئیداریمان بووژاندبێتەوە، دیار ئەمەش بە ئاوێتەكردنی رای گشتی لەگەڵ سەرجەم بڕیارو یاساكان دێتە ئاراوە، لە هەمان كاتیشدا چاو بخشێنرێتەوە بە چاكسازیی ئابووری و كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی ئەدای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
لەو مینبەرەوە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەكان دەكەم بۆچوون و راوسەرنجەكانیان بە شارەزاو پسپۆرەكانی بواری یاساو زانستە سیاسییەكان و كۆمەڵناس و ئابووریناسان بسپێرن تاكو بڕیاریان لێبدەن تا بەعەقڵییەتێكی شارەزاو زانستییانە لێیان بكۆڵنەوە نەك لە روانگەی حزبییەوە ئاماژەیان بۆ بكرێت. لە كۆتاییدا ئەوەندە ماوە كە بڵێین ئەو شارەزایی و ئەزموونەی سەركردایەتیی كوردستانی هەیەتی بەسە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەلتەرناتیڤ بۆ پرس و بابەتەكان دەست نیشانبكات و كاروانی پێشكەوتن و پەرەپێدانی ئەم هەرێمە بەرەو گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەت تاوبدات.
* سەرۆكی زانكۆی ئیبن روشد لە هۆڵەندا و توێژەری ئەكادیمی لە زانستە سیاسییەكاندا
Top