دەستەبژێر و عەقڵییەتی فەتوا

دەستەبژێر و عەقڵییەتی فەتوا
گەر ئەو پرسیارە بکەینە دەستپێک و بڵێین ئایا مەرجە هەر عەقڵێک لە قەناعەتی بڕوابوون بە هەبوون و بەپێویست زانینی هەرجۆرێک لە دەستەبژێرەوە هاتبێ، عەقڵێک بێت کە بە میکانیزمەکانی فەتوا خۆی بینا و ئاراستەبکات؟ رەنگە هەر سروشتی حوکمە رەهاییەکەی ئەم پرسیارە وابکات دەسبەجێ بە نەخێر وەڵامبدەینەوە، بەڵام من بەش بەحاڵی خۆم ئەگەرچی هەرگیز دانووم لەگەڵ حوکمی رەهایانەدا ناگونجێ، بەڵام کاتێک ئەم پرسیارە ئاڕاستەی کۆمەمەڵگای خۆمان دەکرێت، ناتوانم هەروا سانا بڵێم نەخێر. بۆچی؟ ئەم نووسینە هەوڵ دەدات قسە لەسەر ئەو (بۆچی)یە بکات، پاشان هێنانە بەرباسی پرسی ئەوەی کەداخۆ هزری فەتوا لای دەستەبژێر بۆخۆی هزرێکی عەقڵانییە یان ناعەقڵانی؟
ئەگەرچی (فەتوا) بۆخۆی چەمکێکی سەد دەر سەد ئایینییە و دروستتریش بڵێین چەمکێکە لە مەعریفە و فیکری ئیسلامەوە گەیشتووەتە لامان، بەڵام فەتوا لەم باسەدا بەتەنیا تایبەت نییە بە جیهانبینی و دنیاکانی ئایینەوە و هاوشانی ئەو دنیا و نێوەندەکانی سیاسەت و رۆشنبیریش دەگرێتەوە. بەشێوازێکی تر بڵێین قسەی ئەم نووسینە لەسەر سێ جۆر دەستەبژێرە لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا کە ئاکتیڤترین کاراکتەرانی نێوەندە کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیرییەکانی ئێمەن، ئەوانیش دەستەبژێرانی نێوەندی رۆشنبیری و سیاسی و ئایینیین. بەر لەهەرشتێکیش دەبێ ئەوە بڵێم کە بۆچوونەکانم لەسەر ئەم دەستەبژێرانە لەم باسەدا بەشێوەیەکی گشتییە و هەر ئاکامێکیش کە پێیگەیشتبم دەبێ بە رەهایی وەرنەگیرێت. چاکە ئاماژەش بەوە بدەم کە جیاکردنەوەی (رۆشنبیر) بەو مانایە نییە کە کاراکتەری سیاسی یاخود ئایینی نەشێت رۆشنبیر بن، بەڵکو مەبەستم لەو رۆشنبیرەیە کە لەدەرەوەی دەستەبژێری سیاسی و ئایینی ئاکتیڤە و سەر بەو نێوەندەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە نێوەندی رۆشنبیری ناسراوە.
کاتێک دەڵێم عەقڵییەتی فەتوا، مەبەستم لە وێناکردنی شێوازی بیرکردنەوەی زاتییانەی ئەو کاراکتەرەی نێو دەستەبژێرە کە هەرچۆنێک خوێندنەوە بۆ بۆچوون و دیدەکانی بکەیت، سیاسی بێت یان ئایینی یاخود رۆشنبیری ناسیاسی و نائایینی، لە سروشتی فەتوایەکدا دێتە بەر دیدە و بۆخۆیشی لە فۆرمی موفتییەکدا وێنا دەبێت. باسەکەش هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی بونیاد و پاڵنەرەکانی پشت ئەو عەقڵەی کە بەبڕوای من بووەتە ستایلێکی باوی عەقڵییەتی ئەو دەستەبژێرانەمان، عەقڵییەتێک کە تەواو بە میکانیزمەکانی فەتوادان خۆی ئاڕاستە دەکات.
رامان و لێوردبوونەوەیەکی ئەوتۆی گەرەک نییە تا لە پاڵنەر و فاکتەرە سەرەکییەکەی سروشتی ئەو جۆرە هزرە تێبگەین. قسەکردن لەسەر نەرجسییەت و خۆ بە باڵا بینین تێگەیشتنێکی زۆر رووکەشانەیە و خۆبەهەڵەدا بردنە. چونکە ئێمە قسە لەسەر هزر و جۆرە بونیادێک دەکەین کە لەچوارچێوەی مەعریفەیەکی دیاریکراوی خۆیدایە و بەتەنها پاڵنەرە دەروونی و زاتییەکان وەڵامی تەواویان لا نییە، بۆیە دەبێ راستەوخۆ دەست بۆ بونیاد و سیستمی مەعریفی ئەوجۆرە عەقڵییەتە ببەین، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ بە وردیی لە شێوازی دەربڕین و جیهانبینییەکەی وردبینەوە هەتا بتوانین لەو قەناعەتە زاتییە بگەین کە لەپشت هەر مەبەستێکیەوە راوەستاوە.
(عەلی حەرب) لە (وەهمەکانی دەستەبژێر)دا کە مەبەستی لێی دەستەبژێری رۆشنبیریی عەرەبییە، باس لە وەهمی خۆ بە پێشەنگزانی کۆمەڵگا دەکات. بەڵام سەبارەت بە کۆمەڵگای ئێمە و دەستەبژێرانی، من رەنگە لەوەش زیاتر بڕۆم و باس لە وەهمی خۆ بە پەیامبەرزانی بکەم، ئەمە ئەگەر لەهەردوو دەستەبژێری ئایینی و سیاسیدا بەو زەقیە نەبێ و هێند تۆخ نەبێت، بەڵام لای دەستەبژێری رۆشنبیریمان بەتایبەت ئەو ناوانەی دیار و تۆخن، زۆر بە زەقی و ئاشکرا دیارە. با جارێ بپرسین کە داخۆ چ مەبەستێک لەپشت شەرعییەتی دەستەبژێرەوە هەیە؟ ئایا ئەم گرووهە مرۆییەی لەواقیعدا جۆرێک لە پلەی باڵاتر لە خەڵکی ئاسایی و چەشنە سەرمایەیەکی مەعنەوی (ناڵێم رەمزی) بەخۆیان رەوا دەبینن، ئەم قەناعەت و بڕوا بەخۆبوونەیان لەکوێوە هێناوە؟ کەباسەکەمان تایبەت بێت بە دەستەبژێرانی کۆمەڵگای خۆمان، بەبێ هیچ دوودڵییەک دەڵێم ئەگەر جۆرێک لە شەرعیەتی کۆمەڵایەتیش بەو ئامادەبوونەیان درابێت، ئەوا ئەو شەرعییەتە لە بۆشاییەکی گەورەوە هاتووە کە پرۆسەیەکی سەیر لە ناعەقڵانی قۆرخیکردووە بۆخۆی. مەبەستمە بڵێم لەکاتێکدا هەر دەستەیەک وەک دەستەبژێرێک لە سەروو ئاستە کۆمەڵایەتییەکانی هەر کەسێکی ئاساییەوە خۆی بە داینەمۆ و رێکخەر و ئاراستەکەری ژیان و دنیاکانی کۆمەڵگا بێت، بەبێ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەکی دەستووری و شەرعی لەو کایەی خۆیدا ئەو ئامادەبوونەی بۆ دەستەبەرکردبێ، ئەوا لەبنەڕەتدا شتێک نەبووە لەفۆرمی هیچ دامەزراوەیەکی لەوجۆرەدا و ئەم بۆخۆی هاتووە ئەو بۆشاییەیەی بە شەرعییەتی خۆی پڕکردۆتەوە و وەک دیفاکتۆیەکی کۆمەڵایەتی خۆی سەپاندووە، هەڵبەتە ئەمەش کاتێک مسۆگەر دەبێت کە ئەم پرۆسەیە پێشینەیەکی هەبووبێت، یان لایەنی کەم هاوچەشنەکانی ئەم دەستەبژێرە پێشتر توانیبێتیان لە ئاستی پێشەنگ و رێبەری کۆمەڵایەتیدا بووبن. دیارە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەتایبەت ئەم مەرجەی دووەمیان هەمیشە لەئارادا بووە، چونکە پێشتر چ پیاوانی ئایینی و چ سیاسەتوانان (شۆڕشگێڕ و سەرکردەکانی شۆڕش) و چ رۆشنبیرانیش رۆڵی ئاکتیڤیان هەبووە و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی شوێنێکی دیار و ئیعتیبارێکی تایبەتیان هەبووە.
لە راستیدا کێشەی من لەگەڵ ئامادەبوون و نەبوونی دەستەبژێر و شەرعیەتی کۆمەڵایەتی و تەنانەت لەگەڵ فۆرمە باڵاکەشیدا نییە، بەڵکو لەگەڵ خودی ئەو قەناعەتەیە کە لەلای هەر تاکێکی نێو ئەو دەستەبژێرەیە بەوەی کە لەناخی خۆیدا بڕوای وابێت کە ئەم بوونەوەرە لە رەگەزی (سوپەرمان) یان (پەیامبەر) و یان هەر فریادڕەسێکی کۆمەڵگادایە. هەربۆیە کێشەکە لای من بەرلەوەی کێشەیەکی بونیادی بێت لەگەڵ عەقڵیەتی دەستەبژێردا، کێشەیەکی ئەنتۆلۆجییە لەگەڵ خودی کەسایەتی دەستەبژێردا. بەڵام هەر خوێندنەوە و توێکاریی ئەو عەقڵییەتە بۆخۆی گرێکانی پرسە ئەنتۆلۆجییەکەشمان بۆدەکاتەوە، بۆیە ئەم باسە زیاتر بەلای ئەمەی دووەمیاندا دەشکێتەوە. ئەوەی تایبەتیشە بەم جۆرە عەقڵ و جیهانبینییە، بەر لەهەر شتێک نائامادەبوونی گومانە لەلای، واتە بەتەواوی (عەقڵێکی یەقیناوی)یە. ئەم هزرە هەر بەوەوە ناوەستێت کە لەنێو حەقیقەتێکی دیاریکراودا راکشابێت و خەونەکانی کۆمەڵگای پێ تەفسیر بکات، بەڵکو بڕوایەکی تەواوی بەو بونیادەش هەیە کە بە (مەرجەعی حەقیقەت) دەناسرێت، کێشەی گەورە و بگرە بەڵای گەورەش لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە بزانین ئەو مەرجەعی حەقیقەتە خودی خۆیەتی. تا ئێرە ئەگەر لەنێوان هەرکام لە دەستەبژێری ئایینی و رۆشنبیری و سیاسی، پەردەیەکی زۆر تەنک لەنێوانیاندا هەبووبێت، ئەوا لەپاش ئەوەی تارمایی (پیرۆزیی) لەپشت شەرعیەتی مەرجەعی حەقیقەتەوە بەدیار دەکەوێت، ئیدی شتێک نامێنێت ئەو سێ بونیادەی پێ لەیەکدی جیابکەینەوە. لە راستیشدا ئەگەر چاوێکی خێرا بە نووسین و لێدوان و وتارەکانی هەریەک لەو دەستەبژێرانەماندا بخشێنین، بەشێوەیەک میکانیزمی ئاراستەکردنەکانیان وێکدەچن، وەک ئەوەی یەک دەست، یان بڵێم یەک عەقڵ هەموویانی داڕشتبێ، هەڵبەتە هەریەکە و بەپێی تایبەتمەندییەکانی دنیا و کایەی خۆی. ئەگەر لەمیانەی مینبەرێکەوە گوێبیستی تەکفیرکردنی هەر کەس و گرووپێک بووبین لەلایەن هەر پیاوێکی ئایینییەوە، ئەوا لەنێو دەستەبژێری رۆشنبیریماندا بە دەیان فەتوای بەجەهلکردن و بە سەلەفیبوون وەشێنراوە، بەهەمان شێوەش بۆ فەتواکانی نێو دنیای سیاسیمان لە تەخوینکردن. بەبڕوای من سێکوچکەی (تەکفیرکردن) و (تەخوینکردن) و (بەجاهیلکردن) کە لەسیما و کەرەستە دیارەکانی هەرسێ دەستەبژێری ئایینی و سیاسی و رۆشنبیریمانن، سەرەکیترین میکانیزمی بیناکردنی گوتارەکانیانە لە فۆرمی فەتوادا، رەنگە ئەمەش بەوهۆیەوە بێت کە خودی ئەو عەقڵییەتەی کە دەستەبژێری بیناکردووە، لەو دنیا ناعەقڵانییەوە هاتبێت کە پیرۆزیی تەنیا لە حەقیقەتێکدا دەبینێ کە خۆی مەرجەعی بێت و بەس.
کێشەیەک کە بۆ ئەم بابەتە هەمیشە دەمێنێتەوە ئەوەیە کە لەکاتێکدا دەستەبژێرەکان لەنێو کایەی خۆیاندا جۆرێک لە مەعریفە ئاراستە دەکەن (ناڵێم بەرهەمیدێنن کە دەبوو وامگوتبا!)، دەکرێ حوکمی ناعەقڵانیبوونیان بەسەردا بدرێت؟ دەزانم ئاسانترین وەڵامی حازر بەدەست ئەوەیە بڵێین: مەرج نییە هەموو مەعریفەیەک عەقڵانیانە بێت، بەڵام هێشتا بۆ من ئەم وەڵامە لەوە هەژارترە بتوانێت لە بونیادی ئەو عەقڵییەتە حاڵیمان بکات کە هارمۆنییەکی سەیری لەنێوان کەرەستە عەقڵانییەکان و میکانیزمە ناعەقڵانییەکاندا رەخساندووە! بەشێوەیەک کە دەرکەوتنی جۆرێک لە بڕوا و شەرعیەتی عەقڵانیانەی لەخۆگرتووە، لەکاتێکدا سەرلەبەری ئەو ئامادەبوونە بۆخۆی لەمیانەی میکانیزمێکی ناعەقڵانییەوە دەستەبەربووە، کە جەوهەرەکەی سێکوچکەی (پیرۆزی و حەقیقەت و مەرجەع). رەنگە هەر ئەو هێزە سیحرییەی ئەو سیانەش بێت کە توانای ئەوەی هەبێت ئەو قەناعەتە بۆ (فەتوادان) دەستەبەر بکات، دەنا رەنگە مەحاڵ بوایە بەو شێوە سەیرە هەموو ئالیەتە ئایینییەکانی (حەرام و حەڵاڵ) بێنە نێو دنیاکانی سیاسەت و رۆشنبیریشەوە، بە خۆیان و پەیامبەران و خەلیفە و رەعییەتەکانیانەوە. هەربۆیە لای من بەرلەوەی لەمیانەی میکانیزمەکانی فەتواوە بڕیار لەسەر ناعەقڵانییەتی بیرۆکەی دەستەبژێر لە فۆرمی مەرجەعی حەقیقەتی پیرۆزدا بدەین، هەر بونیادی هزرییانەی دەستەبژێر بۆخۆی لەباشترین حاڵەتدا لە ئیشکالی و قەیرانێکی قووڵی ناعەقڵانیدا نغرۆیە.
Top