سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان.. لەیەكتردابڕان نییــــە بەڵـكو بێلایەنبوون و كاراكردنیانە

سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان.. لەیەكتردابڕان نییــــە بەڵـكو بێلایەنبوون و كاراكردنیانە
مەبەستی سەرەكیی لەچارەسەركردنی ئەم بابەتە سەلامەتی و دروستیی كاری دامەزراوو دەزگاكانە،جا ئەمە لە چوارچێوەی هەر سیستەمێكی سیاسیدا بێت،دیارە ئەمەش بە پابەندبوونی تەواو بە یاساو رێساكان مەیسەردەبێت، كاتێك هەموو دەسەڵاتەكان لە خزمەتی گشتییدا دەبن،ئەو سێ دەسەڵاتەی كە لە وڵاتانی دیموكراتخوازدا بوونیان هەیە بەیەكەوە تەواوكەری پرۆسە دیموكراتییەكەن و لەم بازنەیەشدا یاساكان ئامانجەكانی خۆیان دەپێكن و كاروباری دەوڵەت رایی دەكەن،لێرەدا مەبەست ئەوەیە كە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری ناكەونە ژێر باری دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە، واتا بە شێوەیەكی سەربەخۆ كاری خۆیان دەكەن، بەڵام ئەوەی لە بەغدا دەیبینین سەرتاپای لینگەقوچەو بە پێچەوانەیە، سەرۆكی حكومەت تەنیا دەسەڵاتەكانی لە چوارچێوەی یاسادا نییە، هەرچی وەزارەتی گرنگە كەوتوونەتە دەست ئەوو بۆ ئارەزووی خۆیشی چۆنی بوێت دەسەڵات لە وەزارەتەكان كەم دەكاتەوەو پەكیان دەخات تەنانەت بەوەشەوە نەوەستاوە،ئەو هاتووە دەست لە كاروباری دادوەرییش وەردەدات،بەشێوەیەك هەر كاتێك پێویستی پێی هەبێت لە بەرژەوەندیی خۆی بەكاری دێنێت،هەرچی دەسەڵاتی یاسادانانیشە، ئەوە لەڕێی فراكسۆن و ئەندامەكانییەوە لە هەوڵی ئەوەدایە بەكارهێنانی (دەوڵەتی یاسا) كە خۆی سەر بە ئەوە،ئەم بوارەش قۆرخ بكات ئەویش بە گەڵاڵەكردنی هەندێ یاساو بڕیار كە لەبەرژەوەندیی حزبەكەی و ئەندامانی فراكسیۆنەكەیدا بێت لە هەمان كاتیشدا دژی ئەو یاسایانەش دەوەستێت و ناهێڵێت دەربچن ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەودا نەگونجێن،جا بۆ زیاتر شۆڕبوونەوە بە قووڵایی دیمەنی سیاسیی گشتی لە عیراق بە تایبەتیش كاركردنی دەزگاكانی دەوڵەت،سەیروسەمەرەترین رەفتاری سەرۆكی حكومەت دەخەینەڕوو،ئەو هەرچی دامودەزگاو دامەزراوی حكومی هەیە هەمووی خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە لەمەشدا پاساوو بیانووی گوایە(یاسایی)دێنێتەوە!بە پێچەوانەی ئەوەی كە بە پێی یاسا دەبێت سەربەخۆو بێلایەن بن،لەوانەش بانكی ناوەندی و دادگای باڵا و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دەستەی لێپرسینەوەودادوەری...تاد.
تازەترین بابەتیش كە لەم رۆژانەدا وروژێنرا و هەوڵیكی دیكەیەتی بۆ كۆنترۆڵكردنی جومگەكانی دەوڵەت تاكو ئەویش بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە،مەسەلەی ریشەكێشكردنی بەعسە لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا،بە تایبەتی ئەوەی كە پەیوەستە بە ریشەكێشكردنی دادوەر مدحەت ئەلمەحمود(سەرۆكی دادگای فیدرال)،ئەم هەڵوێستەو رەنگدانەوەكەی سەرلەنوێ رەوەشەكەی بە جۆرێكی دیكە هێنایەوە گۆڕێ،ئەو رەفتارەیشی لەبەر ئەوە بووە كە ئەو دادوەرە هەوڵی داوە رێگە لە سەرۆك وەزیران بگرێت چی دیكە دەست لەكاروباری دادگا وەرنەدات،بەڵام كاتێ زانی كە دەستەی لێپرسینەوەو دادوەری بڕیاری ریشەكێشكردنی بەعس بەسەر ئەلمەحموددا ناسەپێنێت بۆیە خێرا سەرۆكایەتیی حكومەت ئەم بڕیارەی هەڵوەشاندەوە،لەبەرامبەردا بڕیاری لابردنی سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوەی دەركرد لەبەر ئەوەی گوێی نەداوەتە داواكەی سەرۆك وەزیران بە دواخستنی لابردنی ئەلمەحمود! كەواتە كوا سەربەخۆیی دادگا؟كوا پیادەكردنی دادپەروەری و بێلایەنیی حكومەت و ئەركەكەی لە سەپاندنی یاساو پابەندبوون بە جێبەجێ كردنی و كوا لۆژیكی كاراكردنی دەستوورو كاری دامەزراوەیی؟كێشەكە بە ریشەكێشكردنی سەرۆكی دادگای فیدرال و وەڵامی حكومەت بە ریشەكێشكردنی سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری كۆتایی نەهات، بەڵكو بە بەردەوام بوونی دەرئەنجامەكانی و دانانی كەسایەتییەكی دیكە لەشوێن ئەو كە بە لایەنگری حكومەت ناسراوە و ئەگەری ئەوەش هەیە كە سەرۆكایەتیی حكومەت قۆرخی بكات، بەمەش سەرۆكی حكومەت بێ گەڕانەوە بۆ یاسا دەسەڵاتی رەهای خۆی لەمەشدا پیادەبكات،ئا لێرەدا رۆڵی سەرۆكی پەرلەمان دێت تاكو لە چوارچێوەی ئەرك و ئەتەكێتی كاری پەرلەمانیدا و پشت بە یاسا قسەی خۆی بكات،بۆیە بڕیارێكی دەركرد بە گەڕاندنەوەی سەرۆكی دەستەكە كە پێویستە بێلایەن بێت و لە چوارچێوەی پەرلەماندا كاربكات و نەكەوێتە ژێر باری هیچ كەسێكەوە،ئەم بابەتە دەمانباتەوە بۆ پرسێكی زۆر گرنگ ئەویش ئەوەیە ئەم هەرەس هێنانەی دامەزراوانە بۆچی؟ لە وەڵامی ئەمەدا پێویستە ئاماژە بۆ خاڵێكی گرنگ بكەین ئەویش نەبوونی متمانەیە لە نێوان لایەن و فراكسیۆنەكان كە دەرهاویشتەی هەوڵی تاكڕەوی و قۆرخكردن دەسەڵات و پلەوپایەو پۆستی باڵایە بۆ بەرژەوەندیی حزبی دەعوەو لایەنگرانی،كە لێرەدا گەورەترین گورز بەر لە لایەنەكانی دیكە دەكەوێت كە لە دەسەڵاتدانین یاخود پلەوپایەی گرنگیان لەنێو حكومەتدا نییە كە زۆر جاریش لەژێر پەردەی تایەفەگەریدا گوتاری سیاسی لێرەو لەوێ نیشان دەدرێت كە لەراستیدا خۆی لەخۆیدا بۆنی تایەفەگەری لێدێت، بەڵام لە بەرگێكی دیكەدا،ئەوەی لە نزیكەوە ئاگای لەم سیناریۆیە بێت باش دەزانێت كە بریتییە لە ئیفلیج بوونی كاروباری دەوڵەت و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن گروپێكی شەقاوەو چەقۆوەشێنی دوور لە یاساو بنەما دەستوورییەكانی حوكم.
لەلایەكی دیكەوە ئەم و ئیفلیج بوونەی دامەزراوەكان بە بۆچوون و لێكدانەوەی بابەتیانە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە مەبەست پەكخستنی دەستوورە ئەویش بە سەرپێچی و پێشێلكردنی ئاشكراو پابەندنەبوون بە ماددەكانی كە بۆ بەرژەوەندیی سەرجەم تاكەكانی ئەم میللەتە هاتۆتە ئاراوە،كە ئەمەش بەو مانایەیە كە هەر تاقم و تیمێك لە دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتدا بە گوێرەی تواناو دەسەڵاتی خۆی كاریگەریی سیاسی دەسەپێنێت، بە واتایەكی دیكەی ئەو سێ دەسەڵاتە(یاسادانان و جێبەجێ كردن و دادوەری)هەر یەكەیان بە مەزاج و فەرمانی سەرۆكەكانیان رەفتارو مامەڵە دەكەن،نەك وەكو كۆمەڵەیەك كە لە خزمەتی هاووڵاتیاندابن (كە هەر دەبێت بەم شێوەیە بێت)،لێرەدا دەكەوینە بەر رۆشنایی ئەو راستییەی كە ئامانجی ئەو ململانێیە لە كۆتاییدا پەكخستنی كاروباری دامودەزگاكانە كە هەڵبەتە بە زیان و تێچوونی میللەت تەواو دەبێت،چونكە ئیش و كار دەوەستێت و گەندەڵی و بێبڕوایی لە نێو كارمەندانی دامەزراوەكاندا تەشەنە دەكات، كەواتە كار تەنیا بۆ بەرژەوەندیی حزبی سیاسی و تاقم و دارودەستەكەی دەسەڵات رایی دەكرێت و هەر لایەنەیش هەوڵ دەدات تا پێی بكرێت دەست بەسەر دەزگادا بگرێت.
پێویستە هاووڵاتیان لەوە تێبگەن كە مەبەست لە سەربەخۆیی و بێلایەنیی هەرسێ دەسەڵات مانای ئەوە نییە كە لەیەكدی دابڕێن، یان بخرێنە بەرەی دژ بەیەك هەروەك ئێستا ئەمە لە عیراقی تازەدا بەرچاو دەكەوێت،بەڵكو مانای سەربەخۆیی ئەم دەسەڵاتانەیە بە هەموو دامەزراوەكانیانەوە،هاوكات رێكخستنیان بە یاسا لە چوارچێوەی دەستوورێك كە دەسەڵاتی شیاوی خۆیان پێ بدات بە شێوەیەك ئیش وكاری خۆیان بكەن و ئەو ئامانجانە بپێكن كە لە پێناویاندا هاتوونەتە كایەوە،لێرەشدا پێویستە ئاماژە بە ئەركی گەورەترین ئەو دەسەڵاتانە بكەین ئەویش دەسەڵاتی دادوەرییە كە دەبێت یاسا بكات بە بنەمای كاروباری خۆی نەك بە پێی لێكدانەوەو حەزو خولیاو بەرژەوەندی ئەم و ئەو رەفتار بكات، هاوكات ئاماژە بۆ رۆڵی پەرلەمانی هەڵبژێردراو بكەین لە بواری یاسادانان وبەرپرسیارێتییەكەی لە دەستە سەربەخۆكان لەگەڵ رۆڵی سانسۆری، بەڵام ئەمەیان لە وڵاتی ئێمەدا بەرچاو ناكەوێت،هۆیەكەشی لەوەدایە كە دەیان دادوەر لە دادگاكاندا كاردەكەن بەڵام چاویان بڕیوەتە فەرمان و ئەو گوشارانەی كە سەرەوەی خۆیان بۆیان دەردەكەن،ئەوە بێجگە لە پەیوەندیی تایبەتییان لەگەڵ بەرپرسانی دامەزراوەكانی جێبەجێ كردن بە تایبەتی سەرۆكی دەسەڵات،بۆیە بە شێوەیە ئیش و كار رایی ناكرێت و ئەو كەشتییەش بەسەلامەتی لە كەناری سەقامگیری لەنگەر ناگرێت.
خوێندنەوەمان بۆ ئەم بابەتە وێڕای ئەنجامە خوێناوی و تراژیدیایەكانی، ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كە كاری دامەزراوەیی لە دەوڵەتێكی گەورەی وەك عیراق و لە سایەی ئەو سیستەمە سیاسییەیدا لە هەرەس و رووخان نزیك بۆتەوە و دەرئەنجامی زۆر خراپتری بەدوادا دێت ئەگەر فریای نەكەوین و رێگە بدەین بەوانەی كە لە بەڕێوەبردنی كاروباری وڵاتدا شكستیان هێناوە.
بۆ چارەسەركردنی ئەم رەوشە،پێویستە بوار بە میللەت بدەین تا رەفتاربكات، چونكە هەرئەوە خاوەنی ئیرادەی راستەقینەی گۆڕینی ئەم ئاراستەیەو بتوانێت دەسەڵاتێكی سیاسی بۆ خۆی هەڵبژێرێت و بەمەش دەوڵەتی دامەزراوەیی كارا بنیاد بنێت كە ئەركی سەرەكیی ئەو دەوڵەتەش بنیادنان و پێشكەوتن و بەدێهێنانی داواو داخوازییە رەواكانی میللەت بێت،نەك گاڵتەكردن بە چارەنووسی، هەروەك ئەمڕۆ لەم عیراقەدا بەدی دەكەین.
دیارە شێوازی فیدرالیەت بۆ بنیادنانی دەوڵەتی عیراق و سەركەوتنی كاری دامەزراوەیی لە كوردستان باشترە كە بكرێت بە نموونەیەكی كاریگەرو بنیادنەر لە رێبازی رێكخستنەوەی بارودۆخەكەو دروستكردنی هاوپەیمانیی نیشتمانیی تازەو كارا لە نێوان رەوتی دیموكراسی و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردو سەركردایەتییەكەی لە سۆنگەی چاوخشاندنەوە بە بەرنامەی ئاوەدانی و پەرەپێدان، بەڵام ناوەڕۆكی بەرنامەكە نابێت پشت بە سۆز و كلتووری هاوپەیمانێتی و رەگەزو بیروبۆچوون ببەستێت، بەڵكو دەبێت لەسەر بنەمای تەواوكاریی كۆمەڵایەتی لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵای وڵات بێت،ئەویش بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بە چاودێریی رێكخراوە نێو دەوڵەتییەكان و تەرخان كردنی هەموو جۆرە تواناو لێهاتوویی و شارەزاییەك بۆ كاركردنی دامەزراوەكان و زیاتر پشت بەستن بە كارامەیی و عەقڵی زانستی لە تكنۆكراتەكان و بەلاوەنانی هەموو جۆرە شێوازێكی تایەفەگەری و ئینتیمای تەسكی حزبی،دواتر پابەندبوون بە یاسا و رێنمایی و رێساكانی كاری دامەزراوەیی.
لە كۆتاییدا پێویستە بەر لە هەموو شتێك نیازپاكی لە هەر هەنگاوێكی كاری دامەزراوەیی رەچاو بكرێت و پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەكان ئاسایی بكرێنەوەو بەو دیدە سەیری ئیشوكاری هەر یەكێكیان بكرێت كە تەواوكەری یەكدین و تۆوی دیموكراتییەت و گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لە ناخی تاكەكانی ئەم میللەتەدا بڕوێنین و كەسی شیاوو بە تواناش ئەركی راپەڕاندنی ئیش و كارەكان لە ئەستۆ بگرێت و لە بواری بەڕێوەبردندا رەچاوی ئاستی دڵسۆزی و وەلاوەنانی بەرژەوەندیی حزبی بكرێت و بەمەش عێراقێكی دیموكرات و پێشكەوتوو دێتە دی.
Top