ده‌وڵه‌ت یا دیموکراسی دوالـیـزمێکـی بێ‌مانا
February 21, 2013
وتار و بیروڕا
زۆربه‌ی ره‌خنه‌و بۆچوونه‌کان له‌باره‌ی پرسی «ده‌وڵه‌تی کوردستان» به‌ئاڕاسته‌یه‌کی ئیستهلاکی و نه‌گونجاودا ده‌ڕوات. بابه‌تیی نه‌بوون وایکردووه هه‌ندێک خودی پرسه‌که ره‌تکه‌نه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی که ئێسته ده‌سه‌ڵاتی له‌حکومه‌تدا هه‌یه. گه‌نده‌ڵیش هۆکارێکه ئه‌گه‌ری دروستکردنی «ده‌وڵه‌تی باش» سه‌رنه‌گرێ. به‌هانه‌یه‌کی ديكەیش ئه‌وه‌یه که بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌ت راست نییه، چونکی ته‌نها دروشمسازی و پروپاگه‌نده‌یه به‌پێی بۆنه‌کان و رووداوه‌کان. جگه‌له‌وه‌ی دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی دیموکراسی به‌بێ دیموکراسیخواز ناکرێ. ئه‌م گومان و ره‌خنانه تائه‌و شوێنه ره‌واوو گونجاون که به‌مه‌به‌ستی بیرکردنه‌وه‌و کارکردن بێ بۆ ده‌وڵه‌ت، ده‌نا هیچ که‌س به‌تۆبز نه‌هێنراوه‌ته ژێر باری بیرکردنه‌وه‌و کارکردن بۆ ده‌وڵه‌ت.
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا کاتێ باسی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی دێته‌ئاراوه، کۆمه‌ڵێک به‌هانه‌و پاساو ده‌چنه شوێنی لۆجێکی بیرکردنه‌وه له بابه‌ته‌که. ئه‌گه‌رچی پێشتر ئه‌و پاساوانه‌م به‌درێژی شیکردۆته‌وه که جگه‌له «میکانیزیمی خۆساردکردنه‌وه» هیچی دیکه‌ی پێنییه. به‌ڵام دواهه‌میین «داهێنان» له‌پاساوسازیدا پرسیارێکی ریتۆریکی و مشتومڕخوازه‌یه: ئایا دیموکراسی پێش ده‌وڵه‌ته یا ده‌وڵه‌ت ئینجا دیموکراسی؟ وه‌ک ئه‌وه‌ی مێژوو و رووداوه‌کان چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌بێ و له‌جێی خۆی بوه‌ستێ!
کامیان: دیموکراسی یا ده‌وڵه‌ت؟
ئه‌گه‌رچی هه‌موو پرسیارێ شیاویی خۆی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێ بابه‌ت ناکرێن به‌پرسیار. له‌به‌رئه‌وه‌و بڕیارێکی پێشوه‌خته وه‌ک پرسیاری لێکراوه. ئایا قه‌واره‌ی سیاسی بۆ کوردستان له‌پێشتره له‌باسکردنی دیموکراسی و مافه‌کان؟ ئه‌مه وه‌ک ئه‌م پرسیاره‌یه: ئایا ده‌کرێ له‌بیناسازيی کۆشکێکدا هه‌زار وه‌ستاو ئه‌ندازیارو بڕیارده‌ر هه‌بن؟ ئایا سه‌رۆکاری کۆشکه‌که بکرێته پرۆسه‌یه‌کی ده‌نگدان و به‌د‌یموکراسی بکرێ؟ ئایا ئه‌م پرۆسه‌یه رای جیاواز هه‌ڵده‌گرێ؟
پێموایه وه‌ڵامی ئه‌قڵی ساغ ئه‌مه‌یه؛ نه‌خێر. به‌ڵام بۆ بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که چ سیستمێ پاش دروستبوون هه‌بێ، ئه‌وه پرسێکی پاش پرۆسه‌که‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ش که دیموکراسی خۆی پاش ده‌وڵه‌ت و له پێکهێنانی حکومه‌تدا ده‌بێته پرسی وتووێژ. چونکی به‌نده به‌حوکمه‌وه، جه‌وهه‌ری ده‌و‌ڵه‌تکردن نییه، واته سازکردن نییه وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌ک. ئیدی پرسی دیموکراسی وه‌ک سیستمی حوکمڕانی به‌نده به‌پرۆسه‌ی حکومه‌ت و سیاسه‌ته‌وه، نه‌ک خودی ده‌وڵه‌ت وه‌ک دامه‌زراوەیە‌کی فه‌رمی و خاوه‌ن سیستمی سیاسی و سه‌روه‌ره‌ی.
بۆیه ئێمه له‌پرۆسه‌ی به‌دەو‌ڵه‌تکردندا باسی دیموکراسی ناکه‌ین، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی دیموکراسی گرنگ نییه‌و ئامانجێک نییه له‌ژیانی سیاسیی‌دا، به‌ڵکو له‌سه‌رووه‌ختی دامه‌زراندندا پێگه‌ی ده‌وڵه‌ت خۆی بیری لێده‌کرێته‌وه نه‌ک حوکمڕانی و سیستمی به‌ڕێوه‌بردن. حوکمڕانی پرسیاری یه‌که‌م نییه، چونکی پرسی ده‌وڵه‌ت هێنانه‌بوونه، له‌نه‌بوونه‌وه بۆ واقیع. واته پرسێکی ئۆنۆتۆلۆجیه. له‌به‌رئه‌وه پرسیاری: دیموکراسی یا ده‌وڵه‌ت، به‌جۆرێ سه‌یری ره‌وتی روداووه‌کانی مێژوو ده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشهاته‌کان هه‌مووی به‌ده‌ست ئێمه‌بێ و پێشتر ئێمه بێین له‌سه‌ر مێز بیبڕێنینه‌وه، ئه‌وجا چه‌رخی مێژوو به‌جۆره هه‌ڵسوڕێ که‌خۆمان میله‌که‌یمان خستۆته‌سه‌ر! من ئه‌م بۆچوونه بۆ مێژوو به «رۆبۆتی مێژوو» ناوده‌به‌م. چونکی پێی وایه مێژوو پرۆگرامکراوه و کۆنترۆڵه‌که‌شی له‌دووره‌وه دراوه‌ته‌ده‌ستمان!
جگه‌له‌وه‌ش ئه‌م پرسیاره (Typical) زۆر کوردانه‌یه که له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه بیرده‌کاته‌وه که مێژووی ده‌وڵه‌ت تائێستا له‌ناخیدا نه‌خشاندوویه‌تی. ئه‌م دیده که‌ڵه‌که‌بوویه‌کی مێژووییه که له سه‌رکوتکردنی دامه‌زراوه‌ی «ده‌وڵه‌ت»دا بۆ ئێمه‌ی کورد سه‌رهه‌ڵده‌دات. کوردێ که هه‌میشه له‌هه‌مبه‌ر بیرۆکه‌ی ده‌وڵه‌تدا رۆڵێکی یاخیگه‌رو دژه‌ده‌وڵه‌تی هه‌بووه، زۆر به‌ئاسانی ناتوانێ له‌چییه‌تی و گرنگی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه بگات. ئیدی ئه‌زموونکردنی ده‌وڵه‌ت لای کورد ته‌نها له‌ڕێی ده‌وڵه‌ته سه‌رکوتکه‌ره‌کانی تورکیا‌و ئێران و ئێراق و سوریا یا زلهێزه جیهانیه‌کانه‌وه بووه. بۆیه بیرۆکه‌ی ده‌وڵه‌ت هاوتای ترس و ره‌تکردنه‌وه‌یه. مرۆڤی ئێمه ده‌ترسێ که‌جارێکیتر کوته‌کی خۆماڵی بهێنێته‌ئاراوه له‌ژێر‌ناوی ده‌وڵه‌تدا.
بۆیه پرسیاره‌که نه‌شیاوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌کرێ ته‌نها له‌رووی تێورییه‌وه باسی لێوه‌کرێ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌وێشدا خۆی راناگرێ چونکی نه‌زۆکه. به‌ده‌رله‌وه‌ش باسکردن له‌ده‌وڵه‌ت له نه‌بوونه‌وه، جیایه له‌چییه‌تی ده‌وڵه‌ت و ره‌وایه‌تی پاش دروستبوونی. سه‌ره‌ڕای تێکه‌ڵاوکردنی چه‌مکی «حکومه‌ت» و «ده‌وڵه‌ت» و «سیستم»، وایکردووه قسه‌وباسی سیاسی له‌وباره‌وه ناڕوون و چه‌واشه‌کاری تێبکه‌وێ. ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌کی فه‌رمییه که به‌شێوازێکی سیستماتیکی سیاسه‌ت پیاده‌ده‌کات. حکومه‌تیش وه‌ک پێکهاته‌یه‌ک ناتوانێ به‌بێ سیستم کاروباری ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رێ. بۆیه حکومه‌ت ئه‌و هێزه مرۆییه‌ی ده‌وڵه‌ته که به‌فه‌رمی ماف و ئه‌رک و ره‌وایه‌تی به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات و هێزی هه‌یه له‌ڕێی ئه‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵا‌تدان. که‌واته ده‌وڵه‌ت پێشمه‌رجه بۆ حکومه‌ت و فۆرمێکی پێشکه‌وتووی کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسییه که هۆشیاریی ئه‌قڵانی و سیستماتیک ده‌یهێنێته‌بوون، هه‌ر ئه‌و ئه‌قڵه‌ش بیر له ئاکام و ئه‌رکه‌کانی ده‌کاته‌وه له‌به‌رامبه‌ر هاووڵاتیان و کۆمه‌ڵگه.
ده‌وڵه‌ت و سته‌م
کێشه‌که ئه‌وه‌یه وابزانیین دروستبوونی ده‌وڵه‌ت، له‌دایکبوونی سته‌مکاره. سته‌مکار له ئه‌نجامی نه‌بوونی کولتوری دیموکراسی و هۆشیاری ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی مرۆڤه‌وه‌یه نه‌ک دروستبوونی ده‌وڵه‌ت خۆی. ده‌وڵه‌ت بونیادی سته‌م نییه، به‌ڵکو سته‌م و دیکتاتۆرییه‌ت رژێم و کولتورێکه که دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت داگیرده‌کات. ئیدی هۆکاری سته‌م خودی ده‌وڵه‌ت نییه، به‌ڵکو نه‌بوونی کولتوری دیموکراسی و هزری دیموکراسیخوازه. جا سته‌م وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی کولتوریی، ده‌وڵه‌ت هه‌بێ یا نا کاری خۆیده‌کات. بۆنموونه له‌کۆمه‌ڵگه‌ی خۆماندا سته‌م و جۆره‌کان له‌فۆرمی په‌یوه‌ندی و کرده‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا هه‌یه، ئیتر به‌ندنییه به ده‌وڵه‌ته‌وه به‌ڵکو ره‌نگدانه‌وه‌ی هزرێکی گشتی له‌کایه‌کانی کۆمه‌ڵدا.
له‌به‌رئه‌وه نابێ ترس له ده‌وڵه‌ت بکرێته هۆکار بۆ دروستنه‌کردنی. دیموکراسیی و ده‌سه‌ڵاتی لیبراڵ به‌نده به‌هۆشیاریی خه‌ڵک ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تیش نه‌بێ. سیستمی دیموکراسی بێ مرۆڤی دیموکرات نایه‌ته‌دی، ئه‌مه به‌ڵگه‌نه‌ویسته. باسکردنی ده‌وڵه‌ت به‌بێ له‌دایکبوون هاووڵاتی نه‌بووه. له‌فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی‌دا ده‌وڵه‌ت له‌به‌رامبه‌ر هاووڵاتيدا ده‌بێته چه‌مک و بنه‌مایه‌ک. هاتنه‌ئارای ده‌وڵه‌ت پرسی هاووڵاتیبوون و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ته‌ک خۆیدا هه‌ڵده‌گرێ. ئیدی له‌دایکبوون هاووڵاتی ته‌ریبه به‌چه‌مکی ده‌وڵه‌ت، چونکی رۆڵ و ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت له‌ڕێی چییه‌تی چه‌مکی هاووڵاتیه‌وه ده‌ستنیشانده‌کرێ. له‌به‌رئه‌وه کێشه‌ی ماف و هاووڵاتێتی و پاراستنیان، بنه‌مایه‌کی سیاسییه له‌چه‌سپاندنی مافه‌کانی هاووڵاتی کۆمه‌ڵگه.
بۆیه زۆر له‌وترسه سه‌باره‌ت به‌سته‌م و ده‌وڵه‌ت ئه‌نجامی دۆخێکی سایکۆلۆجیی که‌ڵه‌که‌بووی ئه‌زموونه مێژوییه‌کانه که‌تائێستاش له‌یاده‌وه‌رییدا وه‌ک حه‌یزه‌ران و کوته‌ک و باج و سه‌رانه ماوه‌ته‌وه. بۆیه ئه‌و لێکدانه‌وه ده‌مانخاته به‌رده‌م پرسیارێکی نه‌گونجاو: سته‌مکاری و نه‌بوونی ديموکراسی ده‌وڵه‌ت، یا سته‌مکاری و نادیموکراسی نارێکخراو به‌بێ ده‌وڵه‌ت؟ به‌ڵام ئه‌م پرسیاره‌ش ده‌مانخاته چوارچێوه‌یه‌کی نه‌خوازراوه‌وه.
دیموکراسی سیستمی دژه‌کان
ئه‌وانه‌شی دیموکراسی وه‌ک پێشمه‌رجێ بۆ ده‌وڵه‌ت داده‌نێن، ده‌بێ له‌راستی ئه‌و سیستمه تێبگه‌ن. ده‌کرێ پێناسه‌ی دیموکراسی وابکه‌ین «سیستمێکی دژبه‌یه‌ک و ناکۆکه. یه‌کایه‌تی بنه‌ما نییه، به‌ڵکو ناکۆکی له‌خۆیدا». له‌دیموکراسیدا به‌شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی بنه‌بڕکردنی ململانێ و جیاوازیه‌کان نادرێ، به‌ڵکو ئاڕاسته‌کردنی ئاشتی و گره‌نتی مانه‌وه‌یان ده‌کرێ. چونکی ناتوانرێ جیاوازی و ناکۆکیه‌کان بسڕینه‌وه، مه‌گه‌ر ته‌نها رژێمێکی سته‌مکارو دیکتاتۆر نه‌بێ که جگه‌له‌وه‌ی گیانی یاخیبوون و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه دروستده‌کات. له‌م باره‌شدا ده‌سه‌ڵات به‌هێزی زه‌بروزه‌نگ خۆی ده‌سه‌پێنێ و ده‌چه‌سپێنێ، نه‌ک رێگه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه.
ئه‌وانه پێیان وایه تا دیموکراسی فۆرمی خۆی وه‌رنه‌گرێ، ده‌وڵه‌ت زووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێسته له رێی ده‌وڵه‌ته‌وه به‌ره‌و ره‌هایه‌تی ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوات. ئه‌مه گومانێکی ناواقیعییه له‌به‌رئه‌وه‌ی شتێک نییه له کوردستان له‌ژێر رکێفی «یه‌ک ده‌سه‌ڵات»بێ به‌مانای باوه‌که‌ی سه‌رتاسه‌ریی و گشتگیربێ. ئه‌وه‌ی که هه‌یه، فره‌که‌ناڵه‌کانی به‌کارهێنانی هه‌ندێ ده‌سه‌ڵاتی ئاماده‌یه که پێدراوی نه‌ریت، ئایین، پێگه‌فه‌رمییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانن. واته ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌کی و ناوکۆیی نییه که له‌سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندی تاک و گروپ و حزبه‌کانه‌وه یا ئایین و نه‌ریته‌وه‌بێ. بۆیه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی که رامکراوه له‌و که‌ناڵانه‌دا ئه‌رکی خۆی نابینێ. ده‌سه‌ڵات هه‌ر گوتار نییه، به‌ڵکو کرده‌وه‌و جێبه‌جێکردنه.
* مامۆستای فەلسەفەی سیاسی و كۆمەڵایەتی-زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر