گرفتاری و گیرخواردنی كوردەكانی سووریا و ئەمەریكا

گرفتاری و گیرخواردنی كوردەكانی سووریا و ئەمەریكا
لە كاتێكدا كە ڕەوشی ئەمنی سووریا لە خراپەوە بۆ خراپتر دەچێت، دانیشتووانی كوردی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی هەندێك بڕیاری سەخت و زۆرجار ناهەموار دەبنەوە. بە زۆری، كوردەكانی سووریا هەوڵیانداوە لە پەراوێزی شەڕەكەدا بن. كاتێكیش تێوەگلاون، بۆ ئەوە بووە كە ڕێگە نەدرێت پشێوی باڵ بەسەر ئەو ناوچانەدا بكێشێت كە ئەوان تیایاندا زۆرینەن. ئەمەش سەری كێشا بۆ پێكهێنانی هێزگەلێكی بەرگری لەخۆكردن بۆ پاراستنی شارۆچكەو گوندە كوردییەكان.
لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕەكەدا، كوردەكانی سووریا بۆ خاتری پاراستنی ئەم هاوسەنگییە زیاتر دوچاری دژواری بوونەوە، هاوسەنگی بۆ ئەوەی لەلایەكەوە بەرژەوەندییەكانی خۆیان بپارێزن و لەلایەكی دیكەشەوە خۆیان لە تێوەگلان بە شەڕی نێوان هێزەكانی حكومەت و هێزە یاخیبووەكان لابدەن. وتارێك كە لە 22ی كانونی دووەمدا لە نیویۆرك تایمز بڵاوبۆوە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ژمارەیەكی زیاتری كوردەكان پێوەندی بە هێزە یاخیبووەكانەوە دەكەن بۆ ئەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد بڕووخێنن. پەیامنێرەكەی تایمز باس لەوە دەكات كە «سەدان» جەنگاوەری كورد پێوەندییان بە سوپای سووری ئازادی یاخیبۆوە كردووە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەیان هەزار كورد لە باكووری ڕۆژهەڵاتدا دەژین كە توانای شەڕكردنیان هەیە، ئەوا ئەمە ڕێژەیەكی گەورەو گرنگ نییە. لەوەش زیاتر، ئەو ڕۆژەی ئەم چیرۆكەی تایمز بڵاوبۆوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز هەواڵی پێكدادانی خوێناوی نێوان گرووپە چەكدارە كوردییەكان و جەنگاوەرە یاخیبووەكانی بڵاوكردەوە، ئەم پێكدادانانەش لە هەفتەی ڕابردوودا ڕوویانداوە و بەلای كەمەوە بوونە هۆی كوژرانی 56 كەس. تەنانەت هێزە یاخیبووەكان تانك و هاوەنیان دژی كوردە ڕكابەرەكانیان بەكارهێنا.
هیچ هۆكارێك نییە وا لە كوردەكانی سووریا بكات ئەسەدیان خۆشبوێت. لە ماوەی حكومڕانیەتەكەی -بەشار- و باوكیدا، حكومەتەكەی دیمەشق چەندەها كاری سەركوتكردن و كاری دڕندانەی زەقی دەرهەق بە كورد ئەنجامداوە. بەڵام عەرەبە سووننەكان، كە پشتیوانییەكی بەهێزیان لێدەكرێت لەلایەن سعودیەو توركیاوە، باڵادەستن بەسەر یاخیبوونەكەدا. زۆربەی پشتیوانیەكەی ئەسەدیش لە ناوخۆوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش لە تائیفەی عەلەویەكانەوە، هاوشان بە پشتیوانی هەندێك لە مەسیحی و درووز. لەبەر ئەوەی هەموو ئەم گرووپانە نیگەرانن لە سەپاندنی دیكتاتۆرێكی عەرەبی سوننە ئەگەر هاتوو یاخیبووەكان سەركەوتن.
لە ڕاستیدا هیچ لایەك لەم دوولایەنە جێی سەرنجڕاكێشانی كوردەكان نین. ڕژێمی ئەسەد ڕژێمێكی ناسراوەو سەلماندویەتی كە دۆستی بەرژەوەندییەكانی كورد نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەری ئەوە هەیە سوپای ئازادی سوریا خراپتر بێت. نەك تەنیا باڵادەستبوونی زیاتری ئیسلامیەكان (لە نێویاندا شەڕكەرە دەرەكیەكان كە هاتوونەتە ناو سووریاوە) بەسەر سوپای سووری ئازاددا، بەڵكو پشتیوانی گەرموگوڕی ڕیازو ئەنقەرەش بۆ بزووتنەوەی یاخیبوون، كوردەكانی نیگەران كردووە. هەرگیز سعودیە دۆستی كورد نەبووە لە هیچ جێیەك، و توركیاش دۆست نەبووە. ئاشكرایە سەرهەڵدانی ڕژێمێكی نوێ كە سووننەكان باڵادەستبن بەسەریدا و قەرزارباری ڕیاز و ئەنقەرە بن، لە بەرژەوەندی كوردەكاندا نابێت كە مەیلێكی پتر عەلمانیان هەیەو چاویان لە ئۆتۆنۆمیە.
واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ دووچاری تەنگژەیەك بوونەوە بەهۆی ئاكامەكانی شەڕی ناوخۆیی سووریا لەسەر كوردەكان. شاردراوە نییە كە هێزەكانی ڕۆژئاوا خوازیاری ڕووخانی ئەسەدن. نەك تەنیا لەبەر ئەوەی حكومڕانێكی خوێنڕێژە، بەڵكو لەبەر ئەوەش كە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئێرانە، و هێزەكانی ناتۆ لە هەوڵی لاوازكردن و گۆشەگیركردنی زیاتری تەهراندان.
هەرچۆنێك بێت، سیاسەتداڕێژەرانی ئەمەریكاش نیگەرانن لەبارەی ئیختیراقكردنی ئیسلامیەكانەوە بۆ بزووتنەوەی یاخیبوونی-سووریا-. زۆرێك لە سیاسیە دیارەكان لە ئەمەریكا درك بەوە دەكەن كە لە نێو تێكڕای دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كوردەكان، ئیتر لە عێراق بێت، یان سووریا یان توركیا لە هەموویان زیاتر پرۆ ڕۆژئاوایی(و بە تایبەتی پرۆ ئەمەریكایین). ئەگەر دوچاری دڕەندەیی و كاولكاری ببنەوە لەسەر دەستی سوپای سوری ئازادی پشتیوانیكراو لەلایەن ئەمەریكاوە، ئەوا واشنتۆن خۆی لە دۆخێكی نەگونجاودا دەبینێتەوە.
لە كاتێكدا كە پێدەچێت كە زیاتر و زیاتر پاراستنی ئەم هاوسەنگییە لەلایەن كوردەكانی سووریاوە قورستر بێت، ئەوا پێویستە ئیدارەی ئۆباما بڕیارێكی قورس بدات لە چەند مانگی كەمی داهاتوودا. –ئەمەریكا وەك ڕێگاچارەی یەكەم-دەتوانێت بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنی یاخیبوونەكان كە حاڵی حازر زۆربەی هاوكارییەكانی لە توركیای هاوپەیمانی واشنتۆنەوە وەردەگرێت كە لە هەمان كاتدا ئەندامی ناتۆیە. بەڵام ئەم ڕێڕەوە نەك هەر تەنیا سەردەكێشێت بۆ دروستبوونی حكومەتێكی نوێی سوریا كە نەك هەر تەنیا دۆست نابێت بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، بەڵكو كوردەكانیش سەركوت دەكات كە پرۆ ڕۆژئاوایین. ڕێگاچارەی دووەم بریتیە لە پشتیوانیكردن لە خەونی كوردی سووریا بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی، بەڵام ئەم هەنگاوە توركیا توڕە دەكات( هەروەها ڕیازیش)، بەمەش مەترسی دروست دەبێت لەسەر پشتیوانی كردنی ئەم حكومەتانە- ئەنقەرە و ڕیاز- بۆ ئامانجەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دوایین ڕێگاچارە بریتی دەبێت لە گرتنبەری هەڵوێستی ئەوپەڕی بێلایەنی، بەڵام حاڵی حازر واشنتۆن ئەوەندە قووڵ تێوەگلاوە لە ناكۆكی ناوخۆیی سووریادا كە قورسە هەڵوێستی بێلایەنی بگیرێتەبەر و جێبەجێ بكرێت. لە هەر حاڵەتێكدا، لە خراپتربوونی ڕەوشی ئەمنی سووریادا فشارەكانی سەر ئەمەریكا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی كوردەكاندا زیاتر دەبن.
Top