ئاماژەکانی بەشداری سەرۆک بارزانی لە مونتەدای داڤۆسدا

ئاماژەکانی بەشداری سەرۆک بارزانی لە مونتەدای داڤۆسدا
لە ڕۆژانی 23-27/1/2013 مونتەدای ئابووری جیهانی لە داڤۆس، کۆنگرەی ساڵانەی خۆی ئەنجام دا. مونتەدای ئەمساڵ، جیاوازتر لە ساڵانی پێشووتر، لە قۆناغێکی هەستیاری جیهانیدا بەسترا.
ئەمساڵ، بە بەشداری 45 سەرۆک دەوڵەت و 900 سەرۆکی جێ بە جێ کاری کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وبە گشتی بەشداری 2500 بەشدار بوو لە کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی و زانستی جیهانی، کە بانگهێشتی تایبەت کرابوون، کۆنگرەکە بەرێوە چوو.
بەشداری سەرۆک بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی یاوەری لەم کۆنگرە جیهانییە گرنگەدا، هەڵگری کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگن بۆ ئێستا و ئاییندەی کوردستان.
مونتەدای ئابووری داڤۆس چییە؟
مونتەدای ئابووری جیهانی، دامەزراوەیەکی نا حکومی نێودەوڵەتییە، لە ساڵی 1971 دامەزراوە، بارەگای سەرەکی لە سویسرایە، بایەخ بە باشترکردنی بارودۆخی جیهان دەدات، لە ڕێگای ڕەخساندنی دەرفەتی پێویست بۆ گفتوگۆ و یەکتر بینین و دیالۆگ لە نێوان کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمی و بیزنیسکارانی جیهانی، تا پێکەوە لەسەر دۆخی هەنووکەیی جیهانی لە بوارە جیاجیاکان قسە بکەن و پێکەوە خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ رەنگڕێژکردنی رۆژەڤی جیهانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڕاستەی رەوتی ڕووداوەکان و وەڵامگۆیی بۆ ئالەنگارەکانی(تەحەدیاتی) ئاییندە.
شوێنی ئەو کۆبوونەوە ساڵانەیە لە داڤۆسی سویسرایە، هەر بۆیە بە مونتەدای داڤۆسیش ناسراوە. زۆرجار وەک پلاتفۆرمێکی بێ لایەن بە کارهاتووە بۆ هێورکردنەوەی تەنگژە نێودەوڵەتی و هەرێماییەتییەکان و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، بە نموونە لە مونتەدای ساڵی 1988 دا، تورکیا و یۆنان گەیشتنە رێککەوتنێکی گرنگ و بە هۆیەوە هەردوو وڵات لە لێواری شەڕێکی گەورە گەڕانەوە، لە 1992 نیلسۆن ماندیلا و دی کلارکی سەرۆکی ئەوکاتی ئەفریکای باشوور بۆ یەکەمجار لە دەرەوەی وڵاتەکەیان پێکەوە لەو مونتەدایە دەرکەوتن و هەنگاوی گرنگیان بۆ قۆناغی دواتر هاوێشت. لە ساڵی 1994 یاسرعەرەفات و شیمۆن پێرێزی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئیسرائیل، پێکەوە لە مونتەدای داڤۆس رەشنووسی ڕێککەوتنی غەززە – ئەریحاییان داڕشت.
بە گشتی ئەم مونتەدایە، ناوەندێکی گرنگی جیهانییە بۆ گەیاندنی پەیام و هەڵوێستی بەشداربووان لە سەر کۆی هاوکێشە جیهانی و ناوچەییەکان. بۆ ئێمەی کوردیش، بەشداری سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم، ئاماژەی گەورەن . لەوانەش:
1- بانگهێشتکردنی سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەهێزیی پێگەی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانن لە هاوکێشە هەرێماییەتیەکان و کاریگەری هەرێم لە سەر ڕەوتی ئێستا و ئاییندەی ئەو هاوکێشانە بە تایبەت لەو بابەتانەی کە لە مونتەداکەدا باس کراون.
2- جەختکردنەوەیە لە سەر پێگەی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕووی سەقامگیری ئاسایش و پێشکەوتنی ئابووری و گەشەسەندنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و یەکسانی ڕەگەزیی و ئازادییەکان .
3- ئاماژەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتنی زیاتری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بڕیار بەدەستەکانی جیهان، بەوەی کە هەرێمی کوردستان چیدی وەک دەیەکانی پێشووتر ناتوانرێت تەنیا لە چوارچێوەی ستراتیژییان بۆ وڵاتانی ناوچەکە ( عیراق، تورکیا، سوریا، ئێران) مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بۆ خۆی ئێستا هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەوفاکتەرانەی لە ئاماژەی دووەم باسمان کردن بووەتە فاکتەرێکی کارتێکەر لە ناو هاوکێشەکاندا.
4- بەشداری سەرۆک بارزانی ئاماژەیەکی دیکەی گرنگی سەرکەوتوویی ستراتیژیی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستانە لە گرتنەبەری مامەڵەی فرە ڕەهەند لەگەڵ هیز و ناوەندە هەرێمایەتی و جیهانییەکان، خۆ یەکلایی نەکردنەوە لە بلۆک بەندییە ئایدیۆلۆژی و سیاسیەکان، وەستان لەگەڵ رەوتی دیموکراسی و ئازادی گەلان و رەتکردنەوەی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان. خودی کۆبوونەوە هەمەجۆرەکانی سەرۆک بارزانی سەلمێنەری ئەو ئاماژەیەن کە تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە، سەرۆک بارزانی ئەم دیدا و چاوپێکەوتنانەی هەبووە( دیدار لەگەڵ هەریەک لە شا عەبدوڵای ئوردون، سەرۆک وەزیرنی هۆڵەندا، لوبنان، شاندی کۆنگرێسی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی سویسرا، سەرۆکی ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، سەرۆکی جێبەجێ کاری کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل، جێگری سەرۆکی شیڤرۆن وکۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی و چەندین دیداری دیکەی گرنگ، بەشداری سەرۆک بارزانی لە کۆڕێکی داخراو لەسەر جیۆپۆلەتیکی بەهاری عەرەبی و خستنە ڕووی تێڕوانینی کورد و هەرێمی کوردستان بۆ پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەم کۆڕەدا جگە لە سەرۆک بارزانی هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی دانیمارک و لیبیا و مەغریب و فەلەستین و سەرۆکی مەنگۆلیا و وەزیری دەرەوەی تورکیاو عومەر موسا و کۆفی ئەنان تێیدا بەشدار بوون. )
5- ئاماژەیەکی دیکەی گرنگی بانگهێشتکردنی سەرۆک بارزانی، بە فەرمی ناساندنی سەرکەوتوویی سیاسەت و سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانییە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرێوەبردنی هەرێم لە قۆناغە هەستیارەکان و گەیاندنی بە رۆژگاری ئەمڕۆ و ئاڕاستەکردنی بۆ ئاییندەیەکی گەشتر. ئەمەش جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانە لە تێڕوانینی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ عێراق کە بە یەکێک لە ولاتە شکست خواردووەکانی جیهان لە قەڵەمی دەدەن .
6- ئاماژەیەکی دیکەی گرنگ، مامەڵە کردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی وەک نوێنەرایەتی دەنگی کورد لە هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڕاستەکانی ئاییندەیی، واتە بەشداری سەرۆک بارزانی، بە تەنیا نوێنەرایەتی کردنی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵکو نوێنەرایەتی نەتەوەی کورد بووە لەم مونتەدا گرنگەی جیهان .
بە پێی زانیارییەکانی ئێمە، پاش ئەم سەردانە سەرکەوتووە بۆ سویسراو بەشداری لە مونتەدای داڤۆس، سەرۆک بارزانی لە دوو وڵاتی دیکەی گرنگی جیهان کۆبوونەوەی فەرمی دەبێت . ئەمانەش هەمووی ئاماژەی راستی و دروستی سیاسەتی ئێستای سەرۆک بارزانی و ئومێدی کۆمەڵگای پێشکەوتووی نێودەوڵەتییە پێیان تا بتوانێت، هەرێمی کوردستان بکاتە ناوەندێکی گرنگی بایەخە جیهانیەکان.
Top