تۆلێرانس و سیاسەت
January 17, 2013
وتار و بیروڕا
تۆلێرانس (یان ئەگەر ڕەوا بێت بڵێین لێبوردەیی) لەهەموو بارێکدا خەسڵەتی کۆمەڵگای فرەکولتوورە، کۆمەڵگایەک کە زیاد لە ڕەنگێکی ئایینی و مەزهەبی یاخود ئیتنی لەخۆگرتبێت، کۆمەڵگایەک کە لە فەرهەنگی ئێستای کۆمەڵناسیدا بە کۆمەڵگای کراوە ناودەبرێت. ئەەمش لەو باوەڕەوە کە کۆمەڵگای یەک ڕەنگ ودەنگ لەڕووی ناسنامەی نەتەوەیی و زمان و ئایین و فەرهەنگەوە (ئەگەر بوونی هەبێت)، ئەوا کۆمەڵگایەکی داخراوە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش کە ئایا دەکرێت هەموو کۆمەڵگایەکی فرەکولتوور بە کۆمەڵگای کراوە بناسین؟ ئەم پرسیارە ڕاستەوخۆ دەمانباتە نێو ئیشکردن و کاریگەریی سیاسەتەوە لەسەر کرانەوە یان داخرانی کۆمەڵگا. چونکە پۆلێنکردنی کۆمەڵگاکان لەڕووی کرانەوە و داخرانەوە بە ڕیزبەندکردنیان لە خانەی فرەکولتووری یاخود تاک کولتووری، پۆلێنکردنێکی زۆر ڕووکەشیانەیە و زۆرجار دەرئەنجامی هەڵەمان پێدەبەخشێت، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە دێت کە سیاسەت وەک کاراکتەرێکی ئەکتیڤ دەکاتە دەرەوەی پرۆسەی کرانەوە یان داخرانی کۆمەڵگا و هەموو پرۆسەکە لە ئاست و کایە کولتوورییە پەتییەکەدا دەبینێتەوە، یان بەجۆرێکی دیكە لەو ڕەهەندە فرەییەوە دەڕوانێتە کۆمەڵگاکە کە ناسنامە فرەییەکەی پێبەخشیوە، بۆ نموونە بوونی زیاد لە ئایین یان مەزهەبێک لە نێوەندێکی کۆمەڵایەتیدا دەکاتە خاڵی یەکلاکەرەوە لەمەسەلەی سروشتی کراوەیی کۆمەڵگاکەدا. ئەم پێناسە و ناولێنانە لە هەر کۆمەڵگایەک هەر لەو ساتە وەختەوە شکست دەهێنێت کاتێک سیستمێکی سیاسیی تۆتالیتاری ئەرکی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو کۆمەڵگایە دەگرێتە دەست. لێرەوە مەسەلەی ناسنامەی سیستمی سیاسی لە خاڵە هەرە گرنگەکانی یەکلاکەرەوەیە چ بۆ ڕیزبەندکردنی کۆمەڵگاکە لەخانەی کۆمەڵگای کراوە یاخود داخراودا و چ بۆ ئامادبوون یان ئامادەنەبوونی کولتووری تۆلێرانس بەمانا دروستەکەی لەنێو ئەو کۆمەڵگایەدا.
لە ڕاستیدا مەسەلەی بوونی سیستمی سیاسیی تۆتالیتاری و کولتووری تۆلێرانس پێکەوە، هەردەم کێشەی تیۆری و فیکری لێکەوتۆتەوە، لەلایەک هەمیشە کەسانێک هەبوون کە بڕوایان وابووە کە بەبێ بوونی دەسەڵاتێکی گشتگیری تۆتالیتاری مەحاڵە ئەو چەترە سیاسییە بوونی هەبێت کە بتوانێت زیاد لە ناسنامە و مەزهەب و کولتوورێک پێکەوە کۆبکاتەوە، وەک بیرمەندان و بڕوادارانی ئایدیۆلۆجیە ئینتەرناسیۆنالەکان وای بۆچوون، چ مارکسیستەکان و چ ئایینییەکان و لەنێو ئەمانیشدا ئیسلامیستەکان.
کێشەی فیکری ئیسلامی لەگەڵ چەمکی تۆلێرانسدا، بەبڕوای من هەمان کێشەی فیکرییە لەگەڵ چەمکی دیموکراسیدا، لەگەڵ جیاوازییەکی سادەدا ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر بۆ چەمکی دیموکراسی، دەنگگەلێک لەنێو دنیای ئیسلامیستەکاندا هەبێت بۆ ڕەتکردنەوەی هەر ڕەهەندێکی سیستمی دیموکراسی، ئەوا بۆ تۆلێرانس ئەو دەنگە بوونی نییە، ئەگەرچی لەسەر زەمینەی واقیع و بە پراکتیک، هەڵکردنی فیکری ئیسلامیستی لەگەڵ تۆلێرانسدا هەمیشە دۆخێکی پڕ لە ئیشکالی و کێشەیە. لەلایەک ئیسلامیستەکان هەمیشە زیاد لە بەڵگەیەکی (نەقڵی)مان لە تێکستە پیرۆزەکانەوە دەخەنە بەردەست بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئیسلام چ وەک فیکر و چ وەک دەسەڵاتی سیاسی و چ وەکو کولتوور و سیستمی مۆراڵیش بۆخۆی بنەماکانی تۆلێرانسی تێدا جێگیرە، لەلایەکی دیكەیشەوە هەر مەسەلەی گشتگیریی لە حوکمداریدا و بەستنەوەی دەسەڵاتی زەمینی بە دەسەڵاتی ئاسمانەوە و لەوێشەوە بەرزکردنەوەی بونیاد و تەنانەت کەسایەتیی دەسەڵاتداریش بۆنێو تەونی پیرۆزییە ئاسمانییەکە، مەسەلەیەکە کە بەدیوێکدا ڕاست و چەپێک بە بنەماکانی دیموکراسیدا دێنێت و بەدیوێکی دیكەیشدا مەسەلەی شەرعیەتدان بە جیاوازییەکان (وەک ئەوەی کە خۆیان هەن، نەک وەک ئەوەی کە ئایین یان خواوەند و لەوێشەوە کەسی دەسەڵاتدار بیەوێت) دەبێتە مەسەلەی کێشەیەکی شەرعی و سیاسی بەرلەوەی کێشەیەکی مۆراڵی بێت. با لەوەگەڕێین کە مەسەلەی (جزیە) و پۆلێنکردنی ئینسانگەلێک بە (ئەهلی زیممە) کە لای زۆر لە بیریارانی ئیسلامی وەک بەڵگەی پێکەوە ژیان و تۆلێرانس لەنێو دنیا پراکتیکەکەی دەسەڵاتی ئیسلامیدا ئاماژەیان بۆکراوە، کە لە ڕاستیدا هەرکام لەم دوو چەمکە بەسە بۆ زانینی ئەوەی کە لەنێو ئەو دنیایەدا کە دەسەڵاتی ئایینی کۆمەڵگای تێدا ڕێکدەخات و بەڕێوەی دەبات، بوونی تۆلێرانس جگە لە وەهم هیچی دی نییە، چونکە کولتووری تۆلێرانس هەرچییەک قبووڵبکات هەرگیز پۆلێنکردنێک قبووڵناکات کە پلەبەندی تێدا بێت، هیچ بۆچوونێکیش نییە ئەو قەناعەتەم لا دروستبکات کە دوالیزمی (بڕوادار) و (بێ باوەڕ) یان ڕوونتر بڵێین (ئەهلی ئیمان وئەهلی کوفر) لە فیکرێکەوە هاتووە کە پرەنسیپەکانی تۆلێرانس هیچ ئامادەبوونێکی هەبێت لەلای. بەڵام ئایا خودی کۆمەڵگاکان لەدەرەوەی سیستمە ئایینییەکە دەشێ ئامادەی پێکەوە ژیانیان هەبێت و ئایا دەکرێت کولتوورێک شک ببەن کە ببێتە ژینگەی تۆلێرانس؟ ئەزموونی نەتەوە جیاواز و ئایین و مەزهەبە جیاجیاکانی گەلانی دنیا پێمان دەڵێن، بەڵێ ئەمە دەکرێت بەڵام لەدەرەوەی دەسەڵاتسالاریی ئایینی و لەسایەی کولتوورێکدا کە دەلالەتە هیومانییەکەی سێکیولاریزم دەستەبەر بکات، کاتێک دەڵێم دەلالەتی هیومانیی سێکیولاریزم مەبەستمە بڵێم کە سێکیولاریزم کاتێک وەک پێداویستییەک سەری هەڵدا، بەرلەوەی هەر پەیامێکی فیکری پێ بووبێت، میکانیزمێکی گونجاو بووە تا لە ڕووی مۆراڵییەوە پەیوەندییە مرۆییەکان لەنێو جیاوازییەکانیاندا ڕێکبخات. واتە پێویستیی ئەو کۆمەڵگایانە بە سێکیولاریزم وەک میکانیزمێک بۆ خۆڕێکخستن و بەڕێوەبردنی خۆیان، بەر لەهەر مەبەستێک بۆ ئەوە بووە تا ئەو کۆمەڵگایانە لێبوردووبن لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ یەکدیدا هەڵبکەن، ئەمەش زەروورەتی پلە یەکەی ئەو سەردەمە بووە کە لەمیانەی پێکدادان و بەریەککەوتنە ڕەق و خوێناوییەکانی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکانەوە، شتێک لای ئەو کۆمەڵگایانە بوونی نەبووە کە دەرفەتێک بە هەناسەدانی لێبوردەیی و پێکەوە ژیانیان بدات. لێرەوەیە کە دەڵێین کاریگەریی سیاسەت بەسەر کرانەوە یان داخرانی کۆمەڵگادا هەمیشە کاریگەرییەکی سێنتراڵی و سەرەکییە، ئەمەش لەو بروایەوە کە مەسەلەی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا هەمیشە دەستبردنە بۆ فۆرم و بونیاد وسیستمە مۆراڵییەکان و لەوێشەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، مەسەلەی بەڕێوەبردنی سیاسەت واتە مەسەلەی پێناسەکردن و تەفسیرکردنی چەمک و دوالیزمەکانی نێو دنیای کۆمەڵگا. لێرەوەیە کە سیستمی سیاسی وەک دەتوانێ کۆمەڵگا بەرەو کرانەوە و لێبوردەیی ببات، بەهەمان شێوەش دەتوانێ کۆمەڵگایەکی داخراوی ئەوتۆ بەرهەمبهێنێت کە مەسەلەی تۆلێرانس تێیدا جگە لە خەونێکی جوانی دەستەبژێران هیچی دی نەبێت.
لەهەموو بارێکدا ئەگەرچی زەحمەتە دەسەڵاتێکی سیاسی هەبێت جورئەتی ئەوە بکات کە ئاشکرا دژایەتی تۆلێرانس بکات، بەڵام لە واقیعدا کەم نین ئەو دەسەڵاتە سیاسییانەی کە بەردەوام بە ئاڕاستەی سڕینەوەی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیە کاردەکەن کە دەشێ شوێنێکی هەبێت بۆ هەناسەدانی کولتووری تۆلێرانس. دەسەڵاتی تۆتالیتاری و هەر دەسەڵاتێکی خۆ بەپیرۆززان لە دیارترینی ئەوانەن کە ئاماژەم پێدا. بەدیوێکی تریشدا وەک چۆن کایەی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی ئەو کاریگەرییەیان لەسەر چەمکی تۆلێرانس هەیە، بەهەمان شێوەش کولتووری تۆلێرانس کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر کایە و دنیای سیاسی کۆمەڵگاکان، بەتایبەت لەڕووی بەهێزکردنی ئەو بنەما مۆراڵی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییانەی کە بە ئاڕاستەی تۆکمەکردنی پرەنسیپە سیاسییەکانی سیستمی دیموکراسی کار دەکەن، هەربۆیە مەسەلەی ئامادەبوونی کولتووری تۆلێرانس بۆخۆی مەسەلەی گەرەنتییەکی گەورەیە بۆ ژیان و مسۆگەرکردنی ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی لەبار بۆ دەسەڵاتێک کە بیەوێت لەسەر بنەماکانی دیموکراسی خۆی بینابکات و کۆمەڵگا ڕێکبخات.