ئاوارە سوورییەكان لە هەرێمی كوردستاندا

ئاوارە سوورییەكان لە هەرێمی كوردستاندا
شەڕی ناوخۆی سووریا كارەساتێكی مرۆیی گەورەی لێكەوتۆتەوە. بەپێی دوایین ئامارەكانی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوەیەكگرتووەكان قوربانییەكانی دەستی توندوتیژییەكان بە زیاتر لە 60 هەزار كەس لەقەڵەم دەدەن. چەند بەشێكی حەلەب و شارە گەورەكانی دیكە وێران بوونە، هێشتا پێناچێت شەڕەكە كۆتایی پێبێت.
لە نێو ئەو قوربانییانەدا كە زۆرترین كارەساتیان بەسەردا هاتووە خەڵكە مەدەنییە بێتاوانەكانن كە لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەركراون یاخود ناچاركراون جێیبهێڵن، كە جگە لەو جل و بەرگەی لەبەریاندایە تەنیا شتێكی كەمیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە. ڕۆژنامەكانی ڕۆژئاوا باسیان لەم كارەساتە كردووە، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە زۆرترین تەركیز لەسەر ئەو ئاوارانە كراوە كە هەڵاتوون بۆ توركیا، یان لوبنان. لەگەڵ ئەوەشدا، شەپۆلێكی دیكەی ئاوارەكان لە ئارادایە. كە پێكهاتووە لەو سووریانەی هەڵاتوون بۆ عێراق- كە بە زۆری ڕوویان كردۆتە كوردستانی عێراق.
گەورەترین كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستاندا بریتیە لە كەمپی دومیز، كە نزیكە لە سنوری سوریاوە. كاتێك بۆ یەكەمجار ئەم كەمپە دامەزرا، دەسەڵاتدارانی كوردستان 110 ئەیكەریان «acre» بۆ تەرخانكرد. ئەگەرچی پێیان وابوو نزیكەی دوو ملیۆن كورد لە سووریا دەژین، بەڵام پێشبینیان كرد 1500 كوردی سووریا پەنا بۆ عیراق ببەن.
بەڵام دەركەوت ئەو پێشبینییە تا دوا ڕاددە گەشبینانە بوو. لە مانگی دیسەمبەری رابردوو لانی كەم 38،000 ئاوارە لە كەمپی دومیزدا هەبوون، و ڕۆژانە زیاتر لە 500 ئاوارەی نوێ دەچنە ئەم كەمپەوە كە ڕووبەرەكەی بۆتە 270 «ئەیكەر». لە سەرتاسەری كوردستاندا، تێكڕای ژمارەی ئاوارەكان لە 52،000 تێپەڕدەكات و ژمارەكەش بەرەو زیاتر لە 60 هەزار هەڵدەكشێت. تێكڕای ئەم ژمارەیە كورد نین، بەڵام زۆرینەیەكی زۆریان كوردن، سەرچاوەیەكی دیكەی گرژیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی مەركەزی بەغدا چۆنییەتی ئیدارەدانی كێشەی ئاوارەكانە.
كاتێك لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمدا سەرۆك وەزیران نوری ئەلمالیكی بە شێوەیەكی كاتی سنوورەكانی بە ڕووی ئاوارەكاندا داخست كوردەكانی هەردوو دیوی سنوور دووچاری گرفت بوون و بە گوومانەوە لەم هەڵوێستەیان ڕوانی.
هەروەها كاتێك بەغدا سوپای حكومەتی بەرەو باكوور و بە درێژایی سنوورەكانی سوریا بڵاوەپێكرد، سەركردەكانی هەرێمی كوردستان ئەم جموجوڵەیان خستە ژێر چاودێرییەوە. بە گومان بوون لەوەی ئەم بڵاوەپێكردنەی هێز ئامانجێكی دووسەرەی هەبێت-نەك تەنیا بۆ پاراستنی سنوورەكانی عیراقە بەوەی ڕێگە بە پەڕینەوەی كاریگەرییەكانی شەڕی سوریا نەدرێت، بەڵكو لە هەمان كاتدا بۆ بەهێزكردنی بوونی سەربازی بەغدا لە باكوور و دروستكردنی بنكەیەك بوو بۆ ترساندنی هەرێمی كوردستان. كەواتە قەیرانی ئاوارە سووریەكان بۆتەمایەی ئاڵۆزكردنی ئەو رووبەڕووبونەوە مەترسیدارەی لە ناوخۆی عیراقدا هەیە.
زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكان بارگرانییەكی دارایی دەخاتە ئەستۆی هەرێمی كوردستان (krg) و هاووڵاتیانی، بە تایبەتی لە پارێزگای دهۆك. خەرجی دابینكردنی خۆراك، و شوێنی مانەوە و چاودێری تەندروستی بۆ دەیان هەزار لە ئاوارە هەڵاتووەكانی سوریا بۆ كوردستانی عێراق لە ئێستادا پتر لە 11 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكییە. ئەگەری ئەوە هەیە ئەو رێژەیە بۆ دووهێندە بەرزبێتەوە لە بەهاری 2013دا.
هەروەها ئەمە ئاكامی سیاسی و دیبلۆماسیی هەستیاری لێدەكەوێتەوە. دەسەڵاتدارانی بەغدا نیگەرانن لەوەی شەپۆلی ئاوارەكانی كوردی سووریا بۆی هەیە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان كە ئەمەش وا دەكات كەمتر ڕێز لە دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی وەربگرن. لەگەڵ ئەوەشدا سەركردەكانی هەرێمی كوردستان (krg) پێیان وایە دەسەڵاتی سەرەكی و كاریگەریی ئەودیو سنوور، واتە لە هەرێمی كوردستانی سوریا بریتییە لە میلیشیای YPG، كە پەیوەستە بە پارتی یەكێتیی دیموكراتی كوردییەوە (PYD). پارتی یەكێتیی دیموكراتی كوردیش (PYD) پەیوەندیی نزیكی بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە(پەكەكە) لە توركیاوە، كە پارتێكی چەپی ڕادیكاڵە، سەركردەكانی هەرێمی كوردستان (KRG) نیگەرانن لە زیادبوونی ئاستی گرژی لەگەڵ ڕژێمی ئەنقەرەدا- نیگەرانییەكەشیان مایەی تێگەیشتنە.
واشنتۆنیش بە بایەخ و ناڕەحەتییەكی زۆرەوە چاودێری هەموو ئەم پەرەسەندنانە دەكات. بەڵگەش لەسەر ئەمە پێشنیارنەكردنی ئیدارەی ئۆبامایە( چ جای ئەوەی چالاكانی پشتیوانی لێبكات) بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی ئۆتۆنۆمی لە هەرێمی كوردستانی باكوری سوریادا، بە چەشنی ئەوەی لە ساڵانی كۆتایی حكومڕانی سەددام حوسێندا لە بەرامبەر هەرێمی كوردستانی عێراقدا كردی. سەركردەكانی ئەمەریكا لەوە تێدەگەن كە هەم ئەنقەرە و هەم بەغدا بە توندی بێزار دەبن بە هەنگاوێكی لەم چەشنە، ئەگەرچی هەندێ پشتیوانیشی لێبكرێت لەلایەن هەولێرەوە.
واشنتۆن پەرۆشە كە ئەم كێشەیە نە عێراق و نە توركیای هاوپەیمان بكاتە دوژمنی خۆی. بەڵام ڕەوتی ڕوداوەكان بە خێرایی تێدەپەڕن، و قەیرانی كوردە سووریەكان- كە ڕووی لە زیادبوونە- فشارێكی هەمەلایەنە لەسەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دروست دەكات. بۆی هەیە واشنتۆنیش بە ئاسانی دووچاری قەیرانێكی دیبلۆماسی هەمەلایەنە ببێتەوە.

* تۆژەری باڵا و جێگری سەرۆكی پرۆگرامەكانی ئامۆژگای كاتۆ و نووسەری گۆڤاری (زە ناشناڵ ئینتریست) و (وەرزنامەی رۆژهەڵاتی ناوەراست) و (گۆڤاری گوڵان).
Top