سێ كوچكە خوار و خێچەكەی عێراقدیرۆك بۆ خوێندنەوەو پەند وەرگرتنە، نەك بۆ كاوێژ كردنەوەی نەهامەتیەكانی
January 3, 2013
وتار و بیروڕا
قەیرانێكی بەم قەوارەیە بێ هۆ نییە و ناشبێت، لەوانەیە وەكو نەریتێكی هەمیشەیی باسی فاكتەری دەرەكی بكرێت، كە بە پەردەی بێگانە شەرمی خۆیان دەشارنەوەو خۆیان بەپاك و بێگەرد پیشان دەدەن، بەڵام لەراستیدا وانییە. رەچاونەكردنی جیاوازییەكانی تەواوی پێكهاتەكانی عێراق پێش هەموو شتێك گرفتێكی بونیەوییە (پێكهاتەییە)و لەناو خۆیەتی، چونكە سێ كوچكەكە خوارو خێچە! ئەمە 90 ساڵی بە سەردا تێپەریوەو سێ كوچكەكە هەر بە لەقی ماوەتەوە، جێگای خۆی نەگرتووە و رەگی دانە كوتاوە، ئەم ئەزموونەی ئینگلیز ویستی لەبەرژەوەندی خۆی بەكاری بێنی پووچەڵ بۆوە، نەخۆی سوودی تەواوی لێكرد و نەعێراقیەكانیش لە نازو نیعمەتی ئەم خاكە بەپێزە سوودمەند بوون. تەنانەت لەڕەوڕەوەی ژیانی پێشكەوتووی ئەم سەدەیەدا، هەر نەهامەتی و دەربەدەری و دواكەوتنیان بۆ ماوەتەوە، مەبەستم تەنیا كورد نییە كە لەم نەهامەتیە پشكی شێری بەركەوتووە، بەڵكو پێكهاتەكانی تریش خێریان لەم عێراقە دروست كراوەدا نەدیوە.
ئەگەر بەزمانی ژمارەی راستەقینە بدوێن، با بێین بەنمرە هەژماری بكەین و ئەم نمرانە لەگەڵ دراوسێ خاوەن نەوتەكان بەراورد بكەین، تاكوو بزانین ئایا ئەم سێ كوچكەیەی پێكیان هێناوە چ سودێكی بووە؟ ئەگەر شتێكیش هەبووەو ون بووبێ، خۆ ئەو لافاوەی بەغدای رۆژی 26 – 12 – 2012 و راپەڕینی ئێستای ئەنبار كە خوا حافیزی پێ لە ساڵەكە دەكەن هیچ پەردە پۆشێكی نەهێشتۆتەوە. بە روون و ئاشكرا خوار و خێچی سێكوچكەكە بەدەركەوت ! جگە لەم راستیانەش ئەدی نەمان دی، كە رژێمە یەك لەدوای یەكەكان نەفرەتیان لەیەك كردووە، هەروەكو قورئانی پیرۆز باس لە «لعنت أختها» دەكات، میللەتەكەشیان كردووەتە ئامێرێك بو بەدیهێنانی ئامانجی خۆیان یا گروپەكەیان، نەك ئامانج بۆ خزمەت كردنیان، بە پێچەوانەی دەستورەكەیان كە دەڵێ گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەو ئەركی حكومەتیش خۆشحاڵكردنی گەلەكەیەتی.
جگە لەمەش گرفتی هەرە گەورەی سیاسەتی عیراقی كۆن و تازە و رەوشتی كار بەدەستانی لە دەستپێكی دروستكردنیدا، لە دووای جەنگی جیهانی یەكەمەوە تا ئەمڕۆ، بە قسەو پەیمان و بە مانای وشە پابەند نابن. هیچ بایەخێكیان بە نرخی وشەیان نەداوەو نایدەن، كەچی وشە بەڵێنە یا گرێبەستە، پابەندبوون بە بەڵێن یا بەگرێبەست بەهاترین نرخە كە لە تەرازووی مرۆڤایەتیدا هەیە، پێوەرە پێشكەوتووەكانی شارستانیەتی ئەم چەرخە پابەندبوونە بە بەڵێن و جاڕنامەكانی جیهانی مرۆڤایەتی و یاسای نێودەوڵەتی یە، كە رەزامەندی و مۆری خۆیان لەسەرە، گوایا حكومەتەكانیان هاوچەرخەو پابەندە بە جاڕنامەكان، كەچی ئەمە دوورە لەراستی و فڕی بە سەرەوە نییە. كورد گوتەنی درۆیەكی شاخدارە. لەگەڵ ئەوەشدا سەیر ئەوەیە كە جگە لە پێشێلكردنی دەستورو یاساو بەڵێن و رێككەوتنە ئاشكرایەكانی خۆیان، لاف و ناز بەناوی ئیسلامەتییەوە لێ دەدەن، لە كاتێكدا كە بەهادارترین پرەنسیبی ئیسلام پابەند بوونە بە بەڵێن و گرێبەستەكان «أوفوا بالعقود» هەر وا لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا هەیە، وەكوو باس دەكرێ «موسڵمان بۆی هەیە هەر گوناهێك بكات تەنیا درۆ نەبێت»، دیارە چونكە درۆ متمانەی مرۆڤایەتی سڕ دەكات، درۆش جۆرێكە لە گەمەكردن بە وشەو مانایەكەی، بە من ناڵێن لە چی دا راستیان كرد؟
لە مێژووی چین نووسراوە كە پادشایەكەیان داوای لە كۆنفۆشیۆس بیرمەند و حەكیمی ئەو كاتە كرد تا پلانێك بۆ چاكسازی لە وڵاتەكەی دابنێ، چونكە تووشی قەیرانی گەندەڵی هاتووە. كۆنفۆشیۆس وتی: بۆ پێشكەوتنی دەوڵەت دەبێ وشەكان لە جێگای خۆیان بەكاربێن، چونكە ئەگەر وشە لەجێگای خۆی بەكارنەیەت هزری مرۆڤ تێكدەداو لەو كاتەدا گەندەڵی دەكەوێتەوە، بەتایبەت لە نێوان سزاو تاوان، كە كۆمەڵگاش گەیشتە ئەم رادەیە لە گەندەڵی، میللەتی هەژار لێی تێكدەچێ، نازانێ ڕوو لە كوێ بكات ! یاخود وەكو كۆنفۆسیۆش دەڵێت : لەسەر چ پێیەكیان سەما بكات ؟ چۆن گەمە بە دە پەنجەكانی بكات؟
بۆیە چاكسازی بیرۆكەكان «اصلاح المفاهیم» پرەنسیپێكی بنەڕەتی بوو لە فەلسەفە وەزعییەكەی فەیلەسوفی فەرەنسایی، (ئۆوگست كۆنت) كە لەچەرخی نۆزدەهەمدا بڵاوی كردۆتەوە، ئێمەش لە ئیسلامەتیدا هەر زوو بە تایبەت لە قورئانی پیرۆز، زۆر جار بە ناونیشانی «یحرفون الكلم» ئاماژەی پێ كردووە، وشە لە جێگای خۆی بە كارناهێنن، لە مەبەستی راستەقینەی خۆی دووری دەكەنەوە.
پێش هەموو شتێك لە بەكارهێنانی وشە بۆ مەبەستی خۆی، وڵات پێویستی بەچاكسازییەكی جیددی هەیە، بۆ نموونە وشەی (ئازادی، دادوەری، دیموكراسی، یەكسانی) دەبێ مەبەستەكانی وەكوو لە پێوەرە جیهانییەكاندا هاتووە، دەبێت بەهەمان شێوەش لای هەموو كۆمەڵگاو تاك، دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات، و ئوپۆزسیۆن و هاووڵاتیانیش رێزیان لێبگیرێت رەنگ بداتەوە.
بەڵێ جیاوازییەكان نەرم نین، لە هەندێ حاڵ دەست لێدانیان بڤەیە، سێ كوچكەكە ناڕەحەتە، دوو لایەنی لەم سێ لایەنەی كە سێ كوچكەكە دروست دەكەن، كە سونەو شیعەنە هەڵگری نامەی یەك ئاینن، بەڵام هەر یەك بەشرۆڤەی تایبەتی خۆی كە وەكوو ئاینێكی تری جیاوازی لێهاتووە. ئەم خۆ هەڵپەساردنەی هەردوولاش بە ئایینەكە رەهەندێكی سیاسییە یاخود رەهەندێكی سیاسی وەرگرتووە، بەجۆرێك كەخودی مەبەستی راستەقینەی دینی تێدا سڕاوەتەوە، ئەگەر ئەم بەزمە بەردەوام بێت سەرچاوەی تەنگ و چەڵەمەی عیراقی ئەمڕۆ و دوێنێ و سبەیش هەروا دەبێ.
هیچ گرفتێك نییە لە فرە مەزهەبی ئەگەر ئاوێنەی هەماهەنگی و ئازادی بیرو ڕا بێت؛ نەك ئاوێنەی ململانیێ سیاسی و دینی پێش زیاتر لە هەزار ساڵ بێت، كە نەك خۆیان نەماون بەڵكو خاوەنی میراتیشیان بێ سەرو شوێنن، لەم حاڵەتە جەنگ لەگەڵ مێژوو دەكرێت یاخود لەگەڵ تارمایی، كە شەڕێكی نەبراوەی بێ سوودە، ئاكامەكانیش پەیوەندییان بەواقیعی دنیای زیندووەوە نییە، دەبووایە بزانن كە دیرۆك بۆ خوێندنەوەو پەند وەرگرتنە نەوەك بۆ كاوێژ كردنەوەی نەهامەتیەكانی.
لەم روانگەیەوە هەر زۆر زوو دەبووایە بیرمەندو جوامێرانی ئەم سێ كۆچكەیەی كە لە راستیدا بران و زۆر خەسڵەتی وەك خزمایەتی و دراوسێتی و ئیسلامەتی و هاونیشتمانێتی كۆیان دەكاتەوە، بیریان لەوە بكردایەوە هەر زوو وەكو دۆست و برا دابەشیان بكردایە و بۆ هەماهەنگی و گەشەپێدانی بەرژەوەندی هەموو لایەكیان رێگایەكیان بگرتایە، بەتایبەت كە ئەزموونی حوكمڕانی ئەم سێ كوچكەیە وەكو هەڵسوڕانی سێ كوچكەی بەرمودا وایە، یاخود سێ كوچكەی سنوری سێ دەوڵەتەكەمانە كە هەریەك لەلای خۆیەوە وەكو برای موسڵمان چاویان لەكورد زەق كردووەتەوە (سێ كوچكەی عیراقی و ئێرانی و توركی)، دەبایە ئەوە ماناو فەلسەفەی ئەو فدرالیەتە بوایە كە لە دەستورەكەماندا هەیە، بەڵام بە داخەوە وشەكەیان تێكدا «یحرفون الكلم» دەستورەكەشیان بەتەواوی زیندە بە چاڵكرد.
*سەرۆكی كۆربەندی هزری ئیسلامی- هەولێر