قەیرانی سیاسی و هونەری بەڕێوەبردنی

قەیرانی سیاسی و هونەری بەڕێوەبردنی
بەجیاوازیی ئەو کایەو ڕەهەندانەیشەوە کە پێناسەی (قەیران)یان کردووە، هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی قەیران هەر هەڕەشەیەکی خەتەرناکی چاوەڕوانکراو یان چاوەڕواننەکراوە بۆسەر ئامانج و بەرژەوەندییەکانی بەها و باوەڕ و پێگە و ئاییندەی وڵات یان کۆمەڵگا یان ڕێکخراو یاخود تاکەکەس، بەشێوەیەک کە لەمپەر لەبەردەم کردەی وەرگرتنی بڕیارداندا دادەنێت. واتە مەسەلەی بڕیاردان لەمەڕ هەر هەنگاوێک لە ساتەوەختی قەیراندا دەبێتە کارێکی زەحمەت و زۆرجاریش ریسککردن.
قەیران بەجیاوازیی جۆرو کایەکانییەوە چەند تایبەتمەندییەکی جێگیری هەیە کە گرنگترینیان رەوشی دەرکەوتنێتی بە شێوەیەک کە وەک ڕووداوێک یان کردەیەکی کتوپڕو لەناکاو و بە فۆرمێکی توندوتیژ سەرهەڵدەدات و هەمیشە وەک دیارترین و گرنگترین ڕووداوی ساتەوەختەکەی خۆی دەناسرێت، هاوکات جۆرێک لە تێکەڵوپێکەڵی و پێکداچوون لەنێو فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی و ڕەگەزەکانیدا هەیە کە بەئاسانی لێک جیاناکرێنەوە، ئەمەش لەزۆرباردا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەبنەڕەتدا زانیارییەکی ئەوتۆ لەسەر کۆی ڕەگەز و فاکت و کاریگەرییەکانی نییە، مەگەر لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی قەیرانێکدا لەهەمان شوێن و کایەدا. هەر قەیرانێکیش هەمیشە لەگەڵ خۆیدا جۆرێک لە نائارامی و ناهاوسەنگیی دەروونی دێنێتە گۆڕێ کە ڕەنگە لەپاش خۆیشی کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا یان لەسەر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکە جێبهێڵێت. زۆرجاریش قەیران دەبێتە ناوەندێکی گونجاو و ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەو گرووپانەی کە بە ( خاوەن بەرژەوەندیی ) تایبەت ناودەبرێن، چ ئەوانەی لەبەرەی لایەنگرانی قەیرانەکەن و چ ئەوانەش کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو قەیرانەدا هەڵناکەن، واتە لەهەموو بارێکدا لەسەر ئاستی کۆمەڵگا لایەنی کەم شێوەیەک لە دووبەرەیی دروست دەبێت کە کەم یان زۆر هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی تێکدەدات، لەهەندێک کاتیشدا پەل بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەهاوێت.
لیستێکی دیاریکراو بەهۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیران لەئارادا نییە، چونکە بە پێی جیاوازی کایەکان و تایبەتمەندییەکانیان و بەپێی سەردەم و شوێنیش، هۆکاری قەیرانەکان فرەجۆر و ڕەهەند دەبن، بەڵام بەگشتی بیرمەند و توێژەرانی ئەم بوارە لەسەر ئەو ڕایە کۆکن کە چەند فاکتەرێکی سەرەکی هەن کە سەرجەم قەیرانەکان بە جیاوازیی کایەکانیانەوە تیایدا بەشدارن، لە گرنگترینی ئەو هۆکارانەش هۆکاری مرۆیی وەک تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی هەڵە لەمەڕ کایەی قەیرانەکە و مەیلی بەسێنتراڵکردنی ناوەندی بڕیار و دەسەڵات لەگەڵ بەریەککەوتنی بەرژەوەندی و ئامانجی ناکۆک، هۆکاری دووەمیش کە تایبەتە بە کایەی بەڕێوەبردن و بڕیاردانەوە، وەک نەبوونی پلانی دروست لە بەرێوەبردندا، بڕیاردان بە شێوازێکی ڕەمەکی و پشتبەستن بە ئیجتیهادی شەخسی، نەبوون یان کەمیی زانیاریی دروست، لاوازیی سیستمی بەڕێوەبردن لە گرنگترین هۆیەکانی سەرهەڵدانی قەیرانن.
سروشتی دەرکەوتنی لەناکاوی قەیران زۆرجار ئەو تێگەیشتنەی کردۆتە باو کە قەیران هەمیشە ڕووداوێکی ناچاوەڕوانکراو بێت، ئەگەرچی پێشتریش نەک هەر لەلایەن دەستەبژێری سیاسییەوە یان لەلایەن دەسەڵاتیشەوە پێشبینی کرابێت، ئەمەیشە وایکردووە کە توێژەرانی بواری قەیران و ستراتیژ، قۆناغی یەکەمی قەیران بە ( ماوەی شۆک ) ناو دەبەن، بەڵام پێدەچێ ئەم شۆکە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا ناوزەندکرابێت، چونکە لەسەر ئاستی نێوەندی دەسەڵات و بڕیاردەر، بەڵگە نەویستە کە کۆنترۆڵکردنی قەیران و شێوازی مامەڵەکردنی ئەو ناوەندە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکەدا بڕیاردەدات کە داخۆ ناوەندی دەسەڵات تووشی شۆک بووە یان نا. بەدوای ئەم قۆناغەدا، قۆناغی (دانپێدانان) دێت، لەم بارەدا ئەگەر پێشتر جۆرێک لە نائامادەگیی هەبووبێت بۆ قبووڵکردن و دانپێدانان بە قەیراندا، ئەوا لەم قۆناغەدا ئەو نائامادەگییە دەڕەوێتەوە و چ لەسەر ئاستی فەرمی و چ نافەرمی، قەیرانەکە وەک خۆی و بەناوی خۆیەوە دەناسرێت، ئەگەرچی پێناسە و تەفسیرکردنەکانی جیاواز بن و بەپێی بەرە دژ بەیەکەکان لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت. پاشان قۆناغی (ڕاهاتن) دێت کە هاوکات بە (قۆناغی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت)یش ناودەبرێت و سەرەتای کەشفکردن و دیاریکردنی نیشانە و کاریگەرییە خەتەرناکەکانی قەیرانەکەیە، ئەم قۆناغە بە یەکەمین هەنگاو دادەنرێت لە ئاستی (بەڕێوەبردنی قەیران)دا کە دواتر هەنگاوی تری بەدوا دێت وەک لەم باسەدا ئاماژەی پێدەدەین. قۆناغی دوای دانپێدانان، ئەو ماوەیەیە کە بە (خۆکۆکردنەوە) یاخود (گێڕانەوەی وزە و چالاکی) دەناسرێت و پەیوەستە بە دانان و جێبەجێکردنی بەرنامەکاری کورت خایەن و دواتر بەرنامەی درێژخایەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و زاڵبوون بەسەر هەر کاریگەرییەکی سلبیدا کە لەپاش خۆی جێیهێشتووە.
زۆرجار بەهەڵە زاراوەی (بەڕێوەبردنی قەیران) بەمانای چارەسەرکردنی قەیران بەکار دەبرێت، لەکاتێکدا ئەم زاراوەیە هەرگیز بەو مانا ڕاستەوخۆ و کۆنکرێتییە خۆی نادات بەدەستەوە، لەڕاستیدا ئەم کردەیە لەبنەڕەتدا نابێ تەنها زادەی ساتەوەختی سەرهەڵدانی قەیرانەکان بێت، واتە دەبێ پێشوەخت میکانیزمەکانی ئەم بەڕێوەبردنە ئامادەکرابن، چونکە بەڕێوەبردنی قەیران بۆخۆی کردەیەکی ئیداریی بەردەوامە کە کار لەسەر ئەو قەیرانانە دەکات کە ئەگەری سەرهەڵدانیان هەیە و پێداویستییە مرۆیی و مادییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی بۆ ئامادە دەکات، لەگەڵ دیراسەکردنی هۆکاری سەرهەڵدانی بۆ دەستەبەرکردنی پلان و ڕێکارێکی دروست بەر لەهەر شتێک بۆ ڕێگرتن لەسەرهەڵدانی و پاشان بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکردنێکی سەرکەوتووانە ئەگەر سەریهەڵدا، دواتریش بۆ ڕێگریی لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی. کەوابوو (بەڕێوەبردنی قەیران) لەبنەڕەتدا کردەی دەستنیشانکردن و پێناسە و تەفسیرکردن و پێشبینیکردنێکی دروستە لەمەڕ هەر خەتەرێک کە ئەگەری سەرهەڵدانی هەبێت، بەر لەوەی ئەم کردەیە مەبەست لێی کۆنترۆڵکردنی قەیران بێت.
بەم پێیە بۆ بەڕێوەبردنی قەیران بەشێوەیەکی سەرکەوتوو، چەند پێشمەرجێکی سەرەکی هەیە دەبێ ڕەچاو بکرێن، دەنا سروشتی مامەڵەکردنەکە لەگەڵ قەیراندا دەبێتە سروشتی بەرەنگاربوونەوەیەکی ناعەقڵانی و پڕ لە هەڵچوون و توندوتیژی و لەهەموو بارێکدا ئەو چارەسەر بێت بۆ قەیرانەکە دەستەبەرناکرێت و وەك خۆی دەمێنێتەوە، ئەمە ئەگەر قەیرانی دی بەدوای خۆیدا نەهێنێ و لەسەر یەکدی کەڵەکە نەبن و تەقینەوەیەکی گەورەتر لەهەموویان چاوەڕوانییان نەکات. لە گرنگترینی ئەو پێشمەرجانەش بۆ بەڕێوەبردنی قەیران بەشێوەیەکی سەرکەوتوو، بەر لەهەر شتێک مەسەلەی پلاندانانە بە شێوەیەکی زانستی و واقیعبینانە، ئێمە بۆ هەر قەیرانێک ئەگەر پلانی گونجاو و دروستمان نەبێت بۆ مامەڵە لەگەڵکردنی، ئەوا قەیرانەکە بەو شێوەیە کۆتایی بەخۆی دێنێ کە خۆی دەیەوێت، نەک بەو شێوەیەی کە ئێمە دەیخوازین. هەربۆیە هەر بەرکەوتنێک بە قەیران بەبێ پلانی دروستی پێشوەختە، بەرکەوتنێکی نەخوازراو و نامسۆگەردەبێت.جێی ئاماژەبۆکردنە کە لە وڵاتێکی وەک یاباندا لەسەر ئاستی دەزگا و دامەزراوە کارگێڕییەکان، ئەزموونێک پەیڕەودەکرێت کە بە (سیستمی کانپان)ی یابانی ناودەبرێت و سەرلەبەری ئەم ئەزموونە بریتییە لە دروستکردنی قەیرانی جۆراوجۆر بۆ خودی سیستمی کارگێرییەکان هەتا بەردەوام لە پلاندانان و ئامادەباشیدا بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی هەر قەیرانێک، بۆیە بەپێی سیستمی (کانپان) شتێک نییە ناوی قەیرانی کتوپڕبێت و هەر قەیرانێک سەرهەڵبدات، هەمیشە قەیرانێکی چاوەروانکراوە و پێشتر پلانی مامەڵەکردنی بۆ ئامادەکراوە. پێشمەرجی دووەم هەبوونی سیستمی پەیوەندییەکەی بەهێزی زانیاریی ناوخۆیی و دەرەکییە، واتە سیستمێک کە بایی ئەوەندە داتا و زانیاریی دەستەبەرکردبێت کە لەکاتی سەرهەڵدانی قەیراندا مەسەلەی زانیاریی دروست و ڕاست نەبێتە کێشەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە. پاشان توانای پێشبینیکردن بۆ مسۆگەرکردنی پرۆسەی خۆپاراستن و بەرگریی کە لە جێبەجێکردنی پرۆسەکانی قۆناغی ئاگادارکردنی پێشوەختەدا زۆر گرنگە.
سەرجەم توێژەرانی ئەم بوارە دووجۆری سەرەکییان بۆ شێوازەکانی بەرێوەبردنی قەیران دیاریکردووە کە بە (میتۆدی تەقلیدی) و (میتۆدی ناتەقلیدی) ناودەبرێن. یەکەمیان کە شەش جۆرە، بریتین لە شێوازی ئینکاریکردن و دانپێدانەنان بە قەیرانەکەدا، دووەمیش شاردنەوەی قەیران، پاشان کوژاندنەوەی قەیران کەئەمەیان توندوتیژی تێدا بەکاردەبرێت، چوارەم بێبەهاکردنی قەیران، دواتر کردنەوەی بوارێک بۆ هەناسەدانی قەیرانەکە کە بە شێوازی (نەفەسدانی بورکان) ناودەبرێت و مەبەست لێی ڕێگرتنە لە تەقینەوەی گەورە، دواجۆریشیان بەتاڵکردنەوەی قەیرانە کە لە چەند قۆناغدا خۆی دەبینێتەوە، ئەوانیش قۆناغی بەریەککەوتن بە لایەن و هێزەکانی قەیرانەکە، پاشان قۆناغی دانانی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئامانجەکانی قەیرانەکە و مامەڵەکردن جیابەجیا لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی هەر ئامانجێکدا کە بە قۆناغی (بلیارد) ناودەبرێت، لەبەر لێکچوونی ئەم گەمە سیاسییە بە گەمەی بلیارد، دواتر قۆناغی (دانوستان) لەگەڵ هەر بەش و (تۆپێک) لە گەمەکەرانی نێو قەیرانەکە جیابەجیاو دۆزینەوەی ئەو خاڵانەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەو بەشانە تێیدا یەکتر دەبڕن و پێک نایەن، پاشان قۆناغی(دابڕینی هێزەکانی قەیران) ئەمەش دابڕینی ئەو هێزانەیە لە ئامانجەکانی قەیرانەکە و دوورخستنەوەیانە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان، بەم شێوەیە ئامانجی گەمەکارانی سەربە قەیرانەکەو ئامانجی خودی قەیرانەکە ناکۆک دەکەونەوە، ئیدی قەیرانەکە لەهەموو مانا و دەلالەتەکانی خۆی بەتاڵ دەبێتەوە.
جۆری دووەمیش کە بە (ناتەقلیدی) دەناسرێ و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا زیاتر دەگونجێت، لەبنەڕەتدا لەوەدا لەهی یەکەم جیاوازە کە ئەوەی پێشوو مامەڵەکردنە لەگەڵ لایەنەکانی سەر بە قەیرانەکەداو ئەمیان مامەڵەکردنە لەگەڵ خودی قەیرانەکەدا، لەم پرۆسەیەدا ئەوەی ئەنجامدەدرێت بەر لەهەر شتێک دامەزراندنی(گرووپی قەیران)ە بۆ پلاندانان و جێبەجێکردن و دانانی بانکی زانیاری تایبەت بەم کایەیە، پاشان ڕێکارەکان دەگیرێتە بەر بۆ هەر میتۆدێک کە گرنگترینیان میتۆدی (ئابڵوقەدانی قەیران)ە لە سنوورێکی بچووکدا. یان میتۆدی (گەورەکردنی قەیران) کە بۆ قەیرانی ناڕۆشن و هۆکار شاراوە بەکاردێت. لەگەڵ میتۆدی دانپێدانانی ناتەواو بە ئامانجەکانی قەیراندا هاوشانی بەستنی هاوپەیمانیی تاکتیکیانەی کورتخایەن و دواتر میتۆدی دوورخستنەوەی قەیران لە مەبەستە سەرەکییەکانی خۆی، پاشانیش هەڵوەشاندن و پارچەپارچەکردنی قەیران کە بۆ قەیرانی زۆر خەتەرناک بەکاردێت، ئەمەش بە خوڵقاندنی وردە قەیرانی دی لەنێو قەیرانە سەرەکییەکەدا بۆ هەڵمژین و کەمکردنەوەی وزەی قەیرانە سەرەکییەکە، ئەم وردە قەیرانانەش بەشێوەیەک دەبێ بخوڵقێنرێن وەک ئەوەی بۆخۆیان لە قەیرانە سەرەکییەیە داکەوتبن نەک لەدەرەوەی ئەوەوە هاتبن. کەزۆرجار ئاکامەکەی وەک جۆرێک لە خۆکوشتنی قەیرانە سەرەکییەکە دەردەکەوێت ئەمەش لە ڕێگەی لێدانیەوە لە شوێنە لاوازەکانیەوە لەلایەن قەیرانە بچووکەکانەوە، پاشان دۆزینەوەی سەرکردەی تر بۆ قەیران و ونکردنی سەرکردە سەرەکی و ناسراوەکانی قەیرانە سەرەکییەکە. لەگەڵ چەندین میتۆدی تر کە سەرجەم تاقیکراونەتەوە و گشتگیرانە بێت یاخود (جزئی) سەرکەوتنیان بەدەتهێناوە.
لەهەموو بارێکدا دەبێ ئەوەمان لە یادبێت کە (بەڕێوەبردنی قەیران) بەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر گرووپ و هێزێکی دیاریکراودا، مامەڵەکردنە لەگەڵ خودی قەیرانەکەدا، بەر لە ئەنجامدانی هەر پرۆەیەکیش دەبێ پلانێکی گونجاو لەئارادا بێت و گرووپێکی تایبەتمەندیش (گرووپی قەیران) بۆ پلاندان و جێبەجێکردن ئامادەکرابن، وێرای بانکی زانیاریی دروست، بەبێ ئەم پێداویستیانە مەسەلەی بەڕێوەبردنی قەیران دەبێتە مەسەلەی گرەوێک کە مسۆگەرکردنی هیچ گەرەنتییەکی نابێت.
Top