دوایین رووبەڕووبوونەوەی بەغدالەگەڵ هەرێمی كوردستاندا

دوایین رووبەڕووبوونەوەی بەغدالەگەڵ هەرێمی كوردستاندا
كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان كێشەیەكە چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی زەحمەتترە. مالیكی و پشتیوانەكانی بەو شێوەیە لە هەڵوێستی هەولێر بەرامبەر كەركوك و پرسی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی دیكە دەڕوانن، كە ئەمە هەوڵێكی پەردەپۆشكراوە- ئەگەرچی پەردەیەكی تەنكیشە- بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان و ڕێگەخۆشكردن بۆ كوردستانێكی پەلهاویشتوی سەربەخۆ، كە سەرچاوەگەلێكی دارایی زۆر و زەوەندی لەبەردەستدایە.
لەم چەند هەفتەیەی دواییدا گرژییەكان هەڵكشان و داكشانیان بەخۆوەبینی لە نێوان حكومەتی مەركەزی عیراق لە بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، تا ڕاددەیەك ئەمە شتێكی نوێ نییە. چونكە چەند ساڵێكە گرفتەكان رووەو و ئاڵۆز بوونی زیاتر دەچن، ناكۆكییەكانی پەیوەست بە داهاتی نەوت و سنووری دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی گرێبەستگەلێكی ئابووری لەگەڵ كۆمپانیا دەرەكییەكان سەری كێشا بۆ پێكدادانی سیاسی یەك لە دوای یەك لە نێوان دەسەڵاتی هەرێم و حكومەتەكەی سەرۆك وەزیران نوری مالیكی بە هەمان شێوە، كێشە و ناكۆكییەكانی پەیوەست بە خاك بە تایبەتی چارەنووسی شاری كەركوك، بووە هۆی ئەوەی هەردوولا بە توڕەییەوە یەكدی تاوانبار بكەن. سەركردەكانی كورد بە شێوەیەكی تایبەت بێزار و ناڕەحەتن لەهەمبەر هەڵوێستی بەغدا كە بەردەوام ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی كەركوك دوا دەخات.
بەڵام لە پاییزی ئەمساڵدا گرژییەكان لە حاڵەتی خراپبوونەوە بەرەو خاڵی بارگرژیی زیاتر پەرەیان سەند. دروستكردنی فەرماندەیەكی نوێی سەربازی لە باكوور لە مانگی ئەیلولدا كە چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەری گرتەوە بووە هۆی تووڕەكردنی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان. دوایین هەنگاوی بەغدا هەڵگری هەموو نیشانەكانی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتە، كوردەكانیش ئەم فەرماندە سەربازییە نوێیە وەك هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ دەبینین لەسەر ئەو خۆبەڕێوەبردنەی كە بە زەحمەتییەكی زۆر بەدەستیانهێناوە. ئەوان بە گومانێكی ئاشكراوە لە پاساوی ڕەسمی حكومەتەكەی مالیكی- كە بانگەشەی ئەوە دەكات دۆخی ئەمنی لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان خراپ بووە و بۆی هەیە ئەو ناوچانە ببنە مۆڵگەی تیرۆرستان- دەڕوانن.
لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمدا كێشەكان پتر هەڵكشان كاتێك چەند دەستڕێژێك لە نێوان سەربازەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی مەركەزی ڕوویدا. دواتر هەولێر چەند یەكەیەكی هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستانی-واتە پێشمەرگەی- ڕەوانەكرد بۆ پاڵپشتیكردنی ئەو یەكانەی لەو ناوچانەدا بوون و فەرماندەكانیان هۆشداریاندا كە ئەوان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرگری كردن لە هەرێمی كوردستان دژی هەر هێرشێكی هێزە سەربازییەكانی بەغداوە.
وا دەركەوت ئەو گفتوگۆیانەی لە كۆتایی تشرینی یەكەمدا بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە ئەنجامدران نزیكبن لە گەیشتن بە ڕێككەوتنێك، بەڵام ئەو گفتۆگۆیانەی، لەلایەن جەنەراڵێكی ئەمەریكییەوە لە سەرەتای تشرینی دووەمدا نێوانگیری بۆكرابوو، هەرەسیان هێنا. مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مالیكی بە هەڵگەڕانەوە وپاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەكانی پێشووی تاوانبار كرد. هەروەها پشتیوانیی لە بەڵێنی فەرماندەكانی كرد بۆ بەرهەڵستیكردنی «عەسكەرتاریەتی» بەغدا، ئەویش بە گرتنەبەری هەر شێوازێك كە پێویست بكات.
تەنانەت ئەگەر ئەم قەیرانەش سەرنەكێشێت بۆ ناكۆكییەكی چەكداری سەرتاسەری، ئەوا ڕووداوەكەی ئەم دواییە ئاماژەی خێر نییە بۆ یەكێتیی دەوڵەتی عیراق لە مەودایەكی دووردا. ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر ناكۆكیگەلێكی زۆر و توندن. ئەگەرچی ڕەنگە ڕێككەوتنێك لەسەر بنەمای سازشكردن بێتەدی و بەردەوام بێت لەبارەی پرسی داهاتەوە، ئەگەرچی دڵنیابوون لەمە كارێكی زەحمەتە. لە ڕوانگەی بەغداوە كۆنترۆڵكردنی بڕێكی گەورەی داهات لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە شێوەیەكی حەتمی دەبێتەهۆی بەهێزبوونی خەونی دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی. لە ڕوانگەی هەرێمی كوردستانەوە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو پارانە لە لایەن بەغداوە بە مانای ئەوەیە كە خۆبەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر ڕەحمەتی دەسەڵاتدارانی عیراقەوە. لەبەرچاوگرتنی خراپەكارییەكانی بەغدا لە دژی كوردەكان لە ماوەی چەند دەیەیەكدا، بە تایبەتی لە سایەی حكومڕانی بەغدا، ئەوا تەنیا ئەو سەركردەیەی كورد كە زۆرترین متمانەی بە خۆی هەیە ئامادەیە ئەم سەركێشییە بكات.
كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان كێشەیەكە چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی زەحمەتترە. مالیكی و پشتیوانەكانی بەو شێوەیە لە هەڵوێستی هەولێر بەرامبەر كەركوك و پرسی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی دیكە دەڕوانن، كە ئەمە هەوڵێكی پەردەپۆشكراوە-ئەگەرچی پەردەیەكی تەنكیشە- بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان و ڕێگەخۆشكردن بۆ كوردستانێكی پەلهاویشتوی سەربەخۆ، كە سەرچاوەگەلێكی دارایی زۆر و زەوەندی لەبەردەستدایە. بارزانی و هاوپەیمانەكانی بەو شێوەیە لە چارەسەری پرسی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان دەڕوانن كە ئەمە تەنها ڕاستكردنەوەی هەقیقەتەكانە لەسەر ئەرزی واقیع- و ئەم ناوچانەش بە حەق ناوچەگەلێكی كوردین و لە سەردەمی سەددام حوسێندا لەلایەن دەسەڵاتی عەرەبەوە زەوتكراون. وێناكردنی گەیشتن بە سازشێك كە بەلای هەردوولاوە قبوڵ بكرێت لە مەودای دووردا، كارێكی لە ڕاددەبەدەر قورسە. ئەو هەڵكشانەی ئێستا لە ئارادایە تەنها هۆشدارییەكە لەبارەی ئاستی ئەو دابەشبوونی ئیتنیە قووڵەی لە عیراقدا هەیە. بەرپرسانی ئەمەریكا نائومێدانە دەیانەوێت عیراق بە یەكگرتویی بمێنێتەوە، هەوڵی بە پەلە و ئاستی بەرزی جەنەراڵێكی ئەمەریكی بۆ میانگیریكردن دووپات لە ئەولەویاتەكانی واشنتۆن و لە ئاستی نیگەرانییەكانی ئیدارەی ئۆباما دەكاتەوە. بەرلەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەكان و زیادبوونی ئەگەری لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی عیراق، ئەوا پێویستە ئەم ئیدارەیە پلانی «ب» هەبێت و زۆر بە زوویش ئەم پلانە دابنێت.

*توێژەری باڵایە لە ئەنستیوتی كاتۆ لە واشنتۆن دی.سی، نووسەری هەشت كتێبە لەبارەی كاروبارە نێودەوڵەتیەكانەوە و ئەندامی بۆردی گۆڤاری وەرزی مێدێرترینیانە.
Top