گوتاری سیاسی و دوالیزم

گوتاری سیاسی و دوالیزم
ئایا گوتاری سیاسی لەبنەڕەتدا زمانحاڵی دوالیزمەکانی خۆیەتی یاخود ئەو دوالیزمانە دەبنە زمانحاڵی و ئەم گوتارە لەمیانەی (شەڕی دوالیزمەکان)ەوە تەعبیر لە جیهانبینیی خۆی دەکات؟ ئایا لەبنەڕەتدا بونیادی ئەم دوالیزمانە لە کام دنیای ئێمەوە دێن؟ ڕوونتر بڵێم دوالیزمەکانی سەر بە گوتاری سیاسی بۆخۆیان چەمکگەلێکی تەواو سیاسین یان کۆمەڵایەتی یان ئایینی، یاخود مۆراڵی؟ ئەگەر هەرکام لەو سیانەی دوایی بێت، ئایا شەڕەکانی گوتاری سیاسی شەڕێکن لەسەر ئەو کایانەی کۆمەڵگا یاخود لەسەر بەهاکانیان؟
لەڕاستیدا ئامادەبوونی (دوالیزم) بەشێوەیەک لەنێو گوتاری سیاسیدا باڵادەستە، وەک ئەوەی سەرەکیترین ڕەگەزی بونیادنەری ئەم گوتارە بێت، چ لە کۆن و چ لەم سەردەمەداو بەجیاوازیی کۆمەڵگا و شوێن و فەرهەنگەکان، ئەم سیفەتە لە گوتاری سیاسیدا، سیفەتێکی نەگۆڕە. ئەگەر هەر گوتارێکی سیاسی بە پەڕگیرانە (استثنائي) بیەوێ لەدەرەوەی ئەو نەگۆڕە بژمێردرێ، ئەوا لەکاتی هەر بەریەککەوتنێکی بە ئەوانی دی، دێتەوە ناو هەمان چوارچێوەی نەگۆڕ، خۆ پرۆسەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن یەکێکە لەو ژینگانەی کە بەتەواویی ئەو قەناعەتەمان لا دروست دەکات کە گوتارێکی سیاسی نییە بەبێ دوالیزمە دژ بەیەکەکان. بەڵام بۆ ئەوەی ڕوونتر لە ڕۆڵی سێنتراڵییانەی ئەم دوالیزمانە تێبگەین و بەتایبەت لە دەرەوەی شەڕی ئامادەبوون یان نەبوون و لەدەرەوەی دیدی (سپی یان ڕەش) دەکرێ دوور لە بەریەککەوتنی گوتارە سیاسییەکان تەرزە پرسێک بوروژێنین و بپرسین
ئایا گوتارێکی سیاسی هەیە بتوانێ بەبێ شەڕی دوالیزمەکان خۆی بینابکات؟ داخۆ بەبێ ئامادەبوونی دوالیزمێک گوتارێکی سیاسی هەیە بتوانێ جیهانبینیی خۆی لەوانی دی جیابکاتەوە و تایبەتمەندییەکانی خۆی نیشانبدات؟ بەڵکو زیاد لەوەش دەڵێین داخۆ گوتاری سیاسی بەبێ لەخۆگرتنی دوالیزمەکان دەتوانێ پێناسەیەک بۆ ناسنامەی خۆی بکات؟
لەهەمووشی گرنگتر، داخۆ دوالیزمێکی نێو گوتاری سیاسی هەیە ڕەهەندێکی مۆراڵییانەی نەبێت؟ ئەمە لەکاتێکدا کە دەقاودەق ئەو دوالیزمە بۆخۆی چەمکێکی مۆراڵی نەبێت.
ئەگەرچی ئەم پرسیارانە هیچ ئیشکالییەکی ئەوتۆ لەبەردەم گوتاری سیاسیدا قوت ناکەنەوە، بەڵام کاتێک هەموو دوالیزمەکانی وەک (فەزیلەت و رەزالەت) و (دادپەروەری و ستەم) و (نیشتیمانپەروەری و خیانەت) و (دیموکراسی و دیکتاتۆری) و (بەرەی گەل و بەرەی دوژمن) و (پێشکەوتنخوازی و کۆنەپارێزی) و (چەپ و ڕاست) و.....هتد لەو دوالیزمانەی لەمسەری گوتاری سیاسییەوە تا ئەوسەری گوزەر دەکەن، بەجیاوازیی جیهانبینی و بوار و کایەکانیانەوە تێکڕا لەژێر تایتڵێکی گەورەدا جێیان ببێتەوە، کە ئەویش دوالیزمی (خێر و شەڕ)ە کەبۆخۆی لە دنیا و جیهانبینیی ئاینییەوە هاتووە، ئیدی یەکەمین کێشە لەبەردەم گوتاری سیاسیدا سەرهەڵدەدات کە ئەویش جیاکردنەوەیەتی لە گوتاری ئایدیۆلۆجی. ڕاستە ئیجگار زەحمەتە گوتارێکی سیاسی بەبێ هیچ بارگاویبوونێک بە جیهانبینیی ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو بتوانێ خۆی ئاڕاستە بکات، بەڵام ئەم ڕاستییەش هێشتا ناتوانێ پاساو بۆ ئاڵوودەبوونی گوتاری سیاسی بهێنێتەوە بەو شوحنە ئایدیۆلۆجییەی کە لەسەر زەخیرەی چەمکە دوالیزمییەکان دەژی. لەم بارەدا کێشەی گوتاری سیاسی دەبێتە کێشەی ناسنامەی ئەم گوتارە، واتە کێشەی پێناسەکردنی ئەم گوتارە بە شێوەیەک کە سنوورەکەی لەگەڵ گوتاری ئایدیۆلۆجیدا بە ڕاددەیەک کاڵ دەبێتەوە کە هەست بە بوونی مەسافەیەکی ئەوتۆ ناکرێت لەنێوانیاندا.
ئەگەر پاساوی ڕەهەندە ئایینییەکەی دوالیزم بەوە وەڵامبدرێتەوە کە بەر لە گوتاری ئایینی و بەر لە ئایین خۆیشی (وەک مەعریفەیەکی تایبەتمەندی سەر بە کۆمەڵگای مرۆیی) دوالیزمی (خێر و شەڕ) ئەگەر بە ناو و ڕەمزی تریشەوە بووبێ، بوونیان هەبووە، ئەم بوونەش لەو کاتەوە بووە کە کۆمەڵگا وەک سیستمێک (هەڵبەتە لە فۆرمێکی سەرەتاییانەدا) لەپرۆسەی گەڕان بەدوای ناو و ناسنامە و تایبەتمەندییەکانیدا و وەک میکانیزمێکی مۆراڵی بۆ پێناسەکردنی خۆی و جیاکردنەوەی لە ئەوانی دی بەکاریبردووە.ڕاستە ئەم دوو چەمکە بەڕاددەیەک گشتگیرن کە پەل بۆ زیاد لە ڕەهەندێک دەکوتن و لەکاتێکدا وەک چەمکی سەر بە دنیای ئایینی دەناسرێن، هاوکات سەر بە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکانیشن. لەهەموو بارێکیشدا ئەمانە بۆخۆیان دوو چەمکی مۆراڵین و بەر لە ئایین و گوتارە ئایینییەکان لە هزری مرۆییدا و لەنێو کۆمەڵگاکاندا ئامادەبوونیان هەبووە.
لەڕاستیدا گوتاری سیاسی ئەگەر لۆکاڵی بێت یان جیهانی و عەقڵانی بێت یاخود ناعەقڵانی و ئیدی لە خانەی هەر جۆرە پۆڵێنکردنێکدا جێگای کرابێتەوە، کاتێک لە ڕوانگەی دوالیزمەکانی ناو ئەم گوتارەوە لێی بڕوانرێ و هەڵبسەنگێنرێ، بەتەواویی دەبێتە کایەیەک کە ئەوەی بە پلەی یەکەم تێیدا ئامادەیە، (مۆراڵ)ە و ئەو سیستمەی تێیدا باڵادەستە بریتییە لە سیستمی تەفسیرکردن و جیهانبینیی بەها مۆراڵییەکان.
لێرەوە بەر لەوەی هیچ گوتارێکی سیاسی بەر (ئەوی دی) بکەوێت، سیستمێکی مۆراڵیی تایبەت بە کۆمەڵگای مرۆیی ئەو گوتارە هەیە و بەپێی شوێن و دەلالەتی (بەها)کانیان ڕۆڵ و کاریگەریی کۆمەڵایەتییان دەبێت، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ناکرێ لە دیدێکی بەراوردکارییانە (لەنێوان ئەو گوتارە و گوتارێکی دیدا) بڕوانینە بونیاد و میکانیزمی ئەو دوالیزمانەی گوتاری سیاسی کە بۆخۆیان چەمکگەلێکی مۆراڵین و بەپێی بەها مۆراڵییەکانی ئەو کۆمەڵگایە مامەڵەیان لەتەکدا دەکرێت.
بەم پێیە شوێن و کایەی ئیشکردنی گوتاری سیاسی بەر لە هەرشتێک سیستمی مۆراڵی و بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگایە، ئەگەرچی بەو حوکمەی کە کۆمەڵگاکان چوون یەک و هاوشێوە نین لە سیستمی مۆراڵییاندا، بەڵام هەمیشە هێڵێکی گشتی هەیە کە توانای گرێدانی بەها مرۆییەکانی هەیە پێکەوە، بەشێوەیەک وەک ئەوەی لەبەردەم کایەی سیاسیدا و لەنێو تەفسیری مۆراڵییانەی سیاسەتدا، هەموو کۆمەڵگاکان لەسەر سیستمێک پێکهاتبن.
ڕەنگە هەبێت پێی وابێ کە خوێندنەوەی گوتاری سیاسی و شیکردنەوەی لەم ڕەهەندە مۆراڵییەوە زۆر نالۆجیکییانە بێتە بەرچاو، ئەمەش بەو حوکمەی کە سیاسەت وەک پراکتیک و وەک ئەوەی پێی دەگوترێ (ڕیالیزم)، هەمیشە بۆی هەبووە ئەو هێڵە سوورانە ببەزێنێ کە سیستمی بەها مۆراڵییەکان بەتۆخیی کێشاویانە، بەڵام ئەم بۆچوونە ئەگەرچی لە سەرەتادا جۆرێک لە لۆجیکی تێدا بەدیدەکرێ، بەڵام کاتێک دەپرسین (لای ئەو گوتارە سیاسییە چی بەهای سەرەکییە؟) ئیدی لەوە تێدەگەین کە (هەموو شتێک لەپێناوی سەرکەوتندا) و (مەبەست پاساوی وەسیلەیە) بۆخۆیان وەک بەهایەکی مۆراڵی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. بۆیە دەشێ قوتابخانەی (میکیاڤیللی) لای هەندێک نامۆراڵی و لای هەندێکیتر مۆراڵی بن، بگرە دەشێ گوتارێکی سیاسی بۆ ئەمڕۆ مۆراڵییانە بێت و بۆ سبەی نامۆراڵی، یان هەمان گوتار لە کۆمەڵگایەکدا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ بەها مۆراڵییەکاندا نەبێت و لەکۆمەڵگایەکیتردا تەواو پێچەوانەی ئەو بەهایانە بێت. شتێک کە لێرەدا نەگۆڕە مەسەلەی (سەرکەوتن یان دۆراندن)ە، واتە لەپاش هەموو بەریەککەوتنەکان هەمیشە خودی (سەرکەوتن) دەبێتە بەهایەکی مۆراڵی گوتارە سیاسییەکان و (دۆڕاندن)یش دەبێتە دیوە نامۆراڵییەکەی ئەو بەهایە.
لێرەوە دەگەینە ئەو ئاکامەی کە ئەوەی لەدنیای سیاسەت و گوتارەکەیدا سەبارەت بە بەها مۆراڵییەکان تایبەتمەند بێت و لە گوتار و کایە کۆمەڵایەتی و ئایینی و فەرهەنگییەکانی جیابکاتەوە، ئەوەیە کە گوتاری سیاسی بۆخۆی توانای بەرهەمهێنانی (بەهای مۆراڵیی) تایبەت بەخۆی هەیە، ئەگەرچی ئەم بەهایانە لەنێو هەمان سیستمی مۆراڵیی کۆمەڵایەتی-ئایینی- فەرهەنگیشدا بن، بەڵام زیندوویی و بزێویی گوتاری سیاسی لەوەدا دەردەکەوێ کە بەپێی سەردەمە جیاوازەکان هەمیشە توانای داتاشین و لەبەرگرتنەوەی (مۆدێلی نوێ)ی هەیە بۆ بەهای تر، بەشێوەیەک ئەگەرچی بەدیوێکدا هەر هەمان دەلالەتە لە هەمان کایە و ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، بەڵام هەمیشە وەک ئەوە دەردەکەون کە بەهای جیاواز و نوێ بووبن و لەوەپێش دەرکیان پێنەکرابێت، گەر بڕوانینە زنجیرەی ئەو چەمکە سیاسیانەی وەک (مافی مرۆڤ و شەرعییەت و ...هتد) هەرکامیان لەبەردەم دژەکەیدا ڕابگرین، دەزانین کە درێژبووەوەی هەمان گوتاری دوالیزمە و دەچێتەوە سەر هەمان سیستمی (خێر و شەڕ).
ماوەتەوە بڵێین ئەگەرچی وا دەردەکەوێت کە گوتاری سیاسی زمانحاڵی ئەو (سپی) یان (خێر)ە بێت کە لە شەڕی دوالیزمی (سپی و ڕەش) یان (خێر و شەڕ) دا نمایشیدەکات، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە دوالیزمەکانە زمانحاڵی گوتاری سیاسین، ئەوە خودی ئەو (سپی)یەیە دەیەوێ بڵێ ئەوی دی ڕەشە و خودی ئەو (خێر)ەیە کە هەمیشە دەڵێت من سەرچاوەی چاکەم و ئەویدی سەرچاوەی شەڕە، چونکە لەبنەڕەتدا ئەوە جیهانبینیی گوتاری سیاسییە کە پێناسە و تەفسیری ئەو بەها مۆراڵیانە دەکات، تەنانەت بەرهەمیشیان دەهێنێ و دەیانکاتە مۆدێلی گوتارەکەی. هەربۆیە دوالیزمەکان لەبنەڕەتدا جۆریکن لە میکانیزمی بەکاربردن لەنێو سیستمی بەها مۆراڵییەکانی خۆیدا، ئەمەش جەوهەریترین تایبەتمەندێتیی گوتاری سیاسییە بەبەراورد لەگەڵ هەر گوتارێکی تردا.
Top