سه‌ده‌یه‌ك شکستی کوردی له فه‌ره‌نسادا:بۆ كورد نەیتوانیوە وەك ئەرمەن و جوولەكەو تورك و مەغریبیەكان سوود لە فەرەنسا وەربگرێت؟
November 8, 2012
وتار و بیروڕا
له شه‌ریف پاشه‌وه تا کرێکاره ڕه‌ش و ڕووته کورده‌کانی ئه‌مڕۆی پاریس، کورد پێی له‌م وڵاته نه‌بڕیوه. پاریس هه‌میشه یه‌کێک بووه له‌و پانتاییانه‌ی که سیاسی و ڕۆشنبیران و ته‌نانه‌ت کرێکارانی کوردیش ڕوویان تێکردووه. ئه‌م مێژووه‌ش ته‌مه‌نی له سه‌ده‌یه‌ك تێده‌په‌ڕێت. ئه‌وه‌ی جێگای وردبوونه‌وه و ڕامانه لاوازیی و کرچ و کاڵیی ئاماده‌یی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تيی کورديیه له‌م ڕووبه‌ره‌دا. ڕاسته که مێژووی ئێمه له‌م وڵاته‌دا سه‌ده‌یه‌ك تێده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته که ئه‌م سه‌ده‌یه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئاماده‌یی ئه‌و گرووپانه‌ی که پێشتر ناومانهێنان، سه‌د ساڵه له شکستی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ته‌نانه‌ت زانستییشدا.
په‌یوه‌نديیه سیاسیيه‌کانی ئێمه له‌م وڵاته‌دا ئه‌و بازنه‌یه تێناپه‌ڕێنن که پێکهاتووه له چه‌ند کۆنه سه‌فیرێکی خانه‌نشین، چه‌ند دیپلۆماتێکی په‌راوێزکراو یاخود چه‌ند سیاسیيهکی میدیاتیك که بۆ ده‌رکه‌وتنی زیاتر له ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا هه‌میشه باس له قوربانیيه‌کان، به ئێمه‌ی کوردیشه‌وه، ده‌که‌ن. ئه‌م بازنه ته‌سك و بچووکه، له ڕووبه‌رێکی ته‌واو سنورداردا نه‌بێت هه‌رگیز ناتوانن بجوڵێنرێن و کاری گه‌وره‌ی پێناکرێت. ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی سیاسی ئه‌رمینیه‌کان توانی به په‌رله‌مانتاره فهرهنسیيهکانی بکات سه‌باره‌ت به جینۆسايدی ئه‌رمینی، بۆ نوێنه‌رایه‌تی سیاسی کرچوکاڵی کورد به خه‌ونیش نابینرێت. نوێنه‌رایه‌تيی کورد تا ئێستاش له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی دانیال میتێران ده‌گری و تێنه‌گه‌شتووه له‌وه‌ی که دنیای تازه، دنیای پۆست دانیال میتێرانه و به‌بێ تۆڕێکی فراوانی سیاسی نیشتمانی ته‌مه‌نی کاراییمان له ته‌مه‌نی په‌پوله‌یه‌ك زیاتر نابێت.
له‌سه‌ر ئاستی «کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی»، ئاماده‌یی کوردی نه‌ك هه‌ر کرچ و کاڵ و لاوازه، به‌ڵکو هه‌ر بونیشی نییه. به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌رمینیه‌کان، جوله‌که‌کان، مه‌غریبیه‌کان و تورکه‌کان که خاوه‌نی سه‌دان ڕێکخراوی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نین : ڕێکخراوی ئافره‌تان، لاوان، خوێندکاران، ڕۆشنبیران، کرێکاران، مامۆستایان، هتد. هه‌موو کورده‌کانی باشوری کوردستان، ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگام لێبێت ته‌نيا ڕێکخراوێکیان هه‌یه که ئه‌ندامه‌کانی له په‌نجه‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕێن و نه‌ك هه‌ر پشتگیری ناکرێت، به‌ڵکو به تووندیش دژایه‌تی ده‌کرێت. ئێمه هه‌زاران کوردمان له شاره‌کانی وه‌ك پاریس، لیۆن، مارسیلیا، لیل، بۆردۆ، نیس، کلێرمۆ، ستراسبورگ، تولوز، ...هه‌یه. به‌شێکی زۆری ئه‌م کوردانه له فه‌ره‌نسادا خێزانیان دروستکردووه وبه قووڵایی کۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسیدا شۆڕبوونه‌ته‌وه. گه‌ر نوێنه‌رایه‌تيی کوردی له فه‌ره‌نسادا خاوه‌نی پرۆژه‌یه‌کی ستراتیژی بووایه، ده‌یتوانی تۆڕێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌م سه‌رمایه بهشهريیه دروستبکات و له‌ڕێگای ئه‌م تۆڕهشهوه ده‌ستکاريی وێنه‌ی کوردی له یاده‌وه‌ريی کۆلێکتیڤی فه‌ره‌نسیدا بکات. به‌ڵام به‌داخه‌وه له ئاماده‌نه‌بوونی پرۆژه‌یه‌کی له‌م جۆره‌دا، فهرهنسییە کورده‌کان وه‌ك ئه‌تۆم په‌رشوبڵاوبوون و هیچ شتێك به‌یه‌کیانه‌وه نابه‌ستێته‌وه.
له‌سه‌ر ئاستی زانستيی تراژیدیا ئێمه هیچی له ئاسته‌کانی دیکه کهمترنيیه.مێژووی نوێنه‌رایه‌تيی ئێمه ناتوانێت فه‌ره‌نسای پیه‌ر بۆردیۆ، ئالان تورێن، لوك بۆلتانسکی، رێجیس دوبرێ، میشێل فوکو، جاك دێریدا، جیل دولوز، ئۆلیڤه‌ر ڕوا، جیل کهپێل، دانیال ئێرڤیۆ لێژێ و هه‌زاران گه‌وره زانای دیکه، ببینێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م نوێنه‌رایه‌تیيه ده‌یبینێت ته‌نيا چه‌ند «به‌حساب» ڕۆشنبیرێکه که خاوه‌نی هیچ پێگه‌یه‌کی زانستی نین له نێو کێڵگه‌ی زانستیی فه‌ره‌نسیدا. مێژووی نوێنه‌رایه‌تيی ئێمه بریتیيه له مێژووی نزیکبوونه‌وه له‌و که‌سانه‌ی که له په‌راوێزه‌کانی زانستيی فه‌ره‌نسیدا ده‌ژین. باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌و ڤیستیڤاڵ و بۆنه‌و بهیهکگهشتنانهیه که له کوردستاندا ئه‌نجامده‌درێن وهه‌ندێك فه‌ره‌نسی بهشداریپێدهکهن که به ده‌گمه‌ن له په‌راوێزه‌کانی کێڵگه‌ی زانستیشدا ده‌بینرێن. له‌کاتێکدا ئه‌و سه‌رمایه‌ی که له‌م جۆره که‌سانه‌دا سه‌رفده‌کرێت، ده‌کرێت به‌کاربهێنرێت بۆ هێنانی پیاوانی وه‌ك ئالان تورێن، هابرماس یان ئۆلیڤه‌ر ڕوا که نه‌وه‌یه‌ك له کوردستان خه‌ون به دیداریانه‌وه ده‌بینێت.
بێگومان ناکرێت له بابه‌تێکی وادا ئاماژه به‌و شه‌پۆله خوێندکاره نه‌ده‌ین که ساڵانه رووده‌که‌نه فه‌ره‌نسا و له زانکۆ جیاوازه‌کاندا ده‌ست به خوێندن ده‌که‌ن. گه‌ر عه‌قڵی سیاسيی کوردی له فه‌ره‌نسادا خاوه‌نی جیهانبینيیهکی بابه‌تیانه و پرۆژه‌یه‌کی ستراتیژيی نیشتمانی بووایه، زۆر به ئاسانی ده‌یتوانی له‌م هه‌زاران خوێندکاره بزووتنه‌وه‌یه‌کی خوێندکاریی به‌هێز له‌سه‌ر ئاستی فه‌ره‌نسادا دروستبکات. بزووتنه‌وه‌یه‌ك که له داهاتوویه‌کی نزیکدا ده‌یتوانی (ده‌توانێت) ببێت به خاوه‌نی سه‌دان دکتۆر له سۆسیۆلۆژیا، زانسته سیاسیه‌کان، ئه‌نترۆپۆلۆژیا، ماف و یاسا، جيۆگرافی، پزیشکی، ئه‌ندازیاری، فه‌لسه‌فه،...، له‌هه‌لومه‌رجێکی ئاوا‌شدا، نه‌ك هه‌ر به‌ته‌نيا وه‌ڵامی پێداویستیيه‌کانی زانکۆکانی کوردستانی ده‌دایه‌وه، به‌ڵکو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌یتوانی ببێت به هێزێکی چالاکی کشاو به‌نێو ته‌واوی موخته‌به‌ره زانستیه فه‌ره‌نسیه‌کانیشدا. له کرچوکاڵیی عه‌قڵی سیاسيی ئێمه‌دا، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه نه‌ك هه‌ر دروستنه‌بووه، به‌ڵکو به‌شێکی زۆری ئه‌و خوێندکارانه‌ش که گه‌شتونه‌ته فه‌ره‌نسا، له ئاستی جیاوازدا تووشی نه‌خۆشيی ده‌روونی بوون و دوورنيیه که له‌داهاتوودا ته‌نانه‌ت دیارده‌ی خودکوژیش له‌نێویاندا سه‌رهه‌ڵبدات. عه‌قڵی سیاسيی ئێمه، له‌بری باوه‌شکردنه‌وه بۆ ئه‌م خوێندکارانه، له‌بری ده‌ستنیشانکردنی «یاریده‌ده‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی» بۆیان بۆئه‌وه‌ی هاوڕێیهتیيان بکات و فێری چۆنیيه‌تی تێکه‌ڵبوون به کۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسیان بکات، به‌خۆیانیان ده‌سپێرێت و بەرەلڵای نێو کۆڵانه‌کانی مۆدێرنیتێی فه‌ره‌نسیان ده‌کات.
بێگومان ئه‌م شکستانه، له ئێستا و ئێره‌دا بینانهکراون و پهیوەنديیان به که‌سێکی تایبه‌ته‌وه نیيه، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌م شکستانه له‌نێو مێژوویه‌کی درێژدا دروستبوون و هه‌ر له‌نێو ئه‌و مێژووه‌شدا، به ئێستاشه‌وه خۆیان دووباره‌ده‌که‌نه‌وه. ده‌ستنیشانکردنی که‌سێکی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك مه‌سیح هه‌موو ئه‌م شکستانه‌ی بخرێته سه‌ر شان، هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام به‌رده‌وامی هه‌ر که‌سێکیش له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و سیسته‌می کارکردنه‌ی که ئه‌م شکستانه‌ی به‌رهه‌مهێناوه ڕاسته‌وخۆ ده‌یکات به «به‌رپرسیار» له به‌شێکی گرنگ له‌م شکستانه.
ئایا ڕێگایه‌ك هه‌یه بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه له‌م قه‌یرانه یه‌ك له‌دوای یه‌کانه که هه‌موو ئاسته‌کانی گرتووه‌ته‌وه ؟ هه‌ر چه‌ند له‌سه‌ر ئاستی پراکتیك هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌ڕێوه نيیه بۆ ئه‌وه‌ی عه‌قڵی سیاسيی کوردی له فه‌ره‌نسادا ئه‌م قه‌یرانانه تێبپه‌ڕێنێت، به‌ڵام هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌سه‌ر ئاستی تیۆری ده‌کرێت ئێمه پێشنیاری بۆچوونێك بۆ چوونه ده‌ره‌وه له‌م کۆڵانه داخراوه بکه‌ین. ئه‌م بۆچوونه‌ش ده‌کرێت له‌سه‌ر ئه‌و پرانسیپه بینابکرێت که عه‌قڵی سیاسيی کوردی له فه‌ره‌نسادا ده‌بێت عه‌قڵێکی نیشتمانی بێت و سنوره ته‌سکه‌کانی تاکه‌که‌س، حیزب، گروپی دروستکراو له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڕێیه‌تی، نه‌وه‌ی کۆن، نه‌وه‌ی تازه تێبپه‌ڕێنێت. پاشان ئه‌نجومه‌نێکی نیشتمانيی کوردی له فه‌ره‌نسادا دروستبکات و کاری سه‌ره‌کی بریتی بێت له دروستکردنی پرۆژه‌ی ستراتیژی بۆ هه‌موو ئه‌و مه‌یدانانه‌ی که ئاماژه‌مان پێکردن و له نزیکه‌وه چاودێريی چۆنیيه‌تی جێبه‌جێکردنیان له‌لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تيی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه بکات. ئه‌ستەمه به ته‌نیا که‌سێك، جا ئیتر هه‌ر که‌سێك بێت و له هه‌ر ئاستێکی حیزبی و حکومیدابێت، بتوانێت له ژوورێکی داخراودا ئه‌م هه‌موو بهرپرسیاریهتیيه بگرێته ئه‌ستۆی خۆی، گه‌ر هه‌ر که‌سێك ئاره‌زووی ئه‌وه‌بکات که ئه‌م جۆره که‌سه بێت بێگومان ده‌یه‌وێت مێژووی ئه‌م قه‌یرانانه به‌رده‌وامبێت. به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی وه‌رگرتنی ئه‌م پێشنیاره‌ی ئێمه‌دا، ئیتر له کاری تاکه که‌سیيه‌وه، پرۆژه‌ی تاکه که‌سیيه‌وه، به‌رپرسیاریی تاکه که‌سیيه‌وه ده‌په‌ڕینه‌وه بۆ کاری ده‌زگایی، پرۆژه‌ی ده‌زگایی وبهرپرسیاريی ده‌زگایی. پێموایه گه‌ر عه‌قڵی سیاسیى کوردیش له فه‌ره‌نسادا، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌نديیه دابه‌شبووه جیاوازه‌کانی، ئه‌م پێشنیاره‌ی بۆ هه‌رس نه‌کرێت و جێبه‌جێی نه‌کات، ئه‌وا سه‌رۆکایه‌تيی هه‌رێم و سهرۆکایهتبی حکومه‌تی هه‌رێم، له پێناوی به‌رژه‌وه‌نديیه باڵاکانی کوردایه‌تیدا ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌کیدا فه‌رز بکه‌ن، گه‌رنا هه‌موومان پێکه‌وه، ده‌لکێین به مێژووی ئه‌م شکسته یه‌ك له‌دوای یه‌کانه‌وه.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ
لە پاریس