خەیاڵی سیاسی لەنێوان داهێنان و تەقليددا
October 11, 2012
وتار و بیروڕا
کاتێک (ئەنشتاین) دەڵێ: (هەمیشە خەیاڵ باشترە لە مەعریفە)، ئەمە لەو باوەڕەوەیبووە کە مەعریفە لەبنەڕەتدا وەدەستهێنانی زانیاری و تێگەیشتنە وەدەستهاتووەکانە و ڕێکخستنیانە لەچوارچێوەیەکی زانستیدا، ڕوونتر بڵێین مەسەلەی مەعریفە زیاتر مەسەلەی (تەحسیل حاسڵ)ـە، لەکاتێکدا خەیاڵ وزەیەکی بەکاربراوە بۆ کەشفکردنی شت و زانیاری و تێگەیشتنە کەشف نەکراوەکان، واتە ئەمیان مەسەلەی تەحسیلکردنی ئەو تێگەیشتن و زانینەیە کە هێشتا حاسڵ نەکراوە. چونکە ئەمیان لەبنەڕەتدا پشت بە هێزی کەشفکردن و ئەفراندن دەبەستێ و وەک مەعریفە پشت بە سروشتی تەلقین و تێگەیشتنی ئەبستراکت نابەستێ.
سەبارەت بە سروشتە واقیعییەکەی سیاسەت و جێبوونەوەی خەیاڵ لەنێو دنیای سیاسەتدا، دەبێ ئەوە بڵێین کە لێرەدا مەبەست لە خەیاڵ تەواو دوورە لەو مەبەستەی کە فۆرمێکی سەروو سروشتییانە و دژە لۆجیکی و عەقڵانی بێت، بەڵکو مەبەست لێی ڕێکردنی عەقڵە بەنێو ئەو فەزا فیکری و کۆمەڵایەتییانەدا کە پێشتر پێیدا ڕاگوزەر نەبووە، هاوکات لەکاتێکدا ئەم وزە عەقڵانییە پەل بۆ ئەو فەزا دوورانە دەهاوێت، بۆخۆی تەواو لەنێو ژینگە و واقیعی کۆمەڵایەتیی خۆیدا ڕەگی داکوتیوە و هەرگیز لێی جیا نەبۆتەوە. ئەوەی هەیە باڵابوون و تێپەڕاندنی سروشتی گۆڕاوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە لە فیکری بیرمەندی سیاسی یان کەسی سیاسەتواندا لەمیانەی بەکاربردنی ئەو وزە مرۆییەوە کە بە (خەیاڵی سیاسی) ناودەبرێت. ئالێرەوەیە کە لەنێو هەر کۆمەڵگایەکی مرۆییدا و لەنێو هەر سیستمێکی هاوشێوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریدا، هەمیشە کەسانێک هەن بەرزتر لەئاستی تێگەیشتن و تێڕوانینی کۆ چ لە خوێندنەوەی واقیع و گۆڕاوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا و چ لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو گۆڕاوانەدا، توانای ئەوەیان هەیە کە دەستیان بگاتە ئەو شوێنە عەقڵانیە پەنهانە و چەردەیەک لە بیرۆکە و تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئەوتۆ بەرهەمبێنن کە بە هزری هیچ کام لە سیاسەتوانانی تری هەمان کۆمەڵگادا نەهاتووە. ئەمە گەورەترین خاڵی تایبەتمەندی ئەو تەرزەیە لە سیاسەتوانان کە بەوە دەناسرێن توانای ئەوەیان هەبێت لە خوێندنەوە و تێگەیشتن و فکریاندا بۆ گۆڕاوە سیاسیەکان هەمیشە پێش زەمەنەکەیان بکەون. لێرەوە دەتوانین بڵێین گەورەترین خاڵی جیاکەرەوەی نێوان سیاسەتوانی داهێنەر و سیاسەتوانی تەقلیدی ئەو وزە عەقڵانییەیە کە بە (خەیاڵی سیاسی) ناسراوە، نەک گوتار و دروشمی سیاسی کە زۆرجار دەشێ هەڵخەڵەتێنەر بن. دەبێ ئەو ڕاستییە مێژووییە بەهەند وەربگرین کە هەمیشە قۆناغە گرنگەکانی گۆڕانکاریی سیاسی یەکلاکەرەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پەیوەستبووە بە بوون و ڕۆڵی کاریگەرانەی ئەو بیرمەند و سەرکردە و کارەکتەرە سیاسیانەوە کە توانای تێپەڕاندانی سیستمی تێگەیشتن و مامەڵەکردنی گۆڕاوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە باوەکانیان هەبووە و خەیاڵی سیاسییان توانای دۆزینەوەو دەستەبەرکردنی فۆرمی نوێ و شێوازی تریان هەبووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرکەوتە سیاسیەکاندا، تاڕاددەی موفاجەئەکردنی کۆمەڵگا بە چەمک و تێگەیشتنی تازە و جیاواز لە تێگەیشتنە تەقلیدییەکان، کەلەزۆر حاڵەتدا بەو حوکمەی کۆی ئەم پرۆسە نوێیە لەسەر ئاستی واقیع دژ بە ستراتیجی ئیشکردن و سیستمی تەقلیدیی تێگەیشتن دەوەستێت، جۆرێک لە ناڕازیبوون و تەنانەت بەرەنگاربوونەوەشیان تووش بووە، کە لەباشترین حاڵەتدا وەک دیاردەیەک ببینرێت کە سەرتاپای لە نهێنی و ڕەگەزی موفاجەئەوە خۆی پێچابێت.
لەڕاستیدا کێشەی سیاسەتوانی تەقلیدی بەپلەی یەکەم کێشەی نەبوونی (خەیاڵی سیاسی)یە لە فیکر و تێگەیشتنیدا، نەک کێشەی نەبوونی چەمکی نوێ و دروشمی سەردەمیانە. نەبوونی ئەم وزەی خەیاڵەیە کە سیاسەتوانی تەقلیدی والێدەکات ئەگەرچی بەردەوام لەبەردەم چەمک و دەرکەوتەی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتیشدا ڕایبگرین، مامەڵەکردنی لەگەڵیاندا بەهەمان ئەو میکانیزمە کۆنە دەبێت کە لەگەڵ چەمک و دەرکەوتە کۆنەکاندا ئەنجامی داوە، واتە کێشەی ئەم بوونەوەرە سیاسییە لە سیستمی تێگەیشتندا لەبنەڕەتدا بڕوانەبوونە بەوەی لەدەرەوەی جوگرافیای بەرجەستەی سیاسیدا شوێنێک هەبێت شتگەلێکی جیاواز یان نوێی تیابێت و ئەوە لە عەقڵی بنیادەم بخوازێت کە بەرزبێتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر و بەهۆی وزەی (خەیاڵی سیاسی)یەوە بتوانێ دەستی بگاتە ئەو فەزایەو کەشفی مەعریفە شاراوەکانی بکات و ئەوەی کە لەگەڵ زەمینە و واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسیی سەردەمەکەی ئەمدا دەگونجێت تەوزیفی فیکری خۆی بکات لە پرۆسەی خوێندنەوەو تێگەیشتن و تەفسیرکردنی گۆڕاوە سیاسییەکاندا تا بتوانێ بەدیوێکدا لەدەرەوەی سیستمی تێگەیشتن و مەعریفەی باو مامەڵە لەگەڵ چەمک و دەرکەوتەکاندا بکات و بەدیوێکی تریشدا جۆرێک لە داهێنان لەکایەی ئیشی خۆیدا بکات. تا بەم پێیە لەبری وەزیفەی تەفسیرکردنی تەفسیرکراو و ناساندنی ناسراو و وەدەستهێنانی وەدەستهێنراوەوە بتوانێت میکانیزمی ئیشکردنی خۆی بگوازێتەوە بۆ سروشتی تەفسیرکردنی تەفسیرنەکراو و ناسینی نەناسراو و وەدەستهێنانی وەدەستنەهاتووەوە، کە ئەمە سیفەتی سیاسەتوانی داهێنەر و ناتەقلیدییە.
ئەم قسانە بەو مانایە نایەن کە سیاسەتوانی تەقلیدی هیچ جۆرە خەیاڵێکی سیاسییانە شک نەبات، بەڵکو بەو مانایەیە کە ئەو جۆرە خەیاڵەی ئەم، هەرگیز ناگاتە ئەو ئاستە باڵا فیکری و عەقڵانیەی توانای سنووربەزاندنی سیستمی باوی تێگەیشتن و دەرچوون لە جوگرافیای دەرکەوتە بەرجەستەکانی واقیعی سیاسیی نێو کۆمەڵگەی خۆی هەبێت. واتە (خەیاڵی سیاسی) لای سیاسەتوانی تەقلیدی هەر هەمان ئەو سیستمە مەعریفییەیە کە دەستەبەریکردووە و تەفسیری دنیا و گۆڕاوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی پێدەکات. واتە ئەم بوونەوەرە سیاسییە زیاتر کۆیلەی تێگەیشتن و تەفسیرەکانی خۆیەتی و لەنێویاندا بەندکراوە، بەمانایەکی تر بڵێین کۆیلەی (خەیاڵی سیاسیی) خۆیەتی، ئەمەش خاڵی جیاکردنەوەی نێوان (خەیاڵی سیاسیی داهێنەرانە) و (خەیاڵی سیاسیی تەقلیدی)یە. چونکە لەکاتێکدا سیاسەتوانی تەقلیدی خەیاڵە سیاسییەکەی خۆی دەکاتە زیندان و تێیدا بەند دەبێت، سیاسەتوانی داهێنەر لەمیانەی خەیاڵی سیاسییەوە فراوانترین فەزای ئازاد بۆ فیکر و هزری خۆی دەستەبەر دەکات، خەیاڵێک کە بەخۆشی سنووری نییە و هەمیشە لە فراوانبووندایە.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ڕێمان کە مانەوە و بەندبوونی سیاسەتوانی تەقلیدی لەنێو ئەو سیستمە مەعریفییە چەقبەستووەدا، ئایا بەهۆی ناتواناییەوەیەتی لە دەستەبەرکردنی ئەو وزە فیکری و عەقڵانیەی کە کەفیلی دەرچوونێتی لە (زیندانی) خەیاڵە سیاسییەکەی خۆی؟ یان سروشتی ئەو خەیاڵە سیاسییەیە کە لە فۆرمی زیندانێکدایە و پەیوەستە بە ئایدۆلۆجیا و کولتووری سیاسیی و کۆمەڵایەتی و سیستمی مۆراڵی و فەرهەنگیی کۆمەڵگاکەیەوە؟ ئەگەرچی هەموو ئەم فاکتەرانەی دووەم گریمانە دەشێ تا ڕاددەیەک ڕۆڵی خۆیان هەبێت، بەڵام بەبڕوای من گریمانەی یەکەم واتە فاکتەری سەرەکی لەخوڵقانی ئەم زیندانەدا خودی سیاسەتوانی تەقلیدی خۆیەتی، ئەمەش پەیوەستە بە بونیادی فیکری و سیاسیی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەسایەتیی ئەم کارەکتەرە سیاسییەوە. هەموو ئەم سێکتەرانەش پێکەوە ئاماژە بۆ ئەو مەیلە خۆپارێزانەیەی دەکەن لەهەمبەر ئەو قەناعەت و کردە سیاسییەدا کە بە (ڕیسککردن) دەناسرێت.
لەڕاستیدا (ڕیسککردنی سیاسی) بارگاویی بە شوحنەیەکی بەهێزی عەقڵانیەت و وردبینی و خوێندنەوەی دروستی واقیع و دەرهاویشتە سیاسییەکان لەگەڵ هەموو کایەکانی تری پەیوەست بە کایەی سیاسییەوە کە کاریگەریی ئەو ڕیسککردنەیان دەکەوێتە سەر، یەکێکە لە پێداویستییە گرنگەکانی سیاسەتوانی داهێنەر. چونکە پرۆسەی خەیاڵی سیاسیی بۆخۆی جۆرێکە لە ڕیسککردن و بەبێ ئامادەیی سیاسەتوان بۆ بەرکەوتن بەم ڕێگا شاراوەیە مەحاڵە مەیلێکی ئەوتۆی هەبێت بۆ سنووربەزاندنی دنیا و واقیعی خۆی و کۆمەڵگەکەی بەبیانووی کەشفکردنی ئاسۆتر و فەزای نوێی فیکری و عەقڵانی لەهزری سیاسیی خۆیدا.
لەهەموو بارێکیشدا نابێ ئەوەمان لەیادچێ کە لەدەرەوەی خوێندنەوە و تێگەیشتن و مامەڵەکردنی (عەقڵانی) هەموو خەیاڵێکی سیاسیی دەبێتە جۆرێک لە وەهمی سیاسیی، ئەگەر نەڵیین خڵەفانی سیاسییانە و هەموو ڕیسکێکی سیاسیش دەبێتە جۆرێک لە گرەوی دۆڕاو ئەگەر نەڵێین خۆکوشتنی سیاسییانە.
سیاسەتوانی تەقلیدی ئەگەرچی هەمیشە خۆی پاراستووە لەهەرجۆرە ڕیسککردن و خەیاڵێکی دەرەوەی تەقلید، بەڵام بۆ دنیایەکی وەک ئەم سەردەمەو کۆمەڵگاکانی کە مەیلێکی زۆریان هەیە بۆ دەرچوون لە زیندانە باوەکانی فیکری سیاسیی باو، ئەوەی ئەم بوونەوەرە سیاسییە پیادەی دەکات نغرۆبوونێتی لەنێو نامۆبونێکی گەورەدا، نامۆبوون بە ڕۆحی سەردەم و کۆمەڵگاکەی، نامۆبوونێک کە زیاتر بە مردنێکی هێواش دەچێت.