سیاسەتی ئاساییش لەكوردستان،لەنێوان هەستەوەریی هەندێ لایەن وپەرچەكرداری نێگەتیڤانەدا
October 4, 2012
وتار و بیروڕا
لەبەرامبەر بڕیاری یاسای پەرلەمانی كوردستان و راگەیاندنی دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایش لەهەرێمدا، زۆر كەس لێكدانەوەیەكی هەستیارانەیان بۆ ئەم بابەتە خستۆتەڕوو، بەتایبەتیش رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئەكادیمی و ناوەندەكانی توێژینەوە،كە هەندێكیان زۆر رەشبینانە و بە بیروبۆچوون و رای تایبەتیی پێشوەختە لەم ئەركە گرنگە دەڕوانن،كە هەر ئەمەش كاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر پێشكەوتن وزیاتر سەقامگیركردنی كەشوهەوای پێشكەوتن لە هەرێمدا،كە زیاتر پێویستی بە كۆدەنگیی هەموولایەكە .
بۆیە ئەگەر سەیری ئەو خوێندنەوانە بكەین ئەوا دەنگێكی كەمە و بەم شێوەیەیە:
1- یان دەكەوێتە ژێركاریگەریی شێواندن و گوشارەوە لە ئاكامی هەڵوێستی تەسكی سیاسیی وحزبیی پێشوەختەوە.ئەمەش مەرج نییە بەمەبەستی بێڕێزی و تانەلێدان بێت،بەڵام رەنگە لەبەر هۆشداری و وریاییەوە بووبێت و زێدەڕۆیی تێداكاربێت.
2- یان ئەو دەنگە كەمانە دەرئەنجامی پاڵنەری سیاسیی بەرهەڵستكار بێت بە ئاڕاستەیەكی نێگەتیڤانە كە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ پێداویستییەكانی ئەداو توانای بیناكردنی ئۆپۆزسیۆن یەكناگرێتەوە لە چوارچێوەی دامەزراوەی مەدەنی هاوچەرخدا، بۆیە ئەو دەنگانە تەنیا وەكو ئاستەنگێك لەبەردەم كاروانی فەراهەمكردنی ئاسایشدا دەوەستن.
لێرەدا و دوای ئەم پێشەكییە كورتە وا چاكترە جەخت بكەینەوە لەسەر فراوانكردنی وێنەی راستیی پلانەكانی بنیادنان وپێشكەوتن،یەكێك لەو پلانانەش چارەسەری باری ئاسایش دەكات،لەگەڵ دابینكردنی بەرچاو روونی تاكو ئەو دەنگانەی كە راستییەكان دەشێوێنن چاك تێبگەن كە ئەوان دوچاری كێشمەكێش وململانێیەك بوونە كە پێویستە بە تێگەیشتن لە وردەكاریی ئەم لایەنە لەو بیروبۆچوونە نەخۆشەیان دووربكەونەوە، هاوكات وا پێویست دەكات گوێ لە بۆچوونە نێگەتیڤەكانیشیان بگیرێت تاكو لە كۆتاییدا خزمەتی ئەم رێبازە بكەن.مەبەستیش لێرەدا تەخوین كردنی بەرامبەر یان پەراوێزكردن بێت، بەڵكو بەهێزكردنی پرانسیپەكانی رێزگرتنە لەرای بەرامبەر و سوود لێوەرگرتنیانە،تەنانەت سوودوەرگرتن لە رای پێچەوانە و چارەسەركردنی گرفتەكان بە شێوازی بابەتیانەو ئاشتیانە،دیارە ئەم ئەدا پۆزەتیڤەی حكومەتی هەرێم لە بەتەنگەوەهاتن بۆ كێشەو گرفتی رۆژانە یەكێكە لەو هەنگاوە گرنگانەی دامودەزگاكان لەبەر رۆشنایی پرۆسەی چاكسازی كە بەردەوام بۆ ئەم مەبەستە ئەكتیڤ كراوە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی و ئاوەدانكردنەوە لە هەرێمی كوردستاندا.
پێداچوونەوە بە دەقی یاسای ئەنجومەنەكە دیدو وێنایەكی تێروتەسەلمان سەبارەت بە گرنگیی یاساكە پێدەبەخشێت كە بە هەنگاوێكی نموونەیی دادەنرێت لە بواری پاراستنی ئارامیی هەرێم وەكو ئەزموونی هەموو میللەت و دەوڵەتانی دیكەی جیهان، هاوكات بۆچوونی راستەقینەو سووربوونی سەركردەكانی هەرێم روون دەكاتەوە لە ئاراستەیەكی پۆزەتیڤانەی سیاسەتی ئاسایشدا،بۆیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار مەسعود بارزانی لە وتەكەیدا كە بەم بۆنەیەوە خوێندییەوە ئاماژەی بە پێوەندیی نێوان ئاسایش و گەشەپێدان و فراوانبوونی وەبەرهێنان كرد،كە لەلایەك ئاوەدانی و بیناسازی دەگرێتەوەو لەلایەكی دیكەشدا داواكانی هاووڵاتیانی هەرێم جێبەجێ دەكات لە دۆزینەوەی هەلی كارو سڕینەوەی حاڵەتەكانی بۆشایی كە رەنگە هۆیەك بن لە هۆیەكانی شێواندنی بارودۆخی جێگیر نەبوونی سەقامگیری وئاسایش،نموونەش بۆ ئەمە، ئەو رەوشە نالەبارەیە كە ئابووریی ناوچەكانی دیكەی عێراقی گرتۆتەوە، لە سایەی بەرقەرارنەبوونی ئاسایش، بە بەراورد لەگەڵ هەرێمی كوردستان.بۆیە كاتێك باس لە دۆسێی ئاسایش دەكەین،نابێت زۆر بە هەستەوەری مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی ئەنجوومەنەكەدا بكەین،چونكە بەبەڵگە سەلمێندراوە كە تواناو كارامەیی خۆی بۆ هەموو لایەك دووپاتكردۆتەوە،پاشان راوێژكاری ئەنجومەنەكەو جێگرەكەی لە وتارەكانیاندا كە بە بۆنەی رێورەسمی دامەزراندنییەوە خوێندیانەوە ئاماژەیان بە ئەرك و ئامانج و پێوەندیی ئەنجومەنەكە بە هاووڵاتیانەوە كرد بە تایبەتیش لە بواری پاراستنی سەروماڵیان و نواندنی رێزو پێزانین و یەكبوونی ئامانجی هەموو دەزگاو دامەزراوەكانی ئەنجومەنەكە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان.دیارە ئەو ئەركە پیرۆزە گەورەیە تەنیا بە پۆلیس و سوپا و فراوانكردنی بازنەی گەشەپێدان و چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكان فەراهەم و مەیسەر نابێت، بەڵكو پێویست بە هاوكاری و هەماهەنگیی سەرجەم حزب و هێزو لایەنانە دەكات،نەك بەربەست و ئاریشە بخەنە بەردەم ئەرك و كارەكانی ئەم ئەنجومەنە.
كوردستان لەم هەلومەرجە ناسكەدا لە هەموو لایەكەوە بە پیلان و نەخشەی دوژمنان دەوردراوە و ناحەزان لە تیرۆریست و مافیای رێكخراو بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان درز بخەنە ریزی میللەت و وڵاتەوەو دووبەرەكیش لە نێوان چین و توێژەكاندا بخەنەوە، بۆیە وا پێویست دەكات هەموو تاكێك پەرۆشی ئەكتیڤكردنی هەوڵ و تەقەللاكانی ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان بن و ئاستی هۆشیاریی هەموولایەكیش بگاتە ئاستی وڵاتانی دیموكراسیخوازی دێرین.رەنگە وانەو موحازەرە و سیمینارە گشتییەكان و شێوازەكانی راگەیاندنی ئاسایش رۆڵیان هەبێت لە پتەوكردنی بنەماكانی هەرێمێكی خۆڕاگر لە كوردستاندا بەڵام لەهەمان كاتیشدا ئەگەر ئەو لایەن و هێزە سیاسییانە لەگەڵ یەكدی تەبا نەبن و جیاوازییان لە بیروڕاو بۆچوونە سیاسییەكاندا هەبێت و بەدیدێكی تایبەتەوە لە پرۆسەی ئاسایشی نیشتمانی بڕوانن، ئەوا زۆر پێویستە هەڵسەنگاندنیان بە پێوەری واقیعبینانەو پراكتیكیانە بێت نەك لە سۆنگەی ڕق و كینە بەرامبەر بە كەسەكان بڕیاری خۆیان لەمەڕ ئەم بوارە هەستیارە بدەن،هەر بۆیە نابێت وا تێبگەن كە مەسەلەی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتیان تەنیا نمایش كردنی قۆڵ و باسك و هێزی جەستەیی نییە یاخود ببێتە مایەی كێشمەكێش و بەدواداچوونێكی سەرپێی و راگوزەرانە، بەڵكو ئەم ئەركە پیرۆزە خۆی لە خۆیدا دووپاتكردنەوەی هۆشیاریی بژاردەیەك و سەركردایەتییەكی حزبی سیاسییە كە بە هەموو مانایەكەوە ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆدەگرێت.
من زۆر لێدوانم خوێندەوە كە خاوەنەكانیان پێیان وایە بە دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان، ئیدی وڵات بەرەو دەوڵەتێكی پۆلیسی هەنگاودەنێت و لەمەشدا دەوڵەتی پۆلیس بە بەرژەوەندییەكانی گەورە كۆمپانیا نەوتییەكانەوە گرێدەدات،دیارە ئەوانە بە یەك چاو سەیری ئەم مەسەلەیە دەكەن و چاوەكەی دیكەیان نووقاندووە،دەبێ ئەوەش بزانن كە ئاسایش ئەركێكە لە ئەركەكانی دەوڵەت و كۆمەڵگە، ئەگەرنا هەموو دەستكەوتەكانمان بەرەوڕووی مەترسی دەبنەوە ئەگەر هاتوو بە دوای خەونی نەخۆش و رای چەوتی خاوەن ئەو لێدوانانە بكەوین. خاوەنی ئەم لێدوانانەش بۆمان دەردەخەن كە مەبەستیان ئەوەیە پێمان بڵێن بیناكردنی دەزگای ئاسایش راگرن و لێگەڕێن هەر چی روودەدات گرنگ نییە بە بیانووی داكۆكی كردن لە ئازادییەكان، بەڵام ئەوانە لەبیریان چۆتەوە كە ئەگەر ئاسایش نەبوو ئەو ئازادییانەش فەراهەم نابن و مافەكانیشمان لەدەست دەچن،هەموو وڵاتانی دنیاش ئەنجومەنی ئاسایشیان هەیە كە بە شێوەی نهێنی و بە پێی رێنمایی و یاسای تایبەت ئەرك و كارەكانی خۆیان بەڕێوەدەبەن.من پێموایە كە ئەوەی لە كوردستاندا دەیبینین لە كەشوهەوای ئاسایش و سەقامگیری هەمووی لە ئەنجامی سیاسەتێكی ساغ و كارامەی ئاسایشەوە وەدەست هاتوون، بۆیە ئەم ئەركە زیاتر چالاك دەبێت ئەویش بە قایمكردنی بەرەی ناوخۆی كوردستان بەردەوامبوونی كاروانی چاكسازی و سوود وەرگرتن لە شارەزایی و پسپۆران لە ناوخۆو دەرەوەدا،دیارە زیاتر پتەوبوونی ئەم دەزگایەش هەوڵێكی زۆری هەمەلایەنانەی گەرەكە تاكو بواری ئاسایش و سەقامگیریی رەوشەكە لە كوردستان تۆكمەتر بێت. لەم بوارەشدا رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش بەدەرنین لە سوودوەرگرتن لەم ئەنجومەنە كە بەهەموو توانایەكی لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان و سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگادا دەبێت، ئەم ئەنجومەنە لە رووی ئەرك و كارەكانییەوە هەردەم پابەند دەبێت بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و مۆرالەكانی دەزگا نیشتمانی و مرۆییەكان، لە كۆتاییدا پیرۆزبایی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە بەم هەنگاوە پیرۆزەی یاسای پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنەی دەركرد.