له‌نێوان( یۆتۆبیا) ی سیاسی و(ئیۆتۆبیا) ی کۆمه‌ڵگادا
September 13, 2012
وتار و بیروڕا
ئایا ئه‌مه سیحر و هێزی ئایین خۆیه‌تی که توانای مانه‌وه‌و به‌رگری له‌خۆ کردنی له‌سه‌روو وزه‌و ئیراده‌ی پرۆسه عه‌قڵانی و عه‌قڵگه‌راییه‌کان بێت؟ یاخود پرۆژه‌ی عه‌لمانییە‌ت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ڵگری زیاد له خاڵێکی لاواز بووه تا له میانه‌یانه‌وه توانای مانه‌وه به ئایین و گوتاری ئایینی ببه‌خشێت؟
ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم به‌تەنیا تایبه‌ت نییە به دنیای کۆمه‌ڵگای ئێمه و هاوشێوه‌کانی که به‌مانای پرۆژه تا ئێستا عه‌لمانییە‌ت بواری هه‌ناسه‌دانی نه‌بووه تێیدا، به‌ڵکو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ش ده‌گرێته‌وه که سه‌دان ساڵه ئه‌م پرۆژه‌یه له‌هه‌ناویاندا شوێنی خۆی کردۆته‌وه، مه‌به‌ستم کۆمه‌ڵگای خۆرئاوایه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م حوکمه‌م به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها نییە، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌بێ پرسیارمان لادروستبکات که وێڕای دامه‌زراندن و سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌کانی عه‌لمانییە‌ت، که‌چی تائێستاش زیاد له ڕه‌هه‌ندێکی ئایینی و میکانیزمه ئایینییە‌کان له‌نێو ئه‌و سیستمی به‌ڕێوه‌بردنه‌دا ئاماده‌ن. که‌م نین ئه‌و گوتاره سیاسیانه‌ی خۆرئاوا که هه‌رکات بیانه‌وێ ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌روون و هه‌ستی کۆمه‌ڵگاکه‌یان جێبهێڵن، نه‌ک هه‌ر له‌وه سڵیان نه‌کردۆته‌وه که به میکانیزمی ئایینی ئاڕاسته‌بکرێن، ته‌نانه‌ت په‌نایان بردووه‌ته به‌ر گوتاره ئایینییە‌که خۆیشی، ڕه‌نگه گوتاری سیاسیی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌دیارترینی ئه‌و گوتارانه بێت له‌م لایه‌نه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌وده‌مه‌ی که (بۆش)ی کوڕ زمانحاڵی ئه‌م گوتاره بووه.
ئایا ده‌کرێ بڵێین گوتاری سیاسی له‌ڕووی کاريگه‌ریی ویژدانی و مۆراڵییه‌وه له‌وه هه‌ژارتره که کێبڕکێ له‌گه‌ڵ گوتاری ئایینی‌دا بکات؟ یاخود له‌م بواره‌دا میکانیزمی هه‌ردوو گوتاری ئایینی و سیاسی بونیادێکی هاوشێوه‌یان هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر وابێت ده‌بێ ئه‌و ڕه‌گه‌زه هاوشێوانه چی بن که له‌ساته‌وه‌ختێکدا فۆرمێکی هاوشێوه ببه‌خشنه ئه‌م دوو گوتاره جیاواز و وێکنه‌چووه؟
سه‌باره‌ت به‌م باسه ده‌کرێ ئاماژه به گرنگترین و کاریگه‌رترین ڕه‌گه‌ز بده‌ین که ڕۆڵێکی ئێجگار کاریگه‌ری هه‌یه له نه‌خشاندنی سیاسه‌ت به ڕه‌نگی ئایین، به‌تایبه‌ت
کاتێک بابه‌ته‌که گوتاری سیاسی بێت، ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ش هه‌مان ئه‌و چه‌مکه‌یه که بۆیه‌که‌مجار له‌لایه‌ن (ئه‌فڵاتوون)ه‌وه به‌کارهێنراوه که چه‌مکی (یۆتۆبیا)یه‌و له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌هه‌ردوو وشه‌ی (یۆ) و (تۆبیا)ی یۆنانییه‌وه وه‌رگیراوه که‌یه‌که‌میان به‌مانای باش یان چاکه و خێر دێت و دووه‌میشیان واتای شوێن ده‌به‌خشێت، به‌م پێیه واتای چه‌مکه‌که شوێنی چاکه یاخود شوێنی خێر ده‌به‌خشێت. واتا ئه‌و جێیه‌ی که نموونه‌ی دروستی و خێر‌و عه‌داله‌ت و هه‌موو ئه‌و مانایانه بێت که دەلاله‌ت له (فه‌زیڵه‌ت) ده‌که‌ن.
دیاره به‌ر له‌م چه‌مکه، هه‌ر له ئه‌ره‌ستۆوه تا یه‌ک به‌یه‌کی فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندانی خۆرئاوا‌و خۆرهه‌ڵات تا ده‌گات به‌م سه‌رده‌مه، ئه‌م شوێنه ئایدیاییه نموونه‌ییه خه‌ونێکی هه‌میشه‌یی فیکری مرۆڤایه‌تی بووه، هاوکات ئایینه‌کانیش ئه‌گه‌ر له‌مان زیاتر په‌رۆشی ئه‌و جێگه پیرۆزه نموونه‌ییه‌ی سه‌رزه‌مین نه‌بووبن، ئه‌وا په‌رۆشییه‌که‌یان هه‌رگیز که‌متر نه‌بووه. ئه‌م خه‌ونه چ ئاڕاسته‌یه‌کی دنیاییانه‌ی هه‌بێت یان ئایینی، چ زمانحاڵی (کۆمارێکی ئه‌فڵاتوونیانه) بێت یاخود ( شارێکی فه‌زیڵه‌تی ئیبن خه‌لدوونیانه) یان (کۆمه‌ڵگا بێ چین و جیاوازییه‌که‌ی مارکس) – له‌گه‌ڵ به‌هه‌ند وه‌رگرتنی جیاوازیه‌کانی نێوانیشیاندا- له‌هه‌موو بارێک‌دا ئه‌م خه‌ونه بۆخۆی پرۆژه‌ی ئیشکردنه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای مرۆیی و له‌سه‌ر خودی مرۆڤ. ئه‌وه‌ی تایبه‌ته به‌م باسه‌ش گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونه‌یه بۆ هزر و ویژدانی مرۆڤ، واته گوتاری ئه‌م خه‌ونه که به‌بڕوای من هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ گوتاری ئه‌و خه‌ونه پیرۆزانه‌دا نییه که کتێبه پیرۆزه‌کان و ئایینه‌کانی پێشووتریان له‌فۆرمی مزگێنییه‌کی پیرۆزدا له‌به‌رده‌م مرۆڤدا ڕایگرتوون.
مژده‌به‌خشین به یۆتۆبیا و به‌هه‌شت، ئیدی به‌هه‌شتی سه‌رزه‌مین بێت یاخود ئاسمانه‌کان، خه‌سڵه‌تی گوتارێکه که وێڕای هه‌موو سیفاته‌کانی خێر و حه‌قیقه‌ت فه‌زیڵه‌ت، هاوکات خۆیشی له فۆرمی په‌یامێکی ڕزگارکه‌ردا ده‌ناسێنێت که ئه‌مه له‌بنه‌ڕه‌تدا میکانیزمی ئیش‌کردنی گوتاری ئایینییە.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌شێ بپرسین: داخۆ چ جیاوازییه‌ک له‌نێوان مژده‌ی به‌هه‌شته زه‌مینییه‌که‌ی (مارکس) و مژده‌ی به‌هه‌شته ئاسمانییه‌که‌ی نێو کتێبه ئایینییە‌کاندا هه‌یه؟ له‌ڕاستیدا گوتاری سیاسیی هه‌رکات بارگاویکرا به مژده‌ی به‌هه‌شتێکی زه‌مینی (به‌هه‌موو مانا سیحراوییه‌کانی به‌هه‌شته‌وه)، با ئه‌و گوتاره‌ش له‌وپه‌ڕی جیهانبینی عه‌لمانی و ته‌نانه‌ت ئیلحادیشه‌وه بێت، به‌ڵام ئه‌و میکانیزمه‌ی که‌خۆی پێ ئاڕاسته‌ده‌کات ده‌قاوده‌ق میکانیزمێکی ئایینییه. مژده‌پێدان به مرۆڤه‌کان به شوێن و زه‌مه‌نێکی ئه‌فسووناویی لێوان‌لێو له‌پاکی و جوانی و ئایینده‌ی گه‌ش و دڵنیایی هه‌تاهه‌تایی، توخمی سه‌ره‌کیی هه‌ر گوتارێکی سیاسی بێت، به‌سه بۆئه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره نغرۆی ناعه‌قڵانییە‌تێکی ئه‌وتۆ بکات که گوتاری ئایینیش نه‌یگاتێ.
ئێمه ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمان به یۆتۆبیاوه قبووڵ بێت، ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێین که‌هه‌موو دیوه دنیاییه‌کانی ئایین سیاسه‌تن، هاوکات گه‌ر نیشانه‌ی پرسیار له‌به‌رده‌م هه‌رگوتارێکی سیاسی‌دا دانه‌نێین که سه‌رله‌به‌ری مزگێنییە یۆتۆبیاییه‌کان بێت، ده‌بێ هیچ گوتارێکی ئایینی به‌ناعه‌قڵانیبوون تاوانبار نه‌که‌ین.
ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی ده‌رمبڕیوه له‌سه‌ره‌تادا وه‌ک لۆژیکێکی دروست دێته‌پێش چاو، به‌ڵام لۆژیکێکه که‌له‌گه‌ڵ خۆیدا ئیشکالیه‌کی زۆرمان ڕووبه‌ڕوو ده‌کاته‌وه، که‌یه‌که‌مینیان ئه‌وه‌یه چۆن ده‌کرێ گوتاری سیاسی مه‌حکووم بکه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ونه‌ی که به‌دنیاو کۆمه‌ڵگاو ئایینده‌وه ده‌یبینێ، به‌تایبه‌ت کاتێک خه‌ونێک بێت پڕ له‌جوانی و پاکی و فه‌زیله‌ت؟ به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یڵێین و پێداگریی له‌سه‌ر ده‌که‌ین مه‌سه‌له‌ی خه‌ون نییه به‌ڵکو مه‌سه‌له‌ی ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یه که گوتارێک ده‌یه‌وێ پێمان بڵێت هێنانه‌دی ئه‌م خه‌ونه تەنیا له‌ڕێگای منه‌وه‌یه‌و گه‌یشتن به‌و ئایینده گه‌شه به مندا تێده‌په‌ڕێت و به‌س، هه‌مو لادانێکیش له‌من به‌ره‌و ونبوون و فه‌وتانتان ده‌بات، لێره‌وه‌یه که گوتاری سیاسی کتومت ده‌بێته گوتارێکی ئایینیی بارگاویکراو به دوالیزمی (مزگێنی و هه‌ڕه‌شه)، مزگێنیی گه‌یشتن به فیرده‌وس و هه‌ڕه‌شه‌ی که‌وتنه نێو ئاگره‌وه. ئه‌گه‌رچی هه‌ڕه‌شه‌که‌ش ناڕاسته‌وخۆ بێت.
ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی ئه‌و میکانیزمه‌ی (مزگێنی و هه‌ڕه‌شه)یه‌وه له گوتاره سیاسییه‌کانی حزب و کاراکته‌ره سیاسییه‌کان ڕابمێنین، داخۆ چه‌ندیان شایانی ئه‌وه‌ن که هیچ نیشانه‌یه‌کی پرسیاریان له‌به‌رده‌مدا قووت نه‌که‌ینه‌وه؟
ئه‌مه تەنیا تایبه‌ت نییه به دنیای سیاسیی خۆمان، ئه‌گه‌ر بڕوانینه ساته‌وه‌خته‌کانی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانی و سه‌رۆکایه‌تییه‌کانی وڵاته هه‌ره پێشکه‌وتووه‌کانی خۆرئاواش، کاتێک کاندیده سیاسیه‌کان ده‌که‌ونه مژده‌به‌خشینه‌وه، هیچ پیاوێکی ئایینی له‌م لایه‌نه‌وه پێیان ناگاته‌وه! به‌تایبه‌ت ئه‌و موژده گه‌ورانه‌ی که‌به‌رله‌هه‌رکه‌س بۆخۆیان ده‌زانن به‌دیهێنانیان مه‌حاڵێکی گه‌وره‌یه. له‌دنیای سیاسیی خۆشمان‌دا چ گوتاری شۆڕش و چ دوای شۆڕش نموونه‌گه‌لێکی زۆرمان هه‌یه له‌م بواره‌دا، هێند به‌سه بڵێین: ئێمه حزبمان هه‌یه زۆر به زه‌حمه‌ت بتوانێ یه‌ک کورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێ، به‌ڵام به‌ڵێن و موژده‌کانی هی حزبێکه که دڵنیا بێت زیاد له‌نیوه‌ی کورسێکانی مسۆگه‌رکردووه، هاوکات گه‌ر بڕوانینه به‌رنامه‌ی کاری بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردن و به‌ڵێنه‌کانی حزبه‌کان، تێده‌گه‌ین که زۆربه‌ی حزبه‌کانمان (ئه‌گه‌ر نه‌ڵیین هه‌موویان) به‌رنامه‌و به‌ڵێنی چل ساڵیان ئاماده‌کردووه نه‌ک چوار ساڵ!
ماوه‌ته‌وه بڵێین، سه‌باره‌ت به (یۆتۆبیا)، ساڵی 1516 (تۆماس مۆر) له‌کتێبه‌که‌یدا به‌ناوی (تایتڵی کتێبێک)، گه‌مه‌یه‌کی جوانی به‌م چه‌مکه‌ی ئه‌فلاتوون کردووه، ئه‌ویش له‌وه‌سفکردنی دورگه‌یه‌کی خه‌یاڵیی نێو ئۆقیانووسی ئه‌تڵه‌سیدا که‌وێنه‌یه‌کی ئه‌فسووناویی له جوانی و پاکی و هه‌موو سیفاته‌کانی فه‌زیله‌ت به‌خشیوه‌ته کۆمه‌ڵگاکه‌ی و سیستمه سیاسییه‌که‌ی و ئه‌م دوورگه‌یه‌ی به (ئیۆتۆبیا) ناوناوه. واته له‌بری (یۆتۆبیا)که‌ی ئه‌فلاتوون، (ئیۆتۆبیا)ی به‌کار هێناوه که‌له‌هه‌ردوو وشه‌ی (ئیۆ) و (تۆبیا)ی یۆنانی پێکدێت، یه‌که‌میان به‌مانای (نا) و دووه‌میش به‌مانی (شوێن)دێت، به‌م پێیه چه‌مکه‌که به‌مانای (ناشوێن) دێت، واته ئه‌و شوێنه جوان و پاکه له‌بووندا نییه‌و هه‌رگیزیش نابێت.
له‌نێوان (یۆتۆبیا)ی سیاسی و (ئیۆتۆبیا)ی کۆمه‌ڵگادا مه‌سافه‌یه‌کی ئاشکرا هه‌یه بۆ ناسینه‌وه‌و ڕیزبه‌ندکردنی گوتاره سیاسیه‌کان له‌خانه‌ی عه‌قڵانی یاخود ناعه‌قڵانیدا، هاوکات له‌ناسینه‌وه‌ی ئه‌و گوتارانه‌دا که چ وه‌ک میکانیزم و چ وه‌ک جیهانبینیش بارگاوین به شوحنه‌یه‌کی به‌هێزی ئایینی، هه‌ربۆیه له‌هه‌ر ئایینێک زیاتر جێگه‌ی پیرۆزی حه‌قیقه‌ت و دوالیزمه‌کانی حه‌رام و حه‌ڵاڵ و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ و ئیماندار‌و بێئیمانیان تیا ده‌بێته‌وه، له‌هه‌ر ئایینێکیش زیاتر مزگێنی و هه‌ڕه‌شه ده‌به‌خشنه‌وه.
له‌هه‌موو بارێک‌دا ئه‌وه‌ی هه‌مووان عه‌وداڵین (به‌هه‌شت)ه‌و ئه‌وه‌ش که‌هه‌مووان موژده‌ی پێده‌ده‌ن و دڵنیامان ده‌که‌نه‌وه لێی هه‌مان ئه‌و نه‌هه‌شته‌یه و به‌ر له‌هه‌رکه‌سیش بۆخۆیان ده‌زانن که هه‌رگیز به‌هه‌شتێک نییه چاوه‌ڕێمانکات، ده‌شێ به‌شێک یان زه‌مه‌نێکی جوان هه‌بێت و هیچیتر نا.