حزب وەك ئامراز

حزب وەك ئامراز
تاك خۆی لەڕێگەی كۆمەڵەوە دووپات دەكاتەوە،نەك لەدژی ئەو،ئەوەیان گوزارشتی یەكێكە بەو هەموو هزروخواست وبیروبۆچوونەی كە هەیەتی، ئەمەش وا دەخوازێت لەگەڵ كۆمەڵدا پێكەوە بەشداربێت،جا بۆ ئەم مەبەستە تاك ئامادەگیی خۆی دەردەخات تا زیاتر گوێڕایەڵیی رێكخستنی كۆمەڵایەتی بێت، هەركاتێك رەوشەكەی نائومێد بێت بە پێچەوانەی مەبەست و بەدەست خەم وكۆییلەییەوە بناڵێنێت جا هەر جۆرێك بێت ئەوا لەبەرامبەردا كۆشش دەكات بۆ ئازادبوون، بە واتایەكی دیكە،هەرچەند دووربێت لە وەدیهێنانی ئابڕوومەندیی مرۆڤایەتی، ئەوەندە ئامادەیە بۆ بەستنەوەی چارەنووسیی تاكایەتیی خۆی بە چارەنووسی كۆمەڵێكەوە،بۆ ئەوەی لەم واقیعەی ئێستای دەربازبێت، ئەمەشە نهێنی ئەوەی كە تاكەكان دەچنە ریزی رێكخستنی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە،ئینتیما بۆ كۆمەڵەیەكی رێكخراوی مرۆیی دەكەن، ئەمە دانپێدانانە بەوەی ئەو رێكخستنە هۆشیارە بە تەواوی دەتوانێت لەبەرامبەر چەند كردارو پابەندبوونێكدا رێڕەوی ئاڕاستەكەی رووەو ئامانجە دیاریكراوەكانی ببات،كە ئامانجی تایبەتیی ئەون و لەهەمان كاتیشدا خواستی هاوبەشن، واتا خۆڕادەست كردنە بە توانای ئەو رێكخستنە كە دەتوانێت سنوور بۆ هەڵسوكەوتی تاكەكەسی و ئارەزووە تایبەتیەكانی دابنێت، كەپێویستە دەستبەرداریان بێت و خۆویستانەش ئامادە بێت و،قایلیش بێت بە چەند شێوازێكی چالاكی و هەڵسوكەوت،جا لەسەر هەموو ئەوانە پێویستە كە دێنە ریزی ئەندامێتیی ئەم رێكخستنەوە باوەڕ بەم داواو داخوازیانە بهێنن،هەوڵ و قوربانیش بدەن، هاوكات تاك رێزیان لێبگرێت، ئا ئەمەیە دەسەڵاتی حزبی سیاسی و لە بەرامبەریشدا ئەركی ئەندامی حزبی.
جیاوازیی ماددی و مەعنەویی نێوان تاكەكان رەگی قووڵی هەموو كێشەو ململانێی بەرژەوەندییەكانە، جیاوازیی كۆمەڵایەتی وكەلتووری لە دێرزەمانەوە بوونیان هەبووە،كە دەبووایە لە ئامڕازێكی كۆمەڵایەتی ورێكخستنێكی سیاسیدا دەربكەوتنایە،مەبەستیش لەمەدا وەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی هەموو لایەك و نوێنەرایەتی كردن و بەرجەستەكردنیانە لەسەر ئەرزی واقیعدا، ئا لێرەدا پێویستیی مێژوویی لە بوونی حزب و كۆمەڵگە رێكخراوە مرۆییەكاندا سەرهەڵدەدات، وەك گوزارشتێكی ئامرازی سیاسیی تایبەت بە خواست و بیروبۆچوونی ئەو لایەنە لە هەمبەر كێشەكاندا،حزب ئامرازێكی مێژوویی وكۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندیی هێزە كۆمەڵایەتییەكان وبەرجەستەكردنیان لەسەر شانۆی مێژووییدا،بۆیە دەبێتە هۆكارێكی ماددی و مرۆیی بۆ گوزارشت كردن لە بیرو هزر،كە مرۆڤ هەردەم لە ململانێدایە لەو واقیعەی تێیدا دەژیێت.
لەم سۆنگەیەوە حزبە سیاسییە تازەكان هاتنەئاراوە، لەوەتەی شۆڕشی فەرەنسا (یەعقوبییەكان و شاخاوییەكان وجیرۆندییەكان)كە كاریگەریی تەواویان هەبووە لە پێكهێنانی سیستەمی سیاسی لە فەرەنسادا،حزبە ئەوروپییەكانیش وەك حزبە ئینگلیزییەكان كە لە مێژوودا كۆنترن، ئامرازی كارا وهۆكاری سەرەكیی بوون لە گۆڕانكاریی و گەڵاڵەكردنی سیستەمی سیاسیی لیبرالدا، بەڵام ئەوەندەی نەبرد حزبە ئەمریكییەكان كە بۆ وەدیهاتنی یەكێتیی دروستبوون، بوون بەو ئامرازە بەتوانایانەی كە سیاسەتی ئەمریكا ئاڕاستە بكەن.
بێگومان چەندین جیاوازی هەن لە سیماو خەسڵەتەكاندا،كە حزبە هاوچەرخەكان لە حزبە كۆنەكان جودا دەكەنەوە،بەڵام لەبەرامبەریشدا هەیانە لە ڕووی فۆرم و پسپۆرییەوە یەكیان دەخات، بۆ نموونە هەموویان هاوبەشن لەوەی كە حزبی جەماوەرین،واتا لە هەموو ئاستێكی كۆمەڵایەتییان تێدا هەیە،بێ رەچاوكردنی ئینتیمای پێشتریان، وەكو ئایین و خێزان و چین وتوێژ، بەتایبەتیش لە لەدۆخی رزگاریخوازیی نیشتمانیدا، ئەم سەربەخۆییەی سەرجەم توێژەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەرووی پرانسیبەوە پێكهاتەیی چینایەتی و جیاوازی ئەندامانی حزبەكانیان قبووڵە، مادامەكی بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەبێت لە ئازادیی نەتەوەیی لە سەردەمێكی دیاریكراودا،هەر بۆیە ئەو تاكانە لارییان نییە لە هاتنەڕیزی ئەو حزبانەوە مادام بەرژەوەندیی مێژوویی كۆیان دەكاتەوە.
لەبەرامبەردا حزبە چینایەتی و بیروباوەڕپارێزەكان بەوە دەناسرێنەوە كە تاكەكان كۆ دەكەنەوەو لەسەر بناغەی بارودۆخی ئابوورییان و نوێنەرایەتی كردنی خواستەكانیان، رێكیان دەخەن، ئەم حزبانە زیاتر شێلگیرو توندن لە بەرنامە و وبیروباوەڕەكانیاندا، تاكو هەموو ئەندامانی هەست بەوە بكەن كە یەك چارەنووسی ماددی و دنیاییان هەیە، هاوكات تیۆرێكی كۆمەڵایەتیی دیاریكراویان هەیە لە بوون و چارەنووسدا،كەبێبەری نین لە بەهای مۆراڵی و میتافیزیكی.سۆشیالیستە رووسەكان رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە فەلسەفەی حزبی خاوەن بیروباوەڕ، كەپێیان وابوو حزب لەپاڵ ئەوەی ئامرازە گوزارشت لە هۆشیاریی سیاسیی بەرژەوەندی و ئامانجەكانی كۆمەڵێك دەكات.لە هەموو حاڵەتێكدا ژیانی حزب دەوەستێتە سەر ئاستی رێكخستن وپابەندبوونی ئەندامەكانی وپلەی هۆشیارییان و ئامادەبوونیان بۆ كاركردن لە پێناو بەرجەستەكردنی دروشمەكان، ئەم پرسە ریشەییەش لە تیۆری حزبدا تا رادەیەكی زۆر پەیوەستە بە گرنگیی داخوازییەكانی ئەوحزبەو بە ئاستی گوتاری سیاسی و تا چەند ئەوگوتارە بەدەم پێداویستیی بەپەلەی جەماوەروتوێژەكانەوە دێت، هەر ئەمەشە بناغەی چەسپاوی گەورەیی ڕۆڵ و شكۆمەندیی هزری ئەو حزبە.
لە بەرانبەردا بە تەنیا نابێت حوكم لەسەر حزب بكەین چ لە ڕێگەی ناوەكەیەوە یان لە میانەی ئەو دروشم و وتەزانەی كە ڕایاندەگەیەنێت، وەك چۆن لینین بە بەردەوامی ڕایدەگەیاند، بەڵكو لە میانەی هەڵوێستە پراكتیكیەكان و دەرئەنجامە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆیەكانییەوە بۆ چالاكییە فیعلیەكانی كە ئەنجامیان دەدات حوكمی لەسەر دەدرێت، بەو شێوەیە هەیبەتی بیرو دروشمە ڕاگەیاندراوەكانی حزب دەبنە هەیبەتی پیادەكردنی مێژوویی یان دەبنە هەیبەت بۆ هەڵوێست و ڕەفتار، ئەگەر تۆكمەیی ناوخۆیی حزب لەوەدا بێت كە لە پلەی دیسپلین و ئاستی ڕێكخراوەیی ئەندامانیدا ڕەنگبداتەوە، ئەوا تۆكمەیی دەرەكی حزب لە پلەی چەسپاوەیی و مەبدەئەكانیەوە ڕەنگدەداتەوە، كە پێوەندی توندوتۆڵی نێوان تیۆرو پراكتیك دەرخەرێتی و هەروەها نزیكایەتی دروشم و كردارەكانیشی بەو شێوەیە بەرجەستەدەبێتەوە، كە تێكڕا پێكەوە حزب بریتی دەبێت لە یەك یەكەی تیۆری و تەتبیقی، پتەوی و تۆكمەیی دەرەكیانەی حزب لە هەڵوێستە تیۆرییە ڕاگەیاندراوەكانیەوەیە، ئەم بەرجەستەبوونە مەبدەئیە هەست پێكراوە دیاری دەكات، بە تایبەتیش لە سلوك و پیادەكرنی سیاسیدا، هەر جیاوازی بوونێك لە نێوان وتەكان و كردارەكاندا بۆ خۆیان دەبنە حاڵەتێكی پاسیۆلۆژی بۆ هەیبەت شكاندنی دەرەكیانەی حزب، هەروەها كار لە ئاستی مەبدەئییانەی هەبوونی سیاسیانە دەكەن، هێمایەكیشن بۆ كەوتنی ئەركە مێژووییەكەی، لەهەموو حاڵەتەكاندا خەسڵەتەكانی پێشووی حزبەكان كە لەشێوەو قاڵبی حزبە شۆڕشگێڕییەكاندان و زەمانی پێشتر لەخەباتی نهێنیدا كاریان دەكرد بەتایبەت لەهەردوو زەمانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم كە لەژێر سایەی ململانێیەكی تەقلیدییانەدا بوون بۆ گەیشتن بەدەسەڵات و لەغیابی دامودەزگا دیموكراتیەكاندا هەڵدەسوڕان كە ئەو دەزگایانە بۆ خۆیان هەلومەرجی یاساییان بۆ بەشداریكردنی سیاسی ئاشكراو كراوە زامن كردووە، بەو شێوەیە لەسەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە لەو كاتەوەی كە دەوڵەتانی جیهانی خۆرئاوا لەجەنگی دووەمی جیهانییەوە سەركەوتووانە وەدەركەوتن، وەرچەرخانێكی قووڵ لە پێكهاتەی دامودەزگاكانی دەوڵەت و داڕشتنەوەی دەستووورەكاندا روویاندا، بۆ زەروورەتی بەشداریكردنی سیاسی گشتی كۆمەڵێك روانینی نوێ گەڵاڵە بوون، لەمەوە بە دوا زۆر لەشێوازە نوێیەكانی كاری هاوبەشی سیاسی جەماوەری پەرەی سەندووە، ئەمەش رەنگی دایەوە لەسەر شێوازو ڕێبازەكانی كاری حزبییانە، ئێستا سەمتێكی مەعریفیانە لەزانكۆو پەیمانگا جیهانییەكاندا لەژێر ناوی زانستی بەراوردكاری حزبە سیاسیەكان پشتی پێ دەبەسترێت، كە توێژەران بەقەناعەتێكەوە پێیان وایە گەورە بوونی قەبارەی بەشداریبوونی سیاسی و پەرەسەندنی شێوازەكان، لەڕێگای حزبە سیاسیەكان و رێكخراوە ئەهلیەكان و چوارچێوە مەدەنیەكانەوە قەبارەیان گەورەتر دەبێت، ئەوەش دروستترین دەروازەیە بۆ گەیشتن بەهاووڵاتیبوونێكی تەندروست و ژیانێكی خاكڕاییانەی نیشتمانپەروەری تۆكمەو پشتبەیەك بەستوو، بەپێچەوانەی ئەمەوە لەكۆمەڵگادا جۆرێك لە ڕەشبینی سیاسی هەموو كەناڵەكانی ژیان دەتەنێتەوە، هەروەها هەستكردن بە نابەرپرسیاری و ناوابەستەبوون لای هاووڵاتیان بڵاودەبێتەوە، بەمشێوەیەو لەم سیاقەدا حزبەكان پێوەندی نێوان هاووڵاتیان و پرۆسەی سیاسی و پیادەكردنی پێكەوە دەبەستنەوە، كە لێرەدا چوارچێوەیەكی مەرجەعی بۆ بەهای سیاسی و ئامانجە گشتی و هاوبەشەكانی حزب دەردەكەوێت كە پێویستە وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندییە ئەكتیفەكانی كۆمەڵگا بێت، بەمشێوەیە ئەم دامودەزگایە رۆڵێكی گەورە دەگێڕێت لەئاڕاستەكردنی رەفتاری سیاسییانەی هاووڵاتیاندا، ئەگەر نەبوونیان ئاماژە بێت بە دۆگمائیەت و ناڕێكی بزاڤی سیاسی، ئەوا رێگە لێگرتن و بەربەست بۆ دانان لە بەردەم هەر ڕەفتارێكی سیاسی بەبڕیارێكی دیكتاتۆریانەوە جۆرێك لەبۆشایی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دەخوڵقێنێت، كە ڕێگە خۆشكەر دەبێت بۆ خیتابێكی ئایدیۆلۆژییانەی سیستمكراوی سیاسی و دواجارئەو بۆشاییە پڕ دەكاتەوە ناكرێت مەترسییەكانی ئەم هەڵوێستە بەكەم وەربگرین، مێژووی نزیك لەسیستمی سیاسی پێمان دەڵێت: ئەو مێژووەی كە بنەماكانی بەشداریبوونی ئازادی و دیموكراتی و ئامڕازەكانی بە بنبەست دەگەیەنێت، بەربەست بۆ هەموو بەشداریبوونێكیش دادەنێت چ تاكگەراییانە بن یا بەشداری بوونی هاووڵاتیان خۆیان بێت، بەو شێوەیە ڕێگا بۆ ئایدیۆلۆژیا خۆش دەبێت كە بەرەو پەڕگیریی و توندڕەوی بڕۆن، چ توندڕەوی ئاینی یا تایەفەگەری و ئیتنی..تاد
دواتر ڕێگا خۆش دەكات بۆ جۆرێك لەخزانی كۆمەڵگای مەدەنی بەرەو ئینتما دەمارگیرو دواكەوتووەكان، بەمشێوەیە ناكۆكی ناوخۆیی لەنێوان پێكهاتەكاندا دروست دەبێت.
دەركەوتنی كۆمەڵگەی تازە ئاماژەیەكی كۆتاییە بۆ ئازادبوونی تاكێتی مرۆڤ لە شێوە سیستمەكانی پێشووی كۆمەڵایەتی و ئاماژەشە بۆ پەرەسەندنی ئەو مرۆڤە و وەرچەرخانێتی بەرەو گەیشتن بۆ ئاستی زیندەبووەیەكی سیاسی هاوبەشانەی گشتی كە نەوەستێت لە چوارچێوەی دیاریكراوی بابەتی بووندا، بەڵكو لە ناو شێوازێكی باڵاتری ئینتیماییدا خۆی لەگەڵ ئەوانی تردا دەبینێتەوە، واتە پێكهاتەكەی حزبی سیاسی تێدەپەڕێنێت، بەو سیفەتەی لە ئەنجومەنێكی ڕێكخراوترو بە شێوەیەكی هاوچەرخانەتر ئینتیما تاكگەراییەكانی پێشووی خۆی تێدەپەڕێنێت، لە بەرانبەردا گەورەترین هەڕەشەی وێرانكەر بۆ پرۆسەی دیموكراتیەت لە لایەن حزبەكانەوە لەوەوە هەڵدەقوڵێت كە دەسەڵاتخواز بێت و وا لە كۆمەڵگەی سیاسی كارا بكات بچێتە خانەی ئۆلیگارشیەتی دەسەڵاتخوازی و دوور بكەوێتەوە لە مەدەنیەتی كۆمەڵگەیی و سیمای دەوڵەتیانە، ئەو حزبە دەسەڵاتخوازانە تەنیا ئامانجیان دەسەڵات سەپێنیەكەی خۆیان دەبێت و بەس، لە ئامانجە بنەڕەتیەكانی خۆیان لادەدەن كە ئامانجەكە لە بنەڕەتدا خزمەتگەیاندنە بە بەرژەوەندییەكانی گشتی كۆمەڵایەتی و نوێنەرایەتی كردنی ئەو بەرژەوەندییانەیە، لە بری ئەوانە بەرژەوەندی تاقمێكی سیاسی دەپارێزن، لەمەوە گەندەڵكاری سیاسی بەرفراوان تەشەنە دەكات، وەك لەو پرۆسە دیموكراتیەتانەی لە ئیتاڵیاو توركیا بوونیان هەیەو هاوشێوەی ئەوان دەردەكەوێت، كە ئەوانە ناسراون بەوەی دیموكراتیەتی نائەوروپین، لەم ڕووەوە ئالان تۆرین سەرنج لە گەندەڵكارییەكی مەترسیدارتر دەدات، بەوەی دیموكراتیەت چیتر ئەو شێوازە دەبێت كە ڕێگە بۆ حزبە سیاسیەكان خۆش دەكات تا سامان كەڵەكە بكەن، بە شێوازێكی فرەو سەربەخۆییانەی دوور لە هاوبەشیكردنی خۆبەخشانەی ئەندامانی ئەو سامانە قۆرخ دەكەن، بەم شێوەیە داماڵینی دیموكراتیەت لە خەسڵەتە بنەڕەتیەكانی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەو دواجار جۆرێك لە فەوزا خستنەوە، فەوزایەكی وەها كەتیایدا تاقمێكی حزبی قۆرخكاریی ئابووریی ڕێگە بۆ دیكتاتۆریەت خۆش بكەن تا لە كۆتاییدا بێنە پێشی پێشەوەو هەموو شتەكان بندەستی خۆیان بخەن..
Top