سەرهەڵدانی دیاردەی بەهاری عەرەبی کە هەندێکی تر بە یاخیبووەکانی ناودەبەن، لە ئەنجامی نەبوونی دیموکراتی و ئازادی تاکە کەسی و خراپی باری گوزەران وبڵاوبونەوەی دیاردەی گەندەڵی و نەبوونی یەکسانی کۆمەڵایەتی دروست بوو.هەر لەگەڵ بیستنی وشەی بەهاردا مانای نوێبوونەوە و هیواو گەشبینیمان پێ دەبەخشێت، کە میللەتانی تونس و میسر و یەمەن و لیبیا و ئێستاش سوریا،چەندەها ساڵە تامەزرۆیی بیستنی ببوون،ئێستاش بە هیوای ئەوەن لاپەرەیەکی نوێ لە مێژووی سیاسی وڵاتەکانیاندا هەڵدەنەوە و تا پێیان بکرێت لەو رژێمە دیکتاتۆریانە دوورکەونەوە، کە شکستیان هێنا لە هێنانەدی گەشەسەندن بۆ وڵاتەکانیان. لێرەدا ناتوانین پێشبینی هەمان دوارۆژ بکەین بۆ گشت ئەو وڵاتە عەرەبیانەی کە بەهاری عەرەبیان بەخۆوە بینی،بۆ نموونە بەهاری عەرەبی کە لە تونس دەستی پێکرد سەرکەوتنی زیاتری پێوە دیارە لەچاو وڵاتەکانی تری وەک میسر و یەمەن و لیبیا و سوریا ( کە تا ئێستا بەردەوامە)،هەم لە رووی ژمارەی کەمی قوربانیان و هەم لە رووی رێکخستن و پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە بە زووترین کات و بێ نانەوەی کێشە. لەلایەکی ترەوە تێڕوانینی وڵاتانی رۆژاوا بۆ ئەم مەسەلەیە جۆرە جیاوازییەکی تیادایە، ئەمەش بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی لەلیبیا بەدیار دەکەوێت، کە بۆ لەناوبردنی قەزافی بەشدارییان کرد، کەچی بۆ سوریا ئەم هەڵوێستەیان پیشان نەدا، لەگەڵ ئەوەی لە گشت پێشێلکارییەکانی رژێمی بەشار ئەسەد ئاگادارن، ئەمەش تەنها لەبەر رەچاو کردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. بەڵام گەر شۆڕشی وڵاتانی عەرەبی بە بەهاری عەرەبی ناوببرێت، ئەوە کێشە دارایی و ئابورییەکانی ئێستای وڵاتانی رۆژاوا بەتایبەتی (یەکێتی ئەوروپا و وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا)، لە داهاتوویەکی نزیکدا بە (پایزی رۆژاوا) ناودەبرێت، چونکە ئەو بارودۆخە قورسە دارایی و سیاسیانەی کە ئێستا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێیدا تێدەپەرن، خەریکە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە بە دەنگێکی زۆر گەورەتر و روونتر لە توڕەییەکانی بەهاری عەرەبی، ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان دەردەبرن. ئەوەی ئێستا سەرنجی جیهانی راکێشاوە جیا لە بەهاری عەرەبی، خۆپیشاندانەکانی رۆژانەی هاووڵاتیانی ئەوروپایە بۆ نارەزایی دەربرین لە سیاسەتی حکومەتەکانیان، ئەو حکومەتانەی کە وڵاتەکانیان تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی کردووە، بۆ نموونە هاووڵاتیانی هەریەک لە یۆنان و ئیسپانیا و ئیتالیا، رۆژانە دەرژێنە سەر شەقامەکان بۆ دەربرینی ناڕەزایی لە دژی حکومەتەکانیان،کە ئەمە مەترسی هەیە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەوەی ئاشکرایە ئەگەری ئەوە هەیە لەگەڵ هاتنی مانگی ئەیلولی داهاتوو یۆنان لە یەکێتی ئەوروپا دەربکرێت، ئەمە جگە لە پابەندبوونی ئیسپانیا بە داواکارییەکەی سەبارەت بە پلانی رزگارکردنی لە یەکێتی ئەوروپا، هاوکات بەنکی ئەوروپی خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ دووبارە کڕینەوەی سەنەدەکانی ئیتاڵیا. ئەو پرسیارەی لێرەدا رەنگە لای زۆربەمان دروست ببێت ئەوەیە(دەبێت هۆکاری ئەنجامدانی خۆپیشاندنەکانی رۆژاوا چی بێت، لەکاتێکدا کێشە نەبوونی دیموکراسی و ئازادی نییە؟)، بەڵام وا پێدەچێت ئەو رۆژاواییە لە رووی ئابورییەوە هەست بە کەمی بکات ئەمە جگە لە رووی سیاسیەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە جیهان هەموویان هاوبیرن لەوەی کە پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە گەر بێت و هۆکارەکانیش جیاواز بن،. ئەوەی جێگەی داخە سەرکردەکانی ئەوروپا لە سەر رۆخی دەریاکان کە خەریکی بەسەربردنی پشووی خۆیانن، لە رێگەی ناردنی نامەوە هاووڵاتیانی خۆیان دڵنیا دەکەنەوە لەوەی کە لە کار و هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ پاراستنی ناوچەی یۆرۆ، کەچی لە هەمان کاتدا گەنجەکانیان خەریکی ململانێن بۆ وەدەستهێنانی کارو پیشە.