تێگەیشتنی گۆڕاو لە ئیسلامی نەگۆڕ

تێگەیشتنی گۆڕاو لە ئیسلامی نەگۆڕ
زۆرێك لەو تێگەیشتنانەی بۆمان ماوەتەوە لەئیسلام، تێگەیشتنی نەوەكانی پێش ئێمەن لەئیسلام نەك ئیسلام خۆی.
ئێستا ئێمەش وەك ئەوان هەمان قورئان و فەرمودەی سەحیحمان هەیە، جاران لەبەر ڕۆشنایی قورئان و فەرمودەی سەحیحدا موسوڵمانان جۆرێك لەفەرمانڕەوایەتییان كردووە، ئەوە بۆ ئێمە مولزیم نییە بەڵكو جۆرێكی فەرمانڕەوایەتیی بووە، فیقهی فەرمانڕەوایەتیش وەكو هەر فیقهێكی دی یەكسانە بە(قورئان و سوننەت) لێكدراوە لەگەلأ (زەمان و زەمین) لێكدراوە لەگەلأ كەسی (فەقیه).
واتە قورئان و فەرموودەی سەحیح نایەنە گۆڕین و وەكو خۆیانن، بەڵام كە زەمان یان زەمین یان فەقیهەكە گۆڕا، یان دووانیان یان هەرسێكیان، ئەوسا ئەو ئەنجامەی دەستمان دەكەوێت دەگۆڕێت.
بۆ نموونە : لەبەر ڕۆشنایی قورئان و سوننەتداو لەیەك زەمان و لەیەك زەمیندا، ئیمامی شافیعی وەكو فەقیهێك رایەكی جیاوازی دەبێت لەڕای ئیمامی ئەحمەد كەفەقیهێكی ترە، قورئان وسوننەتیش هەرقورئان سوننەتەو بەس فەقیهەكە دەگۆڕێت، سەیر دەكەی دوو مەزهەبی جیاواز دێتە ئاراوە. قورئان و سوننەت هەر قورئان سوننەتە زەمان هەر هەمان زەمانە ئیمامی شافیعی هەر ئیمامی شافیعیە، بەڵام كەشوێن گۆڕاو بوو بە میسر لەجیاتی عێراق، دەبینیت ئیمامی شافیعی لە میسر كتێبێكی دی دانا، فیقهی ئیمامی شافیعی لەمیسر گۆڕا، چونكە جوگرافیا گۆڕا.
بۆیە ئەو هەموو مەزهەبانە پەیدابوون، بەهۆی جیاوازیی لە زەمان یان زەمینە یان زاناكە، لەكاتێكدا قورئان وسوننەتی سەحیح نەگۆڕن .
كەواتە دەبێت موسوڵمان ئاوا بڕوانێتە ئەم هاوكێشەیە، لە قورئان و سوننەتەوە بێتەوە بۆ ئەم سەردەمەی خۆی، ئێمە بۆمان هەیە بازبدەین بەسەر ئەزموونی پێش خۆماندا، خۆئەگەر سوودی هەبوو لەهەندێ شتدا دەتوانین سوودی لێوەربگرین، بەڵام خوای گەورە ئیلزاممان ناكات بەجۆری جێبەجێكردنی عەباسی و عوسمانی وئەمەوی بۆ قورئان سوننەت، چونكە سەردەم گۆڕاوەو شوێنیش دەگۆڕێت، كەسەكانیش گۆڕاون، بۆیە لەبەر ڕۆشنایی ئەم حاڵەتەدا، ئیسلام دەتوانێت بەبەردەوامی لەڕووی تێگەیشتنی نوێی ئێمەوە خۆی نوێ بكاتەوە.
بۆیە كاتێك لە (عومەری كوڕی خەتتاب)یان پرسی خوا لێی ڕازی بێت ئەوە بۆچی لەو مەسەلەیە ڕایەكت هەبوو ئێستا لەهەمان مەسەلە ڕاكەت گۆڕی ؟ فەرمووی: (ژاك علی ماعلمنا وهژا علی مانعلم) واتە : ئەوسا وامان زانی ئیستا وادەزانین!!
كەواتە دەكرێت تێگەیشتنمان بگۆڕێت بۆ هەندێك لە دەقەكانی قورئان وسوننەت، چونكە زەمان و زەمینەو كەسەكان گۆڕاون، كەئەمەش دەرگایەكی یەكجار گەورەیە، جوانییەكی ئاینمان پێ نیشان دەدات كەئیسلام حوكمی جیاوازی دەبێت لەشوێنی جیاوازدا، لەبەرئەوەشە دەبینی ئەمەویەكان بەجۆرێك حوكم دەكەن، عەباسییەكان بەجۆرێكی دی، عوسمانییەكان بەجۆرێكی دیكەو، ئەندەلوسیەكان بەجۆێكی دی،
قورئان وسوننەت لەدەقدا یەك دەق دەخەنە ڕوو، بەڵام چونكە تێگەیشتنی ئێمە لەهەمان دەق جیاواز دەبێت، بۆیە جێبەجێكردنی دەقەكانیش جیاواز دەبن، بۆ نموونە : قورئان بەس پێمان دەڵێت پۆشتەبن، ئەم پۆشتەبوونە قورئانە، بەڵام جۆری پۆشتەبونەكانمان جیاوازن، پیاوێك یان ئافرەتێك بەجۆرێك پۆشتە دەبن لەئێران بەجۆرێكی دی پۆشتە دەبن لەكوردستان بەجۆرێكی دی لەمیسر، بەجۆرێكی دی لە ئەندەنوسیا، كەواتە ئیسلام قسەی نییە لەسەر جیاوازییەكە بەڵكو قسەی هەیە لەسەر خودی پۆشتەییەكە.
كەواتە دەبێت ئێمە بەبەردەوامی دیدی ڕەخنەگرانەمان هەبێت لەتێگەیشتنەكانی خۆمان لەئایین، ئەم ڕەخنەگرتنە رەخنەگرتن نییە لە خودی ئایین، بەڵكو ڕەخنەگرتنە لەتێگەشتنەكانی خۆمان و پێشووی خۆمان.
ئەم دیدە ڕەخنەگرەش لەئیسلامدا زۆر جوانتر ئاماژەی بۆ كراوە بە دەستەواژەی (جەرح وتەعدیل)، یانی چی؟ یانی سەرەتا شتە كۆنەكە دێنیت، پێت وایە برینێكە جەرحی دەكەی و دەیڕوشێنیت بۆئەوەی شتە خراپەكانی لێدەربهێنی، ئنجا تەعدیلی دەكەیت و چاكتری دەكەیتەوە، كەواتە پرۆسەی ڕەخنەگرتن لەئیسلامدا ناوی نراوە جەرح وتەعدیل، جەرح یەعنی برینداركردن و پاككردنەوەی ئنجا ڕاست كردنەوەی، زانایان دەڵێن (جرح + تعدیل) یەكسانە بەپڕۆسەی (تجمیل) واتە پرۆسەی (جوان كردن)، كەواتە لەئیسلامدا ڕەخنە گرتن واتە پرۆسەی جوانكردن دێت، هەروەك لەپزیشكیشدا نەشتەرگەریی و راستكردنەوە یەكسانە بە جوانكاریی.
Top