یادەوەریی نەتەوەو مۆراڵی سیاسی

یادەوەریی نەتەوەو مۆراڵی سیاسی
(بەشی یەکەم)
بۆ گوڵان نووسیویەتی
وەک چۆن هەر قسەکردنێک لەسەر (یادەوەری)، بەبێ خوێندنەوەی دەلالەتە (زەمەنی)یەکانی ئەم چەمکە کارێکی مەحاڵە، بەهەمان شێوەش هەرچۆنێک قسە لەسەر ئەو دەلالەتانە لەنێو زەمەنی کۆ(نەتەوە)دا بکەین، بەبێ ڕاگرتنی ئەم چەمکە لەنێو چوارچێوەیەکی ئەنتۆلۆجیی پەیوەست بە دنیاو کەینوونەی نەتەوەدا، وێڕای ئەوەی بۆخۆی ئیشکالێکی میتۆدییە، هاوکات (یادەوەری) دەکاتە چەمکێکی ئەبستراکت کراوی بێ جووڵە و بەتەواوی دەیکاتە دەرەوەی (مێژوو)ەوە.
لەمێژە (ئەرەستۆ) لەمەڕ سروشتی بزێوو جووڵاوی (یادەوەری)یەوە لەو وانەیەیدا کەبەناوی (لەبارەی یادەوەری و یادهێنانەوە)یە ئەو ڕاستیەی بۆ یەکلاکردوینەتەوەو چەمکی یادەوەری لە (ئیشکردنی ڕابردوو لەنێو زەمەنی ئێستادا) دەستنیشانکردووە. بەمەش ڕەهەندێکی تەواو (مێژوویی) بەخشیوەتە ئەم چەمکە.
لەلایەکی ترەوە (مۆریس هالبفاکس)ی کۆمەڵناس کەبەشوێنکەوتووی (ئیمیل دۆرکهایم) دەناسرێ، لەکتێبیە بەناوبانگەکەیدا (یادەوەریی جڤاتی) چەمکێکی نوێی بەناوی (چوارچێوەی کۆمەڵایەتیی یادەوەری) داهێنا کە بەهەنگاوێکی فکریی گرنگ دادەنرێ بەتایبەت لەڕووی بەستنەوەی (یادەوەری)یەوە بە (قەوارەی کۆمەڵایەتی)یەوە کە ئیدی (یادەوەری) دەبێتە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی هەر بونیادێکی کۆمەڵایەتی کە لە فۆرمی قەوارەیەکی تایبەتمەندو سەربەخۆدا ناسنامەی تایبەت بەخۆی دەستەبەردەکات.
لێرەوەو لەمیانەی ئەو تێگەیشتنە مێژووییە-کۆمەڵایەتییەوە دەکرێ بگەینە ئەو بڕوایەی کە قسەکردن لەمەڕ دەلالەتی زەمەنیی یادەوەریی بۆخۆی قسەکردنە لە ڕەهەندی ئەنتۆلۆجیی زەمەن.
زەمەن و کەینوونە
بۆئەوەی باسەکەم زیاتر لەچوارچێوەی خوێندنەوەیەکی ئەنتۆلۆجیانەدا بێت، لەبری پرسیارکردن لەمەڕ کارو کاریگەریی (یادەوەریی) لەدنیاو بوونی نەتەوەدا، دەبێ ئەو پرسیارە بورووژێنم کە (داخۆ چی دەبێتە یادەوەریی نەتەوەو چی نابێت؟). داخۆ کردەی (بەیادەوەریبوون) پەیوەستە بەخودی ئەو بابەتەوە کە لەنێو یادەوەریدا شوێنێکی دەبێت یان پەیوەستە بە جیهانبینی و کۆهەستی دەستەجەمعی و پرەنسیپە مۆراڵی و ئایدیایی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، یاخود فاکتەری بڕیاردەر بۆخۆی فاکتەرێکی زەمەنی-مێژووییە و ئەوە لێکەوتە مێژوویەکەیە بڕیاردەدات چ بابەتێک لەنێو یادەوەریی نەتەوەدا شوێنێکی هەبێت یان نا؟
بەو حوکمەی کە پرسی چی دەبێت و چی نابێتە یادەوەریی نەتەوەیی؟ دیوێکیتری ئەو پرسیارەیە کەدەڵێ: یادەوەریی نەتەوەیی چییە؟ وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە ئێمە لەبەردەم هەرسێ ئەگەرەکەی سەرەوەدا دادەنێ، ئەمەش لەبەرئەوەی دەست بۆ هەرکام لەو ئەگەرانە ببەین، دەبێ بەنیازی خوێندنەوەی (بەها)ی یادەوەریی بەکاریان بێنین. سەبارەت بە پرسی (یادەوەریی چییە؟) دەکرێ پشت بەو تێزەی (پۆل ریکۆر) ببەستین کەلە (یادەوەریی، لەیادچوونەوە، مێژوو)دا خستویەتە ڕوو کە ئاشکرا دەبینین تا ڕاددەیەکی زۆر درێژکراوەی هەمان میتۆدە (ئەرەستۆ)ییەکەیە لەڕووی ڕەهەندە مێژووییەکەیەوەو لای (ڕیکۆر) (ئیشکردن لەنێو یادەوەریدا، ئیشکردنە لەنێو وێنەو وێناکردنی زەمەن بەدیوی ئاییندەدا)، ئاشکرایە کە لەمێژە بیرمەندان ئەو ڕاستیەیان یەکلاکردۆتەوە کە چەمکی (ناسنامە) بەرلەوەی هەرچییەک بێت (وێنە یاخود کۆمەڵێک وێنەو وێناکردنە) جا چ ئەو وێنانەی کە خودی نەتەوە بۆی خۆی بەرهەمیهێناوە یان ئەو وێنانەی لەلایەن ئەوانیترەوە بۆی بەرهەمهاتوون، بەم پێیە ناسنامەی نەتەوە دەبێ بەرلەهەر شتێک ئیشکردنێکی بەردەوام نەبڕاوە بێت لەنێو یادەوەریدا، لێرەوەیە کە (یادەوەریی) لەبوون (کەینوونە)ی نەتەوەدا هەمیشە شوێنێکی سێنتراڵیی هەیەو هەردەست بۆبردن یان شێواندنێکی ئەو یادەوەرییە ڕاستەوخۆ دەرکەوتەی خۆی لەسەر ناسنامەی ئەو نەتەوەیە جێدێڵێت.
ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسی (چی دەبێت و چی نابێتە یادەوەریی؟) دەبێ قسە لەسەر توانای ئامادەبوون یان ناتوانایی لەئامادەبوونی نێو زەمەنی نەتەوەدا بکەین، لەگەڵ ئامادەبوون یان نەبوونی نەتەوە یان ڕاستتر بڵێم کۆهەستی جڤاتی بۆ قبووڵکردن یان نەکردنی هەر شت و ناوێک لەنێو یادەوەریی خۆیدا، واتە قسەکردن لەمەڕ (مەحاڵیی ئامادەبوونی نائامادە) وەک (ئەرەستۆ) دەستنیشانیکردووە.
پیشەسازیی یادەوەریی
ئەگەر یادەوەریی وەک کردەیەک گەڕانەوەبێت بۆ وێنەکانی ڕابردوو، لەکاتێکدا بۆگەڕانەومان بۆ وێنە یان وێناکردنەکانی نێو مێژوو، شتێکمان نەبێ جگە لە یادەوەریی هەتا پشتی پێببەستین، گرنگترین پرسیار کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە داخۆ یادەوەری هەمیشە دەلیلێکی ئەمین و ڕاستگۆیەو بەئەمانەتەوە مامەڵە لەگەڵ وێنەی زەمەنەکاندا دەکات؟ خۆئەگەر ئەم پرسیارە لەمەڕ یادەوەریی پرسیارێکی بەریئانە نەبێ و دەمودەست جۆرێک لەگومان لەمەڕ ساغڵەمیی یادەوەریی بورووژێنێت، داخۆ ئەوە بەتەنیا گومانە لەخودی یادەوەرییەکە وەک بابەت، یان لەزەمەنە مێژووییەکەشی؟
کاتێک ئەرەستۆ یادەوەریی لە ئیشکردنی ڕابردوو لەنێو زەمەنی ئێستادا دەستنیشانکرد، بۆ ڕێگریی لەهەر شێواندنێکی ئەم چەمکە و گەمەکردن بە دەلالەتەکانی، هەر زوو لە (تیاتیتۆس)دا بەهێڵێکی تۆخ سنووری لەنێوان (یادەوەری)و(کردەی یادهێنانەوە)دا کێشا. یەکەمیان وەک ئامادەبوونێکی هەستپێککراوو بەرجەستەی ڕابردوو لەنێو زەمەندا کە ئامادەبوونی ئەو شتانە دەگەیەنێت کەبۆخۆیان ئامادەگی ئەو نەفەس درێژییەیان لە مانەوەدا هەیە، بەشێوەیەکی تر بڵێین ئەو شت و کەس و بونیاد و ڕووداوانەی کە تەنها بۆ زەمەنی خۆیان نەخوڵقاون و تەمەنیان زیاتر و دوورتر لەو زەمەنەبڕ دەکات. دووەمیشیان وەک کردەیەک بۆ دووبارە ئامادەکردنەوەی هەر وێنەیەک و بەیادهێنانەوەی هەرشتێک کە ڕەنگە دوورتر لە تەمەنی زەمەنەکەی خۆی بڕ نەکات کە ئەرەستۆ ئەمجۆرە ئامادەبوونە بەجۆرێک لە پەرچوو (معجزە) دەزانێت. هەر ئەم سنووردیاریکردنەشی بوو کە هێڵێکی سووری لەبەردەم کردەی (ئامادەبوونی نائامادە)دا داناو وەک مەحاڵێکی گەورە ناساندی.
واتە ئەم کردەیە کە جۆرێکە لە پیشەسازیی دروستکردن و ئەفراندنی یادەوەریی لەبنەڕەتدا جگە لەفێڵکردن و گزیکردن لە یادەوەریی کۆ هیچیتر نییە، لێرەشەوە دەگەینە ئەو ئاکامەی کە هەر بونیادێکی نێو یادەوەریی بۆخۆی بەرلە کردەی یادهێنانەوە دەبێ ئامادە بووبێت و بگرە تەنانەت نابێ بەهیچ شێوەیەک پێویستی بەو کردەیە بێت بۆ یادهێنانەوە.
ئەگەرچی دەکرێ لەمیانەی ئەم تێگەیشتنەوە بگەینە ئەو بڕوایەی کە ناکرێ هەمیشە یادەوەریی کۆ ئەمین و دەست سپی بێت، بەڵام لەڕاستیدا چ بەحوکمی ڕەهەندە مێژووییەکەی و چ ڕەهەندە ئەنتۆلۆجییەکەی یادەوەریی، هاوکات بەحوکمی فاکتەرێکی گرنگ کە ئەویش کۆهەستی دەستەجەمعییە، مەسەلەی ناسینەوەو جیاکردنەوەی (یادەوەریی ساغڵەم) لە (یادەوەریی ساختە) نەک هەر مەحاڵ نییە، بەڵکو کارێکی زەحمەتیش نییە.
لەهەموو بارێکدا دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین کە مادام یادەوەریی بۆخۆی دنیای وێنەو وێناکردنەکانەو دەستکاریکردنی هەر وێنەیەک و تەفسیرکردنی جۆراوجۆری وێناکردنەکان، کارێکی مەحاڵ نییە، بۆیە مەسەلەی پیشەسازیی دروستکردنی یادەوەریی لەنێو زەمەن و دنیای هەر نەتەوەیەکدا هەمیشە کردەیەکی چاوەڕوانکراوە. کردەیەک کە بەهەر بارێکدا بیخوێنینەوە بریتییە لە دەستکاریکردنی بەئەنقەست بۆ ئامادەکردنی نائامادە و دەمانباتە نێو ئەو ڕەهەندە مۆراڵییەی کە (پۆل ریکۆر) لە دەستنیشانکردنی ئاستی مۆراڵیی یادەوەریدا بە (گەمەی ئەنقەست بە یادەوەری و یادچوونەوە) ناویدەبات، گەمەیەکی نامۆراڵیی ئەوتۆ کە جگە لەوەی یادەوەرییەکی ساختە هەیە دروستدەکرێ، هاوکات بۆجێکردنەوەی دەبێ یادەوەرییەکی دروست بکرێتە قوربانی و لەیادبچێتەوە، یان لایەنی کەم بشێوێنرێت، واتە لە ئاکامدا ئەوەی ئەنجامدەدرێت ئیشکردنە لەنێو زەمەنی نەتەوەدا بە ئاڕاستەی شێواندنی ئەو زەمەنە، ئەمەش ڕەنگە دوو مەبەست یان دوو فاکتەری سەرەکی لەخۆبگرێت، کە یەکەمیان بەمەبەستی ئازاردان یان بریندارکردن و شێواندنی سەرجەم کۆی یادەوەریی نەتەوەیە تا لەوێوە ڕاستەوخۆ مێژووی نەتەوە ئازار بدرێت و بشێوێنرێت، مەبەستی دووەمیش ئازاردان یان شێواندنی یادەوەرییەکی دیاریکراو یان ڕاستتر بڵێم هەر ناوو کەسایەتی و ڕووداو و شتێکی نێو یادەوەریی نەتەوەیی کەلە زەمەنێکی دیاریکراودا ئامادەبوونێکی مێژووییانەی ئەوتۆی هەبووبێت کە بتوانێ توانای مانەوەی لە تەمەنی زەمەنەکەی خۆی درێژتر بێت و لەزەمەنی ئێستادا شوێنێکی لەنێو کۆهەستی نەتەوەدا هەبێت، لەهەردوو بارەکەشدا بەبێ ئەو (گەمە ئەنقەستە) بە یادەوەری و بەبێ کردەی پیشەسازیی یادەوەری ساختە، ئەم پرۆسەیە ناگاتە ئاکام، چونکە لەهەموو بارێکدا ئەوەی دەبێ بوونی هەبێت ئەڵتەرناتیڤێکە بۆ هەر کام لەو یادەوەرییە شێوێنراو یان لابراوانە کە خودی یادەوەرییە ساختەکەیە.
دەرکەوتەی خەتەرناکی ئەم پیشەسازیی یادەوەرییە هەمیشەو لەسەرئاستی کۆهەستی دەستەجەمعیدا ئەگەر هیچ نەکات لایەنی کەم جۆرێک لە ئاڵۆزی و بێسەروبەرەیی ئەوتۆ لە خودی یادەوەریی و لە سیستمی تێگەیشتن و بڕوابوون بەو یادەوەرییە دەخوڵقێنێ کە سەرجەم ئەو یادەوەرییە دەکاتە بابەتێک بۆ گومانلێکردن، لێرەوە خەتەرترین دیاردەیەک کە ڕووبەڕوومان بێتەوە کوشتنی ئەو هەستەیە کە (هۆسێرل) لە (چەند وانەیەک لەمەڕ هۆشمەندیی بۆ زەمەن)دا بە (هەستکردنی بەهێز بە زەمەن ) ناویدەبات.
تا ئێرە بەپێویستم نەزانیوە هیچ نموونەیەکی زیندوو لەسەر یادەوەریی نەتەوەی خۆمان بهێنمەوە، لەبەشی داهاتوودا کە تایبەتە بە ڕەهەندە سیاسییەکەی ئەم باسە، ڕوونتر قسە لەسەر یادەوەریی نەتەوەیی خۆمان دەکەم.
Top