كوردو هاوسەنگی سیاسی ناوچەكە

كوردو هاوسەنگی سیاسی ناوچەكە
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەمەیەكی سیاسیانەی بێئەندازە ئاڵۆز بەردەوامە.
لەلایەكەوە، ئێران پشتیوانی ئەو حكومەت و گرووپانە دەكات كە نزیكن لێیەوە، لەلایەكی دیكەوە، توركیا، سعودیەو قەتەر هەمان هەڵسوكەوت دەكەن. هاوكات ململانێ و ڕكابەرییەكە دەگۆڕدرێت بۆ شێوەی شەڕی لابەلای بە وەكالەت كە لەگەڵ ناكۆكییە جیاوازو لۆكاڵیەكانی دیكەی ناوچەكەدا پێكدا دەپژێن و تێكەڵ دەبنەوە.
بە تێڕوانین لە كێشەی كورد، دەتوانین لەسەر ڕاستی مەسەلەیە بەڵگە بهێنینەوە. لە عێراقدا، هەوڵ و كۆششەكانی دوورخستنەوەی سەرۆك وەزیران، نوری مالیكی، بووەتە پێودانگێك بۆ تاقیكردنەوەی ئاستی هێز نەك تەنیا لە نێوان گرووپە سیاسیەكانی ناو عێراقدا، بەڵكو لە نێوان دەوڵەتە دراوسێكانیشدا. پڕوپاگەندەیەكی زۆرو زەوەند هەیە لەبارەی ئەوەی گوایە ئێران، توركیا، سعودیە و قەتەر بەرتیلیان دابێتەوە پەرلەمانتارە عێراقییەكان بۆ ئەوەی دەنگ لە بەرژەوەندی یان لە دژی مالیكی بدەن. ئێران دەیەوێت مالیكی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، لە كاتێكدا وڵاتانی دیكە خوازیاری ئەوەن لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە. ئەمە ململانێیەكی هەستەوەری گرنگە كە بۆی هەیە ئایندەی هەموو عێراقیەكان بكاتە قوربانی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی دەوڵەتە دراوسێكان.
كاتێك سەرۆكی عێراق، جەلال تاڵەبانی، ڕێگەی نەدا پرۆسەی سەندنەوەی متمانە لە مالیكی بەردەوام بێت، زۆرێك لە چاودێران مەزەندەی ئەوەیان كرد كە لە ژێر گوشاری ئێراندا ئەو كارەی كردبێت. لە هەمان كاتدا، بەو شێوەیە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی، دەڕوانرێت كە پتر لە توركیاوە نزیكەو حاڵی حازر سەركردایەتی هەوڵەكانی چڕ دەبنەوە بۆ دوورخستنەوەی مالیكی لە دەسەڵات.
لە وڵاتی سووریای دراوسێدا، بە هەمان شێوە ڕەنگە كوردەكان كلیلی چارەنووسی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوە بێت. ئەگەر كوردەكانی سوریا تەواو پابەندبن بە بەشداریكردن لە ڕاپەڕینەكەوە دژی ڕژێمەكەی ئەسەد، ڕەنگە ئەمە ببێتەهۆی لاسەنگ كردنی هاوسەنگیەكەو سەركەوتنیبەرەی ئۆپۆزسیۆن.
بە دڵنیاییەوە، كوردەكانی سووریا داوای زەمانەت دەكەن بۆ ئایندەی دۆزەكەیان، پێش ئەوەی بڕیاری ئەوە بدەن پاڵپشتی لایەنێك بكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا ئامادە نییە زیاتر لە دروشمی بەتاڵی «یەكسانی و مافەكانی مرۆڤ بۆ هەموو سوورییەكان» بە كوردەكان ببەخشێت. ئۆپۆزسیۆنگەرە عەرەبەكان هەبوونی كوردستانی سووریا ڕەتدەكەنەوە، هەروەها پاڵپشتیكردن لە سیستمی فیدراڵیەت بۆ سووریاو پاڵپشتیكردن بۆ مافی هەر گرووپێكی كوردی ڕەتدەكەنەوە.
ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی نیشتیمانی سووریا تەواو جێی سەرنجە. بزووتنەوەیەك لەسەر دەستی ڕژێمەكەی ئەسەد بەدەست ئەم سەركوتكارییە سەختەوە دەناڵێنێت، كە ڕژێم ماڵ بە ماڵ دەپشكنێت و خەڵك دەكوژێت و تەواوی شارەكان بۆردومان دەكات، بزووتنەوەكە چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرێت، هەر بەڵێنێك پێویست بێت بە كوردەكانی بدات بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە ڕاپەڕینەكەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە پاڵنەری پشت ئەم هەڵوێستەیان بریتی بێت لە شۆفێنیەتێكی ئیتنی یاخود نیگەران بوون بێت لە مەیلە جوداخوازییەكانی بەرەی كورد. لەملاوەش ئەو لایەنەی زیاتر كۆمەك بە ئۆپۆزسیۆنیی سووری دەدات و داڵدەی دەدات، توركیایە. كەچی بڕیاربەدەستانی تورك، نایانەوێت هەرێمێكی دیكەی كوردستان پێكبهێنرێت كە بە فەرمی ئیعتیرافی پێكرابێت. چونكە ئەمە دەبێتەهۆی ئەوەی سەرهەڵدانی كوردستانی گەورە ببێتە تەوژمێك، یاخود ئەگەرێكی واقیعیتر، كە ئەو كاتە تەنها كوردستانی توركیا و ئێران بە» نائازادكراوی» دەمێننەوە. لەوەش زیاتر، ئەگەرێكی بەهێز هەیە، كە پارتی كرێكارانی كوردستان( پەكەكە) ڕۆڵێكی باڵادەست و بگرە ڕۆڵێكی پڕ لە هەژموون ببینن لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری كوردستانی سووریادا. ئەگەرچی ڕەنگە پەكەكە پشتیوانی زۆرینەی كوردەكانی سووریای نەبێت، بەڵام جیهان پڕە لە ئەزموونی ئەو ڕێكخراوانەی كە ڕێكخستنێكی باشیان هەبووەو پێداگرو خاوەن ئەزموون بوون، توانیویانە باڵادەستبن بەسەر كۆمەڵگەدا سەرەڕای ئەوەی كەمینەیەك پشتیوانی لێكردوون.
بەو پێیە چارەنووسی سوریا، بە چەشنی چارەنووسی عێراق، كەمینەی كوردەكان و بەرژەوەندی دەوڵەتە دراوسێكان ئەو چارەنووسە دیاری دەكات. دەبێت هەموو ئەمانە ببنە وانەو پەند، بە تایبەتی بۆ توركیا و ئێران.
كوردەكان، ئەگەرچی بەهێزترین ئەكتەری ناوچەكە نین، بەڵام گرنگیەكی زیاتریان هەیەو ناكرێت چیتر پشتگوێ بخرێن. ئەو دەوڵەتەی شكست بهێنێت لە پرۆسەی بە دیموكراتیكردن و ئازادبووندا، ئەو ڕژێمانەی بەردەوامن لە زەوتكردنی مافی هاووڵاتیەكانیان، ڕەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا ئایندەی خۆیان لە ژێر ڕەحمەتی ئەو كەسانەدا ببیننەوە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان سەركوتیان دەكردن. ڕەنگە كارێكی ژیرانە بێت ئەگەر دەوڵەتە بەهێزەكانی، وەك توركیا و ئێران چیتر كوردەكانی وڵاتەكەیان دورەپەرێز و دابڕاو نەهێڵنەوە، مافی تەواوی خۆیان پێبدەن، وەك نەتەوەیەكی جیاوازو لە چوارچێوەی سنووری وڵاتەكانیاندا. ئەگەر كارێكی لەم شێوەیە بكەن، پێش ئەوەی ڕژێمەكەیان ناسەقامگیرو لاواز بێت، ئەوا بۆیان دەردەكەوێت هاووڵاتیە كوردەكان دەبنە سەرچاوەی هێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەردەلولە سیاسیەكان، لەبری ئەوەی ببنەهۆكاری لاسەنگكردنی هاوسەنگیەكە لە دژی ئەوان. هەمیشە هێزە بیانیەكان تەنیا دەتوانن كوردەكان بكەنە وەكیلی خۆیان و شەڕی دوژمنەكانی خۆیانی پێبكەن، ئەگەر كوردەكان ئامادەییەكی لەم چەشنەیان تێدابوو. پێویستە رژێمەكانی ناوچەكە ئەو پرسیارە جەوهەرییە لە خۆیان بكەن، ئایا چی وای لە كوردەكان كردووە ئەوەندە ڕاپەڕین بكەن.؟! وەڵامەكەی ئەم پرسیارە هەرگیز بریتی نییە لەوەی دەستێوەردانی دەرەكی هاندەریان بووبێت بۆ ڕاپەڕین، چونكە ـ دەستێوەردانی دەرەكی ـ دەرئەنجامەو هۆكار نییە.
* ئوستادی سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی میزوری
Top