پاشماوەی نەخۆشخانەكان و پیسبوونی ژینگە

پاشماوەی نەخۆشخانەكان و پیسبوونی ژینگە
وەك پێویستییەكی هەمیشەیی مرۆڤ، بوونی نەخۆشخانەی گەورە لەشارو شارۆچكەكاندا مەسەلەیەكی گرنگ و بایەخدارە.
بەڵام لە هەمان كاتیشدا دیارە كەنەخۆشخانەكانیش وەك هەر دامەزراوەیەكی دیكە پاشماوەی ڕۆژانەی جۆراو جۆر فڕێدەدەن.
پاشماوەی نەخۆشخانەكان لەوانەیە لەچاو پاشماوەی گشتی شاردا لەبڕدا كەم بێت، بەڵام لەجۆردا زۆر ترسناكە.
بۆ ڕوونكردنەوەیەكی ساكار، دەكرێت ئاماژە بەوە بدەین كەپاشماوەی نەخۆشخانەكان دەشێت بەم جۆرە پۆلێن بكرێن:
یەكەم: پاشماوە ئاساییەكانی وەك خواردەمەنی و كاغەزو كارتۆن.
دووەم: شتە بەكارهاتووەكانی وەك قوتوی دەرمان و، چبس و پلاستەرو لۆكە، شووشە، دەرزی و سەرنج، چەقۆ..
سێیەم: پاشماوەی نەشتەرگەریی وەك پارچەی بڕاو لەلەش، پێست، خوێن، قژ، ئێسقان و ماددەكانی دوای نەشتەرگەری وەك كیسەی پلاستیكی و ماددەی تاقیگەكان. تاد
چوارەم: ئامێرەكانی پشكنین و دەرخستن: ماددەی وێنەگرتن و تیشكی ئێكس..
پێنجەم: دەرمانی بەسەرچوو، یان گەڕاوە، گیراوەی بەسەرچوو.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كەئێستا لەگەڵ دامەزراندنی خەستەخانەی ئەهلی و تایبەتدا پێویستە چاودێریی گشت نەخۆشخانە حكومی و تایبەتەكان بەتوندی بكرێت لەبارەی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێنج جۆرە پاشماوەیە دەكەن بەتایبەت جۆری سێیەم. چونكە تێكەڵكردنی جۆری سێیەم لەگەڵ ئەوانی تردا كارەساتی تەندروستی و ژینگەیی گەورە دروست دەكات و، چارەسەری نییە.
بۆیە پێویستە بۆ هەر جۆرێك لەو پێنج پاشماوانە چارەسەری گونجاو هەبێت نەك تەنها پەنا ببرێتە بەر سوتاندن كەدەركەوتووە سوتاندن دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی دیۆكسین كەناوێكە نزیكەی (75) ماددەی كیمیاوی لەخۆدەگرێت و دەبێتە هۆی شێرپەنجەو كاریگەری نیگەتیڤی هەیە لەسەر سیستمی بەرگری لەش و گەشەكردنی، چونكە دیۆكسین لەئەنجامی سوتاندنی ئەو ماددە پلاستیكیانەوە (PVC) پەیدا دەبێت كەلەبنەڕەتدا ماددەی (كلۆر)یان تێدایە، ئەمە جگەلەوەی كەماددەی (جیوە)ش لەسوتاندنی ئەو پاشماوانە پەیدا دەبێت و كاریگەری خراپی هەیە لەسەر مێشك و گورچیلەو جگەر، بۆیە چارەسەری نوێ ئێستا سوتاندن نییە، بەڵكو بریتییە لەخاوێنكردنەوەی هەڵمی (AUTO CLAVE) كەبەگەرمی و پاڵەپەستۆی هەڵم ئەو پاشماوانە چارەسەر دەكرێن و، ماددەی دیۆكسینی مەترسیداریش نایەتە بەرهەم.
بۆیە پێویستە نەخۆشخانەكان هەر جۆرێكی پاشماوە لەوانی دی جیابكەنەوەو، پاشماوەكان تێكەڵ نەكەن. چونكە بەشێوەیەكی گشتی هەر جۆرەو چارەسەرێكی هەیە، هەروەها دەبێت واز لەشێوازی سوتاندن بهێنین، چونكە سوتاندن ئێستا لەئەمەریكاو ژاپۆن و زۆر وڵاتانی دی بەرەو كۆتایی دەچێت، لەبەر ئەوەی سوتاندن دەبێتە هۆی پیس بوونی هەوا، هەروەها هێشتنەوەی پاشماوەكانیش لەزەویدا بێ چارەسەر هۆكارێكی تری نەخۆشی كوشندەیە.
بۆیە بەحاڵەتی سوتاندنی ئەو پاشماوانە دەڵێن (زبڵخانەی ئاسمانی) چونكە هەوا پیس دەكات. بەهێشتنەوەی بێ چارەسەریش لەزەویدا پێی دەڵێن(بۆمبی چێنراو)!!
جابۆیە جێی خۆیەتی كە دەوترێت پاشماوەی نەخۆشخانەكان ترسناكترین جۆری پاشماوەكانەو، لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و، زیادبوونی نەخۆشخانەكانیشدا بڕو جۆری ئەو پاشماوانە زیاتر دەبن. .
Top