ئایا توركیا كەڵكی خراپ لە كەل و پەلە سەربازیەكانی ئەمەریكا وەردەگرێت؟

ئایا توركیا كەڵكی خراپ لە كەل و پەلە سەربازیەكانی ئەمەریكا وەردەگرێت؟
كێشە دیبلۆماسیە ئاڵۆزەكەی نێوان ئەنقەر و واشنتۆن پەرەی سەندووە بەهۆی ئەو زانیارە هەواڵگریانەی ئەمەریكا بۆ توركیای دابینكرد. لە كۆتای مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2011دا، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمەریكا كاروانێكی 38 كەسی و وڵاخی باركراوی لە یەكێك لە شاخەكانی كوردستانی توركیا لە نزیك سنوری عێراق بەدی كرد. ئەو سەربازانەی ئەمەریكا كە ئەو فڕۆكەیەیان كارپێدەكرد گومانی ئەوەیان هەبوو ئەو كاروانە پێكهاتووە لە جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان یاخیبو و زانیاریەكانیان گەیاند فەرماندەیی سوپای توركیا. ماوەیەكی كورت دوای ئەوە، فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا هێرشیان كردەسەر كاروانەكە، جگە لە چوار كەس نەبێت هەمو ئەوانەی دیكەیان كوشت. ڕوداوەكە كاردانەوە و پشێوی لە شارۆچكەكانی سەرتاسەری كوردستانی توركیای دروستكرد.
هەروەها نیگەرانیەكی زۆریشی لە پەنتاگۆن و كۆنگرێس دروستكرد. بەرپرسەكانی پەنتاگۆن بە پەلە ئەوەیان ڕاگەیاند ئەمەریكا هیچ بەرپرسیارێتیەكی ئەو هێرشە هەڵناگرێت. ئەوان ئیعتیرافیان بەوەكرد فڕۆكەكە زانیاری لەبارەی كاروانەكەوە داوە، بەڵام ئەوە توركەكان بوون " بڕیاریاندا"، یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دووپاتی كردەوە ئەو بڕیارە " بڕیارێكی ئەمەریكی نەبوو".
ڕەخنەگران بە گومانەوە لەو ڕونكردنەوەیان ڕوانی. مەسەلە سەرەكیەكە ئەوەیە ئایا ئەوانەی كوژران بە ڕاستی گەریلای پەكەكە بوون، هەروەك ئەنقەرە پێداگیری دەكات، یاخود كەسانێك بوون كاڵایان بە قاچاخ دەبرد، هەروەك زۆربەی بەڵگەكان ئاماژەی پێدەكەن. ئەگەر بەم شێوەیە بوبێت، ئەوا شایستەی ئەوەنەبوون بەو شێوەیە لە لایەن فڕۆكەكانی توركیاوە قەتڵ و عام بكرێن. ئەو ئەگەرەش نیگەرانیەكی پەیوەست بەم مەسەلەیەی زەقكردەوە-ئایا ئەنقەرە كەل و پەلە سەربازیە پێشكەوتوەكانی ئەمەریكای خراپ بەكارهێناوە. ئەو بەرپرسانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە نیگەرانن لەم بارەیەوە پرسیاریان كرد لەبارەی ئەوەی چۆن واشنتۆن متمانە بە هاوپەیمانەكانی دەكات، تەنانەت ئەندامەكانی ناتۆش، بە چەشنی توركیا، بەوەی تەكنەلۆجیایەكی كوشندەی چەشنی تەكەلنەلۆجیای فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی پێبدەن.
ئەوە یەكەمجار نەبوو پرسیارگەلێك بكرێت لەبارەی ئەوەی چۆن شەریكە ئەمنیەكانی ئەمەریكا چەك و زانیاری هەواڵگری ئەمەریكا بەكاردەهێنن. داواكاریەكی بێشومار كراوە بۆ بڕینی هاوكاری سەربازی بۆ سوپای پاكستان بەهۆی كاری دەسترێژیكاریان بۆ سەر هیندستان و ئەنجامدانی كودەتا لە دژی حكومەتی مەدەنی پاكستان. لە سەرەتای هەشتاكانەوە، ئەندامە توڕەكانی كۆنگرێس، هەروەها چالاكوانەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ داوایان كرد ئەمەریكا هاوكاریە سەربازیەكانی بۆ كۆریای باشووری سنورداربكات، كاتێك سوپای كۆریای باشور حكومەتە دیموكراتیە تازەكەی ئەو وڵاتەیان ڕوخاند. ڕەخنەگرانی ئەمەریكا و جیهانی ئیسلامی بەردەوام داوایانكردوە( بەڵام بە بێهودە) كە هاوكاری سەربازی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل سنورداربكرێت، لەبەر ئەوەی تەل ئەبیب هێلیكۆپتەر و سیستمەكانی دیكەی بەكارهێناوە بۆ هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەرە فەلەستینیەكان.
هەروەها توركیاش بۆتە ئامانجی ڕەخنەكان بەهۆی بەكارهێنانی نەگونجاوی هاوكاریەكانی ئەمەریكاوە. دیارترین هەڵمەت دژ بە هاوكاری كردنی-توركیا لەلایەن ئەمەریكاوە- دوای ئەوە خرایەگەڕ كە هێزەكانی توركیا لە ساڵی 1974 هێرشیان كردە سەر قوبرس و نزیكەی لە سەدا 38ی خاكی ئەو وڵاتەیان داگیركرد. كۆنگرێس هاوكاری سەربازی بۆ توركیا بڕی، ئەگەرچی ئیدارەی ئەمەریكا توانیتی هەنگاو بە هەنگاو زۆریك لەو هاوكاریانە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا بۆ توركیا دابین بكاتەوە. ئەنقەرە هیلیكۆپتەرە هێرشبەرەكانی ئەمەریكای لە دژی ئامانجە كوردیەكان لە ناو توركیادا بەكارهێنا-تەنانەت لەسەرەتای ساڵی 2008ەوە ئەو سیستمی چەكانەی بەكارهێنا لە دژی ئەو ناوچانەی كە بانگەشەی ئەوەی دەكرد مۆڵگەی پەكەكەن لە باكووری عێراقدا-هەمو ئەمانە بوونەهۆی ئەوەی دووبارە داوای بڕینی ئەو یارمەتیانە بكرێت. هەروەك لە حاڵەتی پاكستاندا، دەركەوت چەكی ئەمەریكی، سەرەڕای ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەكرا قەدەغەكرابێتن، بەكارهێنرا بۆ كاری دەسترێژی دژی دەوڵەتێكی دراوسێ.
دوایین ڕوداو كە زانیاری هەواڵگری –بەدەستهاتو لەلایەن فڕۆكەی بێفرۆكەوانەوە-كە وای كرد سوپای توركیا هێرش بكاتەسەر كاروانێك لە قاچاخچیەكان، بووە هۆی توندبونی نیگەرانیەكان. هاوكاری ئەمەریكا، تەنانەت هاوكاری ڕاستەوخۆی ئەمەریكا، بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی كوشندەی لەم شێوەیە تێوەگلانی ئەخلاقی واشنتۆن لە كردەوەگەلێكی جێی گومان زەقدەكاتەوە كەلەلایەن هاوپەیمانەكانیەوە ئەنجام دەدرێن، وەك توركیا. هەروەها مەترسیەكی بەرچاو هەیە خەڵكە توڕەكە، ئەوانەی بوونەتە ئامانجی ئەم هێرشانە، ئەمەریكا بە بەرپرسیار بزانن لە هەر قوربانیەك كە بە ناحەق ڕووبدات.
ئەو مەترسیە بەرچاوبوو لە كاتی خۆپیشاندانە سەركەوتوەكاندا دژی حكومەتەكەی حوسنی موبارەك لە میسر. ئاشكرابوو خۆپیشاندەران توڕەبوون لەوەی ئەمەریكا هێلیكۆپتەر و زرێپۆشی دابینكردووە كە بەكارهێنرا لە دژی مەدەنیە بێچەكەكان، ئەوانەی تێدەكۆشان بۆ هێنانەدی دیموكراسی بۆ وڵاتەكەیان. بۆی هەیە ئەم توڕەبوونە سەربكێشێت بۆ هەستێكی دژ بە ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكانی دیكە. دەبێت سەركردەكانی ئەمەریكا ئەو ئەگەرە لەبەرچاو بگرن كاتێك لە داهاتوودا هاوكاری حكومەتە هاوپەیمانەكان دەكەن كە ئەجێنداكانیان جێی گومانە.
Top