پابەند نەبوونی مالیکی بە دەستوری نوێی ئێراق

پابەند نەبوونی مالیکی بە دەستوری نوێی ئێراق
ئەو دیموکراسییەی کە پێشبینی دەکرا لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ئێراق بێتە دی، خەریکە بەرەو نەمان دەچێت، ئەمەش دوای بوونی (نوری مالیکی) بە سەرۆک وەزیران لە ساڵی(2010) کە گشت هەوڵەکانی خستەگەر بۆ کۆنترۆڵ کردنی تەواوی بەسەر دەزگا ئەمنیەکان لە ئێراق،کە بەشێوەیەکی ئاشکرا رێڕەوی سیاسی لەو وڵاتە بەرەو دەسەڵاتداریەتی تاکەکەسی برد ئەمەش مانای گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەتە لە وڵاتەکە، کە هاوشێوەی ئەو سیاسەتەی رژێمی پێشووی بەعسە. وەک دەزانین دەسەڵاتی دەوڵەت لە ئێراق دابەش کراوە لەنێوان پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکارو دەسەڵاتی دادوەری، نەک تەنیا بۆ مالکی ،بەڵکو لایەن و پارتە سیاسیە جیاجیاکانی تریش تیایدا خاوەن بڕیارن ،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مالیکی بەشیێوەیەکی تاکلایانە هەڵسوکەوت دەکات، بێ گوێدان بە بۆچوونی لایەنەکانی تر،ئەمە جگە لە دەست بەسەرداگرتنی بەسەر گشت دەزگاکانی دەوڵەت. وەک ئاشکرایە پاڵپشتیکردنی مالیکی لە تەوەرەکانی ئێران و سوریا کاریکردۆتە سەر ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر سیستەمی ئێراقدا هاتووە، کە بەرەو پێچەوانەی ئاڕاستەکەی بردووە. هەروەک دەزانین ئێران کاریگەرییەکی زۆری هەیە بەسەر مالیکی، ئەمەش وایکرادووە بە بێ رەزامەندی ئێران،بڕیار لەسەر هیچ گۆڕانکارییەک لە ئێراق نەدات،باشترین بەڵگەش نەبینینی ئاڵای ئێراق بوو لە کاتی سەردانەکەی مالیکی بۆ ئێران ، کە بەپێی پرۆتۆکۆل دەبێت لەکاتی سەردانی هەر سەرۆک وەزیرانێک بۆ وڵاتێکی تر، ئاڵای هەردوو وڵات لە دواوەیان دابنرێت،کە ئەمە لە سەردانەکەی مالیکی نەبینرا. جێگەی ئاماژەیە هەر لەدوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێراق، مالیکی دەستی کرد بە دژایەتی کردنی ئەو پارتە سیاسیانەی کە هاوبیر نین لەگەڵ پارتەکەی ئەو، بەتایبەتیش (لیستی ئەلعراقیە)بە سەرۆکایەتی (ئەیاد عەلاوی)،کە دوای هەڵبژاردنەکانی 2010 لەگەل یەک کۆک نەبوون، کە هەر ئەمەش وایکرد پێکهێنانی حکومەت ماوەی هەشت مانگ دوا بکەوێت، تا ئەو کاتەی (مەسعود بارزانی)سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری پرۆژەیەکی کردو، وایکرد هەردوولا لەسەری کۆک بن و کۆتایی بە پێکهێنانی حکومەت بێنن. ئێستاش مالیکی نانەوەی کێشەیە بۆ کورد کە بە گوێرەی ویست و خواستەکانی خۆی بڕیار دەردەکات دوور لە مەرجەکانی دەستوور و پێوانەی بنەڕەتی مافەکانی مرۆڤ،ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مالیکی بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە هەبوونی بۆچوونی جیاجیا نادات. ئەو ناکۆکیانەی کە مالیکی هەیەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، تا ئێستا هەوڵی چارەسەرکردنی نەداوە، کەچی خەریکەدۆسیەی ئەتۆمی ئێران چارەسەر دەکات، لە رێگەی بەستنی دانوستاندنی(5+1)کە لە بەغدا بەسترا، لەکاتێکدا کێشە ناوخۆییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە هەڵواسراوەیی جێهێشتووە. لێرەدا ئەو پرسیارەی کە لەلامان دروست دەبێ ئەوەیە، تاچەند مالیکی بڕوای بە دەستوری نوێی ئێراقی فیدراڵ هەیە؟ ئەو دەستورەی کە گەلانی ئێراق لەژێر رەحمەتی کردەوە تیرۆریستیەکان و ئۆتۆمبێلە مینڕێژ کراوەکان توانیان دەنگی لەسەر بدەن، کە تیایدا مافی بە هەموو تاکێکی ئێراقی فیدراڵی داوە.
Top