لە سەر ئاستی میللی چ دەرفەتێك ماوەتەوە بۆ پێوەندی نێوان عەرەب و كورد؟
June 9, 2012
وتار و بیروڕا
هەر لەسەرەتاكانی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە ڕێگای توندوتیژی دژ بەكورد گیراوەتەبەرو تەنانەت لەساڵانی سییەكانەوە هێزی فڕۆكەوانی عێراقی بۆ بۆردومانكردنی گوندو شارەكانی كوردستان تاقی دەكرایەوە، ئیتر لەو قۆناغەوە خەڵكی كوردستان هۆشیاربوونەوە، ئەو دوژمنایەتییە فەرمیانەی دەوڵەتی عێراقی هاندەریان بووە تا خۆیان ڕێكخەن و لە ناوەندی سەدەی ڕابردوودا لەدایكبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕابگەیەنن، كە دواتر بوو بە ڕێچكەو دینگەیەك بۆخەباتی درێژخایەنی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی كورد، لەمەیدانی سیاسەتی میللیدا هەرگیز ناكرێت چاوپۆشی بكەین لەهەڵوێستی چەپە دیموكراتەكان كە جەختیان دەكردەوە لەسەر بەهاكانی هاوپەیمانی نیشتمانی نێوان عەرەب و كوردو نەتەوەكانی تری عێراقی. لەم ڕووەوە پەیام و دروشمی (دیموكراتی بۆ عێراق و حوكمی زاتی بۆ كوردستان) هەر لەسەرەتای بزاڤی رزگاریخوازی كوردەوە بەرزكرایەوەو بارزانی نەمر لەبیروبڕوایدا ئەم پەیامەی چەسپاندو جەختی لێدەكردەوە، هەروەها سەركردایەتی پارتی و كۆی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستانی داوایان دەكرد. حزبە نیشتمانیە دیموكراتیەكانی ناو عێراق لەم هاوپەیمانێتیە دوور نەدەكەوتنەوە، كورد زۆر بەهێزەوە لەسەركردایەتی هەموو حزبە عێراقیەكان و زۆربەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بەشداری دەكرد، بەقوتابیان و لاوان و ئافرەتان و كرێكاران و چین و توێژەكانی تریشەوە، هەروەها بوونی كورد لە پارێزگاكانی تری عێراقی دەرەوەی بازنەی كوردستانیشدا كاریگەرێتی گەورەی هەبوو بۆ ئەوەی نموونەیەكی رێكوپێك ببەخشرێت بە دۆستایەتی و برایەتی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە، لەملاشەوە سیاسەتی فەرمی كنەی دەكردو رێگەی نەدەدا وڵاتەكە سەقامگیری بێت، بەڵكو پیلان و بەرنامەی دادەڕشت تا دووبەرەكی و هەستەوەری و قەومچێتی و شۆڤێنێیەت و حاڵەتی تووندڕەوی بوروژێنێت، بەتایبەت لەململانیەكانیدا كە ئەو حاڵەتانەی بە ڕێگایەكی وا گەورە دەكردەوە كە خزمەتی دەروونی نەخۆشی ئەو كەسایەتیانە بكات، كە جڵەوی فەرمانڕەوایەتیان لەدەست بوو، قووڵایی تاوانی بەرجەستەكراوی سیاسەتی فەرمی فاشییەكان لەو كاتەدا بەدەركەوت كە تاوانەكانی جینۆساید و ڕشتنی چەكی كیمیاوییان لەهەڵەبجەو شوێنەكانی تری كوردستان ئەنجام دا، لەهەمووشیان شەرمهێنتر بۆ سەرجەم مێژووی مرۆڤایەتی، تاوانەكانی ئەنفال بوو كە ئایەتێكی قورئانی بۆ كردە پەردەو ئەنجامی دا، ئەم تاوانە كارەسات ئامێزانە نەدەقەومان ئەگەر بهاتایە ڕایەڵەكانی هاوپەیمانێتی و رەفتارەكانی هێزە دڵسۆزەكانی دۆزی كوردو عەرەب نەپسێنرانایە، بەتایبەتی ڕایەڵی یەكێتی ئارەزوومەندانەی نێوانیان كە هەردەم بەشێوازێكی نادروستەوە لە لایەن هێزە شۆفینیەكانەوە دەخرایە سەر لێواری لەناوبردنەوە، ئەو ڕووداوانە بوونە هۆی ئەوەی رەگی شۆڤێنیەت بەقووڵایی هەندێ توێژی عەرەبیدا رۆبچێتە خوارەوەو و پەڕگیری و توندڕەوی لای چەند هێزێكی عەرەبی چەكەرە پێ بكات، كە دواتر كوشتنی كوردیان بەحەڵاڵ دەزانی، بەمشێوەیە ئەركی دیموكراتیەكان و بانگهێشتكارانی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەهەردوو جەمسەری كوردو عەرەبەوە زەحمەتتر دەبوو، بەڵام بەهۆی ئەزموون و شارەزایی و وریایی گەلەوە، لەدژی ئەو فێڵ و پیلانانەی دەسەڵاتە فەرمیەكان بەردەوام كاریان لەسەر دەكرد، یان بەهۆی قووڵایی هۆشیاری مرۆڤایەتیەوە لەهەستكردن بەمافی ئەوانی تر لەسەر ئاستی میللییەوە دەتوانرێت هەموو پلانێكی شۆڤێنی لەگۆڕ بنرێت، دێینە سەر پێوەندی نێوان عەرەب و كورد لەپاش ساڵی 2003 – دیسان ناچارین كە بەریناییەك لەنێوان هەڵوێستی میللی و هەڵوێستی فەرمی دەستنیشان بكەین، خیتابی فەرمی ئێستاش پڕە لە دژیەكی (تناقض) كە باگراوەندەكەی بریتییە لەكەلتوورێكی نەخۆشی شۆڤێنیەكانی دوێنێ، كە هەندێكیان خزاونەتە ناو دەسەڵاتی ئێستاوەو هەروەها بەهۆی كورتبینی سیاسیی و لاوازی ئەزموونی هەندێك لایەنەوە كە ئەمڕۆ لەدیمەنە سیاسیەكەدا بەشێكی جڵەوی حوكم بە دەستیانەو لەبەغداش جڵەو بەدەستن، دەتوانم بڵێم هۆكاری ڕەسمی كەمتەرخەمبوون و دوژمنایەتی لە پێوەندییەكاندا كە دروست دەكرێت، بۆ ئەم هۆكارانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە :
1- هەبوونی كەسانێك كە لەسەر ئاستی عێراق تێڕوانینێكی نەخۆشیان یا دیدی شۆڤێنییان لەبەرامبەر بزاڤ و حزبە سیاسیەكان بە گشتی هەیە.
2- بوونی چەند مەرجەعیەتێك یا چەند ڕایەڵێكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی كە پاڵ بەكەسانێكەوە دەنێت، گرفت لەناو پێوەندییەكانی عەرەب و كورد دروست بكەن تا لە ئاكامدا سەقامگیری عێراق بشێوێنن.
3- هەڵەو كەموكورتی لەستراتیژیەت و تەكتیكاتی هەندێك لایەن كە رەنگ دەداتەوە بەسەر رەفتاری ئەندامەكانیانەوە، وەك خۆدزینەوە لە ڕێكەوتنامەكان، بەنموونەش خۆدزینەوە لە رێكەوتنامەی هەولێر دوا بەدوای وەدیهاتنی هەندێك ئامانجی تایبەتی بۆ ئەو كەسانە.
4-بەكارهێنانی فەلسەفەی ئینتقائی لە جێبەجێكردنی خاڵەكانی دەستوورو ئەوەش بەچاوپۆشین لەهەندێك خاڵ و جێبەجێكردنی هەندێك خاڵی تر، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەندییان بەسروشتی ململانێ و گوشارە ناوخۆیی و هەرێمیەكانەوە هەیە.
5- هەوڵی هەژموونگەرایی یاخود زاڵ كردنی سیاسی یان فەلسەفەی دەسەڵاتی ناوەندی و هەوڵدان بۆ بەهێزكردنی ناوەند لەسەرحسابی فەلسەفەی حوكمدارێتی فیدراڵی ئەوەش لە پێناوی بەپەراوێزخستنی ڕۆڵی بەشێكی كۆمەڵگەو كەسانێكدا كە ڕۆڵی مێژووییان لە چەپاندنی مەبدەئی دۆستایەتی هەیە.
6- دیاردەی دوژمنایەتیكردنی كورد بەبێ بەهانەو هەڵگرتنی گڵۆپی سەوز بۆ وتەبێژەكان و راگەیاندنكاران و هەندێك لەسیاسەتمەداران، تا هەڵوێستی مێژوویی و جوامێرەكانی كورد بە ناشرینی بشێوێنن .
7- مەترسیدارترین خاڵێك كە لە ڕووی مەیدانیەوە لەسەر ئاستی نیشتمانی كاری بەردەوامی بۆ دەكرێت هەڵگیرساندنی جەنگێكی ناڕاگەیاندراوە دژ بەهەرێمی كوردستان كە نزیكە لەو رەفتارەی رژێمی پێشوو كاتێك گەمارۆی ئابووری خستبووە سەر ئەو هەرێمە و ئێستاش هاوشێوە لە ڕێگای گەمارۆدانی ئابووری و بەهۆی سیاسەتی سزادانی كۆمپانیاكانی كە لەناو هەرێمدا كار دەكەن گوشار دەخرێتە سەر هەرێم.
8- هەوڵدان بۆ كەرتكردنی بزاڤ و هێزو حزبەكانی ناوخۆی هەرێم یا دوور خستنەوەی ئەو هێزانەی كە هاوپەیمانن لەگەڵ هەرێمدا و سەر ڕێگە لێ گرتنیان تا هاریكاری ئامانجە ڕەواكانی هەرێم نەكەن، تەنانەت پیلانگێڕان بۆ كاری خراپتر لەمانەش لەپێناوی مانۆڕكردن ئەمسەرو ئەوسەركردن لەگەمەی دانوستانەكاندا، بەمشێوەیە كورد لە مەیدانی عێراق و پارێزگاكانیدا بایەخێكی ئەوتۆیان پێ نەدراوە، بەتایبەت كوردە فەیلیەكان كە لەدوای ساڵی 2003 وە مژدەی باشكردنی ژیانیان پێدراوە، بەڵام هەر زوو بە زوو بە شێوازی تر ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و پشتگوێخستن بوونەوە، ناچارن دیسانەوە خەباتێكی نوێ لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەكانیان رابگەیەنن، تا چیتر گەمە بەچارەنووسیان نەكرێتەوە، دوای ئەوەی رووبەڕووی قێزەوەنترین تاوانی جینۆساید بوو بوونەوە
ئێستاش پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕەهەندی میللی و پرسیارەكە بەمشێوەیەیە؛ ئایا هیچ دەرفەتێك ماوەتەوە بۆ پێوەندی نێوان عەرەب و كورد لەرووی میللیەوە؟ ئەوەتا راگەیاندنێكی پیلانگێڕو قین لەدڵ بەخراپترین شێواندنەوە كە لەخیتابی سیاسی نەخۆشیاندا ڕەنگ دەداتەوە بەهەموو توانایەوە شێواندن بڵاودەكاتەوە، سەبارەت بەتەوژمە سیاسیە میللییەكانیش دەپرسین داخۆ هەڵوێستی تەوژمە دیموكراتیەكان چین، یا چ پەندێك لەتەوژمی ئیسلامی سیاسی یەوە وەردەگیرێت؟ هەڵوێستێكی ئیجابی پاڵ دەنێت بەتەوژمە دیموكراتیەكانەوە تا دروشمی فیدراڵی و دیموكراتیەت و ڕووی دروستی پێوەندی نێوان عەرەب و كوردو ڕاستە هێڵی ئەو پێوەندییە توندوتۆڵ بێتەوەو ئەوەش لەهاوپەیمانیەتیەكی پوختەدا، چونكە هیچ جۆرە دروشمێكی دۆستانە سەرناخرێت ئەگەر بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردو تەوژمە دیموكراتیەكانی عێراق هاوپەیمانێتی رانەگەیەنن.
تەنیا ئەلتەرناتیڤ و چارەسەر كە بتوانێت ڕێڕەوەكە بخاتەوە سەر سروشتی خۆی و وەڵامی داخوازییەكانی عێراقێكی فرەیی و فیدراڵی بداتەوە، لەم خاڵانەی خوارەوەدایە كە بەمشێوەیە پێشنیازی بۆ دەكەم.
1- دووركەوتنەوە لەپرۆسەی موحاسەسە، دامودەزگاكانی دەوڵەت نەبنە دەسكەوتێك بۆ هەندێك لایەنی سیاسی قۆرخ بكرێن، هەروەها لابردنی كەلتووری تاكڕەهەندی لە خیتاب و نەهێشتنی لۆژیكی ئیعتراف نەكردن بەدانپێدانی ئەوانی تر.
2- بازرگانی نەكردن بە پۆستەكانەوە و نەهێشتنی مەحسوبیەت و خزمایەتی و ناوچەگەریی .
3- پاراستنی هاوسەنگیی دەستووری و رێكەوتنی سیاسی بۆ بونیاتنانی دامودەزگاكان و پێگەیاندنی میكانیزمێك كە ڕێز لە فرەیی بگرێت و فیدراڵیەتی تێدا بەرجەستە بكرێت.
4- جەختكردنەوە لەدەرچوونی یاسای دەستووری مەدەنی بۆ حزبەكان و هەڵبژاردنەكان و ئەنجومەنی ئیتحادی كە لە ڕیكەوتنامەی هەولێردایە، هەروەها بەرەو پیرەوەچوونی هەڵبژاردنێكی خاوێن لە پێناوی باشكردنی هاوسەنگێتی دەستووری لەسەر ئاستی یاسادانان بەهەردوو باڵەكەیەوە كە خۆی لە باڵی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵی دەبینێتەوە.
5- دووركەوتنەوە لەسەر تەفزیڵ كردنی حكومەتی ناوەند بەسەر حكومەتی هەرێمەكاندا چونكە ئەو تەفزیلكردنە سیاسەتێكی ئێكسپایەرە لەبەردەم هێزی ئیرادەی میللی دا شكست دەخوات كە هەمووان پێكەوەو بە یەك دەست بەرپرسیارێتی بەرگریكردنیان لەدەستكەوتەكان و وەرگرتنی بڕیاردا لەئەستۆ گرتووە، بەتایبەت لەو مەسەلانەدا كە بەرژەوەندی پێكهاتەكانی تێدا دەپارێزرێت، پێویستە هەبوونێكی سەربەخۆی ئێرادەگەرییانە لە هەرێمەكاندا بەرجەستەبێت .
6- ئەو گیروگرفتانەی كە بۆ مافی فیدراڵیبوون دروستكراون، لەسەر هەردوو ئاستی رەسمی و میللی لاببرێت، چونكە فیدرالیەت بەخشینێك نییە تا هەركەسێك بەمیزاجی خۆی قەبارەكەی دیاری بكات
7- دامەزراندنی هاوپەیمانیەتیەكی عەرەبی كوردی و دروست كردنی كۆمەڵەی هاوڕێیەتی و هاریكاریكردن و كردنەوەی هێڵی دیالۆگ لەنێوان لایەنەكانی عێراق تا ببنە ستراتیژ لە پێوەندییەكانیاندا.
8- كاركردن بۆ دامەزراندنی ئۆرگانە پیشەیی و پسپۆرییەكان و دانانی كەناڵی ئاسمانی و رۆژنامەو پرۆژەی هاوبەش و سازدانی ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵ بۆ كردنەوەی دامودەزگای تایبەت بە توێژینەوەی زانستی و ئەكادیمی .
9- پەرەپێدانی پێوەندی عەرەب و كورد لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، ئەویش بە وەبەرهێنانێكی دروست بۆ هەموو لایەك، دەكرێت سنووری كاری باڵێۆزخانەكان بەرفراوانتر بكرێن تا دەرفەت بۆ چالاكی هاوبەشی هەموو گەلانی عێراق وەك یەك بڕەخسێت.
10- سازدانی كەرنەڤاڵی میللی ساڵانە، لەسەر ئاستێكی بەرفراوان، بەهاوبەشی ناوەندو هەرێمەكان و گشت توێژو چینەكان .
11- دانانی سەنتەری توێژینەوەی ئەكادیمی لەلایەن هەردوو لاوە، وەك كردنەوەی بەشی پسپۆری لە سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی ئیبن روشد یان لە پەیمانگای كوردی بۆ توێژینەوە لە هۆڵەندا..
لەكۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەم چارەسەرە كورت و چڕە كە پێشكەشم كردووە تەنیا پێشنیارێكە رەنگە لەرووی مەبدەئییەوە قبووڵ بكرێت؛ بەڵام پێویستی بەسەرنج و تێبینی و پێشنیاری كەسانی تریش هەیە تا دەوڵەمەندی بكەن.
* توێژەری ئەكادیمی زانستە سیاسیەكان