بەرەو دامەزراندنی ئەنجومەنی ستراتیژیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا

بەرەو دامەزراندنی ئەنجومەنی ستراتیژیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا
لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا، توركیا زیاتر بایەخی شوێن و پێگەی هەرێمی كوردستانی بۆ دەردەكەوێت و، ئەوەیشی بۆ دەردەكەوێت كە هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی خاوەن تایبەتمەندێتیی لەم عێراقەدا، لەتوانایدایە یاریزانێكی سیاسیی كارا بێت و، دەستیشی هەبێت لە دروستكردنی بەشێكی ئەو ئایندەیەی كە نەخشەی بۆدەكێشرێت لەناوچەكەدا، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی و پاراستنی تایبەتمەندییەكانی یەكدی، بەو پێیەی بنەمای ئابووریی و سیاسیی هەرێمی كوردستان زۆر یارمەتیدەرە بۆ سەركەوتنی سیاسەتی كرانەوەو ئاشتەوایی و بنیاتنانی ئایندەیەكی گەش، چونكە هەرێمی كوردستان لەگشت لایەنەكانی دیكەی عێراق زیاتر بەرگریی لەدەستووری پەسەندكراوی عێراق دەكات كە زیاتر لە سەدا هەشتای خەڵكی عێراق دەنگیان بۆداوە، خاڵی سەرەكی كۆكردنەوەی عێراقییەكانەو، تەنیا دەستووریش زامنی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بتوانێت سەرچاوەكانی وزە بۆ خۆشگوزەرانیی خۆی و دراوسێكانیی و ئاشتیی جیهانیی بەكاریهێنێت، ئەمە جگە ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستانیش، كەتیایدا تەواوی نەتەوەو خاوەن ئایینەكان مافی هاووڵاتیبوونی تەواویان هەیە، هەر ئەم ئەزموونەش هۆكارێكە بۆ بەرقەراربوونی ئاسایش و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ناوخۆیی لەگشت ئەو وڵاتانەی كەكوردیان تێدا دەژی .
سوپاس بۆ خوا، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان ئارامترین ناوچەكانی عێراقەو، بۆ توركیاش زۆر گرنگە كە لە دراوسێیەتی لەگەڵ عێراقدا، دراوسێی ناوچە ئارام و سەقامگیرەكەیەتی، هەرێمی كوردستانیش لەرووی ئابورییەوە دەروازەی سەرەكی توركیایە بۆكاری وەبەرهێنان لەعێراقدا، ئەمە جگە لەمێژووی هاوبەش وئایین و رۆڵی جوگرافیا لە دراوسێیەتی هەمیشەیی و نەفەسی مەدەنییانەی خەڵك و حكومەتی هەرێم، كرانەوە بە ڕووی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیی و خۆدوورگرتن لە توندڕەویی ئاینیی و نەتەوەیی، هۆكاری دیكەی بەهێزن بۆ سەرخستنی پرۆسەی بنیاتنانی ئایندە.
لێرەوەشە كە كورد لە هەرێمی كوردستاندا بۆ ئایندەیەكی گەش و هیوابەخش كاردەكات لەپێناوی گەرەنتییەكی دەستووری بۆپارێزگاریی كردن لە دەستكەوتە دیموكراسییەكانی گەلانی عێراق بەگشتیی، پارێزگاریكردن لەعێراقێكی دیموكراسیی فیدرالیی پەرلەمانیی فرەیی یەكگرتوو، بەمەبەستی بەشداریكردن وەك شەریك و هاوبەشێكی سەرەكیی لەدروستكردنی بڕیاری سیاسیی عێراقیدا، حەزكردن بەچارەسەركردنی كێشەی كورد لەهەرشوێنیكی دنیادا بەرێگەچارەی ئاشتییانە، لەچوارچێوەی ئەو وڵاتانەی كەتێیدا دەژین و، پیادەكردنی سیاسەتی واقیعبینانە، لەسنووری یاساو پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان، خۆدوورگرتن لەدەستوەردان لەكاروباری نێوخۆی وڵاتانی دراوسێ.
هەرێمی كوردستان هەمیشە لای باش بووە كەكێشەی كورد لەتوركیا بەخێرایی و بەرێگەچارەی ئاشتییانە بێتە چارەسەر كردن، چونكە بەردەوام بوونی ئەم كێشەیە زیانێكی زۆر بەدوای خۆیدا دێنێت.
هەروەها هەرێمی كوردستان ئەوساو ئێستاش پێی باشە كەكوردانی باكوور هەڵوێست و تواناكانیان لەچوارچێوەی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی و پەرلەمانیی كۆبكەنەوەو، زۆرێك لەمافەكانی كوردیش لەدەستووری ئایندەی توركیادا جێگیر بكەن و، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دۆستی زیاتر بۆ دۆزی ڕەوای كورد لەتوركیادا، دابین بكەن.
لەبەر هەموو ئەمانەو خاڵی دیكەش زۆر گرنگە كە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە ببرێتە ئاستی دامەزراندنی ئەنجومەنی ستراتیژیی نێوان هەردوولا، چونكە دراوسێیەتی هەمیشەیی لەڕووی جوگرافیاوە، پێوەندیی هەمیشەیی دەخوازێت لەڕووی سیاسییەوە.
Top