بەڕێوەبەرایەتی و سەركردایەتی

بەڕێوەبەرایەتی و سەركردایەتی
بەرێوەبەرایەتی: جووڵەیەكی بازنەییە، رۆژانە چەندبارە دەبێتەوە، هۆكارە نەك ئامانج، بەڵام
سەركردایەتی: جووڵەیەكی ئاسۆییە بۆ بەرەو پێش چوون، یان ستوونییە بۆ سەركەوتن.
بۆیە بەرێوەبەرایەتی بێ سەركردایەتی: پڕۆسەی خولانەوەیە لە جێی خۆیداو، هۆكاری بێ ئامانجە.
سەركردایەتییش بەبێ بەڕێوەبەرایەتی: پڕۆسەی چوون بۆ ئامانجە بەبێ هۆكار.
بۆیە لێرەوە زۆر گرنگە ئاماژە بەچەند سیفەتێكی بەرێوەبەری سەركردە، یان سەركردەی بەڕێوەبەر بدەین:
یەكەم : پێویستە كەسی سەركردە، ئەندامەكانی فێری ناسینی هۆكارەكانی گەیشتن بەئامانج بكات، نەك هەر باسی ئامانجەكانیان بۆ بكات، وەك گوتراوە واباشە فێری ماسی گرتنیان بكات، نەك هەر ماسییان بداتێ.
دووەم: متمانە بەهاوكارانی بدات و، لەخەمی تێگەیاندن و پێگەیاندنی نەوەی نوێی جێگرەوە بێت و، وەك پرۆڤە كردنیش جاروبار دەرفەت بدات بە هاوكارانی بۆ راپەڕاندنی هەندێك كار.
سێیەم: زۆر نەچێتە نێو چۆنیەتی ئەنجامدانی كارەكانەوە. وەك جۆرج باتۆن دەڵێت (پێیان بڵێ چی بكەن، بەڵام مەڵێ چۆنی بكەن) چونكە كاری سەركردە ئەوەیە كە دواجار رێگەچارە بدات.
چوارەم : پێویستە سەركردە كەسێكی بینراو بێت، نزیك بێت، خۆی پیشان بدات، بگەڕێت بەنێو هاوكارانیدا، ئەوسا كاری بۆ دەكەن چونكە خۆشیان دەوێت، نەك لەبەر ئەوەی لێی دەترسن، چونكە ئەو بەپێی پێویست بەسەریان دەكاتەوە.
پێنجەم: كێشەكان بە هێمنیی چارەسەر دەكات. گیانی وەرزشیی و قسەخۆش و رووی خۆشی هەیەو،
دان بەهەڵەی خۆیدا دەنێت.
شەشەم: جیاوازیی دەكات لەنێوان هەڵەو هەڵەكاردا. رەخنەی لە كارەكەیە نەك لە بكەرەكەی. سەرزەنشتەكانیشی كاتین، نەك بۆ تا هەتایی.
حەوتەم: سوپاسگوزارەو خەڵات بەخشە، دەستخۆشییەكانی بۆ كارە نەك بۆ بكەر. لەحاڵەتی باش و جواندا وێنەی هاوكارانی دەگرێت. هەڵسەنگاندنیشی بەپێوەری بەدیهێنانی ئامانجە نەك بەڕەهایی.
هەشتەم: كارەكانی دابەش دەكات و، كات و شوێنی كاری هاوكارانیشی دیاری دەكات و، كاری گونجاو لەشوێنی گونجاو دەداتە هاوكارانی.
نۆیەم : بایەخ بەكات دەدات و، خۆ دوور دەگرێت لەهەژموونی كتوپڕی، خێرایە بەڵام پەلەی نییە.
دەیەم: ڕەخنە لەخۆ دەگرێت. دەزانێ خۆی كێیە با خەڵكیش نەزانن ئەو كێیە.
یازدەیەم : بەدواداچوون و موتابەعەی هەیە نەك پشتگوێ خستن و لۆمەكردن. وەك خۆپارێزیی پێشوەختیش لەبڕیاردانی هەڵە، هاوكارانی تاقیدەكاتەوە پێش ئەوەی لەپۆستێكدا جێگیریان بكات، كەسیش بۆ تا هەتا لەشوێنێك دانانێت.
دوازدەیەم: جیاوازیی دەكات لەنێوان ماوەی خزمەتگوزاریی هەركەسێك و شارەزایی كەسێكی دی لەو كارە، بۆ هەر كارێكیش سیفەتێكی كەسەكەی دەوێت نەك كەسەكە خۆی. سوود لە سیفەتی هەركەسێكیش لەشوێنی خۆیدا وەردەگرێت.
سێزدەیەم: خاوەن پەیامە نەك داواكاری پۆست. زیادەكاری هەیە، نەك كەمكردنەوە لە ئەرك.
لەهەندێك مافی خۆیشی خۆش دەبێت. چاوی لەو شتانەش نییە كە لەدەستی خەڵكیدان و، دیارییش لەكەسێك وەرناگرێت لەبەرامبەر كارێك كە بۆی ئەنجام دەدات.
چواردەهەم: دڵخۆشیی و كامەرانیی ئەو لەو كارەدایە كەئەنجامی دەدات. ئەو وشانەش لەئاخاوتندا بەكاردێنێت كە لە دڵی مرۆڤەوە بۆ دڵی مرۆڤ دەڕۆن.
Top