وەبەرهێنان بەشدار نەبووە لەپرۆسەی پەرەپێدان

وەبەرهێنان بەشدار نەبووە لەپرۆسەی پەرەپێدان
وەبەرهێنان بەگشتی و وەبەرهێنانی بیانی بەتایبەتی لەڕووی یاسایی و ئابووری و سیاسی و بوارەكانی ترەوە هەلومەرجێكی تایبەتیی هەیە، دەتوانین لە (ژینگەی وەبەرهێنان) كورتی بكەینەوە، بۆ ئەم ژینگەیەش شتێكی سروشتیە كاتێك ناڕێكی تێبكەوێت یا وەبەرهێنان كەم بێتەوە، چونكە سەقامگیری سیاسی و تەشریعی و ئاسایشیی لەو فاكتەرە گرنگانەن كە وەبەرهێنان سەردەخەن، تا ئێستا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عیراق، وەك دەزانن بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا نا سەقامگیرە، ئەوەش راستەوخۆ كار لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێم دەكات.
وەبەرهێنان پرۆسەیەكی گرێبەندە بەسیستەمی ئابووری بازاڕەوە، راستە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا یاسای تایبەت بە وەبەرهێنان هەن، كە كۆمەڵێك هاندان و ئاسانكاری بۆ وەبەرهێن تێدایە، بەڵام بارودۆخی سیاسی بەگشتی لە عێراقدا سەربەخۆ نییە بەهۆی ئەو ململانێ و كێبركێیانەی لەنێوان لیستە سیاسیەكاندایە كە هەریەك بۆ خۆی هەوڵ دەدات كۆنترۆڵی دەسەڵات بكات كە بەهۆیەوە ئابووری وڵات دەكەوێتە بەر هەڕەشەو هەروەها ناوبەناو باس لە هەمواركردنی دەستوور دەكەنەوە بۆ دەرچواندنی چەند یاسایەكی تایبەت بە پەرەپێدانی كەرتی تایبەت. هەموو ئەمانە دەبنە نیگەرانی لەلای وەبەرهێنی بیانی و بەسلبی كار لە هەرێمی كوردستانیش دەكەن، چونكە مەسەلەكە پێوەندی نییە بەهەبوونی یاسایەكی باشەوە بۆ وەبەرهێن، چونكە یاسا گۆچانێكی ئەفسووناویی بەدەستەوە نییە تا وەبەرهێنان بەرەو هەرێم رابكێشێت، بەڵكو پێویستە پێداویستیەكانی تر مسۆگەر بكرێت . تاكو ئێستاش هەرێمی كوردستان لە فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكیەكانی ژێرخاندا كەموكوڕی هەیە، بەنموونە كارەباو ئاوو ئاوەڕۆ، هەروەها خزمەتگوزاریەكانی بواری بانكی و دارایی و هەروەها خزمەتگوزاری ئەلەكترۆنی و پاراستنی موڵكیەتی فیكری و دڵنیایی. بازاڕەكانی كوردستان دەناڵێنێت بەدەست كەمی پسپۆرو شارەزای مەشق پێكراوی هونەری، بۆیە دەبینین تەنانەت وەبەرهێنانی سادە لەبواری نیشتەجێبوون و جێشتخانەو هۆتێلەكاندا لەلایەن وەبەرهێنی بیانییەوە كرێكارو كارمەندی دەرەوەی كوردستانیان لا باشترە وەك لەدەستی كاری كوردستانی.
ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی لەژێر سایەی ململانێی حزبەكان چ ئەوانەی لە دەسەڵاتن یا لە ئۆپۆزسیۆنن رۆڵێكی زۆریان هەیە لە داڕشتنەوەی بڕیارەكانی وەبەرهێنی بیانی، بۆیە ئەرك دەكەوێتە سەر حكومەتی نوێ، بۆ ئەوەی پێش هەرشتێك بگەڕێن بەشوێن میكانیزمەكانی سەقامگیری سیاسی لە هەرێمدا، هەروەها كەمكردنەوەی ململانێی حزبی، چونكە ئەوەی لە ڕاگەیاندنی كوردستانیدا دەگوزەرێت، وێنەیەكی تەواو سلبی لەسەر بارودۆخی هەرێم نیشان دەدات، ئەمەش پێویستی بەچارەسەرە لە لایەن حكومەتی نوێوە، هەروەها ئەركێكی تریشی لەسەر شانە، ئەویش هەوڵدان لەوەی هەندێك یاسای وەبەرهێنان هەموار بكرێتەوە كە بەهۆیەوە زەمانەت و ئاسانكاری زیاتر بۆ وەبەرهێن بكات و كار ئاسانی بۆ پرۆژەكانیان بكات. سەڕەرای ئەمانەش پێویستە رۆڵی وەزارەتەكانی تر لە پرۆسەی وەبەرهێناندا كارا بكەنەوە تا پرۆژەكانی وەبەرهێنانی كە پێوەندی بەوانەوە هەیە سەركەوتوو بن. كاری تری حكومەتی تازە ڕێگرییە لە قۆرخكردنی یاسای وەبەرهێنان یا خراپ بەكارهێنانی ئیمتیازات لەیاساكەدا، بەهۆی وابەستەیی نفووزی سیاسی و حزبیەوە، پرۆژەكانی وەبەرهێنان خزێنراونەتە بازنەی چەند توێژێكی دیاریكراو ئەمەش بووەتە هۆی دەوڵەمەندبوونێكی زۆر بۆ چەند كەسێك لەسەر حسابی داهاتی گشتی خەڵك. هەروەها لەسەر حسابی خراپ بەكارهێنانی یاساكان، پێویستە هاوكات رۆڵی دەزگاكانی وەبەرهێنان ئەوانەی كە توێژینەوە ئەنجام دەدەن بۆ پرۆژە ئابوورییەكان ئەكتیڤ بكرێنەوە هەروەها رۆڵی چاودێری و بەدواداچوونی پرۆژەكان ئەنجامدانیان لەكاتی خۆیدا بخرێتە ئەستۆی چەند لیژنەیەكی پسپۆرەوەو سەرپێچیكارانیش بدرێنە دادگا، ئەم هۆكارانەو زۆری تریش وا دەكەن وەبەرهێنان ئاڕاستەیەكی واقیعی و ڕاستەقینە وەربگرێت و لەپرۆسەی پەرەپێداندا بەشدار بێت بەپێچەوانەی ئەمەشەوە وەبەرهێنان وەك ئێستا لەشوێنی خۆی دەمێنێتەوەو هیچ پارەیەك بەرەو هەرێم ناهێنێت، تەنانەت تەكنەلۆژیای تازەش بۆ خوڵقاندنی دەرفەتی كاری تازە ناگوازێتەوە بۆ ناو هەرێمی كوردستان.


* شارەزا لەبواری یاسای بازرگانی نێودەوڵەتی
Top