ڕۆڵێكی گرنگ چاوەڕێی كادرە پرۆفیشناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكات

ڕۆڵێكی گرنگ چاوەڕێی كادرە پرۆفیشناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكات
كادرە پرۆفیشناڵەكانی ڕاگەیاندن كێن و ئەو ڕۆڵانە چین كە چاوەڕێیانە؟ پێگەو بایەخیان لەكاروباری گشتیدا چییە؟ چۆن دەتوانن پێوەندی تێكچووی نێوان دەسەڵات و گەل راست بكەنەوەو گیان و ڕۆحی زیندووی ئەرێنی تازە لەو پێوەندییەدا بخوڵقێنن؟ ئەو چارەسەرە ئومێدبەخشانە چین كە ئاڕاستەمان دەكەن لە پێناوی دروستكردنی زەمینەیەك بۆ بەرجەستەكردنی ئازادییەكان و پێ بەخشینەوەی زۆرترین ئازادی رۆژنامەنووسیی، بەتایبەت بۆ ئەوانەی لەچوارچێوەی ڕاگەیاندنی حزبە سیاسیەكاندا ئەركی رۆژنامەنووسییان كردۆتە پیشە؟ چ لە ناو حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن بن یا حزبەكانی سەر بەحكومەت؟
دەكرێت هەموو ئەو پرسیارانە لە وەڵامێكی چڕوكورتدا كۆبكرێنەوە، تاكو ببنە هەوێن و تەوەرەی سەرەكی بۆ دیالۆگێكی بونیاتنەرانە كە كاریگەری ئەرێنی بۆ هەمووان هەبێت، لەوەڵامی وشەی پرۆفیشناڵێتیدا دەڵێین: لەنێوان راگەیاندكارو رۆژنامەنووساندا ماوەیەكی زەمەنی هەیە، كە پیشەی كاری ڕاگەیاندنی تێدا بە دروستی پیادە دەكرێت یان جار هەیە لەو ماوە زەمەنیەداو لەبارودۆخێكی ئاڵۆزدا ڕاگەیاندنكاری وا هەیە تا ئاستی دووفاقێتی كار لەسەر حەقیقەتەكان دەكات، هەندێك لەو پیشانەی ڕاگەیاندن، پێیان دەوترێت پیشەی سەرئێشە تا ئەو ئاستەی جاری وایە ڕاگەیاندنكارەكە دەگەیەنێتە بەردەم زیندان و گرتووخانەكان، ئەوەش بەهۆی بابەتێكەوە كە نووسیویەتی یان بە هۆی چارەسەری رووداوو گرفتێكەوە كە لە كاری رۆژنامەگەریدا كردویەتی. ئەمە وێڕای بێبەشبوونیان و دروستبوونی گرفت و ئاڵۆزی تر بۆیان بە تایبەت لەساتەوەختی پشێوییەكاندا، لەهەموو حاڵەتەكاندا ئەو ڕووداوانە بۆ خۆیان دەبنە وانەو پەندو دەخرێنە سەر خەرمانەی زانیاری و زانستی ئەو كەسەو دەبنە گەنجینەیەك و لە دۆسێی ژیانی پیشەییاندا دەپارێزرێت، ئەوانەی ئەمڕۆ بوونەتە پسپۆرێكی پرۆفیشناڵی ئەم پیشەیەو دینگەیەكی بڵندن تێیدا، لەلایەن دەیان هەزاركەس و لەوانەشە سەدان هەزار بینەرەوە تێكست و گۆشەكانیان تەماشا بكرێن، بە تایبەت ئەگەر كارەكە پێوەندی بەتەلەفزیۆنەوە هەبێت، بكەرەباڵاكانی ناوەندی ڕاگەیاندنیش كە ئاڕاستەی سەركردایەتی ئەم كارە دەكەن وشەكانیان دەبنە فەرمان، لەناوەندی جەماوەرو ناوەندەكانی بڕیارداندا حیسابیان بۆ دەكرێت، بەجەماوەر بوونی ڕاگەیاندكارێكی پرۆفیشناڵ هیچ پێویستی بە چەندو چوون نییە، چونكە چارەسەركردن و روانینەكان لەبەرنامەو نووسینەكانیاندا بۆ پێكهێنانی ڕای گشتی ڕیزی پێشی پێشەوە وەردەگرێت، واتە ڕاگەیاندنكار بە ڕێگایەكی زەمەنی خێراتر لەكاریگەربوونی سیاسییەك بۆ گەیشتن بەجەماوەرەكەی خۆی، توانای كاریگەربوونی هەیە، ئەو پێوەندییانەی رۆژانە لەنێوان راگەیاندكارو رۆژنامەنووساندا لەلایەك و جەماوەرەكەیان لەلایەكی ترەوە دروست دەبێت، وا دەكات بۆ خۆیان ببنە ئەو لایەنەی كە پردێكی توندوتۆڵ لەگەڵ سیاسیەكانیش دابمەزرێنن، چونكە ڕۆڵی دامەزراندنی پردی پێگەیشتنی نێوان سیاسی و جەماوەر بەزەڕوورەت دەكەوێتە ئەستۆی راگەیاندنكارەوە، بەتایبەتیش ڕاگەیاندنكارە پرۆفیشناڵەكان.
راگەیاندكاری پرۆفیشناڵ و پێگەیشتوو دەرفەتی تێكەڵاوبوونی جەماوەریی زیاترە بەهەمان ئاستی پێوەندی بوونی بەو سیاسیانەی كە بەئەرك و چالاكیەكانی خۆیانەوە سەرقاڵن. لەپێناوی ئەمەشدا قورسایی بەرپرسیارێتیەكە بۆ هەردوو جەمسەرەكە گرنگە، بەتایبەتی لەژێرسایەی میكانیزمی پرۆسەی بە دیموكراتیبوون و پێوەندییەكانی نێوان دەسەڵات و لەبەرانبەریشدا كۆمەڵگای مۆدێرن و دەوڵەتمەدارێتی دامودەزگا مەدەنییە هاوچەرخەكان.
لەعێراقدا هەرچەندە پێوەندی نێوان سیاسی و جەماوەر ئاڵۆزە، چ ئەوانەی فەرمانڕەوان یا ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن، بەهۆی سروشتی سەركوتكارانەی رژێمەكانی پێشووەوە، یا بە هۆی سروشتی تەمومژاوی ئەو پێوەندییە خۆیەوە، بۆیە لە پێوەندی نێوان جەماوەرو ئۆپۆزسیۆندا هەندێكجار پرۆسەی شێواندن و گومڕاكردن دەبینینەوە، هەروەها پرۆسەی خزان بەرەو ئامانجی لابەلای لێدەكەوێتەوە، كە بۆ دواجار رەنگە ئیجابی نەبێت و لەبەرژەوەندی جەماوەرەكە نەكەوێتەوە، بەمشێوەیە پێوەندی نێوان جەماوەرو ئۆپۆزسیۆن پڕ دەبێت لەگومانی سلبی و هەستی لەرزۆكی و فرمانی دابڕاندن ..
بەڵام ئێمە لەعێراقی تازەدا بەتایبەتیش لەهەرێمی كوردستان گۆڕانێكی جۆریی لەفەلسەفەی هەبوونی دامودەزگاییی دەوڵەتی و كارگێڕییەكانی گشتی حكومەت دەدۆزینەوە كە ئاڕاستەكە زیاتر بەرەو بەرنامەكانی بونیاتنانەوەو ئاوەدانی دەچن، كە بەردەوام لەهەوڵی دروستكردنی پێوەندییەكی باشدان لە پێناوی بەرژەوەندی جەماوەردا، ئەم كارە چڕ نابێتەوەو بەرجەستەش نابێتەوە ئەویش بەهۆی ئەو ماوە زەمەنیە دوورودرێژەی كە وای كردووە متمانەی تێدا نەمێنێت، بۆیە كاروانی گۆڕینی جۆریی، ئەگەر پسپۆرو كەسانی پرۆفیشناڵی لێوە نزیك نەبێت، گومان و بێ متمانەیی لەنێوان سیاسەتمەدارو جەماوەردا هەربەم شێوەیە دەمێنێتەوە. نزیكتر لەمەش ئەو راگەیاندنكارە پرۆفیشناڵە لێهاتووەی كە گۆڕانكارییەكان دەخاتەوە سەر رێچكەی راستەقینەی خۆی بوونی پێویستە، چونكە دەتوانێت لە ڕێی خیتابی كاریگەری خۆیەوە بۆ دروستكردنی ڕای گشتی و نزیكخستنەوەی سەرەداوی هەردوو جەمسەرەكە، رۆشنایی بخاتە سەرحەقیقەتەكان، لەسەر بناغەی گواستنەوەی خواستی شەقام لەلایەك و بەرنامەو ئەدای سیاسی لەلای ترەوە. ئەم پرۆسەیە تەنیا لەدروستكردنی پردا ناوەستێت، بەڵكو دەچێتە چوارچێوەی بابەتی و جۆرییەوەو بەرەو دروستكردنی كۆمەڵگایەكی دیموكراتی و داڕشتنەوەی میكانیزم بۆ بە مەدەنیكردنی دامودەزگاكان ڕۆ دەچێت.
ئەم ئەركە رۆحێكی ئیجابی وا لەو پێوەندییەدا زیندوو دەكاتەوە كە پێشتر لەناو گومڕابوون و گوماندا وشك كرابۆوە، هاووڵاتی بەگومانەوە تەماشای دەسەڵاتی بەرپرسێك دەكات، بەرپرسیش بەگومانەوە تەماشای شیمانەی رادیكاڵانەی ئەو چالاكیانە دەكات كە هاووڵاتی پێی هەڵدەستێت، رەنگە هەندێك كات بەم ڕوانینەی هەردوو لا بنەماكانی دیموكراتیەت بڕوخێن، دۆزینەوەی بەرنامەی ڕاگەیاندن و رۆژنامەنووسی گونجاو بۆ واڵاكردنی دەروازەیەكی بابەتییانەی دروستكەر، ئەركێكە دەكەوێتە ئەستۆی دەستەبژێرە پرۆفیشناڵەكەی راگەیاندنەوە، كە لەتوانایاندایە دیالۆگی بەسوودو ڕاشكاوانە لەنێوان جەمسەرەكان دروست بكاتەوە، دیالۆگێك كە پیاهەڵدان و بە باڵاگەردانی بەرپرسانی تێدا نەبێت و هەروەها بەبێ سڵ و ترسیش دەنگی هاووڵاتی وەكو خۆی كە لەواقیعدا چۆنە ئاوها بگەیەنێتە بەرپرسەكە، ئەم ئەركە هاوكار دەبێت بۆ بونیاتنانی دروست و ڕێگا دەگرێت لە پێكهاتەی سلبی و كاری تێكدەرانە.
راگەیاندنكاری شارەزا ئەركێكی تری گرنگی لەسەر شانە كە لە پێشكەشكردنی مۆدێلێكی سەركەوتوودا خۆی دەبینێتەوەو دەبێتە وانەیەك بۆ رۆژنامەنووسە نوێیەكان یا ئەوانەی تازە هاتوونەتە سەر ڕێگاو لەدەزگاكانی حزبە سیاسیەكانی سەر بەحكومەت و ئۆپۆزسیۆندا هەڵپەو پەلەیانە، راگەیاندكاری شارەزا دەتوانێت حاڵەتی هەڵپەكردنی حزبی لە رۆژنامەنووسی داماڵێت، بەوەی هەموو ئەركەكانی بەشێوەیەك ڕێكو پێك بن كە خیتابێكی رەخنەیی بونیادنەر بگەیەنێت، تا ڕێگا لەبەردەم میكانیزمی راست و دروست ئاوەڵابكاتەوە، لەژێر رۆشنایی ئەم وانەیەدا، رۆژنامەنووسی حزبی لە پیشەكەی خۆی نزیك دەبێتەوەو هاوكات رۆحی حزبیانەی خۆی بە شێوەی دروست دەپارێزێت، بەشێوەیەك كە چالاكیەكان بگەیەنێتە ئاستی بەرپرسیارێتی جۆریی، تا ڕاگەیاندنی حزبی بكاتە نموونەیەك بۆ بابەتیبوون، هەروەها لۆژیكی پڕوپاگەندە بكاتە ئامانج بۆ نیشاندانی حەقیقەت، نەك ڕاستیەكان تەمومژاوی بكات، بە واتای ئەوەی دوور بكەوێتەوە لە لۆژیكی مەلەكردن لەئاوی لێڵ و لۆژیكی خوێندنەوەی دەقەكان بە میزاجی شەخسی، هەروەها لە رۆژنامەكانی تایبەت بەناوزڕاندن دوور بكەوێتەوە و خۆی لەقەرەی لۆژیكی شۆڕشگێرانەی كودەتایی نەدات، كە تەنیا هێڕش و تێكبەردانی جەمسەرەكان و پشیلە شۆریی تەنگژەكان ئەركێتی، ئەرلتەرناتیڤی واقیعییانە بۆ ئەم كارانە لەهەڤپەیڤین و دیمانەی ڕووبەڕوودا و لەژێر سایەی كارگێڕییەكی راگەیاندنی پرۆفیشناڵانەی شارەزادا خۆی دەبینێتەوە، كە بتوانێت كەشوهەوایەكی ئاشتەوایی و ئارامگر لەدیالۆگەكانیدا دروست بكات و بەومیتۆدانەوە حەقیقەتەكان بگەیەنێتە جەماوەر، ئیتر هەقیقەت لای هەر حزبێك بن چ ئەوحزبانەی لای حكومەت یا ئۆپۆزسیۆنن. گرنگ ئەوەیە ئەم چالاكییە وا بكات پروپاگەندەی بۆش و شەڕە جنێوو هێڕشی وشك و بێ بنەما نەهێڵێت، چونكە ئەو شێوازەیان سەر لەخەڵكی دەشێوێنێت و زیاتر شێوازێكە لە دنیای نادیموكراتیدا پیادەدەكرێت، ئۆپۆزسیۆنگەرا ڕادیكاڵی و كودەتاچیەكان پیادەی دەكەن، كە لە ڕێگای چەندین وتاری نەخۆش و سەقەتەوە خەڵكی دوور دەخەنەوە لەواقیعی دروست و لەرووی دەروونییەوە تێكیان دەشكێنن، سوودیش دەگەیەنن بەو لایەنانەی كە بۆ دەرفەت دەگەڕێن تا لەسەر حسابی هاووڵاتیانی بێ دەرەتان ململانێ لەگەڵ جەمسەرانی تردا دروست بكەن، تەنیا بەگرتنەبەری ئاڕاستەی بابەتیانەوە ڕاگەیاندنكار دەتوانێت لە كەشێكی دیموكراتیدا باشترین رێكلامی جەماوەری بۆ بەرنامەی مەدەنیی حزبەكەی دروست بكات، كە باشترە لەو ئامڕازانەی توندڕەوان بەكاری دەهێنن بۆ دروستكردنی شیزوفرینیایەك لە ناو جەماوەردا، ئەوەش بەتێزە پەڕگیرە لایەندارەكانی خۆیانەوەو بەدوور كەوتنەوە لەچارەسەری دروست سەقامگیری گشتی و كاروانی پێشكەوتن و تازەگەری تێك و پێك دەشكێنن، ئیستیعابكردنی ئەم وانەیە باشترین پێشەكییە بۆ بەرفراوانكردنی ئازادیی رۆژنامەنووسی، لەم كاتەدا كە متمانەی نێوان هەردوو جەمسەری سیاسەتمەداران و جەماوەر لەق بووە یان بوونی نەماوە. دروستكردنی پردی بەیەك گەیشتن لەهەردوو كەنارەوە وا لە راگەیاندكار دەكات لە پیادەكردنی ئەرك و پیشەكەیدا، ڕووبەرێكی ئازادانەی فراوانتری دەست بكەوێت، چونكە بەكارەكەی خۆیەوە هۆكاری متمانەو دڵنیایی لەناو كەشوهەوایەكی راستگۆیانەی پیشەییدا دەخوڵقێنێت. بە گەیشتن بەم میكانیزمە پێوەندییە توندوتۆڵەكان لەلایەك و وەدیهێنانی باشترین ئەدای پیشەیی بابەتیانەو راستگۆییانە لەلایەكی ترەوە، وا دەكات دەرفەت بۆ ئازادییەكانی كاری رۆژنامەنووسی و راگەیاندن فراوانتر بێت. ئەمە ئەركێكە لەلایەن رۆژنامەنووسە پرۆفیشناڵەكانەوە رۆحی دەسپێشخەرانەی پێویستە هەروەها بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە بەرنامەی گونجاوی دەوێت لەگەڵ بەشداریبوونی دەزگای راگەیاندنی كامڵ و تۆكمە كە ئامێز بۆ هەموو رۆژنامەنووسانی تر بكاتەوە چ ئەوانەی مەشقپێكراون یا ئەوانەی بەپارچە كاردەكەن یان ئەوانەی لە پیشەكەیاندا تازەكارن.

* توێژەری ئەكادیمی لە زانستە سیاسیەكان و
سەرۆكی پەرلەمانی كەلتووری عێراقی- لە تاراوگە
Top