عێراق لەبەردەم چەند چارەنووسێكدا

عێراق لەبەردەم چەند چارەنووسێكدا
بارزانی تۆمەتباری كردن و ڕایگەیاند»ئەو بەرپرسانەی حكومەتی مەركەزی كە ئامادەنین ئیعتراف بەم گرێبەستانە بكەن كەسانی شكستخواردون كە ناتوانن ئەوە بۆ خەڵكەكەیان دەستەبەر بكەن كە ئێمە بۆ خەڵكی خۆمانمان دابین كردووە، ئەوان دەیانەوێت ئێمەش وەك ئەوان بین.»
كشانەوەی یەكجارەكی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ساتەوەختێك بوو كە تا ڕاددەیەكی زۆر گرنگیەكی هێندەی گرنگی ڕوخاندنی ڕژێمەكەی سەددام حوسێن بوو. حاڵی حازر عێراق چەند ڕێگایەكی لەبەردەمدایە لە پێوەندیدا بە ئایندەی سیاسی و ئابووری وڵاتەكەوە. هەندێ لەو ڕێیانە هەڵگری مژدەی ئایندەیەكی گەشن، ڕێگاكانی دیكەش سەردەكێشن یان بۆ پشێوی یاخود بۆ ڕۆژگارێكی دیكەی سەركوتكاری. بە داخەوە، پێدەچێت ئەو ڕێچكەیەی مالیكی گرتویەتیەبەر سەرناكێشێت بۆ هێنانەدی ئەنجامێكی باش بۆ خەڵكی عێراق.
یەكێك لە پرسە سەرەكیەكان ئەوەیە چەند دەسەڵات لە دەستی حكومەتی مەركەزیدا كۆبكرێتەوە. مالیكی و هاوپەیمانە سیاسیەكانی هەموو دەرفەتێك دەقۆزنەوە بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی و كەمكردنەوەی دەسەڵاتی پارێزگا و هەرێمەكان. یەكێك لە نموونەكانی ئەم دواییە ئەو دەستی دەستی پێكردنەی حكومەتی مەركەزی بوو لە پێدانی موستەحەقاتی هەرێمی كوردستان لەو نەوتەی لە ساڵی 2011دا فرۆشران. بەرپرسەكانی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكەن كە حكومەتی مەركەزی نزیكەی 1 ملیار دۆلار قەرزاری هەرێمی كوردستانە. لەوەش زیاتر، هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات حكومەتی مەركەزی بەردەوامە لەسەر هەڵوێستی خۆی بە ڕەتكردنەوەی ئەو گرێبەستە دروستانەی هەولێر كە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی وزەدا ئەنجامی داون.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە دەستەواژەی توند ئیدانەی كارەكانی حكومەتی مالیكی كرد. بارزانی تۆمەتباری كردن و ڕایگەیاند»ئەو بەرپرسانەی حكومەتی مەركەزی كە ئامادەنین ئیعتراف بەم گرێبەستانە بكەن كەسانی شكستخواردون كە ناتوانن ئەوە بۆ خەڵكەكەیان دەستەبەر بكەن كە ئێمە بۆ خەڵكی خۆمانمان دابین كردووە» هەروەها « ئەوان دەیانەوێت ئێمەش وەك ئەوان بین.»
بارزانی لەوەدا لەسەر هەقە. لەبری ئەوەی هەوڵبدات باقی بەشەكانی دیكەی عێراق چاو لە هەرێمی كوردستان بكەن، پێدەچێت مالیكی بە نیازی كۆت و بەندكردنی كوردستان بێـت بۆ ئەوەی زیاتر لە بەشەكانی دیكەی عێراق بچێت. ئەوەش مایەی كارەساتە بۆ هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان. چیرۆكی سەركەوتنی ئابووری هەرێمی خۆبەڕێوەبەری كوردستان ڕاستیەكەو ناكۆكی هەڵناگرێت-خاڵی جیاكەرەوەیە لە زۆربەی بەشەكانی دیكەی عێراق. ئەگەرچی هەرێمی كوردستان مۆدێلێكی دیموكراتی بێ كەم و كوڕی نییە، بەڵام ڕەوتەكە بە ئاڕاستەی بەرەوپێشچوونە. لەوەش زیاتر، تەنانەت لەگەڵ هەڵە سیاسیەكانیشیاندا، ئەوا ئەدای هەرێمی كوردستان لەو بەرەیەدا زۆر باڵاترە لە ئەدای حكومەتی مەركەزی.
لە ڕاستیدا، ڕەفتارەكانی مالیكی زیاترو زیاتر مایەی نیگەرانین. نەك تەنیا گەندەڵی لە هەڵكشاندایە، بەڵكو بەردەوام ئازادیە سیاسیەكان لە بەرتەسكبوونەوەدان. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بوێری ئەوە دەكەن ڕەخنە لە سەرۆك وەزیران و هاوپەیمانەكانی بگرن باس لەوە دەكەن كە ڕووبەڕووی تەنگپێهەڵچنین و تەنانەت سانسۆرێكی تەواو دەبنەوە. زستانی ڕابردوو، دەزگای ئەمنی مالیكی هەزاران بەرپرسی پێشووی دەستگیركرد، بە تۆمەتی ئەوەی پشتیوانییان لە گەڕانەوەی حوكمی دیكتاتۆریانەی بەعس كردووە. ئەگەرچی ڕەنگە هەندێ لەو تۆمەتانە ڕاستبن، بەڵام ئەوەی حكومەت كردی ڕەشبگیری بوو.
دوایین ڕاپۆرتی پەیمانگای لێكۆڵینەوە جەنگیەكان- كە بنكەكەی لە ئەمەریكایە- بەو دەرئەنجامە گەیشتووە كە پێدەچێت مالیكی هەڵمەتی چڕی دەستپێكردبێت بۆ سەركوتكردنی ئەو كەسانەی ڕای جیاوازیان هەیەو هەروەها بۆ ئەوانەی موعارەزەی سیاسین. ڕاپۆرتەكە دەڵێت « كارێكی كردووە كە زەحمەت بێت بۆ ڕكابەرە شیعەكانی گوزارشت لە ڕاو بۆچونی جیاواز بكەن.»، « هەروەها لە یەك كاتدا ڕكابەرە سوننەكانی لەو پۆستانەدا داناوە كە ئەتوانرێت فشاریان لەسەر دروست بكرێت و ئیستیغلالی دابەشبوونەكانی نێوانیان دەكات.»
ئەمە ستراتیجیەتێك نییە ببێتەهۆی پەرەپێدانی دیموكراسیەتێكی بەهێز و تەندروست. بەڵكو، هاوشێوەی ئەو ڕێبازەیە كە سەركردەی ڕوسیا ڤلادمیر پۆتین گرتیەبەر بۆ لاوازكردنی ناوەڕۆكی دیموكراسی وڵاتەكەی لە كاتێكدا هەڵبژاردن و ڕووكەشە دیموكراسیەكانی دیكەی پیادە دەكرد. نابێت عێراق لاسایی ئەم مۆدێلە گەندەڵ و خۆپەرستانە بكاتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەم كارە بكات.
هەروەها پەرەسەندنی دیكە ڕوویدا كە ئومێدی خێریان لێناكرێت بۆ ئایندە، ئەویش كاتێك لە مانگی كانونی یەكەمی حكومەتی مالیكی تۆمەتی خیانەتی دایەپاڵ جێگری سەرۆك كۆمار- تاریق ئەل هاشمی- بە تایبەتی تۆمەتی هەڵسوڕاندنی تیمەكانی مەرگ دژی حكومەت. هاشمی یەكێكە لە سیاسیە عەرەبە سوننەكان و سەركردەیەكە لە كوتلەی سیاسی ئەل عێراقیە، بە توندی پێداگیری لەسەر بێتاوانی خۆی دەكات. هەروەها ئەو هەڵات بۆ كوردستان، بانگەشەی ئەوەی كرد كە هەرگیز دادگاییەكی دادپەروەرانە ناكرێت لە بەغدا، یاخود تەنانەت ناتوانێت دڵنیابێت لە سەلامەتی خۆی لەوێدا. مالیكی داوای لە هەرێمی كوردستان كرد هاشمی تەسلیم بكەنەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا سەرۆك بارزانی ئەم داوایە ڕەت دەكاتەوە.
هێشتا سەركردەكانی بەغدا كاتی ئەوەیان لەبەردەستە تاوەكو ڕەوتی كاركردنی خۆیان بگۆڕن و دیموكراسیەتێكی ڕاستەقینە بخوڵقێنن، لەگەڵ سیستمێكی فیدراڵی بەهێزو تەندروست كە سنوورێك بۆ دەسەڵاتەكانی حكومەتی مەركەزی دابنێت. دەبێت ئامانجە گشتیەكە لاساییكردنەوەی سەركەوتنە سیاسی و ئابووریەكانی كوردستان بێت. بە داخەوە، پێدەچێت مالیكی و هاوپەیمانەكانی سووربن لەسەر ئەوەی ئاڕاستەیەكی پێچەوانەبگرنەبەر-ئەمەش سەردەكێشێت بۆ سەرهەڵدانی دیكتاتۆریەتیەكی نوێ، بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی، یاخود هەردوو ئەم ئاكامەی لێدەكەوێتەوە. ئەمەش چارەنووسێكە نابێت هیچ كەسێك لە عێراقدا خوازیاری بێت. .
*توێژەری باڵایە لە ئەنستیوتی كاتۆ لە واشنتۆن دی.سی، نووسەری هەشت كتێبە لەبارەی كاروبارە نێودەوڵەتیەكانەوە و ئەندامی بۆردی گۆڤاری وەرزی مێدێرترینیانە.
Top