کابینەی نوێی حکومەت و ستراتیژێک بۆ بەڕێوەبردنی توانای مرۆیی لە کوردستاندا
April 16, 2012
وتار و بیروڕا
بەر لەهەر شتێکیش ئەگەر بپرسین داخۆ تا ئێستا حکوومەتی هەرێم خاوەنی ستراتیژێکی ڕوونە لەمەڕ بەڕێوەبردنی توانای مرۆیی، بەدڵنیاییەوە وەڵامی ئەم پرسیارە تووشی جۆرێک لە بێهیواییمان دەکات، بە جۆرێک کە ئەوەی تا ئێستا لەم بوارەدا و لەسەر زەمینەی واقیع دەیبینین و هەستی پێدەکەین، نەک ئامادەنەبوونی ستراتیژێکی گشتیی و بەس، بەڵکو هەست بە ئامادەبوونی پلانێکی لەمجۆرەش ناکرێت، بەردەوامبوونی حکوومەت لەسەر پلانی بە لێشاو تەعیینکردنی فەرمانبەران و کەڵەکەبوونی سوپایەک لە فەرمانبەری بێ ئیش و کار و بێ توانا ڕاستی ئەو بۆچوونەمان بۆ دەسەلمێنێ کە تاچەند حکوومەتی هەرێم لەڕووی ئەم ستراتیژە نیشتیمانییە گرنگەوە دەست کورتە.
لەهەموو بارێکیشدا هێنانەوەی هەر بیانوویەک بۆ ئەم پلانە بێ پلانەی حکوومەت لە کەڵەکەکردنی سوپای فەرمانبەرانی حکوومی هیچ شەرعییەتێکی کارگێڕی و لۆژیکی ناداتە کورت بینی ئەم حکوومەتە لە ڕووی داڕشتن و ئاڕاستەکردنی پلان و ستراتیژێکی درێژخایەن و ڕوون بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو توانا مرۆییەی کە لەکوردستاندا هەیە بە ئاڕاستەی پێشخستن و گەشەکردنی ئاست و جۆری بەرهەمهێنانی مرۆیی.
لێرەدا ئەگەر بپرسین چۆن بتوانین ستراتیژێک بۆ بەڕێوەبردنی توانای مرۆیی لە کوردستاندا ئامادە بکەین؟ وێڕای ئەوەی دەبێ تا ڕاددەیەکی باش سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی کۆمەڵگەکانی تر وەربگرین، بە تایبەت کۆمەڵگە تازە گەشەکردووەکان، یان ئەوانەی بەجۆرێک لە جۆرەکان لێکچوونێکیان لەگەڵماندا هەبێت لەڕووی بارودۆخی کۆمەڵایەتی یان سیاسی یاخود ئابووری یان فەرهەنگی. بەڵام لە هەموو بارێکدا ئەوەی دەبێ لەبەرچاو بگیرێت بارودۆخ و ئەتمۆسفێری خۆیی کۆمەڵگەی کوردستانییە.
جێگەی باسە، خاڵی هەرە گرنگ لە پرۆسەی ئامادەکردنی ئەم ستراتیژەدا گشتگیریی پرۆسەکەیە نەک مەرکەزیکردنی، واتە گەورەترین هەڵە ئەوەیە سەرجەم پرۆسەی ئەم ستراتیژە نیشتیمانییە وەک پرۆسەیەکی مەرکەزیی لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیراندا قەتیس بخوات، وەک ئەوەی لە کابینەی پێشوودا لە بواری (کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی)دا کاری پێکراوە و تا ڕاددەیەکی زۆر ئەو ڕێکخراوانەی تووشی ئیفلیجیکرد. مەبەستمە بڵێم ئەم ستراتیژە بە دەرکردنی بڕیارێکی باڵای حکوومەت نایەتە بوون، بەڵکو بەر لە هەر شتێک ئیرادەیەکی باڵای گەرەکە لە نێو حکوومەتدا. پاشان هەڵەیەکی گەورەیە گەر بێت و وەک زۆر کایە و بابەتی ستراتیژیی تر هەر لە ڕێوە (بەڕێوەبەرێتییەکی گشتی) یان هەر دامەزراوەیەکی تری بۆ دابمەزرێنرێت، چونکە لە ڕاستیدا بەگەڕخستنی ستراتیژێک بۆ بەڕێوەبردنی توانای مرۆیی لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکی ئیدارییە نەک دامەزراوەیەکی ئیداریی. لێرەوە دەکرێ هەردوو جۆرەکەی ئاستی پەیوەندی و بەڕێوەبردنی (شاقووڵی و ئاسۆیی) لە پرۆسەی وەگەڕخستنی ئەم ستراتیژەدا بخرێنە گەڕ، واتە لە کاتێکدا دەکرێ لە سەر ئاستی وەزارەتەکان و لە بەشی یان فەرمانگەی (پلاندانان)یاندا شوێنێکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی توانای مرۆیی تەرخان بکرێت، هاوکات ئەمە بۆ سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و دەزگا جیاجیاکانی حکوومەتیش گونجاوە، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەیاد نەچێت کە نابێت بەهیچ جۆرێک میکانیزمی (هەڕەمیی)ی لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە وردەکارییەکانی ئەم پرۆسەیەدا پەیڕەو بکرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبێ لە خوارەوە بۆ سەرەوە داتا و تێبینی و ڕێنوماییەکان ئاڕاستە وەربگرن.
چۆن دەکرێت ستراتیژێک بۆ بەڕێوەبردنی توانای مرۆیی ئامادە بکەین؟
ئاشکرایە کە خاڵی دەستپێکی هەر پرۆژەیەک بە دیراسەکردن دەستپێدەکات، دیراسەکردنیش لە دوو ئاستدایە کە یەکەمیان خودی پرۆژەکە و دووەمیش ئاستی کۆمەڵگە و ژینگە مرۆییەکەیە، بەم پێیە خاڵی دەستپێک کە (پلاندانان)ـە دەبێ تێیدا دیراسەیەکی وردی بواری کار لە حکوومەتدا بکرێت و بە دیقەتەوە (ئاستی هەرە بەرز) و (ئاستی هەرە نزم)ی پێداویستیی حکوومەت بە بواری کار دەستنیشان بکرێت، پاشان هەر یەک لەم ئاستانە لەگەڵ (توانای مرۆیی) لەنێو حکوومەتدا بەراورد بکرێن، هەڵبەتە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە حکوومەتی ئێمە لەبەر زۆریی ژمارەی فەرمانبەرانی، لەهەموو بارێکدا بۆ ئەوەی تووشی قەیرانی ئیداری و بگرە کۆمەڵایەتی و سیاسیش نەبێت، دەبێ بەلای ئاستی هەرە بەرزی پێداویستی حکوومەتدا بشکێنێتەوە. لەم بارەشدا ئەوەی گرنگە پرۆسەی پۆلێنکردنی توانای مرۆییە لەسەرجەم فەرمانگاکاندا، بە لەبەرچاوگرتنی چەند پرەنسیپێکی سەرەکیی وەک (شارەزایی، تەمەن، ڕەگەز، باری تەندروستی و ...تاد) کە لە هەر بوارێکدا بە شێوازی تایبەت و جیاواز دەبنە خاڵی بەهێزی توانا مرۆییەکان لە فەرمانگە حکوومییەکاندا. لێرەدا ئەوەی گرنگە دەستنیشانکردنی ئەو توێژەیە کە بە (توێژی نوستووی بێکار) ناو دەبرێت، توێژێک کە تاکەکانی وەک هەر فەرمانبەرێکی دی هەموو مافەکانی لە حکوومەت دەستەبەر دەکات بەبێ ئەوەی نیوەی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. ئیدی ئەوانە بن کەبە مووچەی بن دیوار ناودەبرێن یاخود ئەوانەی لە قۆرخکردنی کورسی و مێزێکی فەرمانگەیەک زیاتر هیچ بوونێکیان لەو فەرمانگەیەدا نییە. دوابەدوای ئەم پۆلێنکردنە پلانی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی توانای مرۆیی فەرمانگەکان دێت، کە هەر فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و لە میانەی ئەوانیشەوە هەر وەزارەتەی داتایەکی دروستی لەمەڕ پۆلێنکردنی توانای مرۆیی و پێداویستییەکانی خۆی ئامادە کردووە و دەتوانێت بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی فەرمانبەران، ئاستی وەرگرتنی توانای مرۆیی بۆخۆی دیاریبکات، بەبێ ئەوەی سوپایەک فەرمانبەری بێکار لەخۆی کۆبکاتەوە. دەکرێ لێرەدا کەسێک بپرسێت چۆن دەکرێت ئەم پرۆسەیە بەبێ دەرکردن و مووچەبڕین و بێکارکردنی هەزاران فەرمانبەر پیادە بکرێت؟ لێرەدا وێڕای ئەوەی ئەم پرۆسەیە دەبێ بە چەند هەنگاوێک ئەنجامبدرێت و هێمنانە پیادە بکرێت، هاوکات دوو هەنگاوی گرنگ هەیە کە دەبێ حکوومەت بیاننێت، یەکەمیان بەشێکی دیار لە فەرمانبەرانی حکوومەت لەو کەسانەن کە بەپێی تەمەن و ساڵی خزمەتیان دەبووایە خانەنشین کرابان، بۆیە لە پرۆسەی پۆلێنکردنەکەدا نابێ ئەوان پشتگوێخرێن و دەبێ شوێنیان بە توانای تری نەوەی دوای خۆیان پڕ بکرێنەوە، مەگەر چەند بوارێکی زۆر تایبەتی وەک خوێندنی باڵا یان هەر بوارێکی پەیوەست بە شارەزاییە دەگمەنەکانەوە. هەنگاوی دووەمیش ئیشکردنە لەسەر کەرتی تایبەت، واتە دەبێ حکوومەت بە جددیی ئیش بۆ ئەوە بکات نێوەندێکی گونجاو لە ئاستی کەرتی تایبەتدا بۆ توانای مرۆیی خۆماڵی دابین بکات، بە جۆرێکیش کە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت بە شێوەیەک بێت مایەی هاندانی مانەوەیان بێت لەو بوارەدا، واتە بەستنەوە و ئیلزامکردنی کەرتی تایبەت بە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای ئەوتۆوە کە لە خزمەتی ئەم ستراتیژەیدا بێت، وێڕای بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت.
تا ئێرە قسە لەسەر خاڵی یەکەمی ستراتیژی بەڕێوەبردنی توانای مرۆییمان کردووە، کە تایبەتە بە پلاندان و دیراسەکردنی ئەتمۆسفێری توانای مرۆیی و توانای حکوومەت و دواتر باس لە خاڵە سەرەکییەکانی تر دەکەین کە پەیوەستن گەشەپێدانی توانای مرۆیی و پرۆسەی بیناکردنی ستراتیژی نیشتیمانی لە بەڕێوەبردنی توانای مرۆییدا.