سەروەری كۆمەڵگا و فەیسبووكەكەی ڕێزدار كاك نێچیروان بارزانی

سەروەری كۆمەڵگا و فەیسبووكەكەی ڕێزدار كاك نێچیروان بارزانی
یەكێك لەو دیاردە ترسناكانەی كە لەو كاتەوە دەرگای دواڕۆژێكی ڕووناك بۆ كۆمەڵگای كوردستانی كراوەتەوە ئەو دوورییە بووە كە لەبەینی كۆمەڵگای كوردستانی و كابینەی حكومەتە دوابەدوایەكەكانیدا بەدیكراوەو جێگای داخ بووە كە ئەو كەلێنە بەرەو فراوانی كشاوە، بە ڕادەیەك كە ماوەی ساڵێك لەمەوبەر بەتەواوەتی مەترسی پچڕانی لێ دەكرا.
خۆبەخۆیی و پێشێلی بەرژەوەندی گشتی تەنیا كێشەی كۆمەڵگای كوردستانی نییە بەڵكو دیاردەیەكی چل ساڵەی سەددامییەت و شەڕە دوابەدوایەكانی و بەربەستە ئابووریەكانە كە جێ پەنجەی لە سەر هەڵسووكەوتی گەورەو بچووكی كۆمەڵگاكەمان بەجێ هێشتووەو بەئاسانی و بەخێرایی بنبڕ ناكرێت، ئەمەش وەك دیاردەیەك كە بە تایبەتی دواڕۆژی خۆمان و نەتەوەكانی داهاتوومانی پێوە بەستراوەتەوە، دەبێت بە كارامانە كاری زانستیانەی لەسەر بكرێت و «كۆ» كاری و «كۆ» دەنگیی لەسەر بێت.
یەكێك لە وشە بە نرخەكانی ڕێزدار سەرۆكی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە لە كۆتایی كابینەی پێنجەمدا فەرمووی ئەوەبوو كە بە ڕاشكاوانە دەستی لەسەر یەكێك لە كەموكوڕییەكانی كابینەكەی دانا بەوەی كە بەڕیزە بڕیاردەران لەناو ساحەی تۆپێنەكەدا پاسیان بە پێی پێویست بە یەك نەدا. واتە لە جێگای «كۆ» كاری، زیاتر سەرقاڵی «خۆ»كاری بوون. ئەمەش تەنانەت ئاواتەكانمان دوور دەخەنەوەو ئەوەی دەر خست كە نەك تەنیا كەلێن و بەتاڵایی هەبووە لە بەینی كۆمەڵگاو حكومەتدا، بەڵكو ئەو بۆشاییە تەنیوەتەوە بۆ باڵەكانی حكومەتیش.
ئەم دیاردەیە بۆ ئێمەش لە دەرەوەی وڵاتیش دیار بوو كاتێك كە لە بەریتانیا وەك مامۆستایەك لە یەكێك لە زانكۆكانی ئەوێ كارم دەكردو هەرلەو كاتەوە دەستبەكار بووم بۆ ئامادەكردنی پرۆژەیەك بەهیوای كار كردن لە سەری كە كاریگەریی هەبێت لەسەر بەشە جیاجیاكانی كۆمەڵگا، لەو گۆشەیەوە كە بە پێی تایبەتمەندیەكەم كە ئامارە كاری لەسەر بكەم. دوای هەوڵدان لە دەستپێكی كابینەی پێنجەمدا بە گەیاندنی پرۆژەكە بە ڕێزدار سەرۆكی كابینەكە سەركەوتووبووم..
پرۆژەكە ناوی پڕۆژەی «دایك»م لێ نابوو كە لە پلاتفۆرمی پێداویستی داتاو زانیاریەكانەوە كە لەم زەمانەدا بنەمای پێشكەوتنەكانە، كۆمەڵگاو بەشەكانی كەرتی تایبەت و گشتی و زانایانی ناوەوەو دەرەوەی كوردستان لێك نزیك ببنەوە. هێندەی پێ نەچوو بە فەرمانی سەرۆك وەزیران لەسەر پرۆژەكە دەستبەكاربووم و دوای چەند مانگێك لە جێبەجێ كردنیدا هەنگاوی پیرۆز نران كە لە هەرێمدا دەنگی دایەوەو هەر بە دەركەوتنی ئەو ئەنجامانەش، زیاد خاوەندارێتی پەیدا بوون بۆی و بووە گرێ كوێرەو پرۆژەكە بەلادا هات.
دیاردەكان وای نیشان دەدەن كە كابینەی داهاتوو نزیكبوونەوە لە كۆمەڵگا و گوێبیستی خواستەكانیان یەكێك لە پێناسە پیرۆزەكانی دەبێت، بەوەدا كە پێش دەستبەكار بوونی، ڕێزدارنێچیروان بارزانی دەروازەی دایەلۆگ و پێشنیار و ڕەخنەكانی بۆ گشت كۆمەڵگای كوردستانی بەرین و پاش سنوورەكەشی یەكلاكردۆتەوە. ئەم هەنگاوەش ئەگەر بە ئاستی دەوڵەمەندی خۆی بەگەڕ بخرێت، دەكرێت ببێتە بنەمای پلاتفۆرمێك كە لێوەی هەرێمە نازدارەكەمان لە سەروەرییەكانی كۆمەڵگاوە نزیك ببێتەوە.
سەروەری كۆمەڵگا
هە‌رچە‌ندە‌ ئە‌م دروشمە‌ لە دوو وشە‌ پێكهاتووە، نا‌وەڕۆكە‌كە‌ی گە‌لێك گە‌ورە‌یە‌و بە‌رپاكردنی دە‌یان بە‌رانبە‌ر قووڵترو گە‌ورە‌ترە،‌ بە‌ڵام پاداشتە‌كەی هێندە‌ بەرزە كە‌ لەوانە‌یە‌ خە‌ونی گشت كوردستانیە‌كی دڵسۆزی زۆر بە زیادە‌وە تێدابەدی بكرێت و لەگشت سامانە‌ سروشتیە‌كانمان بەنرختر بێت، چونكە‌ دە‌رئە‌نجامە‌كە‌ی بەگە‌ڕخستنی گشت توانا مرۆییەكان دە‌بێت بە كۆدە‌نگی و هاودە‌نگی و هاوبەشی لە دە‌رئە‌نجامی كردارە‌كانماندا بە چارەنووسی و سە‌قامگیری و خۆشگوزەرانی و گشت تە‌وەرەكانی دیكەوە.
بەرپاكردنی ئە‌م ستراتیژە لە وڵاتە‌ پێشكە‌وتووەكان بەشێوازێك دامەزراوە كە هەرچەندە بڕیاردان لە سەرەوە بەرەو خوار دەكرێتەوەو سەروەری یاسا لە چاودێری پابەند بوونی تاك بە یاساكانەوە لە سەرووی هەمووانەوەیە، هیچ یاسایەك بە ملپێچی لەگەڵ كۆمەڵگادا بەرپا ناكرێت و بنەمای یاساكان لەخوارەوەو لەڕێگای نوێنەرانی كۆمەڵگاوە بەرەو ژوور دەبنەوەو بەو شێوازەش كۆمەڵگا خۆی بە خاوەنیان دەزانێت. واتە ئەو یاسایەی كە لە كۆمەڵگاوە هەڵبقووڵێت، هەرخۆشی بەبێ ئازارچاودێری دەبێت و كێشەش لە چەسپاندنیدا هەرگیز دروست نابێت، واتە دە‌كرێ پرۆسە‌ی سە‌روەری كۆمە‌ڵگا لە بڕیارداندا لە خوارەوە بۆ سە‌رە‌وە بنیاد بنرێت و لە ناو ماڵی كوردستانە‌وە هه‌ڵبقووڵێت و لە بازاڕو دوكانە‌كانماندا ڕەنگ بداتە‌وەو شارە‌كانمان بگرێتە‌وە لە ئاستی هە‌رێمدا و لەوێوە دە‌ستنیشانی ڕە‌وتی هە‌رێم بكرێت لەگە‌ڵ دە‌وربەرو ئە‌ودیویانە‌وە. بەشێكی باشی ئە‌مانە‌ش پێوەندییە‌كی پتە‌ویان هە‌یە‌ بە بارودۆخی ڕامیاری ئێستای هە‌رێم بەرانبەر ڕۆژهە‌ڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە‌كانی دوور لە لایە‌ك و پلەو ڕادە‌ی زانستی كۆمە‌ڵگای خۆمان و هاوبەشانمان و تە‌نانە‌ت ئە‌وانە‌ش كە‌ بەردە‌وام چاویان تێبڕیوین لە لایە‌كی دیكە‌وەو تەنانەت تەگەرە لەبەردەم پێشكەوتنەكانماندا دروست دەكەن‌.
فەیسبووكەكەی سەرۆكی داهاتوو
بە مەبەستی هەڵسەنگاندنێكی خێرای لاپەڕەكە، مۆڵەتم بە خۆمدا كە بەو نامانەدا بچمەوە كە لە مانگی شوباتدا بۆ بەڕێزی نووسراون كە لە كۆیی گشتیان نزیكەی ٢٧٧٧ نامەبوون، زۆربەیان لە ٢٠/٢/٢٠١٢ دا بوون.
هەرچەندە مەبەستی سەرەكی لە كردنەوەی ئەم لاپەڕەیە هەر وەك بەڕێزیان دەریان بڕیوە بۆ ئەوەیە كە هاووڵاتیان بیرو بۆچوون و پێشنیارەكانیان بنووسن هەر وەك لە ڕەشنووسەكەی خۆیەوە دەفەرموێت «بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لە پەیامەكانتان دەكەم و هیوادارم ئەم لاپەڕەیە ببێتە كەناڵێكی تری پەیوەندی و دیالۆگ لە نێوانماندا».
ژمارەی نامەكان بە ڕۆژانە لەم چارتەی کە نیشان دراوە، بڵاوی دەكەینەوە
ئەوەی شایەنی باسە، زۆربەی زۆری نامەكان پیرۆزبایی و بەخێرهاتنەوەو هیوای سەركەوتن بۆ بەڕێزیان دەر دەبڕن و هەندێكیان داوای دیداری دەكەن كە ئەمانەش جێگای خۆشحاڵین.
هەندێكیان داوای زیاد كردنی مووچەی چەند بەشێكی فەرمانبەران دەكەن و هەندێكیان بە پێچەوانەوە دەڵێن زیادكردنی مووچە تەنیا دەبێتە هۆی زیادەی زیاتری نرخەكان لە بازاڕو داوای زیاد كردن و پەرەپێدانی پسوڵەی خۆراك دەكەن.
هەندێك داوای لێخۆشبوونی پێشینە جیاجیاكان دەكەن و هەندێك داوای پابەندی ئەوانەی كە زەمالەی خوێندنیان پێ دەبەخشرێت بە گەڕانەوەی تێچووی خوێندنەكەیان بەسەركەوتن یان سەر نەكەوتن بەشێوەی مانگانە لە مووچەكانیان پاش گەڕانەوەیان.
هەندێك داواكارن كە بەڕێزیان جێگری سەرۆكی پارتێكی تایبەتی نەبن و سەرۆكی حكومە‌تی هەرێمی كوردستان بن.
یەكێك دەڵێت لە جیاتی مۆڵ دروست كردن، خەڵك دابمەزرێنن و یەكێكیش دەڵێت لە كتێبی كاكائیەكاندا كە پێش ٧٥٠ ساڵ نووسراوە دەڵێت كوردستانی گەورە بە دەستی جامانە سوور دروست دەبێت.
كۆی ٥١ پێشنیار لە ژێر چەتری دامەزراندنی حكومەتێكی موئەسەساتیدا جێگایان دەبێتەوە كە بریتین لە بنبڕ كردنی گەندەڵی و لێپرسینەوەو بەرپرسیاری و دەزگای نەزاهەو سەروەری یاساو حكومەتی كۆمەڵگاو چاكسازی دارایی و شەفافیەت و كەسانی شیاو بۆ شوێنی شیاوو بەرپاكردنی لامەركەزیەت.
كۆی ٨ پێشنیارەكان پێوەندییان بە چاكسازی ئابووریەوە هەیە كە خۆیان لە دروست كردنی شاری پیشەسازی و دامەزراندنی كۆمپانیای گەورەو ڕێگادان بە كردنەوەی كۆمپانیای هاوبەش لە بەینی كەرتی تایبەت و گشتیداو گرنگیدان بەبەرهەمی خۆماڵی و كشتوكاڵ و بایەخدان بە گوندەكان و ڕێگاوبانەكان.
كۆی ٢٠ پێشنیار پێوەندییان هەیە بە پشتگیری كۆمەڵگاوە كە خۆیان لە چاكردنی بارودۆخی پێشمەرگەو خێزانەكانیان و گەنجان و بیمەی بێ كاری و زەرەرمەندانی ڕابوردو و نیشتەجێی هارزان بۆ كەم دەرەمەتان و بێكاری و هەژاری و بەشكردنی ئاوو كارەباو تەندروستی و پەروەردە دەبینیەوە.
ئەمانەو چەند پێشنیارێكی تریش كەشایەنی باسن وەك گرنگیدان بە ڕەهەندی كوردی لە دەرەوەی هەرێم و چاكسازی لە پرۆژەی تواناسازی مرۆییداو گرنگیدان بە منداڵان ئەویش بە دامەزراندنی كەناڵێكی تایبەت بۆیان وگرنگیدان بە هونەری كوردی و چاودێری بازاڕ و بەرگرتن لە كاڵای نەشیاو تێیدا.
پێشنیار
بە بەرچاوگرتنی ئەم ئەنجامانە گرنگی و بێ نموونەیی ئەم هەنگاوە نیشان دەدات تەنانەت لە ئاستی جیهاندا ئەگەر بەرنامەیەكی تۆكمەی بۆ دابنرێت بۆ سوود لێ وەرگرتن بە هاوكاری كۆمەڵگا. لێرەدا پێش ئەوەی كە پێشنیارەكەم بخەمە بەرچاو بەشیاوی دەزانم كە باسی ئەوە بكەم كە لە تەمەنی كابینەی پێنجەمدا پێشنیارێكی تۆكمەم بەم شێوازە پێشكەشی جەنابی وەزیری پلان دانانی ئەوسا كرد بەبێ ئەوەی ڕووناكی ببینێت. ئێستاو بە هەبوونی ئەم هەنگاوە پیرۆزەی جەنابی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، ئەو پرۆژەیە لەسەر هەمان تەوەرەوە دەكرێت بە كاراتر بەئەنجام بدرێت.
كورتەی پێشنیارەكە بەم شێوازەی خوارەوەیە:
1- جەنابی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو لە فەیسبوكەكەیەوە داوا لە هاووڵاتیان بكات كە بە بۆ چوونی خۆیان سێ (٣) پێشنیار بنووسن بۆ چاكسازی لە تەنیا یەك تەوەرەی تایبەتیدا (بۆ نموونە: تەندروستی، پەروەردە، ڕۆڵی ئافرەت لە كۆمەڵگادا، ئابووری، هەستی بەهاونیشتیمانی بوون، ژیانەوەی گوندەكان، بارودۆخی پێشمەرگە دێرینەكان و خێزانەكانیان، بەڕێوەبەرایەتی و گەلێك تەوەری تر). بۆ سوودمەندی ئاماری و شیكردنەوەی زانستیانەو هەڵسانگاندنیان، هەر بەشدارێك داوای لێ بكرێت كە تەمەن و ڕەگەز و پلەی خوێندەواری و شێوازی كارەكەی بنووسێت.
2- دوای دووهەفتە، ئەو زانیاریانە لەلایەن تیمێكی شارەزاوە كۆبكرێنەوەو ڕیزبەندی بۆ پێشنیارەكان بكرێت و بە خشتەیەك هەر لەسەر فەیسبووكەكە بە كۆمەڵگا ڕابگەیەنرێت تا لێوەی هەر تاكێك كە هاوبەشی كردووە بزانێت بۆچوونەكەی لەگەڵ ڕای گشتیدا چۆنە لەهەمان كاتدا داوایان لێ بكرێت كە ڕای خۆیان لەسەر ئەو ڕیزبەندیە تازە بكەنەوە یان بەو شێوازەی كە خۆیان بە باشی دەزانن، ڕیزبەندیەكی دیكە دەستنیشان بكەن و بینێرنەوە بۆ سایتەكە. بەم شێوازە، هەنگاوی «كۆ» دەنگی دادەمەزرێت.
3- كۆنفرانسێك بە هاوكاری پسپورانی بوارە دیاریكراوەكەو نوێنەرانی كۆمەڵگا ببەسترێت و بەهاوكاری لایەنەكان ستراتیژی تایبەتی دابڕێژرێت بۆ بەئەنجامدانی چاكسازییەكە.
بەم شێوازە، كۆمەڵگا هەست دەكات كە بەشێكە لە بڕیاردان و بنیادنانی دواڕۆژو سەرپێچی لە هەر بڕیارێك كە لەو بەرنامەیەوە بەرپا بكرێت دەگمەن دەبێت.
ئەم ڕێگا زانستیە بە «ڕەوتی دێڵفی» ناسراوەو چەندین توێژینەوەی زانستی تێدا كراوەو خۆم سەرپەرشتی پلەی دكتۆرام تێدا كردوە لە بەریتانیا و چەند توێژینەوەیەكم لە ئاستی جیهانیدا لەسەر بڵاوكراونەتەوە.
بۆ سوود وەرگرتن لە كات، دەكرێت تەوەرە جیاجیاكان بە تەریبی كاریان لەسەر بكرێت و لە هەمان كاتدا، لە كەناڵە ئاسمانیەكانەوە پێویستە هانی كۆمەڵگا بدرێت بۆ هاوكاری و بەشداربوون.
دەكرێت ئەم هەنگاوە پیرۆزە بكرێتە نموونەیەكی بێ هاوتا لە ئاستی جیهاندا لە نزیك كردنەوەی حكومەت و كۆمەڵگا كە لێوەی كۆمەڵگا خۆی بە خاوەنی بڕیارەكان بزانێت و هاوكار بێت لە چەسپاندن و پاراستنیان و بەم شێوازەش كۆمەڵگاكەمان دەتوانێت بەرەو پێشەوە هەنگاوی گەورە بنێت و نەیارەكانی بەجێ بهێڵێت.
Top