عێراقیە کۆنەکان و گرێ کوێرەکەیان
March 28, 2012
وتار و بیروڕا
عێراقیە کۆنەکان و گرێ کوێرەکەیان
3پێشەکی
ئەوەی زۆر بە زەقی دیارە ئەوەیە کە نەک تەنها عێراق بەڵکو زۆرینەی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیان توانیوە سوود لەو سامانە سروشتیە مەزنە ببینن کە لە سەری دەژین لە جیاتی سەرقافڵەگرتنی ئەو پێشکەوتنە مەزنانە کە جیهان دەیبینێت، سەرقافڵەی پێشێلکردنی گشت یاساو نەریتە پیرۆزە مرۆییەکان و دواکەوتنن. ئەمەو پێشکەوتنە بەرچاوەکەی وڵاتانی کە لە گشت بوارەکاندا و بە تایبەت بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندیەکان عێراقیە کۆنەکانی لە دۆڵێک و تازەکانی لە دۆڵێکی کە خزاندوە کە نە لەیەک دەگەن و هیچ لایەکیشیان ئامادە نین گوێبیستی ئەویدیکەیان بن و ئەوەی پێی دەڵین بەهاری عەرەبی یەکێکە لە ئەنجامەکانی.
لە هەرێمە نازدارەکەی ئێمەش، هەرچەندە گەلێک هەنگاوی باش نراون کە ئەنجامەکانیان لە دەوروبەری هەرتاکێکەوە دیارن بە بەراورد کردن لە گەڵ ئەو بارودۆخەدا کە داگیرکەرانمان وڵاتێکی وێرانیان بەزۆر پێ چۆڵ کرا بەڵام ئەوەی هەیە گەلێک لە خەونەکانمانەوە دوورەو ڕێگایەکی پڕ پێچوپەناو ئاڵۆزمان لەبەردەمدایە کە دەبێت بەهەر نرخێک بێت بیبڕین. ئەمەش تاڕادەیەک بەندە بە توانای هەر تاکێکمان بۆ لەخۆ بوردن و گوێبیست بوونی یەکتری و کۆکاری لە گشت کێشە چارەنووسیەکاندا.
دواڕۆژێکی ڕووناکی کۆمەڵگاکەمان پابەندە بە سەرلەنوێ بنیادنانەوەی تاکی کوردستانی پاش ڕمانی کۆڵەکەی بەهاووڵاتی بوون و هەستیاری و ژیان لەگەڵ چرکەلێدانی دڵی کومەڵگا و خۆبەختی و خۆ بەخشی بۆ بەرەوپێش بردنی، هەر وەک لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستانی دەبینراو دەبیسترا. لەم بارودۆخەی ئێستادا، دەبێت پێکەوە کارکردن بۆ ئەم مەبەستانە پرسیاریان پێویست نەبێت هەروەک هەنگاوی پیرۆز نراون بۆ داڕشتنی دەستووری عێراق و بەهەرێم کردنی کوردستان لەسنورەکەیدا ئەگەر ئەو عێراقەی کە لە شەڕەجیهانیەکانی یەکەم و دوهەمەوە لە ڕۆژئاوا نەخشەی بۆ کێشرا، وەک خۆی بمێنێتەوە.
ئەمەش هەرچەندە هەنگاوێکی پیرۆزبوو، بەشی زۆری کوردستان لەدەرەوەی هەرێم بە هەڵواسراوەیی مانەوە و نەخشەڕێگای چارەسەرکردنیان لە بەجێگەیاندنی ماددەی 140 دا کێشراوە بەڵام عێراقیە کۆنەکان کە هەوڵی زیندووکردنەوەی عێراقی کۆنیانە، هەنگاونان بۆ بەئەنجامدانی ماددەکەیان کردوە بەگرێ کوێرە و خۆیان لەوە کوێر کردوە کە تەنها ڕێگا بۆ مانەوەی عێراق، عێراقی تازەیە کە تێیدا خاوەندار خاوەنداربێت و ئەوەی خاوەنی هەقێک نەبێت، بە خواست بیگێڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستیەکەی. ئەمەش تاکە بنەمای پێکەوەژیان و متمانە لە دەروونی هەرتاکێکدا و لە کۆمەڵگاکاندا دەچەسپێنێت بە شێوازێک کە بەردەوامی ئاشتی و پێکەوە ژیان و پێشکەوتن دابین دەکات.
جێگای داخە کە بەشێکی دیاری ئەو عێراقیە کۆنانەش لە ئاستی بڕیارداندان و ئەگەر بە کارامانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەکەین، ڕێگای سەقامگیری و گەلێک شتی تر دوورتر دەبنەوە و کارامەیی ئێمەش لەوەدادەبێت کە هەرگیز پلانی جیا جیا مان هەبێت هەر وەک دەڵێن ئەگەر پلانی A تووشی تەنگەژەبوو پلانی B مان هەبێت ئەگەر ئەویشیان کاری نەکرد پلانی C مان هەبێت. ئەمەو یان بە شێوازێکی تەریبی لە سەر چەند پلانێک کار بکەین کە هەر یەکێکیان بەشێوازێکی تایبەت بەرەو هەمان مەبەست دەمان بات.
بەهەرێم کردنی ناوچەکان
لە دەستپێکی ئەم مانگەدا (مانگی 12) و لە جوابدانەوەیەکدا بۆ نووسراوەیەک کە بەڕێز پرۆفیسور کرمانج گوندی بڵاوی کردبوەوە لە بلۆگەکەیدا
(http://kigundi.blogspot.com/2011/12/nouri-maliki-in-shadow-of-saddam.html)
بە ناونیشانی «نوری المالکی لە سێبەری سەددام حسەین دا» ئاماژەم بەوە کرد کە کێشەی عێراق هێندەی کێشەی عێراق خۆیەتی، هێندە کێشەی نوری المالکی نیە. پێکهاتەی نەشیاوی عێراقی کۆن، ئەوسا تەنها بە سەددامێک دەڕۆشت بەڕێوە و ئەمڕۆ و دوای ئەوەی ڕووی دا ڕوی داوە، تەنانەت سەددامە کۆنەکەش زیندوو ببێتەوە ئەگەر چەند بارێک نالەبار تر نەبێت ناتوانێت وەک جاران عێراق ببات بەڕێوە. عێراق بۆ ئەوەی بە عێراقی بمێنێتەوە دەبێت کار لەسەر بەئەنجامدانی بە هەرێم بوونی بکرێت لەسەر بنەمایەکی دروست کە لایەنە کوردستانیەکان بە دەستخۆشیەوە لە دەستووری عێراقدا چەسپاندوینەو زۆرینەی عێراقیەکان دەنگیان لەسەر داوە. لەم پرۆسەیەدا خاوەن هەقەکان هەقی خۆیان دەبێت وەر بگرنەوە کە تێیدا ناوچە دابڕێنراوەکان لە هەرلایەک بن، دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی خویان.
لە کوردستانی نوێی ژمارە 5653 بە ڕێکەوتی 15/12/2011، بەڕێز کاکە چێنەرعلی جۆڵا بە مەبەستی وریا کردنەوەی کۆمەڵگای عێراقی کەوا کۆمەڵێک کێشە هەن کە دواڕۆژ و هەبوون و نەبوونی عێراقیان پێوە بەندەو ڕۆژی ئەوە نییە کە پشت گوێ بخرێن، وتارێکی بڵاو کردۆتەوە کە جێگەی دەستخۆشیە. هەر وەها ئەم تەوژمە تازەیەی بەهەرێم بوونی پارێزگاکان گرنگی پێدراوە لە ڕۆژنامەکوردستانیەکاندا و بۆچوونەکان ئەوە دەچەسپێنن کە دەبێت هیچ نەکرێت هەتا ماددەی 140 جێبەجێ دەکرێت و ئەویش لە گێژاوی عێراقیە کۆنەکاندا ماوەیەکی زۆرە دەخولێتەوە و پێشکەوتنێکی وای بەخۆیەوە نەبینیوە کە دڵخۆشکەر بێت. بەڕێز کاک حسەین علی سەلیم لە ڕاپۆرتەکەیدا بە ناونیشانی «دروست بوونی هەرێمەکان لە عێراق و ئەرکی کورد» کە لە لاپەڕە سێی خەباتی ژمارە 3945 دا بە ژمارەوە نیشانی دەدات کە دەبێت پلانەکەی سەرۆک مام جەلال بۆ سەرلەنوێ نەخشەکێشانی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ پێکهاتەی کۆنیان پێش دەست تێوەردانی سەددامی و ماددەی 140 بەتەواوی بچەسپێت ئەوسا بەهەرێم بوون دەست پێ بکات. ئەمانە گشتیان دروستن بەتایبەتی لەبەر ئەوەی کە هەر وەک لە دەستووردا هاتوە، هەر کە دەست بە پرۆسەی ڕاپرسیەکە کرا، پێویستە نیوەی دەنگدەران بەشدار بن و لەوانەش زۆرینەیان ڕەزامەند بن لە بەهەرێم بوونی پارێزگاکە.
بەو شێوازە، کورد لەوانەیە لە هیچ لە پارێزگا دراوسێکانماندا بڕیاردەر نەبێت نە لەدەستپێکردنی ڕاپرسیەکەو نە لە ئەنجامەکەی. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئێمە گشت ئەگەرەکان ڕەچاو بکەین و بۆ هەر یەکێکیان نەک تەنها پلانێک بەڵکو چەند پلانێکمان هەبێت و تەنها کار لەسەر یەک لەو پلانانە نەکەین بەڵکو بە تەریبی کار بۆ گشت پلانەكان بکەین هەتا بە گەیشتن بە مەبەستەکانمان دڵنیا تر بین.
لە یەکێک لە نوسراوەکانمدا کە لە کوردستانی نوێی ژمارە 5638، 28/11/2011، لاپەڕە 11 بە ناونیشانی «بە هەرێم بوونی ناوچەکان: ڕێگەیەک بۆ چەسپاندنی ماددەی140» پێشنیاری ئەوەم کرد کە پێویستە بڕیاردەرانی کوردستان دوورەپەرێز نەوەستن لە شەپۆلی بەهەرێم کردنی ئەو پارێزگایانەی کە بەشێک لە ناوچەدابڕاوەکانیان تێدایە و لە نزیکەوە ئاگادار بن لە شێوازو ناوەرۆکی ڕاپرسیەکان و پرسیارەکانی بۆ ئەوەی کار بکرێت لە سەر پلانەکەی بەڕێزمام جەلال و ماددەی 140 و بە هەرێم بوون بە تەریبی و دەنگ و پشتگیری خۆی بخاتە گەڕ بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە بەینی کۆمەڵگا جیاکانی پارێزگا و ناوچە مەبەستەکان.
لەم خشتانەی خوارەوەدا چەند زانیاریەک دەخەمە بەر دەست کە لە تازەترین پرۆسەی گەمارۆسازی خانووبەرەکاندا بەدەست هاتن هەتا خەمڵاندنی ڕێژەی بەشەجیاجیا کانی هەر لایەنێک لە هەریەکێک لە پارێزگا دراوسێکانمان لە زانیاری قەزا کانیانەوە ئاسان تر بەدەست بێت و سوودی هەبێت بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی ڕامیاری و دەنگدان و لە بڕیاردان و سوود وەرگرتن لێیان لەم ساتە گرنگەی کۆمەڵگاکەماندا.
* پرۆفیسوری ئامار