یا کوردستان یان نەمان

یا کوردستان یان نەمان
پێشکۆ
دەیان ساڵ لەمەوبەرئەم دروشمە دێرینە لەسەر زاری زۆرینەی زۆری کوردستانیان بوو کە لەو ساتانەدا ئامادەبوون خوێنە گەشەکەیان لە پێناویدا بەخت بکەن و گەلێک لەو باجە درا لە چیا سەربڵندەکانی کوردستان و زیندانەکانی حکومەتە دوا بەدواکانی عێراق. ‌هەڵەبجە و ئەنفال و گۆڕەبەکۆمەڵەکان و گەلێک کارەساتی کە بەڵگەی ڕوون و لەبیر نەچوەوەن بۆ ئەم مێژووە تاڵە.

ڕۆژ بە دوای ڕۆژ و ساڵ بە دوای ساڵدا هاتن و سەددام بە تەڵەی شەڕی ئێران و داگیرکردنی کوێتەوە بوو زەمینە بۆ کڕیارانی وزە دروست بوو و وای لێ هات ویژدانی جیهانی جووڵا بەرانبەر بەو تاوانانەی کە بە بەردەوامی بەرانبەی گەلی کورد دەکران و دەمکوتی وەستا و هێندەی پێنەچوو سەددام و جەللادەکانی کونە مشکیان لێ بوو بە قەیسەری.

ئەم ڕووداوانە بارودۆخێکی زێڕینیان هێنایە کایەوە کە لێوەی کوردستانیان بتوانن دەستیان هەبێت لە کێشانی نەخشەی ئەمڕۆ و دواڕۆژیان و دەست بنێنە بنیاد نانەوەی عێراقێک لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینەو ژیانی تەبایی و عێراقێک کە هەرگیز هاونیشتیمانیان تێیدا بەرەو ڕووی ئەو کارەساتانە نەبنەوە کە بەرەو ڕووی بوونەوە لە مێژووی عێراقی کۆندا. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم ئامانجە هێشتا زۆری ماوە بەدەست بێت، ئەو میرات و برین و ئاسەوارانەی کە لەئەنجامی سیستمی کۆندا بۆ ئەم کۆمەڵگایە بەجێ ماون وێنەیان کەمە و چارەسەریشیان نابێت بە سەرزارەکی وەربگیرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدەسەڵاتەوە بۆ خزمەتگوزار
لەم ساڵانەی ڕابوردودا و لە سایەی کابینەکانی پێنج و شەشەوەگەلێک هەنگاوی گەورە نراون بۆ ساڕێژ کردنی برینەکانی کوردستان کە زۆریان بە بەرچاوەوەن و زۆری گرنگتریان هێندە بە بەرچاوەوە نین
لێرەدا دەبێت تەرازووی جیا جیا بەکار بهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی دەسکەوتەکان لە بوارەکانی خزمەتگوزاری (1) و پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی هەرێم ئەگەر به‌شه‌کانی دیكە‌ی عێراق بێت یان وڵاتەکانی دەوروبەر و ئەودیویانەوە (2) و یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان (3) کە پێویستە کار لەسەر لابردنی ئاسەوارە دەروونیەکان بکەن.
هەرچەندە لەوانەیە وادیار بێت کە ئەم بوارانە پەیوەندیان بە یەکەوە نەبێت، ئەگەر بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو کار لەسەر گشت لایەنەکان نەکرێت، مەترسی لێکپچڕانی توێژەکانی کۆمەڵ و حکومەت گەلێک زیاد دەبێت و تەنانەت دەستکەوتەکانی چەند بوارێکی وەک خزمەتگوزاریەکان کاریگەریەکی وایان نابێت لە ناو کۆمەڵگادا ئەگەر کۆمەڵگا خۆی بە خاوەنیان نەزانێت.
دەربارەی خاڵی دووەم کە پێگەی هەرێم دەچەسپێنێت لەگەڵ دەرەوەی هەرێمدا، دەبێت دەستخۆشکەری لە حکومەتەکانی هەرێم بکرێت بۆ هەموو ئەو کارە باشانە کە بە ئەنجام دراون و هەر وەک دەبینرێت، گەلێک لە وڵاتان کە دوێنێ ئامادە نەبوون گوێیان لە وشەی کوردستان بێت، ئەمڕۆ نوێنه‌رایه‌تی و کۆنسۆڵخانەیان لە پایته‌ختی هەرێمدا کردۆتەوەو کار لەسەر پێشکەوتن و بەستنەوەی دواڕۆژی هەرێم دەکەن بە وڵاتەکەیانەوە. ئەم هەڵوێستە بەدەستی حکومەتە یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌ کوشندەترین بووە بۆ گیان و خاکی کوردستان کە ووڵاتە سەرمایەدارەکانی کوێر کردبوو بەرانبەر گشت ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانەی کە دەربارەی کوردستانیان و خاکەکەیان جێبەجێ دەکران. لێرەدا ئەگەر هەڵوێستێک بکەین بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، زۆر پێویستە کە بە هەمان شێوە دەستی ڕاستمان بۆ هاونیستمانیان و کۆمەڵگا درێژ بکەین بە هیوای پێکەوەژیانی ڕاستەقینە و دەرگای دەرفەت بۆ گشت کوردستانیان بکرێتەوە کە تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ بەهێزکردنی پێگەی کوردستان بە بێ جیاوازی و بەبێ پشتبەستن بە و خێڵ و تایەفەو شار و ناوچەگەری.
ئەم ڕەوتەش پێویستی بە هەڵسوکەوتی وریایانە هەیە لە لایەن گشت بڕیاردەران و جێبەجێکەرانی بڕیارەکان، خزمەتگوزاری بن یان نا، بە بێ جیاوازی و سالاری تەنها دەبێت بۆ یاسا بێت بە شێوەیەک کە ستراتیژی خاک و نیشتیمان بپارێزێت. دەبێت دروشمی کوردستان یان نەمان هەمیشە بە زیندویی لەبیرو بۆچوونی کوردوستانیاندا بێت و ڕێگا نەدرێت هه‌ڵبگێڕدرێتەوە بۆ « کوردستان بۆ من نەبێت با نەبێت».
لێرەدا دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە کوردستانیان بەگشت چین و توێژێکیەوە زیاد لە چل ساڵی ڕابووردوودا بە بارودۆخێکدا ڕۆشتوین کە کارێکی بنەڕەتی لە بیرکردنەوەمان کردوەو ئەو شارەزایی و زانیاریەی که‌سانی تەمەن چل ساڵان و بەرەو ژوور هەیانە، یەک ناگرێتەوە لەگەڵ نەوەی تازە کە تەمەنیان لە چل ساڵ بەرەو خوارترە.
هەروەک لەم وێنەیەدا دیارە کە دەرئەنجامی ڕووپێوێکە بە هاوکاری ڕێخراوی خۆراکی جیهانی لە سەرانسەری عێراقدا ئەنجام دراوە و تێیدا دانیشتووانی گشت پارێزگاکانی عێراق خەمڵێنرا، کۆی دانیشتووانی سێ پاڕێزگاکەی هەرێم وەک لەم وێنەیەی خوارەوەدا دەرکەوت.
لەم زانیاریانەوە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم کە تەمەنیان لە چل ساڵ زیاترە، تەنها18.3% دەرچوو و ئەوانەی کە تەمەنیان لە چل ساڵ کەمترە، رێژەکەیان 81.7% دەرچوو.
ئەم زانیارییە هەرچەندە خەمڵێنراوە، گرنگیەکی به‌ ڕاده‌به‌ده‌ری هەیە بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی هەرێم بە تایبەتی لەم بارودۆخەدا کە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەروی ئەفەریقا و تورکیا گەنجان حکومەتەکانیان هەژاندوەو داوا دەکەن کە ڕاو بۆچوونیان بە هەند وەربگیرێت و بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی ووڵاتەکانیاندا. یەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی ئەم ئەزموونەش دەرئەنجامی پەراوێز کردن و دووری گەنجانە لە ئاستی بڕیاردەرانەوە کە ساڵ بە دوای ساڵدا ئەم دووریە زیادی کردوەو گەیشتوتە پچڕان لە کاتێکدا کە گەنجانی ئەمڕۆ زۆر ئاسانتر و خێراتر زانیاریان بەدەست دێت لە هەر بوارێکدا کە بیانەوێت لە ڕێگا تازەکانی ئامڕازی ئینتەرنێت وەک گووگڵ وفه‌یسبووک و تویتەر و هەروەها مۆبایل وسەتەلایت کە دیسانەوە تەمەندارەکان دۆستایەتیان لەگەڵ ئەم ئامڕازانەدا بەگشتی کەمترە و لە ئەنجامی نەبوونی زانیاریە ڕاست و دروستەکان، بە ئاسانتر بڕوا بەو زانیاریانە دەکرێت بێ هەڵسەنگاندنی پلەی باوەڕپێکردن.
دەرئەنجام و نموونەی ئەم بەرەو لێکپچڕان ڕۆیشتنە وێنەیان زۆرە لە وڵات و کۆمەڵگاکانی جیهاندا و گەلێک توێژینەوەی لەسەر ئانجام دراوە لە ژێر پێناسەی کەتاسترۆف (Catastrophe) کە لێوەی بە زانستیانە ڕووداوەکانی وەک ڕاپەڕین و شۆڕش بەرپا بوون و مانگرتنی گرتووخانەکان لێکۆڵینەوە یان لەسەر ئەنجام دراوە بە هیوای کۆنترۆڵ کردنیان.
ئەو زەمینەیەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆ هەڵگیرساندنی ئاگرێکی لەم بابەتە لەوانەیە گەورەتر و ترسناک تر بێت ئەگەر بڵێین ئەو ڕێژە زۆرەی گەنجانمان زۆر زیادترن و دوورترن و زانیاری زۆرتریان لەبەردەستدایە و دابڕانیش بەدی دەکرێت لەگەڵ بڕیاردەران و بەئەنجام دەران. ئەمەش بێگومان زیاتر ئەزموونی هەرێمەکەمان دەخاتە مەترسییەوە بەوەی کە ئێمە نە نەخشەیەکی دیاریکراومان و نە دواڕۆژمان لە سەر نەخشەی ڕامیاری عێراق و لە ئاستی جیهان چەسپێنراون.
بەرەو کوێ؟
ئەو گۆڕانە بنەڕەتیەی لە بیرکردنەوەی وڵاتە زلهێزەکاندا ڕوویدا پاش ڕووداوی 9/11 ی دەساڵ لەمەوبەر تالیبان و سەددامی بەرخۆدا و لەم بەینەدا گەلێک جاران لە پێناوی پشتگیری و چەسپاندنی دێموکراسی لەجێی ستراتیژە کۆنەکەی کە بەرپایان دەکرد بۆ لەناوبردنی توندوتیژی بە پشتگیری دیکتاتۆرەکان، پێداچوونەوە و دووبارە نەخشە کێشانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان بەگوێدا دراوە. هەرچەندە ئەم ستراتیژە حکومەتەکانی دەوروبەری عێراقی گەلێک تووڕەکردو بووە یەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی دواکەوتنی سەقامگێری تێیدا و توندوتیژیەکانی هەزارەها ئەمەریکی وعێراقی گیانیان لە دەست دا، هیچ لەو ئەجێندایە کەم نەکراوەتەوە و کار لە سەر بەئەنجامدانی بەردەوامە. ڕووداوەکانی سۆدان و میسر و قەتەر و یەمەن بەشێکن لەو سیاسەتەو ڕووداوەکانی لیبیا پێداچوونەوەی هەمان ڕەچەتەیە کە بۆعێراق هێشتا لە بە ئەنجامداندایە و دوور نییە سوریا و چەند وڵاتێکی دیكەش لەسەر هەمان لیستە نەبن.
ئەمانە بەگشتی نامەیەکی گرنگیان تێدایە بۆ کوردستانیان و تاڵی یان شیرینیەکەی لە دەستی خۆماندایە.
• با بە گشتی کار لە سەر بەهێز کردن و چەسپاندنی حکومەتە پیرۆزەکەی هەرێمی کوردستان بکەین و چیتر سوکایەتی پێ نەکەین بە سەپاندنی ناوە ناتۆرەی «دەسەڵات» پێیدا؛
• با بگەڕێینەوە بۆ هاوکاری و قبووڵکردنی یەکتری و ژیانی هەرەوەزی و پێکەوەژیان: ئەوبنەمایانەی کە سەدان ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵگای کوردستانی دروست کردوە؛
• با ڕێگا نەدەین بەرژەوەندی تاک وحیزب و شار و تیرە و هۆز پێشبڕکێ بکەن لە گەڵ بەرژەوەندیە گشتیەکان و سەروەری خاک و نیشتیمان؛
• با سەروەری کۆمەڵگا بچەسپێنین و حکومەت خزمەتگوزار و تاجی سەری کوردستانیان بێت؛
• با پێکەوە بە دڵ کار لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان بکەین بۆ گەڕانەوەیان بۆ باوەشی دایکی خۆیان؛
• با هه‌ر تاک و لایه‌نێکمان به‌شێک بین له‌ چاره‌سه‌ر؛
• با مێژوو بکه‌ین به‌ دۆستی خۆمان؛
• با پێکەوە نه‌خشەی دواڕۆژمان بکێشین؛
• با «بۆ من نەبێت با نەبێت» لە فەرهەنگی کوردستانیاندا بسڕینەوە.
Top