چەمكی پارتی سیاسی و هەڵەكانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عیراق

چەمكی پارتی سیاسی و هەڵەكانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عیراق
پارتە سیاسییەكان دینگەیەكن بۆ سیستمی دیموكراتی و ئەو بناغەیەن كە لە ژێر ڕۆشناییاندا سیستمێكی سیاسی تەندروست بونیاد دەنرێتەوەو بە هۆیانەوە ڕای گشتی دروست دەبێت، بە هۆی پارتە سیاسیەكانەوە میكانیزمەكانی هەر یەك لە حكومەت و ئۆپۆزسیۆن دروستانە ئاڕاستە دەكرێنەوە، دیاردەی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ پارتەكانی حكومەتدا بەهاوسەنگانە لە بەرانبەر یەكتر ڕاوەستاونەتەوە، ئەمەش بۆ ژیانی گشتی و تێزە تیۆرییەكانی میكانیزمی پرۆسەی سیاسی لە لایەك و چەمكە گشتییەكانی دیموكراتی و پیادەكردنی بەتایبەت لە وڵاتانی پابەند بە سیستمی دێرینەی دیموكراتیی لەلایەكی ترەوە كارێكی سروشتییە، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی یاسای دەستووریی هەر وڵاتێكدا هەبوونی پارتەكان بۆ خۆیان تەفسیرێكی تیۆریی زانستانە لە خۆ دەگرن..
بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی و هەروەها بۆ زیاتر خستنەگەڕی چۆنیەتی ئەو هۆشیارییەی میكانیزمی دیموكراتییەت كە لە هەر وڵاتێكدا پیادە دەكرێت، پێویستە جەخت بكەینەوە لەسەر داڕشتنەوەی پێناسەی پارتە سیاسییەكان و جیاكردنەوەیان بۆ پارتەكانی دەسەڵات و پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن و سروشت و میكانیزمی كارەكانیان ڕوونتر بكەینەوە، لەگەڵ زانینی ئەوەی كە پێناسەی پارتی سیاسی لە ڕەگەزە هەرە بنچینەییەكانەوە دیاری بكرێت، كە خۆی لە ڕێكخستنی ئیدیۆلۆژیاو سروشتی ئامانجەكەیدا دەبینێتەوە بە گەیشتنە دەسەڵات یان كاریگەری بەسەر دەسەڵاتەوە..
ڕێكخستنی حزبیی، دامەزراوەیەكە بۆ ڕێكخستنی پێوەندییەكانی نێوان ئەندامان و دەزگاكانی حزب چ بە شاقووڵی بێت یان بە ئاسۆیی، ئەمەش لە (سەركردایەتی پارتەكەو رێكخراوەیی بوونی ئەندامەكانی و جەماوەری بوونی و چۆنیەتی سروشتی ئینتیماكردن بۆی) پێكدێت بە پێی لیستی ڕاسپاردەكان، پێوەندییەكانی نێوان ئەم سێ ئاستەی حزبە، كە ناسنامەو پێگەی سیاسی گشتی و كاریگەرێتی و توانای هەر پارتێك بۆ خۆی دەستنیشان دەكات، لێرەوە گرنگە لەسەر چەسپاندنی پێوەندی تەندروستانەی دیموكراتییەت بەو ئاستانەو شێوازی كاریان بە تایبەت لە ناو پارتە كاریگەرەكانی ئەمڕۆی عیراقدا هەڵوەستەیەك بكەین؟
بەڵام گەر تا ئێستاش پارتەكان درێژكراوەی زەمەنی كاری رێكخستنە نهێنییەكان بن، هەمان زەمەنی ئەو كاتانەی فەرمانەكان لەسەرەوە دادەچۆڕایە خوارەوەو هەر بەو شێوەیە لە هەموو بوارەكانی ژیانەوە كڕنووش بۆ میكانیزمی موقەدەسیەتی رابەر و باكگراوەندە ڕەهاكەی ببرێت، ئێستاش بە هەمان ڕیزبەندی شاقووڵیانەی پێشووەوە كە لەسەرەوە بەرەو خوار دروشمەكانی (بە خوێن. بە گیان ..فیداتین ئەی ڕابەر) بەردەوام بێت، بۆ رێكخستنە حزبییەكەش هیچ بناغەیەكی فیكری سیاسی نەبێت ئەندامانی خۆی لە دەور گرد بكاتەوە، یان ئایدیۆلۆژیاكەی هیچ بەهایەكی سیاسی و ئەخلاقی و باوەڕداری دیاریكراوی نەبێت، ئەم جۆرە ئایدیۆلۆژیانە كە باكگراوەندی وای نەبێت رەنگە بەبەهای سیاسی و ئەخلاقی و مەزهەبی بناسرێنەوەو تەنیا لەسەر بنەما گشتیەكانی ئاڕاستەكردنی بەرنامەی كار رێچكەكەیان دیاری بكرێن، لە پارتە عەقائیدیەكاندا بەها فكرییەكان ئەوپەڕگیرو وشكن، ئەم حاڵەتەشیان لێدەبێتە چەند بەهایەكی دۆگمای قەتیسدراو بۆ ئاڕاستەكردن و دواتر سیاسەتەكانی كاركردنی خۆیانی پێ دەستنیشان دەكەنەوە، چەند رووداوێكی مێژوویی رۆژانە بۆ قۆناغێك حوكمیان پێ دەكات، لێرەوە دەبینین كە هەندێك لە پارتەكان بۆ دروستكردنی خیتابی ئایینی هەڵپەیانە بەبێ ئەوەی لە راستە ڕێی ئاینیەوە نزیك ببنەوەـ هەر بۆیە یەكێك لە مەزهەبەكان بە تەواوی زاڵ دەكەن بەسەر ئەوانی ترداو لە خۆیاندا بەرجەستەی دەكەنەوە، هەوڵ دەدەن تەبەننای مافەكانی تیرەیەكی دیاریكراوی پێ بكەن و لەسەر حسابی تیرەو هۆزەكانی تر بیلەوەڕێنن، ئەمەش لە ژێر ناوی پابەندبوونێكی ئیرادەگەرانەی خواوەندایەتی و خزانە پاڵ رێبەڕێك یان حزبێك كە لە بری ئاسمان ئەو رابەرە یان ئەو حزبە لەسەر زەوی فەرمان دەربكات، ئەمە تەنیا گومڕاكردنێكی سیاسیانەی ڕووتەو مەبەست لە پشتیەوە دەستكەوتنی بەرژەوەندییە تایبەتیەكانە لە ڕێگای مەزهەبێكی ئاینیەوە، خەڵكیش بە گشتی رۆژانە لەناو موعاناتی بەردەوامدا بەبێ چارەسەر دەخولێنەوە ڕوونتربۆ تەواوكردنی كەرەستەكانی پێناسەی پارتێكی سیاسی لەدەوری بابەتی ئامانجی گەیشتن بەدەسەڵات دەسوڕێتەوە، بەو سیفەتەی ئەوە هۆكارێكی سەرەكیە لەناساندنی پارتی سیاسی، چونكە كۆمەڵێك ڕێگای دەستووری و هەڵبژاردن بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات هەن لەگەڵ ئەوانی تردا، هەروەها ڕێگای كودەتاو كاری گەندەڵیش هەیە، كە بەهۆیەوە دەست و پێ دەگیرێت بەدەسەڵاتەوەو قۆرغ دەكرێت بۆ بەرژەوەندی فەرمانڕەوایەتی كردن لە پێناوی حزبێكی تاقانەی دیاریكراودا.
سێ رەگەزی تایبەتمەند هەن كە پارتەكان دیاری دەكەن، لەوانە رێكخستن و فیكری سیاسی و ئامانجەكانە، دەكرێت حزب بەوشێوەیە پێناسە بكرێتەوە هەروەكو چۆن لەساتەوەختی دروستبوونیەوە كیانەكەی پێ دەناسرێتەوە، جار هەیە لەسەر بناغەو چوارچێوەی پەرلەمانی دەردەكەوێت، بۆ نزیكخستنەوەی فەلسەفەی هەڵبژێردراوەكان، هەر وجودێكی حزبی بۆ خۆی كۆبوونەوەیەكە بەدەوری ئامانجێكدا یا بەرژەوەندیەكی دیاریكراودا، لەوانەیە حزب لەدەرەوەی پەرلەمان دابمەزرێت، لە ئاكامی توانای چەند توێژێكەوە ئەم كارە بكرێت، وەك سەندیكای كرێكاران و هاوشێوەكانی، بەتایبەتی ئەگەر هەندێك لەو هێزانە بەنهێنی كار بكەن، یان بەچەند هاندەرێكی رادیكالیەوە یان كودەتاییەوە لەسنووری توندڕەوی دا یان رەنگە لەدەرەوەی پەرلەمان لەدایك بن و، وابەستەی جۆرێك لە ڕێگرتن بن، ڕۆڵی پارتە سیاسیەكان لە دەوڵەتی مۆدێرنەدا دەكرێت بەشێوازێكی ئاشتیانەی رێكخراو گوزارشتی لێبكرێت، ئەویش لە فرەییدا كاتێك پێكهاتەی كۆمەڵگا شێوازێكی بابەتیانەی لەسەر بنەمای كێبركێ بۆ دەدۆزرێتەوەو دەیخاتە ژێر ڕكێفی یاساوە، هەوڵیش دەدەرێت كە جیاوازیەكان بەتوندی بەریەك نەكەون، لەسەر شێوازی ئێستای پارتە عێراقیەكان، بەڵام واقیعی كردارەكی وامان پێ دەڵێت كە ژمارەیەك لەو پارتانە رەنگە بووبێتنە كەرەستەی پێكدادانی ناكۆكیەكان، هەروەها گەورە بوونی كێشەكان لە كۆمەڵگادا هۆكارێكی لەوانەوە بێت، كە بەهۆیەوە ململانێیەكان بەشێوازێكی ناتەندروستی توندڕەوانە هەڵئایساون، ئەمە جگە لە پەیڕەوكردنێكی سلبیانە كە لەبەرجەستەكردندا خۆی دەبینێتەوە لە بەستنەوەی ئەندامەكانی پەرلەمانیان و ملكەچكردنیان بەسیاسەتێكی توندی رابەرانیانەوەهەروەها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان، ئەوەش لە پێناوی مانەوەی بەرفراوانترین رووبەری نەزانین و جەهل لەناوەندی ئەندامان و لایەنگرانیاندا لەبری ئەوەی رۆشنگەرییان لەنێواندا بڵاوبكەنەوە یا رۆشنگەری سیاسی دیموكراتیان پێ بناسێنن، ئەم واقیعە ناتەندروستە لەگەڵ حەقیقەتی ئەو حزبانەدا ناگونجێت كە بە پێگەیشتوویی و هۆشیارانەوە مامەڵە لەگەڵ چەمكە راستەقینەكانی دیموكراتیەتدا دەكەن، بوونی حزبی سیاسی لەشوێنێكدا كە ئەركێكی مەدەنی دەگوزەرێنێت و هۆشیاری ئەكتیڤ دەكاتەوە هەروەها ڕای گشتی دروست دەكات و كادیرەكانی ئامادە دەكات بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ژیانی فیكری گشتی سیاسیش كارا دەكاتەوە، ئەویش بە راكێشانی جەماوەر بۆ ناو بازنەی بەرنامەكان و سازدانی دیالۆگ لەگەڵیاندا تا هەمووان بخرێنە ناو چوارچێوەی بابەتە گشتیەكانەوە، رەنگە ئەمڕۆ چەند هێزێكی نیشتمانی و دیموكراتی لەناو چەند حزبێكدا هەبن تواناسازی خۆیان وەگەڕ دابێت بۆ ئەم ئەركەو وێڕای گەمارۆدان و كەمی توانا مرۆییەكان لە دروستبوونی ڕای گشتی و یەكخستنی بیرو بۆچوونە پەرتبووەكان و گۆڕینیان لە تاكگەرایی بۆ دامودەزگایی كراو، كە ئەوەش تا ڕادەیەك هۆشمەندییەكی سیاسی هاوبەش بەئاڕاستەی بوونیاتنان دەخوڵقێنێت، وەدیهاتنی سەقامگیری سیاسی ئومێدبەخش لە ڕێگای پارتە سیاسیە دیموكراتیەكانەوە گوزارشتە لە دابەشبوونی كۆمەڵگای مۆدێرن بۆ چەند یاسایەكی هاوچەرخ نەك بۆ ئەو نەریتانەی كە ناتەندروستانە رابردوو زیندوو دەكەنەوە، چونكە رابردوو ناچێتە ژێر ركێڤی هیچ یاسایەكی مۆدێرنەوە بەڵكو رابردوو یاساكان بەقەد باڵای خۆی دەپێوێت. پێویستە بەقووڵی لە سروشت و ئەدای حزبە عێراقیەكان ورد بینەوە كە بەچ شێوازێك بیر لە رێكخراوە حزبیەكانیان دەكەنەوە چونكە هەندێك سیستەمی كێبركێی هەڵبژاردن و دەستاودەستكردن هەیە هەندێكیش لە چوارچێوەی حاڵەتی قۆرغكردندا لەسەر بنەمای بڕواو توندڕەوی ناكێبركێكار دروست دەبێت، لە حاڵەتی یەكەمیان سیستەمی دوو حزبی حكومەتی و ئۆپۆزسیۆن هەیە وەك لە بەریتانیا و ئەمەریكا بەدی دەكرێت، سیستەمی دوو حزبی یەكتر سڕینەوەی تێدا نییە، بەڵكو قورسایی هەردوو حزب بناغەیەكە بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە نێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن، ئەو قورساییەش هۆكارێكە بۆ سەقامگیربوونی دەسەڵات بەهۆی سەنگ و قورسایی هەردوو لاوە و یەكخستنی خیتابیان بە ڕێگایەكی بابەتیانە كە لەگەڵ ئەدای دیموكراتی بگونجێت، سیستەمێكی فرەیی حزبیش هەیە كە حزب بەتەنیا ناتوانێت حكومەت دابمەزرێنێت و ناشتوانێت ڕێگا لە هاوپەیمانی چەند حزبێك بگرێت لە پێناوی كاراكردنی هاوپەیمانێتی حكومەت لەبەرامبەر هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆندا، رەنگە ئەمجۆرە سیستەمەش ناسەقامگیری لێبكەوێتەوە، ئەوەمان لە بیر نەچێت كە حاڵەتیش هەیە بۆ سەروەربوونی تاك حزبی بەسەر باری گشتی وڵاتدا، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی رێكخراوی نهێنی و گرووپی ئۆپۆزسیۆنكار لەدەرەوەی پرۆسەی سیاسی بەتایبەت لەبەرامبەر ئەو حزبانەی كە حكومەت بۆ بەرژەوەندی موڵكایەتی خۆیان دەخەنە ژێر ڕكێفی سەركردەیەكی تاك و تەنیاوە، بەزەروورەت مەرج نییە رژێمی تاك حزبی لە كودەتاوە دروست بێت بەڵكو رەنگە بەهۆی هەڵبژاردنێكی ناڕێكەوە یان بەهۆی زەمین لەرزەیەكی سیاسی سامناكەوە دروست بێت وەك دروستبوونی جەنگی دەرەكی لە ناكاو كە حزب وا لێدەكات دەزگاكانی دەوڵەت بخاتە ژێر ركێفی رەهای سەركردایەتی خۆیەوەو كۆمەڵگاش بۆ بڕوای سیاسی خۆی ملكەچ پێ بكات. گەر تەماشا بكەین بارودۆخی عێراق نزیكە لەوەی كە حزبە ئیسلامیە سیاسیەكان مەیلدارن بۆ ملكەچ پێكردنی كۆمەڵگاو سەرقاڵكردنیان بە هەندێك تێزی سرووت ئامێزی دوور لە پرۆژەی بوونیاتنانی چاوەڕوانكراوەوە كە خۆی لە خزمەتگوزاری هاووڵاتیان و باشكردنی ژێرخانی ئابووری دەبینێتەوە، ئەو ژێرخانەی لەزەمانی ئەو جەنگانەی كە خەمەكانی هاووڵاتیانیان زیادكردبوو داڕماوەو ئێستاش بەهۆی فەرمانڕەوایی تاكجەمسەرانەی پارتەكانەوە ئومێدی بونیادنانەوەی لێ ناكرێت، لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا وەك وڵاتی عێراق ناڕێكییەك هەیە لە وەبەرهێنانی سامانی نیشتمانی و ئاستی داهاتی تاكەكەسی بەردەوام دادەبەزێت و هەژارێتی سەروەر دەبێت لە خوار هێڵی هەژارییەوەو خورافەت بڵاودەبێتەوەو میكانیزمی ئەفسانگەرا باڵ دەكێشێت بەسەر لۆژیك و كەلتووری دواكەوتن و پاشكۆیایەتی، بڕوا ڕەها سرووت سازەكان كە بەساختەوە پەیامی ئایینی بەرز دەكەنەوە، بە ناو خەڵكیدا بڵاودەبنەوە، لەبارودۆخێكی وادا حزب دێت ئەم حاڵەتانە قۆرغ دەكات و توندڕەوی خێڵەكی ناو دارستان بۆ بەرژەوەندی خۆیی و سەركردایەتیەكەی دەوروژێنێت، كۆمەڵگا دەكەونە ناوملاملانێیەكی بێكۆتایی بێ چارەسەرەوە، سەركردایەتی حزبەكانیش بە پێی بەرژەوەندی تایبەتیان دەكەونە راكێش راكێش و تەنیا قوربانیش لێرەداجەماوەرو ئەندامانی خوارەوەی حزبەكان دەبێت، لە دیالۆگە گشتیە نیشتمانیەكاندا دەنگی تاكڕەوی فەرز دەكرێت بەسەر فرەییدا ئەوەش لەسەر حسابی نوێنەرایەتی پێكهاتەكانی كۆمەڵگا .
لێرەدا بە نموونە كۆنگرەی نیشتمانی كە نیاز وایە لەنێوان هێزە سیاسیەكان ببەسترێت لایەنەكانی پەرلەمانیش لەسەر مێزێكی بازنەیی دابنیشن، بەشێوازێك كەدیالۆگەكان ناهاوسەنگی لەنێوان هێزەكان دروست نەكەن، حزبی فەرمانڕەواش كە جڵەوی دەسەڵاتی ئیتحادی لەدەستە شتێكی وا نەكات ئەوانی تر وەك كومبارس لە پرۆسەی سیاسی دا حساب بكات،كەواتە تێكچوونی باری ئابووری و سەروەربوونی بەهای خێڵگەرایی و سرووت ئامێزی و فەلسەفەی تیرەگەریی سیاسی و دروستبوونی ململانێیەك كە كلكایەتی و پاشكۆیایەتی بۆ سەركردایەتیەكان دەیورژێنێت ئەمانە هەموویان وا لە حزبەكان دەكەن فەلسەفەی رەتكردنەوەی ئەوانی ترو لەناوبردنی ئەوانی تر بەرز بكەنەوە، هێزەكانی حكومەتیش بەرەو سەركوتكردنی ئەوانی تر بخەنە گەڕ، وەك ئۆپۆزسیۆنێك لێیان بڕوانن، نەك وەك هاوبەشێك ئەوەش لەبەرامبەردا سیاسەتێكی كودەتایی لای هێزی ئۆپۆزسیۆن دروست دەكات بە شێوەیەك دژایەتی فەرمانەكانی ناڕەوای هێزەكانی تر بكات و دواتر ململانێ دەبێتە ململانێیەكی كەینوونەیی و هەر جەمسەرێك لە خیتابەكانی دا جەمسەری بەرامبەر رەت دەكەنەوەو هەموو هەوڵێك دەدات بۆ دوورخستنەوەی لە پرۆسەی سیاسی، بەمشێوەیە هیچ لایەنێك بۆ ئەدای هەڵبژاردن ئینتما ناكەن میكانیزمەكانی دیموكراتیەتیش پێشێل دەكەن، سیاسەتی رەتكردنەوەی بەرامبەر بوونێكی سەركوت ئامێز دروست دەكات كە كەشوهەوای پاشكۆیایەتی لێ پێكدێت نەك كەشوهەوای نیشتمانی، گۆڕەپانێكی زۆریش بۆ هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی فراوان دەبێت كە تێیدا قەیرانەكان لەسەر یەك كەڵەكە ببن. ئەمە هەمووی ئەو حزبانە دەخاتە ناو گرفتێكی كەینونەیی پێكەوە نەژیان و فرەجەمسەری ئیتنی و ئاینیەوەو لەژێر رۆشنایی بەرزو نزمی فیكری لەنێوان فەلسەفەكاندا هەروەها لەنێوان بەرژەوەندییە ئینتیهازیەكاندا بارەكە لەناو بچێت. ئەمجۆرە پارتی كودەتاچی بەمیرات دەخەنەوە دەسەڵاتیش قۆرغ دەكەن و سەركەوتنی هەڵبژاردنیش وەك بەیعەیەكی ئەبەدی لەسەر ڕێگای خەلافەت پێك دێنن، ئەمەش بڵاو دەكەنەوە كە فەلسەفەی دەسەڵاتی گشتی گوزارشتە لەسەر سەپاندنی ئیرادەی خواوەند لەسەر زەویدا. ئەمە یەكەمین ڕێگایە بۆ هەژموونێكی ڕەها بەسەر هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و خستنەكاری دادوەرییەكی لاواز لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەدا كە واقیعی جیهانی سێیەم دروستی دەكات، بەنموونەش واقیعی عێراق، لێرەوە حاڵەتی موسادەرەی رۆڵی چاودێریكردن لەسەر حكومەت و حزبەكانی دروست دەبێت، حوكمی تاكڕەویی باڵادەست دەبێت، كە لەسەروو پەرلەمانەوە باڵا دەستێتی خۆی فەرز دەكات و بەو شێوەیە رۆڵی ئۆپۆزسیۆن رەت دەكاتەوە یان بەشێوازێكی رەمزی قبووڵیان دەكات، تەنیا بۆ پشتگیریكردنی مانەوەی حزبێكی باڵادەست لەدەسەڵات دا، ئیتر لێرەوە هیچ هاوسەنگیەكی بابەتی لەنێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن نامێنێتەوە، تەنانەت لەسەر شێوازی زۆرینە بەرامبەر كەمینە شتێك بوونی نامێنێتەوە، بەڵكو حوكمێكی ڕەها بەفەرمانێكی ئیلاهی ڕەهاوە قۆرخ دەكرێت بۆ لایەنێك و هەموو هەلومەرجە بابەتیەكانی ئەدای پەرلەمانی و میكانیزمەكانی كاری دیموكراتی لەبار دەبات، هەژموونی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەسەر دەسەڵاتەوەو لاوازبوونی رۆڵی پەرلەمان بەدەوری خۆی، رۆڵی حزبەكان و رۆڵی پەرلەمانیش رەت دەكاتەوە و دەیانكاتە پاشكۆیەكی خنكاوی پاشكەوتەی خۆی، بەڵكو وەك پارچەیەك مەكرەمەی میزاجییانە كورسیەكانی پەرلەمان بەم و بەو دەدرێت، دەتوانین لە ژێر تیشكی ئەم خوێندنەوەیەدا ئاماژە بە رووداوەكانی ئەم دواییەی بەغدا و حكومەتی ناوەندی بكەین كە لەسەر بناغەی هەڵەو پەڵەی تاكگەرایی ئەندامانی حزبی سەر بە حكومەت نەبووە بەڵكو بەپێی فەلسەفەی ((ئێمە وەرمانگرت و چیتر نایدەین بەكەس)) دەڕوات بەڕێوە. وەك چۆن لە وتەیەكی سەرۆك وەزیراندا كە وەك سەركردەیەكی حزب مومارەسەی رۆڵی خۆی دەكات لە شێوازی حزبی دەسەڵاتی سەركردەدایەو بەپێی ئەو فەلسەفەیەی كە خۆیان دەیڵێن ((بوونی ئێمە لە دەسەڵاتدا هەر دەمێنێتەوە وەك نوێنەرایەتییەك بۆ ئیرادەیەكی ئیلاهی)) ئەمە وتەیەش لەسەر زاری كەسی دووەمی ناو حزبی سەرۆك وەزیران هاتووە، هەموو پێشهاتەكان ئاماژە دەدەن بەوەی مومارەسەی رەفتارەكانی حزبێكی كودەتاچی كە بۆ چەندین سەدە حكومی وڵاتی دەكردو دەزگاكانی دەوڵەتی دەخستە ژێر ركێفی ئیرادەی حزبی سەركردەوەو حكومەتیشی لەبەرژەوەندی حزبدا كۆیلە كردبوو، دووبارە دەبنەوە، لەلایەكی ترەوە ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەماندا یان لەدەرەوەیدا هەڵە دەكات گەربێت و سواری شەپۆلێكی سلبی بێت یان گەر بێتو ملكەچ بوونی بۆ یاساو میكانیزمی كاری ئاشتەوایی بونیادنەر رەتبكاتەوە، بەڵكو پێویستە رۆڵی ئۆپۆزسیۆن جەختكردنەوە بێت لەسەر رەخنەگرتنی بە بەرنامە داڕێژراو، هەروەها لەسەر راكێشانی رای گشتی لە بەرژەوەندی چارەسەركردنی گرفتەكاندا كە ئێستا بەكردارەكی تێبینی دەكەین هەندێك لە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن كەوتوونەتە خۆنیشاندان و مانگرتن بەرێگەیەكی ناهەموارو دوور لە مانگرتنی مەدەنییانە كە هەندێكجار ئەم رەفتارەیان دەخزێتە خانەی تێكدان و لەناوبردنی دەستكەوتەكان و لەباربردنی سیاسەت بەگشتی، هەروەكو چۆن هێزە حزبییەكانی سەر بە حكومەت هەمان دەسەڵاتی گشتگیری خۆیان توندتر دەكەن، چونكە هێزە حزبییەكانی ناو دەسەڵات، حكومەت وەك دەسكەوتێك دەبینن كە بەمافی خۆیانی دەزانن دەسبەرداری نەبن و، لای خۆیان بیهڵێنەوە نەك دەستاودەستپێكردنی دیموكراتییانەی پێبكەن لە رێگەی هەڵبژاردن و جێبەجێكردنی بەرنامە بۆ قۆناغێك كە گەل خۆی حكومی خۆی تێدا بكات، بەڵكو هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە وەك تۆڵەیەك قۆرخی دەسەڵات بكەن لەبەرامبەر حزبەكانی تردا، ((یان ئەم یان ئەوان)) لە وجودا بمێننەوە، لێرەوە هەست بە سامناكییەكی قووڵ دەكرێت، لە كاروانی پرۆسەی سیاسی عێراقدا، بەردەوام بوونی ئەم شێوازی كاركردنە بە لۆژیكی بەیعەی هەتا هەتایی هەروەها بە لۆژیكی لەباربردنی ئەویتر یان بە لۆژیكی نوێنەرایەتی كردن لەلایەن ئیرادەیەكی ئیلاهییەوە، لەبری نوێنەرایەتیكردنی گەل بە رێگەپێدانی هەڵبژاردن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو و بەپێی هەلومەرجێك كە لە دنیای دیموكراتیدا پێڕەودەكرێت، نەك بەپێی پێوەرێكی فەلسەفی سیاسی كە كۆمەڵگە دەخاتە ژێر جڵەوی لۆژیكێكی ئایدیۆلۆژی تاكلایەنەی عەقایدییەوە، ئەمە بۆ دواجار فەرمانێك نییە بۆ لە سێدارەدانی دیموكراتییەت و میكانیزمەكانی، بێگومان گەلی عێراق بە هەموو چین و توێژەكانییەوە پێویستە هەوڵ بدەن بۆ دامەزراندنی عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵی.
ئەلتەرناتیڤ لە پێگەیشتووترین حاڵەتیدا لەنێوان جەمسەرەكانی پرۆسەی سیاسیدا بەشێوەیەك دەبێت كە رێز لە یەكتر بگرن، نەك یەكتر رەتبكەنەوە، پێوەندی بونیادگەریانەی نێوان هێزە حزبییەكان كاتێك وەدی دێت كە رەخنەی بونیادنەر بەكاربێنن، نەك رەخنە بۆ سڕینەوەی یەكتر هەرهێزێكی حزبی بەرنامەو چارەسەرو رێگەچارەی كێشەكان بە دیالۆگی بابەتیانەی ئارام و لەسەرخۆ تەبەنا بكات تاكو بگاتە ئاكامێكی جیدی كاریگەرو كارا لە سەرزەمینەی واقیعدا، ئەمەش بۆ ئەوەی خزمەت بەكاروانی بونیادنانی نیشتمان و مرۆڤ بكات.
لەگەڵ كاری حكومەتدا لەسەر بناغەی بەرنامەدانانێكی هاوبەشی و رێككەوتن لەلایەك و هەروەها لەسەر بناغەی رێزدانان بۆ بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنگەراو دیموكراتییەكان كە ئەمڕۆ بەشێوازێكی ئاشتەوایی یاسایی لە دەرەوەی گومبەتی پەرلەمان كار دەكەن و هەروەها لەسەر بناغەی راكێشانی كەسایەتی و لایەنی تازە بۆ پرۆسەی سیاسی تاكو دەرگا نەكرێتەوە بۆ میلشیا تاوانبارەكان كە بە تاوانكارییەوە لەبەرفراوانترین دەرگاكانی وڵاتەوە خۆیان بكەن بە ژووردا، رێگەگرتن لەوانە بەسەروەرییەتی یاسایی دەبێت، لەكاری دامودەزگایی كراودا، هەروەها بە باڵادەستی دەسەڵاتی یاسا دەبێت، بەدانانی میكانیزمێك دەبێت بۆ كاری ئاشتەوایی و دیموكراتی پێگەشتوو، كە لەگەڵ بارودۆخی عێراقدا دروست و گونجاو بێت، دیالۆگ لەم دەروازەیەوە تەنیا رێگەیەكە بۆ گەیشتن بە دۆزینەوەی هەڵەكان و موحاسەبەكردنی ئەوانەی كەلەسەر هەڵە فێربوون، كاری سیاسی بكەن، هەروەها راستكردنەوەی شێوازەكانی كاری دیموكراسی تاكو رێچكەی دروستی خۆی وەربگرێت، بەڵام خیتابی رادیكالانەی پەرگیر تەنیا ململانێ و ئاژاوە و قۆرخكردنی دەرفەت زیاد دەكات.
ئەوەش بۆ ونكردنی جەماوەرو ئەندامانی حزبەكانە نەك بۆ دەسەبەركردنی بەرژەوەندیەكانیان ئەوەی ئەمڕۆ بەفیعلی رووی داوە بەهۆی سیاسەتی ڕاوكردن لە ئاوی لێڵدا یان بە هۆی سیاسەتی جڵەو گیركردن لە چوارچێوەی كاری حكومەت دا، حزبی سەرۆك وەزیران و سەركردایەتیەكەی بەنموونە رەفتارێكی تاكڕەوییانەیان لەسەر بناغەی ئەوە ئەنجام داوە كە حزبی حكومەت رەهاییانە پاڵ بەوانی ترەوە دەنێت كە شەراكەتێكی حكومی دابنرێت بەپێی ڕێكەوتنی ناسراوی رێكەوتنامەی هەولێر، هەموو هەوڵی ئەوەیە بەرانبەرەكەی بەئۆپۆزسیۆنی رادیكالی بناسرێت و هەروەها گلەیی لە هاوبەشەكانی خۆی دەكات كە گوایە رێگایان لێگرتووە ئەو كارانە ئەنجام بدات كە تاكڕەوانەن و لەدەرەوەی رێككەوتنەكەو دەستوورەكەی وڵاتن، جیدییەتی چاوەڕوانكراو لە جەمسەرەكانی هاوبەشیكردنی حكومەت دا لەوەدایە كە بگەڕێنەوە بۆ رێكەوتنەكان هەروەها موناوەرە نەكەن بە تێكەڵ كردنی كاغەزەكان، بچنەوە سەر ئەو كاغەزانەی كەلەسەری ئیمزایان كردووە، گرێ گوێرەكە لەوەدا نییە كاغەزی كارو رێكەوتنی تازە دووبارە بكرێنەوە، بەڵكو لە ونكردنی ئیرادەیەكی كاری هاوبەشدایە بەپێی ئەو هەنگاوانەی كە بڕیاری لەسەر دراوەو خراوەتە بەردەم ئەركی جێبەجێكردنەوە ت?
Top