كوردستان: ئەو دراوسێ باشەی كەس پێشبینی نەكرد

كوردستان: ئەو دراوسێ باشەی كەس پێشبینی نەكرد
لە ناوەندە ئەكادیمیەكان، لە نێو حكومەت و ڕاگەیاندنەكاندا ئەوانەی بەرهەڵستی و دژایەتی مافی بڕیاردانی چارەنووسیان بۆ كورد دەكرد، هەمیشە هەمان پاساو و بیانوویان دەهێنایەوە: سەربەخۆیی لە بەشێكی كوردستاندا، یاخود دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، مایەی ناسەقامگیری دەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم كەسانە ڕایانگەیاند ئەگەر كوردەكانی عێراق خۆیان كاروباری خۆیان بەڕێوبرد ئەوا لە عێراق جیادەبنەوەو دەست دەدەنە سیاسەتی دەستێوەردان لە كاروباری دەوڵەتە دراوسێكان. بە پێی ئەم لێكدانەوەیە، هەوڵی كوردەكان بۆ گەڕاندنەوەی بەشەكانی دیكەی كوردستان بۆ ژێر ڕكێفی خۆیان، سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكاتە قوربانی خەونی هێنانەدی كوردستانی گەورە.
لە یادمە كەماوەیەكی كەم پێش ئێستا بەشداریم لە گفتوگۆیەك كرد لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، یەكێك لە هاوەڵە ئەكادیمیەكانم، كە لەم بوارەدا بەناوبانگەو زۆر لە من شوهرەتی زیاترە، بەردەوام ئەم ڕەخنە توندانەو ئەم هێڕش و هۆشداریانەی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكرد. ئەگەرچی ئەو تیمی مەرگانەی گرێدەدرانەوە بە موقتەدا ئەل سەدرەوە، سوننەو سەربازە عێراقیەكانیان لە باشوور دەكوشت، بە پێی بۆچوونی ئەوان ئەمە تەنیا هەڵەتێگەیشتنێك بوو لە نێوان ناسیونالیستە عێراقیەكانداو ئەو گرووپە عەرەبە سوننانەش كە بۆمبیان لە سەر ڕێگاكان دەچاند بە یاخیبووی دژی داگیركاری وەسفكران. بە پێی تێڕوانینی ئەوان، كوردەكان هەڕەشەی ڕاستەقینە بوون لەسەر عێراق و ناوچەكە، ئەویش بەهۆی سەقفی بەرزی داواكاریەكانیان و ڕەفتارە مەترسیدارو ناسەقامگیركارەكانیانەوە.
هەرچۆنێك بێت، ئەگەر ئێمە لە تۆماری چەند ساڵی ڕابردوو بڕوانین، ئەوا لە ڕاستیدا واقیع وێنەیەكی زۆر جیاوازتر دەخاتەڕوو. پێكهێنان و مانەوەی یەكە بە یەكەی حكومەتەكانی بەغدا لە دوای سەددام حوسێنەوە بەهۆی كوردەكانەوە بووە. هێزی پێشمەرگە لەسەر داوای ئەمەریكیەكان و حكومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕی بۆ ڕەوانەكردنی چەند بەتالیۆنێك بۆ ئەنبارو بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئارامی، كە لەو پێناوەدا ژیانی چەندین پێشمەرگەی گەنجیان كردە قوربانی. لە نێو كارو پۆستەكانی دیكەدا، كوردەكان وەك سەرۆك كۆمار، وەزیری دەرەوەو سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپا خزمەتیان بە عێراق كردووە، بە هەموو پێوەرێكیش ئەم كارو ئەركانەشیان بە شێوەیەك ئەدا كردووە كە شایستەی ئەوەن لە لایەن هەموو عێراقیەكانەوە ستایش بكرێن و ئەوان خزمەتیان بە بەرژەوەندیەكانی وڵاتەكە كرد. هەر لە ساڵی 2003ەوە كوردەكان نەرمییان لەسەر چەندەها پرس و مەسەلە نواندوە، لە نێویاندا سازشكردنی ئەم دواییەیان لەبارەی ژمارەی كورسیەكانیانەوە لە پەرلەمانی بەغدا. لە كاتێكدا من ئەم وتارە دەنووسم، سەركردەكانی كورد هەوڵی ناوبژیوان و یەكاڵاكردنەوەی ئەو ناكۆكیە مەترسیدارە دەدەن كە لە نێوان سەركردە سیاسیەكانی شیعە و سوننەكاندا سەری هەڵداوە.
كاتێك دێینەسەر ئەو پرس و مەسەلانەی عێراق كە زۆرترین مشتومڕ هەڵدەگرن، ئەوا هەرێمی كوردستانە كە هەمیشە تەفزیڵی هێنانەدی بەرژەوەندییەكانی لە چوارچێوەی سیستمە سیاسیە شەرعی و بە دامەزراوەییكراوەكەی عێراقدا دەكات. لەبری ئەوەی لە ڕێی هێزەوە كەركوك و ئەو خاكانەی زۆربەی دانیشتووانەكەیان كوردە لە باكوور بكەنە بەشێك لە هەرێمەكەیان، سەركردە كوردەكان گفتوگۆ و ڕێككەوتن دەكەن و بەڵێن بەدەست دەهێنن لە لایەنە عێراقیەكانی دیكە بۆ ئەوەی كێشەو نیگەرانیەكانیان بەشێوەیەكی یاسایی و دادپەروەرانە یەكلابكەنەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە پرسی نەوتەوە، ئەوا هەر لە سەرەتاوە كوردەكان ئەوەیان قبوڵكردووە كە دەبێت داهاتی نەوت بەسەر تێكڕای عێراقیەكانداو بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان دابەش بكرێت. لە كاتێكدا مشتومڕ دەكەن لەگەڵ دەسەڵاتەكانی بەغدا لەبارەی مافی ئیمزاكردنی گرێبەستەكانی پەیوەست بە دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوتەوە لە هەرێمەكەیاندا، ئەوا پێدەچێت دەستوری 2005 ئەم مافەیان بداتێ-دووبارە ناكۆكیەكە پەیوەستە بە كێشەیەكی یاساییەوە لەبارەی تەفسیركردنی دەستووری عێراقەوە نەك بە گەمەی دەسەڵاتەوە.
ئەی چی سەبارەت بە پێوەندییەكانیان لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكاندا، بە تایبەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەشێكی بەرچاوی كوردەكانیان تێدا دەژی؟ ڕاستە كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بنكەیان لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستاندا هەیە، كە هەریەكەیان لە كوردستانی عێراقەوە ئۆپەراسیۆنەكانیان دژی توركیا و ئێران ئەنجام دەدەن. هەرچەندە، بنكەكانیان لە ناوچە شاخاوییە دژوارو سەختەكاندا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمە خۆبەڕێوبەرەكەی كوردستاندایە، كە كەوتونەتە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەو ناوچانە تەنانەت لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقدابوون لەسەردەمی سەددام حوسێن، یاخود حكومەتەكانی پێشووتردا. ئەمە باشترین ناوچەی جوگرافیە بۆ گەریلاكان، بە كورتی ناوچەیەكی پڕ لە ئەشكەوت، دارستان، دۆڵی سەخت و بەرتەسك و شاخە بڵندە سەخت و عاسیەكانە. هەرچەندە دەكرا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشمەرگەی ڕەوانەبكردایەو لە چەكدارەكانی پەكەكە و پژاكی پاك بكردایەتەوە، بەڵام هەولێر نیگەرانی ئەمنی دیكەی هەیە كە سەرچاوەكانی بۆ چارەسەركردنیان تەرخان بكات. ئەویش ڕەوانەكردنی پێشمەرگە بۆ شەڕكردن لەگەڵ كورددا سەلمێنراوە كە سیاسەتێكی زۆر ناجەماوەرییە لە نێو خەڵكی كوردستاندا، سەركردە كوردەكانی عێراق، بە چەشنی هەموو سەركردەیەكی دیكە، دەبێت بەلای كەمەوە بە ئەندازەیەكی دیاریكراو ڕای گشتی لەبەرچاوبگرێت.
ئەوەی سەركردەكانی هەرێمی كوردستان كردویانە، لە سنوورداركردنی ئازادی پەكەكە و پژاك لە هەرێمی كوردستاندا. لەوە گرنگتر، سەركردەكانی هەرێمی كوردستان چالاكانە هاوكاری حكومەتەكانی توركیا و ئێرانیان كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەم گرووپانەدا. بەم دواییە، شاندێكی پایەبەرزی سەركردەكانی هەرێم توانییان ڕێككەوتن لە نێوان ئێران و پژاكدا بهێننەدی و هەردوولا ئاگربەست ڕابگەیەنن و كۆتایی بە هاوینی خوێناوی 2011ی سنوورەكانی كوردستان و ئێران بهێنن. گرووپە كوردییە بەرهەڵستكارەكانی دیكەی ئێران- پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەو ئەو لایەنانەی لەم پارتە جیابوونەتەوە-بوونیان هەیە لە كوردستاندا بەو مەرجەی هێڕشی چەكداری نەكەنەسەر ئێران. پێم وایە ئەم سیاسەتە كوردستان دەكاتە دراوسێیەكی باشتر بۆ ئێران بە بەراورد بە دراوسێیەتی ئێران بۆ عێراق.
لەبری جۆشدانی كوردەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی، سەركردە كوردەكان وەك كەناڵی پێوەندی لە نێوان حكومەتی توركیاو پەكەكەدا ڕەفتار دەكەن، بە ئومێدی كۆتایی هێنان بە ناكۆكی چەكداری نێوانیان. هەرچەندە كوردەكانی عێراق ناتوانن كێشەكانی توركیا چارەسەر بكەن، بەڵام هاوكاربوونەو بە دڵنیاییەوە سیاسەتی ئاڵۆزكردنی گرژیەكانی ناو توركیایان پیادە نەكردووە. لە هەمان كاتدا، كارو وەبەرهێنانی توركیا لە كوردستانی عێراقدا لە گەشەكردندایە، كە ئەمەش بە قازانجی هەمولایەكە. كێ دە ساڵ پێش ئێستا بیری لەوە دەكردەوە توركیا كونسوڵگەری هەبێت لە هەولێر، یاخود سەرۆك وەزیرانی و وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی هەولێر بكەن؟
لە پێوەندیدا بە سوریاوە، توركیا دەستێوەردانی كردووەو توندتر قسەی كردووە لە دژی رژێمەكەی بەشار ئەسەد وەك لە هەرێمی كوردستان. هەموو ئەوەی سەركردەكانی هەرێمی كوردستان بەم دواییە كردویانە بریتی بووە لە ڕێگەدان بە سازدانی كۆنفرانسێك بۆ گرووپە كوردییە بەرهەڵستەكانی سوریا لە هەولێر. هەرچەندە بایەخێكی زۆر بە چارەنووسی كوردەكانی سوریا دەدەن(بە هەمان شێوەی بایەخدانیان بە كوردەكانی توركیا و ئێران)، سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو لایەك بە حەزەرترو نەرمتر قسە لەبارەی سوریاوە دەكەن. سەرەڕای ئەوەی پشتیوانیەكی جەماوەری هەیە بۆ ئەم كێشەیە، بەڵام بەردەوامن لە دوورپەرێزی و خۆدوورخستنەوە لە دەستێوەردانێكی گەورە لە گرفتەكانی سوریا.
بە كورتی، پێدەچێت كوردستانی عێراق زیاترو زیاتر لەو درواسێ باشە دەچێت كە كەس پێشبینی نەكرد.


* ئوستادی سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی میزوری
Top