پەیامی پێغەمبەران،بۆ گۆڕینی ناخ و گۆڕانكاریی ئاشتیخوازانەیە

پەیامی پێغەمبەران،بۆ گۆڕینی ناخ و گۆڕانكاریی ئاشتیخوازانەیە
پەیامی گشت پێغەمبەران لەخاڵێكی سەرەكیدا یەكدەگرنەوە كە گۆڕینی ناخی مرۆڤەكان و ئەنجامدانی گۆڕانكاریی ئاشتیخوازانەیە لەنێو كۆمەڵگەدا، بەمەبەستی بڵندكردنی مرۆڤەكان بۆ شوێنی شایان بە مرۆڤایەتیی. بۆیە كە (ئیبراهیم)هات بتەكانی شكاندو، فێری كردین كە ئیدی نەوەستین لە حزوری ئەو شتانەی، ئەو بیردۆزانەی، ئەو میكانیزمانەی كە بەدەستی خۆمان بۆ ساڵێك دایدەهێنین، كەچی دواتر سەد ساڵ گیرۆدە دەبین بە دەستیانەوە.

(ئیبراهیم) سەلامی خوای لەسەر پێی گوتین كە وابەستەی قاڵبە ئامادەكراوەكانی پێش سەدان ساڵ نەبین، ئەو فێری كردین كە هەر شتێك، هەر بیرۆكەیەك نە سوودی هەبێت و نە زیان، ئیدی ئەوە بتێكە لە بتەكان، جا لە سیاسەتدا بێت یان ئابووری یان پەروەردەو فێركردن.
كە (موسا)هات سەلامی خوای لەسەر، داوای لێكردین چاوەكانمان تیژتر بڕوانن و، نەكەونە داوی ئەو ساحیرو جادوگەرانەی كە سیحر لە چاوەكانمان دەكەن و، ڕەشمان بە سپی پێ نیشان دەدەن و، گوریس و دارمان بەمار بۆ وێنا دەكەن. ئەو پێمان دەڵێت: ئەوە گوریسە ڕزیوەكانی ساحیرانەو، ئەوەش دارە ساختەكانی جادوكەرانە، ئەوانە كاریان لە چاوی ئێوە كردووەو، ئەوەی دەیبینن خەیاڵە نەك ڕاستیەكان.
ئەو پێی گوتین كە ساحیرو دەجالەكانی دژ بەمرۆڤایەتیی ئاگرمان بە ئاو بۆ وێنا دەكەن و، دەیانەوێت وەك ئەوان بە تەنیا چاوێك لە شتەكان بڕوانین.
كە (عیسا)سەلامی خوای لەسەر، هات، بەدەستی پیرۆزی نەخۆشەكانی چاك دەكردەوەو، شیفای لەخوا بۆ داوا دەكردن.
(عیسا)سەلامی خوای لەسەر، مردووەكانی بە فرمانی خودا زیندوو دەكردەوە.
ئەو لە بێشكەدا قسەی كردو، ئەو خوانێكی بۆ خەڵكی دابەزاند بە فرمانی خودا.
پەیامی (عیسا) سەلامی خوای لەسەر، فێرمان دەكات كە نەخۆشە زۆرو بێ كەسەكانی سەردەم مافی ئەوەیان هەیە ژیانێكی باش و جەستەیەكی ساغیان هەبێت، زۆرێك لە مرۆڤە بەلاشە زیندوو بە ڕۆح و ویژدان مردوو پێویستییان بە زیندووكردنەوە هەیە.
لەو ئەوە فێربووین كە مرۆڤایەتی پیر لە بیرو فكرو كردەوەدا پێویستییان بە كەسێكی نوێیە، نەوەیەكی نوێیە، نەوەیەك لە بێشكەدایە بەڵام قسەی پێیە بۆ گەورە چەق بەستووەكان، لە ئەو فێر بووین كە لە دەرەوەی خوانێكدا ئەوەڵ و ئاخیرمان كۆبینەوەو كۆبونەوەمان بكەینە جەژنی تەبایی و بەیەك گەیشتن و لەیەك گەیشتن و پردی پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكان.
كە (موحەمەد)دروودی خوای لەسەر، هات، پێ ڕاگەیاندین كە ئەو دوا پەیامبەرەو ئیدی لە دوای ئەو پەیامبەرێكی دی نایەت، بەمەش فێری كردین كە ئیدی مرۆڤایەتی پێگەیشتتوەو پێویستی بە پەیامەكەی ئەوەو، پەیامەكەی ئەویش كۆكەرەوەو تەواوكاری پەیامەكانی پێش خۆیەتی و، پەیامەكەی بەفرمانی (بخوێنە)دەستی پێكردو، بەمەش پەیامی ئەو پەیامی خوێندن و خوێندنەوەیە، پەیامی پیرۆز كردنی زانست و پێنووسە.
ئەو درودی خوای لەسەر، بتەكانی بۆ تا هەتایە شكاندو، بە نووری ئیمان سیحرو جادووی چاو بەستنی پوچەڵ كردووەو، ژیانێكی كردە گیانی مرۆڤایەتی و، گیانێكی نوێشی بەخشییە ژیانی ئادەمیزادو، فێری كردین بەناوی خودا بخوێنین و، ڕێز لە پێنووس بگرین، لە بێشكەوە تا مردن بەدوای زانست و مەعریفەدا بین.
Top