تێنەگەیشتن لەبنەماو مەفاهیمەكانی ئیسلام پێكەوەژیانی ئایینی و ئاینزاكان دەشێوێنێت

تێنەگەیشتن لەبنەماو مەفاهیمەكانی ئیسلام پێكەوەژیانی ئایینی و ئاینزاكان دەشێوێنێت
لێبوردەیی واتە قبوڵكردنی كەسی بەرانبەر، ئەگەر بە شێوە گشتییەكەی وەری بگرین لە هەر كاتێك هەڵە یا كێشەیەك هەبێت ئەوە دەبێت كەسی بەرانبەر لێبوردەیی هەبێت و لە كەسەكەی تر خۆش بێت، لێرەدا باسی لێبوردەیی ئایینی دەكەین، كاتێك لە كۆمەڵگەیەك دوو یا زیاتر لە ئایینێكی جیاواز بەیەكەوە هەبوون، ئاینێك لە ئایینەكان لەم كۆمەڵگایەدا ژمارەی زیاتربوو یا باڵادەستتر بوو هەر وەكو لەكوردستان كە موسڵمان زیاترەو باڵادەستن و حوكم دەكەن ئەوە دەبێت بۆ پێكەوە ژیان و ئاشتی و بەرقەراری ئاسایش و پاراستنی ئازادییەكان بەرانبەر بە ئایینەكانی تر لێبوردەییان هەبێت و بەرانبەرەكەی قبوڵ بكات و ماوەی پێبدات بۆ ئەوەی بەئازادی مومارەسەی بنەماكانی ئایینی خۆی بكات، بۆیە لێبوردەیی ئایینی ئەوەیە كە پێویستە هەموو ئایینەكان لەم وڵاتەدا لەگەڵ یەكتر پێكەوە وەكو برا بژین و مافی خۆیان هەبێت و بە ئازادی و بە پێی پێویست مومارەسەی شێوازو بنەماكانی ئایینی خۆیان بكەن.
هەموو ئایینەكان لەپێش هەمووانەوە ئایینی ئیسلام تەئكیدی لەسەر پێكەوە ژیان كردۆتەوە، ئایینی ئیسلام بەرانبەر بە عەقیدە كە لە هەموو شتێك گرنگترە، ئیسلام ئەوەی فەرزنەكردووە كە یەكێك بەزۆر بكەیتە موسڵمان، بۆیە مەسیحییەك یا یەهودییەك ئەوە باوەڕو ئایینی خۆیەتی و خۆی ئازادە چی هەڵدەبژێرێت، هەر بۆیە لە قورئان خوای گەورە بڕیار دەدات(لا اكراه فی الدین)، چونكە هەموو كاتێك ئیسلام جەختی لەسەر ئازادییەكان كردۆتەوەو ئایینی ئیسلام هەر لە ناوەكەشی ڕا دیارە كە ئایینی ئاشتی و پێكەوە ژیانەو لەمبارەیەوە چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆزمان هەیە هەر بۆ نموونە لە ئایەتێكی تر خوای گەورە ئەمر دەكات(و لو شاء ربك لجعل الناس امة واحدة)، ئەگەر خوا بیویستایە ئەو كۆمەڵگایەی سەر ڕووی زەوی هەر هەمووی لەسەر یەك میللەت و یەك عەقیدەو بیروباوەڕ دروست دەكرد، بەڵام كە تۆ یا یەكێك یا كۆمەڵە كەسێك بە زەبرو زۆری وا لەخەڵك دەكەن كە ئیسلام بن ئەوە ڕەوا نییەو لە ئایینی ئیسلام بوونی نییە، بەڵكو جیاوازی لە بیروبڕواو عەقیدە سونەتێكی كەونییەو ئیرادەی خوای گەورەی لەسەر بووە، ئەگەر خوای گەورە بیویستایە هەموو كەس موسڵمان بێت ئەوە خەڵكی بە بیروبڕوای جیاواز دروست نەدەكرد، تاوەكو لە ئایەتێكی تر باس لەوە دەكات كە ئەو بیروباوەڕە جیاوازە بۆ ئەوەیە لە چاكەكردن مونافەسە بكەن، لەلایەكی ترەوە ئەو جیاوازی بیروباوەڕە سوودی زۆرە بەتایبەتی بۆ ئاڵوگۆڕكردنی چاكەكردن و ئەزموونەكانی یەكترو، هەروەها كە ئیسلامیش هاتووە، ئایینەكانی پێش خۆی لانەبردووە، هەروەها كە باسی قورئانی پیرۆز دەكرێت دەڵێت قورئان كتابێكی ئیلاهیە كە هاتۆتە خوارەوە و پەسەندی پەڕتووكەكانی تر دەكات كە لە پێش خۆی لەلایەن خواوە هاتونەتە خوارەوە، واتە پەسەندی تەورات و ئینجیل دەكات و قورئان بۆ ئەوە نەهاتۆتە خوارەوە كە ئیلغای مەسیحی و یەهودی لە بنەڕەتەوە بكات. خەڵك ئازاد بووە كە چ بیروباوەڕێك بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، ئەگەر تەماشای مێژووی ئیسلامیش بكەین دەبینین ئەو ئازادییە هەر هەبووە، پێغەمبەر(د.خ)لەدەوڵەتی مەدینە كە پێكهاتەكەی موسڵمان و جوو بوون وەسیقەیەكی دەركرد كە بە دەستووری مەدینەش ناسراوە لەم دەستوورەدا تەئكیدی لەسەر پاراستنی مافەكانی جوولەكە كردۆتەوە، هەروەها پێغەمبەر(د.خ) ئەمر دەكات(یهود بنی عوف امە كالمسلمین)، واتە جوولەكەكانی بنی عەوف خەڵكانێكن وەكو موسڵمانەكان، هەر پێغەمبەر(د.خ)لە فەرموودەیەكی تردا دەفەرمووێت(لهم ما لنا وعلیهم ما علینا)، واتە مافەكانیان دەبێت بیارێزرێت و نابێت بە زەبری شمشێر كاریگەرییان لەسەر دروست بكرێت، بەڵكو ئازادن و بە ئارەزووی خۆیان دەتوانن مومارەسەی شەعائیری ئاینی خۆیان بكەن، لە سەردەمی خەلیفەكانی ڕاشیدینیش ماف و ئازادەیەكانی مەسیحیەكانیش بەهەمان شێوە پارێزراو بوون، هەر بۆ نموونە جارێكیان كۆمەڵە مەسیحییەك داوایان لە ئیمامی عومەری كوڕی خەتاب(ر.خ) دەكەن كە نوێژ لە كەنیسەی بكات، بەڵام كاتێك كە ئیمامی عومەر(ر.خ) چوو نوێژ بكات پەشیمان دەبێتەوەو دەڵێت دەترسێم ڕۆژێك لە ڕۆژان موسڵمانەكان بڵێن ئیمامی عومەر(ر.خ)نوێژی لەو كەنیسەیە كردووە ئەوە موڵكی موسڵمانانەو لەبەر بەرژەوەندی ئێوە نوێژ لێرە ناكەم، هاوكات زانایانی ئیسلامیش باس لەوە دەكەن ئەو ئازادییەی كە بۆ مەسیحی یا جوو یا هەر ئەو كەسانەی كە ئیسلام نین هەیە ئەوە پێویستە ئەو ئازادییە شمولی ئەوە بكات كە ڕاوبۆچوونی خۆی دەرببڕیت و بەرگری لە ئاینی خۆی بكات و هەقی ئەوەیان هەیە كە ڕۆژنامەو گۆڤار بۆ خۆیان دەربكەن و دەتوانن موناقەشەش لەگەڵ موسڵمانان بكەن بەمەرجێك هەستیان بریندار نەكەن.
هەر وەكو مەبدەئی جیهاد كە لە ئیسلامدا هەیە، بەڵام ئەوەش موتڵەق نییە، بەڵكو هۆكاری خۆی هەیە، بۆیە كە جیهاد لە ئیسلام تەشریع كراوە بۆ مافی مانەوەو ئاسایشەو مومارەسەكردنی شەعائیری خۆتە، ئەوەش ئەو كاتەی كە بەرانبەرەكەت هاتوو و ویستی زوڵمت لێ بكات، لەو كاتەدا مافت هەیە بەرگری لە خۆت بكەیت، بەڵام لەسەر شەڕی هێڕش بردن نە ئیسلام نە قورئانی پیرۆز بڕیاری لێ نەداوە، بۆیە لە چەند ئایەتی قورئاندا هاتووە(وقاتلوا فی سبیل الله الذین یقاتلونكم)، گەرچی بەداخەوە زۆر لە توێژەرانی بیری تەكفیری یان پارتە ئیسلامییە توندڕەوەكان زۆر جار ئایەتەكان لە سیاقی خۆی دەبەنە دەرەوە و بە كورتكراوەیی دەیخوێننەوە هەر وەكو(وقاتلوا فی سبیل الله) و ڕادەوەستن، لەكاتێكدا ئەگەر ئایەتەكە تەواو بكەیت ئەوە دەزانیت هۆكاری هاتنی ئەم ئایەتەو شەڕەكە لە پێناو چییە، واتە شەڕی ئەوانە بكەن كە شەڕتان لەگەڵ دەكەن، لێرەدا ئەوەی شەڕ دەكات بەرانبەرەو موسڵمان بەرگری لە خۆی دەكات، بەڵام شەڕی هێڕشبەر لەبەر عەقیدە بەهیچ شێوەیەك ئیسلام بڕیاری لەسەر نەداوە، ئەو كەس و لایەنانە بۆیە ئەو ئایەت و دەقانە بەم شێوەیە دەخوێننەوە تاوەكو لەگەڵ بیروباوەڕو ئامانجە سیاسییەكەی خۆیان بگونجێت و بەشێوەیەكی نابەجێ ئایەتەكە دەخەنەڕوو كە ماناو لێكدانەوەكەی وەكو خۆی نابێت و دوورە لە سیاقی ڕاستەقینەی خۆی، گەرچی ئیسلام لەگەڵ ئەو كارە نییە و دوورە لێی، لەلایەكی ترەوە كەسانێكی تریش هەیە كە هیچ لە قورئانی پیرۆز نازانن و دوورن لە بیری ئایینی ئیسلام و یەكسەر ئەو لێكدانەوە ناتەواوانەش لە تەكفیریەكان و حزبە ئیسلامیە توندڕەوەكان وەردەگرن و دەچێتە بیرو هزریان و قبوڵی دەكەن و هەڵسوكەوتی پێوە دەكەن، شەڕی هێڕشكەری و كوشتاری خۆت دەستی پێ بكەیت ئەوە بە هیچ شێوەیەك ئیسلام ئیقراری لەسەر نەكردووە و دوورە لە ئەخلاقیاتی ئیسلامیشەوەیە.
هەروەكو ئاماژەم پێدا مەبدەئی بنەڕەتی ئیسلام هەڵسوكەوتی ئاشتییانەیە هەروەكو لە قورئانی پیرۆز هاتووە(لا ینهاكم الله عن الذین لم یقاتلوكم فی الدین ولم یخرجوكم من دیاركم ان تبروهم و تقسطوا الیهم ان الله یحب المقسطین)، واتە خوای گەورە نەهیتان لێ ناكات (ئەهلی كتاب) ئەگەر لەگەڵ مەسیحی و جوولەكە باشبن، لێرەدا مانای وشەی قسط تەنیا ئەو نییە كە لەگەڵیان دادپەروەربن، بەڵكو مانای ئەوەیە كە زوڵمی لەسەر لاببەیت و بەرگریشی لێ بكەیت بۆ ئەوەی زوڵمی لێ نەكرێت. پێویستە حزبی ئیسلامی ئەگەر ڕاست دەكەن و لەگەڵ بنەماكان و سیستەمی ئیسلامی دەگونجێن ئەوە نابێت ئەو ئاڕاستە توندوتیژیەیان هەبێت، لەبەر ئەوەی توندوتیژی بیروباوەڕلە ئاڕاستەی ئیسلام نییەو نابێت بە هیچ جۆرێك ئیسلام بەكاربێت بۆ مەرامی سیاسی، كێشەی سەرەكیش لەگەڵ حزبی ئیسلامی ئەوەیە كە ناوی ئیسلامیان لە خۆیان ناوە و ئایینی ئیسلامیش بۆ ئەوە نەهاتووە سیستەمێكی دیاریكراو بەسەر خەڵك بسەپێنێت، لەبەر ئەوەی لەكاتێكدا سیستەمێكی دیاریكراوبووایە، بۆی هەیە لەگەڵ سەردەمی پێغەمبەر(د.خ) و خەلیفەكانی ڕاشیدین بگونجایە، بەڵام لەگەڵ سەردەمەكانی تر نەگونجایە كە پێشكەوتوو ترە و سەردەمی تەكنەلۆژیایەو ئایینی ئیسلامیش خوای گەورە دایناوەو دەزانێ كەون چی بەسەر دادێت و هەندێ شتی بە جێگیری دانا وەكو عەقیدەو ئەخلاقیات كە ئەوانە نابێت بگۆڕدرێن، بەڵام سیاسەت لەناو ئەو شتانەیە كە گۆڕانكاری بەسەر دادێت، هاوكات ئایینی ئیسلام عەقیدەیەكی پاك و ئەخلاقیاتێكی نموونەیی و بەرزە و ئیسلام بۆ ئەوە نەهاتووە دەوڵەتێكی ئیسلامی دابمەزرێنی، بەڵكو ئایینی ئیسلام بۆ ئەوە هاتووە ڕەوشتە بەرزەكان پەرەپێبدات، ئەوانە كارو ئەركی ئیسلامە، بەڵام سیاسەت شتێكی دنیاییە، بەڵكو ئەو توندوتیژیانەی كە لەلایەن حزبە ئیسلامییەكان بە تایبەتی تونڕەوەكان بەكاری دەهێنن بۆ گەیشتن بە هەندێ ئامانجی سەرەكی سیاسی خۆیانە و ناكرێت حزبی ئیسلامی بڵێت من حكوم دەكەم بە ناوی ئیسلام، چونكە ئیسلام وەكو وتمان سیستەمێكی دیاری نەكردووە. بەڵام ئاینی ئیسلام لەبەرانبەر سیاسەت چەند شتێكی باسكردووە (واذا حكمتم بین الناس ان تحكموا بالعدل)، واتە دادپەروەربن و چاكە بكەن و بەرژەوەندی خەڵك ڕەچاو بكەن و خزمەت و گوێڕایەڵی وەلی ئەمرتان بكەن و ئەوانە بنەمای سەرەكی و بنەڕەتی ئایینی ئیسلامەو هەر حزب و لایەنێكیش بگریت(ئیسلامی یا عیلمانی یا دیموكراتی یا كۆماری بێت) كە سەیری پەیڕە و پڕۆگرامی ناوخۆی دەكەیت ئەو خاڵ و بنەما سەرەكیانەی لە خۆ گرتووە، بەڵام ئەو حزبە ئیسلامیانەی ئێستا كە ناوی ئیسلامیان لە خۆناوە، لە بنەڕەتە نەدەبوو بە ناوی ئیسلامەوە بێنە گۆڕەپانی سیاسی و نەدەبوو ئەو پەردەو جلوبەرگە لەبەر بكەن بۆ ئەوەی خەڵكی پێ چەواشە بكەن كە گوایە ئەوان بەرگری لە ئایینی ئیسلام دەكەن، چونكە سیستەم و بواری ئایین دیارە، گەرچی ئەو حزبە ئیسلامیانەو ئەو حزبانەی تر كە لە بەرانبەریان هەیە وەكو حزبە عیلمانییەكان ئەوە بە كافری دادەنێن و ئەمەش دوورە لە ڕاستی، لەبەر ئەوەی ئەو حزبە كافر دەبێت كە عەقیدەی نەبێت و باوەڕی بە بنەماكانی ئیسلام نەبێت، بەڵام حزبێك باوەڕی بەعەقیدەو بنەماكانی ئایینی ئیسلام هەبێت و مومارەسەی شەعائیرەكانی ئیسلام پیادە بكات ئەوە ناوی ئیسلامیش نەبێت ئەوە هەر موسڵمانە، بۆیە خوای گەورە ئەمری كردووە(واذا حكمتم بین الناس ان تحكموا بالعدل) ونەیگوتووە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی، لەبەر ئەوە هەر كەسێكی حاكم كە دادپەروەری لە ناو كۆمەڵگا بەرپابكات ئەوە حوكمەكەی لە 100% ئیسلامییە و ئامانجی ئایینی ئیسلامی پیرۆزیش ئەوەیە.
ئەركی حكومەت و مامۆستایانی ئاینی ئیسلام و هەموو لایەكمانە ئەو تێگەیشتنە هەڵانەی لەسەر ئاینی ئیسلام هەیە چارەسەری بكەن یا ئەو توندوتیژیانەی بە هەر هۆكارو ڕێگایەك لە ناو كۆمەڵگا دێتە پێشەوەو بڵاودەكرێتەوە ئەوە بنبڕ بكرێت، كەسانێك هەن كە زانیارییان لەسەر ئاینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز نییە كە ئێزیدیەك یا مەسیحییەك دەبینن ئەوە وادەزانن ئەوە گوناهە كە ئەوانە دەژین و بە پێویستی دەزانن ئەوانە نەبن، گەرچی بە پێچەوانەوە ئاینی ئیسلام ئەو مافەی پێداون و پێغەمبەر(د.خ) جارێكیان لەبەر جەنازەیەكی جوولەكە هەستایەوە لەو كاتەدا ئەسحابەكان وتیان ئەوە جوولەكەیە بۆ هەستایتەوە و پێغەمبەر(د.خ) لەوەڵامدا وتی ئەدی ئەوەش نەفس نییە، بەڵكو تەكریمەكە هەمووی دەگرێتەوە، هەروەها نابێت مامۆستایانی ئایینی لەسەر مینبەر هانی خەڵك بۆ توندوتیژی بدەن و دەبێت مەفاهیمەكان وەكو خۆی بە خەڵك و كۆمەڵگا ڕابگەیەنن و وابكەن هەر یەكە ڕێز لە بەرانبەرەكەی خۆی بگرێت، پێویستە بە جوانی و ڕێكوپێكی هەڵسوكەوت لەگەڵ برا مەسیحیەكان بكات بۆ ئەوەی پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەیی لە ناوماندا هەروەكو خۆی و باشترو زیاتر جێگیر بێت و ببێتە مایەی خۆشی و ئاسوودەیی بۆ هەموو كۆمەڵگاكەمان و وڵاتەكەمان. لەلایەكی ترەوە ئەوەی لە كوردستان جێگای دڵخۆشییەو هەموو لایەكمان شانازی پێوە دەكەین ئەو پێكەوەژیان و برایەتییەیە كە بەدرێژایی مێژوو لە ناوماندا هەیە، هەموو ئایین و ئاینزاكان بە بێ كێشەو گرفت وەكو برا پێكەوە ژیاوین كەس دەست درێژی نەكردۆتە سەر یەكتر بە بیانوی ئایین و عەقیدەوەو كوردستان بۆتە پەناگاو ماڵی ئەو مەسیحیانەی كە لە شارەكانی تری عێراق زوڵمیان لێ دەكرێت، هەرێمی كوردستان نیشتمانی هەموو ئاین و ئاینزاكان بووەو ماف و بیروباوەڕی هەموو لایەكی تێدا پارێزراوە. بەڵام پێویستە حكومەت و لایەنی بەرپرس و ئایین و ئاینزاكان لە هەرێمی كوردستان ئاگاداربن ئەگەر پلانێك هەبێت بۆ شێواندن و تێكدانی ئەو پێكەوەژیانە ئەوە بە بەزووترین كات و بەبەرنامەیەكی تۆكمەو ورد هەوڵی دۆزینەوەی دەستەگێرەشێوێنەكان بدەن و ڕێگا چارەی كێشەو گرفتەكان بدۆزنەوەو پێش لەهەموو چەواشەكارییەك و دوژمنكاریەكان بگیرێت بۆ ئەوەی پێكەوەژیانی نموونەی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت و زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت و برایەتی و ڕێزگرتن زیاترو گەورەتر بكرێت و ئەو كێشەیەی بەم دواییە لە دەڤەری بادینان ڕوویدا لە ئەنجامی تێنەگەیشتنە لە بنەماو مەفاهیمەكانی ئاینی ئیسلامی پیرۆز و دەبێت هەوڵبدرێت ئەو كەلێنەی هەیە كە تێیدا دوژمن و چەواشەكاران كاری لەسەر دەكەن بدۆزرێتەوەو كەلێنەكەش بە بەرنامەو كاری باش و جیددی چارەسەرو پڕ بكرێتەوە، چونكە ئەوەی كە ڕوویدا شتێكی ئاسایی و بچووك نەبوو و دەبێت پێش لەو ڕووداوانە بگیرێت دەنا تەشەنە دەكات و زۆر مەترسیدارەو دەبێت ڕۆڵی یاساش لەبەرچاو بگیرێت و بە دادپەروەرانەو بە وردی كێشەكان چارەسەر بكرێت، لەبەر ئەوەی قەت لە ناو كوردستان ئەو توندوتیژییە نەبووەو نابێت دروستیش بێت.

* مامۆستای كۆلیژی شەریعە لە زانكۆی سەڵاحەدین
Top